riklam

نامەیەك لە چوكلێتەنامەوە ..

بیروڕا 07:37 PM - 2022-05-03

شیلان جەلال دەرگەڵەیی

من كاغەزێكی تەنك؛ وەك پەڕی گوڵ، ڕەنگاوڕەنگ وەك باڵی پەپولەم، كە دەمنوشتێۆنەوە؛ هێندە نەرم و بچووك دەبمەوە، بەقەد نوشتە یا نوقڵ یا چوكلێتێكم لێ دەمێنێتەوە...
نوشتەنامەشیان پێ دەگوتم، بەڵام من پێمخۆشبوو بە چوكلێتەنامە ناوم ببەن، خۆ هێندە شیرین بووم، هەرچی شیرینی دڵ و حەز و ورە و ئارەقەی كچانی دێ و شار و كوڕانی شاخ هەبوو، هەڵمدەمژی.......
هێندە بچووك و شیرین بووم، كە لە بازگەیەك هەڵگرانم تینیان بۆ دەهات؛ قووتیان دەدام و بەبێ ئاو، بەقوڵپێك ئاودیو دەبووم...
هێندە ئازیز بووم، دڵیان نەدەهات فڕێمدەن یا بمخەنە ژێر پێی سەرنشینەكان یا ڕادەستی چەتە و جەردەكانی بازگەكانم بكەن...
من چوكلێتەنامەم، سەردەمێك مەڵبەند و تیپ و كەرت و مەفرەزەكانم بەیەك دەگەیاند....
من ڕێكخەری سەدان چالاكی بووم....
من ئەڵقەی گەیاندنی شار و شاخ بووم..... زۆرجاریش دەبوومە ئەڵقەی پەنجەی كچانی شار و دێ و كوڕە پێشمەرگەیەك.....
 ئاخر ئەوكاتە، كچان خەونیان بە بینین و هاوسەرێتی پێشمەرگەوە دەبینی، لێان دەبوون بە سوارچاكە جەمەدانی لەملەكەی سەر پشتی ئەسپە شێكەی شۆڕش...
فریادڕەسی شار و شاخ...
ئەوكاتە من چوكلێتەنامەیەكی باخەڵی كچانی ڕێكخستن و هاوسەر و خوشكە پێشمەرگە بووم، نوقڵی تەڕ و خاوبووەوەی گیرفانی جلە خاكیە كەتافیەكەی پێشمەرگە بووم...
 بە مانگ لە گیرفان و كۆڵەپشتەكەی بارەباری پێ دەكردم تا نەورووشێم و تەڕنەبم تا ئەگەمە دەست ڕێكخستنەكان یا دایك و باوك یا خوشك و برا یا هاوسەر یا خۆشەویست...
من لە شار چەندە قەدەغەبووم؛ هەندەش ئازیز...
شەوان لەژێر سەرین دادەنرام...
چەندین جار دەخوێنرامەوە و ماچ دەكرام....
بەبەر سنگەوە دەنرام و بۆن دەكرام.... فرمێسكیان دەكەوتە سەر وشە و پیتەكانم، مەرەكەبی پیتەكانم ڕوویان دادەپۆشیم... خۆم تەنك بووم، بە فرمێسكەكانیان تەنكتر دەبووم..
 یەكێك دەیگوت؛
بۆنی كوڕەكەمت لێ دێت و یەكێك دەیگوت؛ بۆنی براكەم، یەكیش دەڵێ؛ بۆنی هاوسەر یا خۆشەویست...
من تەنها شتێكی وردی ناسك بووم و شوێنی هەموو تەكنەلۆجیای ئێستام گرتبوو، بەڵام خەڵكم بەیەك دەگەیاند، نەك دوورخستنەوە...
من چوكلێتەنامەم، ئێستاش لەبیر ئەوانە ماوم، كە ڕۆژانێك لە گیرفان و باخەڵی بەتاڵ، بەڵام گەرم و پڕ خۆشەویستیان پاراستبووم...


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket