riklam

شکستی حکومڕانی لە هەرێم ، بۆتە مەترسیەکی گەورە لەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان.

بیروڕا 11:52 PM - 2022-04-19


لەدوای  پڕۆسەی ئازادی عێراق یەکێک لە کارتە بەهێزەکانی کورد لە بەرامبەر پێکهاتەکانی شاری کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان ئەوەبوو ئەزمونی حکومڕانی لە هەرێم دەگوازینەوە بۆ کەرکوک وناوچە جێناکۆکەکان. 

 هەڵبەت لەو کاتەدا خوالێخۆش بوو سەرۆک مام جەلال ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە بەرەو پێشەوەچونی حکومڕانی لەڕوویی ئاوەدانی دیموکراسی و ئازادی و ڕۆشنبیری و زۆربەی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکانی هەرێم بەگشتی.  بە پێچەوانەوە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەهۆی شکستی حکومڕانی بەعس خەونیان دەبینی ڕۆژێک لە ڕۆژان کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و ئەزمونی حکومڕانی هەرێم لە کەرکوک بەرجەستە بکرێت.

 کەرکوکییەکان هەموو ئومێدێکیان بە ماددەی 140بوو تاکو ئەو خەونەیان بەدیبهێنێت. 
لە پاش 19ساڵ کەرکوکییەکان خەونەکەیان هێشتا بەدی نەهاتووەو ماددە دەستوریەکەش وەکخۆی ماوەتەوە

ئەوەی مەبەستمە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەتایبەت لەدوای فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەتورکیا بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری پارتی لەگەڵ تورکیا  لەژێر دروشمی ئابوری سەربەخۆ،  دۆخی ئابوری کوردستان ڕووبەڕوویی چەندین قەیران بۆتەوە، هەر لەقەیرانی لێبڕین و دواکەوتنی موچە تا دەگاتە گرانی نرخی بەنزین و نەبونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان و ڕاوەستانی زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پیس بونی شار بەزبڵ و خاشاک و تاکو گەیشتۆتە ئەو ئاستەی شۆفێرانی فریاکەوتن (ئیسعاف) بڵێن بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکانمان نیەو ناتوانین بەهانای نەخۆشەوە بچین!

ساڵانە هەزاران گەنج و ژن و منداڵ بەهۆی بێکاری و نەبونییەوە بەڕێگەی قاچاخ بەرەو هەندەران بەڕێدەکەون و دەخنکێن و بونەتە خۆراکی ماسییەکان لە ئیجە، سەدانی دیکە  لەزیندانەکان و یۆنان و تورکیاو بەشێکیانیش لە کەمپەکان بەکونەمەرگی دەژین چاوەڕوانی دەروویی خێرن! 

لە لایەکی دیکەوە لەساڵیادی کیمیابارانی هەڵبجە هاوڵاتیەک دێتە سەر شاشە دەڵێت خێزانەکەم هەموو شەهیدبون بەکیمیاباران بەڵام گەردنی بەعس ئازاد دەکەم لەڕقی حکومەتی هەرێم!
( هەڵبەت شەکەت وماندووە بەدەست نەبونیەوە بێزاریی گەیشتۆتە نوک لوتی بۆیە ئاوا قسە دەکات)
لە ساڵیادی پڕۆسەی ئەنفال لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان ژنە ئەنفالێک دێت و دەڵێت دەمانەوێت موچەکانمان بخرێتە سەر حکومەتی بەغدا ...!
ئاساییە موچەت سەر بەبەغدا بێت بەڵام بۆ ژنە ئەنفال ناوی عێراق و بەغدا زۆر قورسە لەسەر دڵیان بەهۆی ئەوەی بەغدا بەمیراتی بەعس دەزانن بەڵام کاتێک دەڵێن با موچەکانمان لەسەر بەغدا بێت چەندین بوعدی هەیە کە مایەی شەرمەزارییە بۆ حکومەتی هەرێم. 

هاوڵاتییەکی دیکە لە شاشەکانەوە وەک بڵێی باسی ئەوروپا دەکات زۆر بەباوەڕبەخۆبونەوە دەڵێت: وەڵا بەزەیم بەخەڵکی هەرێم دێتەوە چونکە بەنزینیان زۆر گرانە ئێمە لە کەرکوک تەنها بە 450دینار دەیکڕین!  لە شارەکانی هەرێم زۆر لەوەزیاتریان لێ وەردەگرن.

شکستی حکومڕانی هەرێم وای لە کوردستانیانی کەرکوک کردووە نەتوانن بەدەنگێکی دلێرو بەشانازییەوە باسی جێبەجێکردنی ماددەی 140و گەڕانەوەی کەرکوک بکەن بۆ هەرێمی کوردستان،  چونکە ئێستا لەبری ئەوەی کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێم، هاوڵاتیانی شارەکانی هەرێم داوادەکەن بگەڕێنەوە سەر بەغدا، ئەمەش کارەساتێکە ئۆباڵەکەی لەملی زۆرینە ساختەکەی پارتییە بەو پێیەی پارتی سەرۆکی حکومەت و زۆرینەی وەزارەتەکانی لەبەردەستەو لەژێر ناوی زۆرینە (کە لە بنەڕەتدا زۆرینەیەکی ساختەیە) ژیانی کوردستانیانی بەرەو تاریکی بردووەو بۆتە مایەی نائومێدی بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش هەموو ئەمانەش لە مێژوودا نەوەکانی داهاتوو بەنەفرەتی دەکەن.

PUKmedia خەبات نەجمەدین
چاودێری سیاسی

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket