riklam

دۆخی ئێستا و داهاتووی ئێمە لە عیراق

بیروڕا 10:27 AM - 2022-04-20

هەڵکەوتەی سنووری جوگرافیای عیراق دەکەوێتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات دراوسێ و هاو سنوورە لەگەڵ هەریەک لە ئێران کە دەکەوێتە بەشی خۆرهەڵاتی عیراق و  لە باکوورشیەوە لەگەڵ تورکیادا و لە خۆرئاوایشەوە دراوسێیە لەگەڵ سوریادا، لە باشووریشەوە لەگەڵ بەشێک لەوڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا دراوسێ و هاوسنوورە، عیراق بەشێکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم ناوچەیە لە دێر زەمانەوە چەقی ململانێ و ناکۆکی نێوان وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ بووە کە هەریەک لەوانە بەئارەزووی خۆیان تەراتێنیان تێداکردوە.

لەدوای رێکەوتننامەی سایکسپیکۆ، کە مەبەست لێی دابەشکردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵا سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیاندا بگونجێت، هەر لەو پێناوەدا هەوڵەکان بەردەوام بوو تا کۆتایهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، لەپاش چەند ساڵێکی کەم بە دیاریکراوی لە ساڵی 1921 عیراق کرا بە دەوڵەت کە جۆری حوکمڕانی سیستمی پاشایەتی تێدا پەیڕەو دەکرا، بەشێکی تری سنووری جوگرافی خاکی کوردستان کە دەکەوێتە باکووری عیراقەوە لکێنرا بە عیراق و لەچوارچێوەی عیراقدا حساب دەکرا. 

بەو داگیرکارییە جارێکی تر غەدرێکی مێژوویی بەرامبەر میللەتی کورد کرا کە داگیرکردنی خاکەکەی بوو، هەروەک چۆن سێ پارچەی تری خاکی کوردستان بەسەر سێ دەوڵەتی تردا دابەشکرابوو. 

حکومڕانیی عیراق  یەک سەدە زیاتر تێدەپەڕێنێت ئەم بەشەی کورد بەبێ رەزامەندی خۆی لێکنراوە بە عیراقەوە، لەم ماوەیەشدا چەندین شێواز و جۆری حکومڕانی تاقیکرایەوە، هەر لە پاشایەتیەوە تا دەگاتە کۆماری و دیکتاتۆری و ئینتقالی و پەرلەمانی، کەچی هێشتا کورد بەمافی خۆی نەگەیشتووە و نەیتوانیوە سوود لە ئەزموون و مێژووی رابرووی خۆی وەربگرێت، کە نزیکترینیان دوای رووخاندنی رژێمی بەعس و دروستبوونی عیراقی نوێیە. گۆڕینی حکومڕانی لە دیکتاتۆرییەوە بۆ هەڵبژاردن و سیستمی پەرلەمانی، باشترین دەرفەت بوو کە کورد وەک هەر نەتەوەیەکی تر خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆی بێت، بەڵام نەیتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و وەک هەر نەتەوەیەکی تری جیهان بە مافی خۆی بگات.

لەدەستدانی بەشێکی زۆری ئەو دەرفەتانەش بۆ نەبوونی یەکڕییزی و نەبوونی کۆدەنگی سیاسی دەگەڕێتەوە، لە ئێستا و ڕابردووشدا. 

ئەوەی رۆیشتووە ناگەڕێتەوە بەڵکو تەنها شت ئەوەیە کە دەتوانرێت سوود لە هەڵە باوەکانی رابردوو وەربگیرێت و ببێتە وانەیەک کە پەند و ئامۆژگاری لێوە فێربێت.

پێویستە لەسەر دەسەڵات و حزبەکانی هەرێمی کوردستان رەچاوی بارودۆخی نا هەمواری ناوچەکە و پیلانە نێودەوڵەتییەکان بکەن، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندی و عینادی سیاسی و کاربکرێت بە ئامانجی یەکڕییزی و یەک گوتاری سیاسی و کۆدەنگی نیشتیمانی بۆ بەدەستهێنانی مافە شایستەکانی گەلی کورد لە بەغدا و چیتر هەڵە مێژووییەکان دووبارە نەکرێتەوە.

 عەتا تەها

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket