riklam

وەسفی ناوێ فەقەت بۆ رێگای دوور دەستمایەكەیمان گەرەكە

بیروڕا 12:18 PM - 2022-04-25

ستران عەبدوڵڵا
لە پەیڕەوی ناوخۆی هیچ حزبێك و لە لائیحەی  ئەندامێتی هیچ رەوتێكی تێكۆشاندا نە نووسراوە دەبێ هەڤاڵ و تێكۆشەر سۆزی دایكایەتی و خوشكایەتی و گیانی بەزەیی و دڵنەوایی تێكەڵی كاری خۆی بكاو بەشێك بێ لە رەفتارو گوفتاری . ئەمانە خەسڵەتی شەخسین و پەروەردەی مرۆڤەكانن كە مەعلومە خوای میهرەبانی بە هەموو كەسێكی نادات. مەگەر لە وێزە و تاقەتی وەسفیە بەنی وەیسی  خوشكی ئێمەدا بێت. 
تێكۆشەر ئەركێتی خەبات  بكا و هەڤاڵیش هەر ئەوەی لێ داوا دەكرێ پەیڕەوی ئامانج و سیاسەتی حزبەكەی بكاو شیری حەڵاڵی خۆی بكاتە داوەری لەڕێ لانەدان و لاساری . ئەمما وای لێ زیاد بكا كە دائیمەن میهرەبانی خوشكانە  و سۆزو بەزەیی دایكانە بكاتە هەویرو هەوێنی هەڤاڵێتی و تێكۆشانی سیاسیی بە زەبرو زبر ، ئەمە خەسڵەتی سەرباری وەسفیە خان و خەڵاتی ئەوە بۆ رەوتی دەیان ساڵەی بە ئازارو كۆششی بە ئارەق و تینی  یەكێتی و شۆڕشە نوێیەكەی.
لە گەنجییەوە تا كەڵەكەكردنی گەنجینەیەك لە تێكۆشان و تۆمارێك لە هەڵوێست و هەوڵ و تەقەلای شۆرشگێرانە، ئەم ھەڤاڵەمان، ئەم خوشكە سەلارە،  بە ناوزەدی نەمر مام جەلال ، هەر وای هێناو ھەرواش خەتمی كرد. 
لە دەورانی  خوێندكاری و چیرۆكی كەنشكێكی كۆڵانی مەزرەعەی خانەقین بۆ زانكۆ كە لەو درەنگانەی سەدەی بیستیشدا ژمارەی كچانی كورد لە خوێندنی باڵا زۆر نەبوون،  تا پەیوەستبوونی بە خەباتی نهێنیپارێزی كۆمەڵە  و تەتەری رێكخراوەیی یەكێتی ، تا تێكەڵبوونی بە خەباتی شاخ و ژیانی ئاوارەیی و ئینجا قۆناغی خەباتی ئاشكرای كوردستانی ئازاد، لە رێكخستنی حزبی و ژنان ، لە ھەموویانە مامۆستا وەسفیە هەمیشە ناوێك و دیمەنێك بووە لە قوربانیدان و پێشخستنی بەرژەوەندی و ئامانجی یەكێتی بەسەر ویست و نیازی شەخسیدا.  
هەر یەكە لە هەڤاڵ و هاوڕێكانی لە یەكێتیدا كە  تەنگانە  و ھەروەھا خۆشی هەبووبێت ، وەسفیە خان بە سۆزو میهرەبانی بێدەنگانەی خۆی بەسەری كردونەتەوە  وزەو ورەی پێداون. هەر یەك لە ئێمە یادگارێكی شیرینی  وەفاداریی ئەم گوڵی نێو سەنگەری یەكێتیەی لەبیرە كە ھاوبەشی خەم و خولیای ھەڤاڵانە لای وی ئەولەویەت بووە. قەت بوغرا نەبوو و هەرگیزیش بە خەبات و پێشینەی سەروەری خۆیەوە نەدەنازی.
ئەو سەركردایەتی بوو لە ناو خەڵك نەك سەركردایەتی بێت بەسەر خەڵكەوە. 
مامۆستا وەسفیە لە مامۆستایەتی مەتكەبەوە تا بەرپرسیارێتی مەكتەبی حزبایەتی،  كە لە سەركردایەتیشدا مەكتەبی قوربانیدان و شەهادەتی بە نسیب  بوو،  هەریەك مامۆستا وەسفیە بوو: بێدەنگ و خاكەڕاو بە رەحم  و بەزەیی. 
«دایكی شەھیدان» لە تازێ و بەسەركردنەوەی كەسوكاری شەهیداندا،  لەگەڵ ماڵی شەهیدانا، لەگەڵ خوشك و دایك و منداڵی شەهیدان فەرقت پێ نەدەكرد. مەگەر ئەوە نەبێ ئەدگاری شیرینی  لە هەموو شوێنێ دیاربوو كە تێكەڵی فرمێسك و خەمێكی بە ئازاری ژیانی خۆی و ژیانی ژنانی كوردو مەینەتی میللەتەكەی دەبوو. 
چونكە تا مرد لەو ئازارەی زۆر دیبوو، لە تەعریب و لە گوێزانەوە بۆ جنوب و لە ئاوارەیی و ئەنفال  و لە بێ مروەتی سیاسەت تا تەنگژەی شەڕی دڕندانەی  داعش كە زۆربەی رۆژگاری خولی لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدانی تێكەڵی خەم و پەژارەی ئەو وێستگەیەی خەباتی گەلەكەمان و بێچارەیی گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان بوو، لە زەمەنی بێ مووچەیی و بێ بودجەیی و دابڕانی كورد لەگەڵ بەغدا. 
لەو ماوانەی دەگەیشتە تینی و قسەی دەكرد، قسەی رەوای ھەقی بۆ خەڵك و بۆ یەكێتی دەكرد. ھاواری ئەو ویژدانی زیندووی ھەموومان بوو ئەو دەمەی  كە دەسكەوت  و تۆڕی بەرژەوەندی شەخسی لەكەداری نەدەكرد. خۆمان بوو بە خاڵسی و خاسێتی و خاكێتی جارانمانەوە.
بیربكەینەوە، یەكێتی ئەگەر رۆژێك لێی بقەومێ كە رۆژی لێقەومانی  زۆر دیووە و تێشی پەڕاندووە وتێشی دەپەرێنێ،  دائیمەن ئەدگاری وەك وەسفیە بەنی وەیس و رەفتاری میهرەبانی بێ غلو غەشی وا  لای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان شەفاعەتی بۆ دەكاو تینوتاوی بەردەوامی پێدەبەخشێ.
لەبەر ئەوە هەقمانە بەم تەوارەوە شانازی بكەین و واجبمانە بەو یادگارییەوە بچینەوە دامێنی چیای بەرزی تێكۆشەرە دێرینەكان و شەهیدە سەربەرزەكانی یەكێتی . واجبمانە  دامەنگیری گەلەكەمان بین تا لەم قۆناغەشدا متمانە بە هەڤاڵەكانی وەسفیە بكەن بۆ خەباتێك كە هێشتا زۆری لە ڕێیە و زۆری لەسەرە بیكات
بەھاری ساڵی 2020



زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket