riklam

چوار چێوەی یاسایی وسیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بیروڕا 12:59 PM - 2022-04-19

ڕێبەرایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی لە ٨-٤-١٩٩٢وەک دەسەڵاتێکی شەرعی هەڵقوڵاو لە ڕاپەرینە جەماوەریەکەی کوردستان ، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، و یاساکە بوو بە یاسای ژمارە (١) ،و یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پێ ئەنجامدرا، لە یاساکەدا سیستەمی هەڵبژاردنی لیستی رێژەیی وشێوازی لیستی داخراو بۆ لیست وکراوەی ئازاد بۆ حزبەکان ،و شیوازی دابەشکاری هەڵبژاردن (القاسم الانتخابى)،بۆکورسیەماوەکانیش دابەشکردنی بەپێی بەهێزترین ماوەی دەنگ پەسەند کرد،هەروەهاهەرێمی کوردستان کرا بە یەک بازنەی هەڵبژاردن، لەوێ رۆژێ تا ێستا ، پێنج خولی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراون ،ویاسای هەڵبژاردن و پەرلەمان (٧) جار هەموار کراوەتەوە، بەهەردوو بابەتەکەیەوە (یاسای هەڵبژاردن وکاروباری پەرلەمان )، چونکە یاساکە لە بنەرەتدا دوو یاسا لە خۆ دەگرێت یاسای هەڵبژاردن و یاسای پەرلەمان ،بۆیە باشتر وایە بڵێن (یاسای پەرلەمان ویاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان) گرنگترین ئەو بابەتانەی جێگای ئاماژە پێکردنن لەو ٧ هەموارەی یاساکەدا، هەموارکردنی پرسی لیستی داخراوە بۆ لیستی کراوەی سنوردار(نیمچەکراوە ).

پرسی هەموار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پرسێکە ئێستا بۆتە خاڵی ناکۆکی لە نێوان هیزو لایەنە سیاسیەکان ،گەر بە کورتی بێن جارێکی تر بە ووردی ئەو زاراوەو چەمکانە شرۆڤە بکەین کە کرۆکی یاسای هەڵبژاردنن، لەمڕۆدا زیاتر باسیان لێوەدەکرێت هەندێکیان جێگای ڕای جیاواز وناکۆکین .

سەرتا باس چوارچیوەیی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە ، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا خاوەنی دەستوری خۆی نییە ، دەتوانین وەک پاساوێکی لاواز بلێن (بڕگەی یەکەم لەماددەی ١١٧ ، و ماددەی ١٢٠ ، وبڕگەی یەکەمی ماددەی ١٢١  ) لەدەستوری ئیتتحادی دان بە دامەزراوەکانی هەرێم نراوە ، لە ماددەی (١٢٠) پێداگری لە دانای دەستوری هەرێمەکان دەکاتەوە ،بەڵام خۆی لەڕاستیدا دەبێت لە دەستوردا هێڵە گشتیەکانی یاسای هەڵبژاردن ، وماوەی خولی پەرلەمان وبنەمای دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان و دەسەڵات وئەرکەکانی دەسەڵاتی یاسادانان دیاربکرێن ، کەواتە یەکێ لە پایە هەرە گرنگەکانی یاسایی تا ئەمرۆ بوونی نییە ، جونکە دەبێت لەبەر ڕۆشنایی بڕگەو ماددەکانی دەستوردا یاسای هەڵبژاردن پەسەند بکرێت .کەواتە یاسای هەڵبژاردن پایەیی دووەمیەتی ، من لێرەدا نامەوێت بتان بەم بۆ ناو جەدلێک کە ئایە یاساکانی پەرلەمان رەوایەتیان هەیە، یان شیکەروانی یاسا چۆن چۆنی خوێندنەوەی بۆ دەکەن؟ هەندێ جار پرسیارێک لە شێوەی ڕەخنە و تانە دەکرێت ، دەوترێت چؤن دەبێت وادەیی یاسایی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە ، چۆن پەرلەمان ئەو کارە دەکات، پەرلەمان دەسەڵاتی نییە ؟ وەڵامەکە ئاسانە پەرلەمان یاسا دادەنێت ، یاساش بە یاسای هەمووار دەکرێت ، لە نەبوونی دەستوور باوکی یاساکان پەرلەمان خۆی بەدەر دەکات لە پابەند بوون بەو مادەیە ، بە ماددەیەک لە رێگەی پرۆژە یاسایەک بەمەش وادەی تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە ، بەهەر حال ئەمە بابەتی ئێمە نییە، با بچینەوە سەر بابەتی خۆمان ، گەر باس لە گرنگی یاسای هەڵبژاردن بکەین،دەتوانین یاسای هەڵبژاردن لە دوای دەستوور بە گرنگترین یاسای ناوزەد بکەین ، چونکە هەموو پرس وکاروبارە پەیوەندیدارەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا جێگیر دەکرێن . جێگای خۆیەتی لێرەدا شرۆڤەیەک بۆئەم چەمک و زاراوانە بکەین کە زۆر گوێ بیستیان دەبین (سیستەمی هەڵبژاردن ، شێوازی گۆرینی دەنگ بۆ کورسی لە ناو سیستەمەکەدا، شێوازی لیست ، شیوازی بازنەکانی هەڵبژاردن )، لە ئەلقەکانی داهاتوشدا دەروازیەک لە سەر (سكاڵا وتانە و تاوانەکانی هەڵبژاردن و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و یاسای حزبەکان لایەنەکانی تریدا دەکەینەوە.

 

  یەکەم( سیستەمی هەڵبژاردن )

ئەگەر پێناسەى سیستەمى هەڵبژاردن بکەین ،بە شێوەیەکى سادە سیستەمى هەڵبژاردن ، ئەرکى گۆڕینى دەنگەکانى لە ئەستۆدایە ،لە هەڵبژاردنە گشتیەکاندا کە دراون بە لیست و پالێوراوان بۆ ئەو کورسیانەى بۆ بازنەی هەڵبژاردن تەرخانکراون، و هەندێ ڕێو شوێنى تایبەتى ترێش لە خۆ دەگرێت لەوانە :شێوازى هەڵبژاردن بەواتای ئایە شێوازى ئەو حیسابەى بەکار دەهێنرێت بۆ هەژمار کردنى کورسیەکان ، یاخود قەبارەى بازنەکان .
گرنگى و بایەخى سیستەمى هەڵبژاردن ، ڕەنگدانەوەى دەبێت لە سەر شێوازى گەشەکردنى حزبەکان ، هەندێ لە سیستەمەکانى هەڵبژاردن یەکێتى نێوان ڕیزەکانى حزب پتەوتر دەکات ، وتارى سیاسى حزبیش یەکدەخات ، هەندێکى دیکە لێکترازان و لێکدابران لە نێو ریزەکانى حزبدا دروست دەکات ، سیستەمی هەڵبژاردن ڕۆڵێکى گەورەی لە سەر ڕێڕەوى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن دەبێت ،و دەشێ ڕەنگدانەوەى لە سەر هاندان یاخود رێگرتنى دروست بوونى هاوپەیمانى نێوان حزبەکانیش هەبێت، بۆیە هەر سیستەمێکى هەڵبژاردن کە لە سەر بنەمایەکى دادپەروەرانە دانەڕێژرابێت ،و بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی وپێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی ومەزهەبی لەبەر چاو نەگیراێت و  ، هاوسەنگی لەنێوان نوێنەرایەتی لە رێژەی دەنگ کورسی نەکات ، حزب و گروپەکان ناچاردەبن لە دەرەوەى سیستەمى سیاسیدا کار بکەن، ئەمش سەر دەکێشێت بۆ شێواویی باردۆخی سیاسی ونائارامی ، و پەنا بردن بۆشێوازى نا دیموکراسی وتەنانەت پەنا بۆ توندو تیژیش بەرن،بۆیە کار کردن بە سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی و(لیستى نوێنەرایەتى ڕێژەیی و شێوازی لێستی کراوەی سنوردار(نیمچەکراوە )، تا ڕادەیەک هەرێمی کوردستانی دورخستۆتەوە،لە بارودۆخی نەخوازراو چونکە ئاکامی دانانی بەربەست بۆ بەدەست هێنانی کورسی لەیەکم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەرێنی نەبوو ، لە هەمان کاتدا مامەڵە کردن ئاسانترە لەگەل ئەم سیستەمە، کەهەر حزبێک یاخود هەر پێکهاتەیەکى لیستى خۆى بەسەرجەم پاڵێوراوانیەوە پێشکەش بە بازنەى هەڵبژاردن دەکات، ودەنگدەردەنگ بەلیستێک و کاندیدێکی دڵخوازی خۆیان دەدەن یاخود تەنها بە لیستێک دەدات نەک بە پاڵێوراو، و ڕێژەى کورسیەکانى پەرلەمانى هەر حزبێک بەپێى ڕێژەى کۆى دەنگەکانى لەو بازنەیەدا دیاریدەکرێت بەڵام  لەشێوازی لیستی داخراو، واتە دەنگدەر ناتوانێت دەنگەکەى بداتە ئەو پاڵێوراوەى کە خۆى مەبەستیەتى بەڵکو حزب پاڵێوراوەکانى لەسەر لیستەکەى ڕێزبەند دەکات لە حاڵەتى سەرکەوتنى لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵام لە لیستە ئازادە سنوردارەکاندا ، دەنگدەر دەتوانێت ئەو پاڵێوراوەى کە خۆى گەرەکیەتى دەنگى پێبدات دەست نیشانى بکات و هەڵیبژێرێت .

بۆیە لەناو یاسای هەڵبژاردن سیستەمی هەڵبژاردنە گرنگترین پرسە ، دەتوانین سیستەمی هەڵبژاردن بە دڵ ورۆحی یاسای هەڵبژاردن و سیستەمی سیاسی وڵات ئەژماری بکەین ، وەک لەسەرەوە باسمان کرد سیستەمی هەڵبژاردن بڕیار دەدات دنگەکان چۆن چۆنی بکرێنە کورسی ، ئەم پرسەش کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی جێدەهێڵێت ، لەبەر ڕؤشنایی باردۆخی سیاسی کۆمەلایەتی ئابووری کاردانەوەکانی بەئەرینی ونەرێنی لەسەر ئاشتەوای کۆمەلایەتی و سیاسی جێدەهێلێت ، کەواتە سەروەری یاسا و ئاستی گەشەی ئابوری وکۆمەلایەتی وفەرهەنگی دەوریان هەیە لەسەر رەنگدانەوەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی جۆری سیستەمی هەڵبژاردن ، ئەگەر لێرەدا دوو ڕووداو وەک نمونە وەربگرین یەکەمینا لە بەریتانیا ، لە دوەم میشیان لە عێراق لە ساڵى ١٩٥١ و ١٩٧٤لە بەریتانیا کاتێک حزبی براوە زۆرینەى دەنگەکانى بە دەست هێنا بەڵام رێژەیەکى کەمترى لە کورسی پەرلەمانى بەرکەوت کەچی دەنگدەر وحزبەکان ئەو ئەنجامە نا هاوسەنگ نا هاوتیەیان پەسەند کرد ، چونکە متمانەى تەواویان بە پاکى و بێگەردى سیستەمەکەوە دەستەڵاتەکە هەبوو ، بەڵام هەڵبژاردنی ١٠-١٠-٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێکەوتەکانی جیاوازن بۆنمونە کوتلەی سەدری بە ( ٨٨٥٣١٠ ) دەنگ ٧٣کورسی بەدەست هێناوە ،سەربەخۆکان بە ( ١٦٨٦٧٩٢)دەنگ ٤٣ کورسیان بەدەست هێناوە ، دەلەتی قانون وفەتح بە (٩٦٤٩٨٨)دەنگ (٥٠) کورسی بەدەست هێناوە .

ئێستا لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کار بەسیستەمی لیستی نوینەرایەتی رێژەیی دەکرێت ، بە واتای نوێنەرایەتی رێژەیی قەوارە سیاسیەکان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان ، کە هەر حزبیك رێژەیەک لە کورسیەکانی پەرلەمان بەدست دێنێت ، ئەگەر دەنگەکانی بگەنە ئاستی نرخی کورسی ، تا ئێستا لایەنە سیاسەکان کۆکن لەسەرجۆری سیستەمەکە ، ئەمەش خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەیە لە نێوان سەرجەم حزبەکانە ،چونکە لەم سیستەمە لایەنە سیاسیەکان و دەنگدەران رەنج بەخەسار ناچن و دەنگی دەنگدەران دەبێت بە کورسی و حزبەکانێش نویێنەریان دەبێت لە پەرلەمان ،ئەمەش گرنگترین خاڵ و لایەنی ئەرێنی شێوازی سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەییە، سەرجەم حزبەکان هاوڕان لەسەر مانەوەی ئەم سیستەمە، بوێە دەتوانین بڵێن سیستەمی هەڵبژاردن ودەستوور و سیستەمی سیاسی ، سێ کوچکەی هەرێمێکی سەقامگیرن .

دووەم (شێوازی گۆرینی دەنگ و دابەشکردنی کورسیەکان بەسەر حزبەکاندا)

لە سیستەمی نوێنەراتی ڕێژەییدا زیاتر لە شێوازێک هەیە بۆ دابەشکردنی کورسیەکان بە سەر حزب و پالێوراواندا ، لە هەرێمی کوردستان لە یەکەم خولەوە تا ئێستا کار بە شێوازی دابەشکاری هەڵبژاردن (القاسم الانتخابى)دەکرێت، لەم شێوازەدا کۆی دەنگە دروستەکانی بازنە دابەشی ژمارەی کورسی تەرخانکراو دەکرێن بۆ دەرهێنانی دابەشکاری هەڵبژاردن(نرخی کورسی ) ، دوای ئەوە دەنگی حزبەکان و پالێوراوە سەربەخۆکان دابەشی دابەشکاری هەڵبژاردن دەکەین بۆ دەرهێنانی بەرکەوتەی هەریەکەیان ، لە ئێستادا حزبە سیاسیەکان هاوران لەسەر مانەوەی ئەم شێوازە ، هەرجەند شێوازی تر هەیە کە بە یەک قۆناغ کورسیەکان دابەشدەکات و پێویستی بە قۆناغی دووەم نیە ، لە وانە شێوازی سانتلیگۆو ، شێوازی هارا .

سێییەم شێوازی ( زۆرترین دەنگی ماوە ):

 ئەگەر لە دابەشکاری یەکەم کورسی بەتاڵ مایەوە پەنا بۆ قۆناغی دووەم دەبەین ، لەم شێوازەدا ئەگەر کورسی بەتاڵ مایەوە ، دەدرێت بەو لایەنەی کە زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە کە نەبۆتە نرخی کورسی ، بەمەش جارێکی تر داد پەروەری و نوێنەرایەتی گشتی و بەهەدەر نەچونی دەنگدەرانە ، ئەم شێوازە نە کراوەتە کێشە و بابەتی ناکۆکی لایەنەکان ئەگەر لەگەڵیشدا نەبن، بەمەش پرۆسەکە لە قازانجی حزبە بچوکەکان دەشکێتەوە .

چوارەم ( شێوازی لیستی هەڵبژاردن ، داخراو ، کراوەی سنوردار(نیمچە کراوە ) ، کراوەی ئازاد).

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە خولی یەکەم و دووەم و سێیەم بە شێوازی لیستی داخراو ئەنجام درا ،واتە دەنگدەر تەنها بۆی هەبوو دەنگ بە لیستی حزبێک بدات ، لەخولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان حزبەکان بە پێێ حروفی ئەبجەدی لیستی کاندیدانیان دەدا بە دەستەی هەڵبژاردن ، حزبەکان ئازاد بوون لە دەست نیشانکردنی کاندیدانیان لە ناو لیستەکەیاندا بەیەکێ لەم شێوازانە (ماددەی ٣٧)لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش هەموارکردنەکانی(١-لیژنەی باڵا ڕێژەی سەدی و ئەو کورسیانەی هەر لیستێک بەدەستی هێناو بڵاو دەکاتەوە٢-هەڵبژاردنی سەرکەتوانی ناو پالێوراوان بۆ ئەو لایەنە جیدەهێڵرێت کە خاوەنی لیستەکەیە وبەم شێوەی خوارەوە دەبێت آ-یەک لەدوای یەک ،ب-دەستنیشانکردن ،ج-قورعە ) ،لێرەدا حزبە سیاسیەکان دەستکراوەبوون لە جێکردنەوەی نوێنەرایەتی جوگرافی ، لە شوێن کردنەوەی پسپۆری ، لەشوێنکردنەوەی ژنان وئافرەتان ، لە شوێنکردنەوەی سەرجەم چین و توێژەکان .

لە خولی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، ئەم ماددەیە هەموار کرایەوە ، حزبەکان بە پیی ئەورێزبەندیەیی دەیاندا بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کاندیدە براوەکان دەست نیشان دەکران ، واتە شێیوازەکە هەر لیستی داخراو بوو،لە خولی چوارەم و پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شێوازی لیستی داخراو هەموار کرایەوە و پێرەوی شێوازی لیستی کراوەی سنوردارکرا(نیمچەکراوە کراوە) ، لەسەرو بەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەم و پرسی هەموار کردنی یاسای هەڵبژاردن ، حزبە سیاسیەکان ڕای جیاوازیان هەیە ، تاڕادەیەک بەشی زۆریان لەگەڵ لیستی داخراودان ، بەڵام ڕاشکاوانە رای خۆیان بەیان نەکردوە، چونکە پێیان وایە گەرانەوەیە بۆ دواوە ، گومانی تیا نییە ئەزمونکردنی شێوازی لیستی کراوەی سنوردار لە دوو خولی ڕابردودا کۆمەڵێ پرسیای قوت کردۆتەوە ،کە لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی دەرکەوتون ،بۆیە دۆزینەوەی خالێکی هاوبەش لەنیوان لیستی داخراو و نیمچە کراوەدا ، پێویستیەکی هەنوکییە بۆ ماڵی یاسادانانی کوردستان دوور لە مزایەدەو بانگەشەی بێ بەها و بێ بەرهەم و بێ بنەما ، لێرەدا من نامەوێت بانگەشە بۆ لیستی داخراو بکەم ، ناشمەوێت لیستی کراو بی ئەرزش بکەم ، بەڵام ئەزموون کردنی دوو خولی پێشوو زۆر لە ڕاستی و کەموو کوریەکانی شێوازی لیستی کراوەی سنورداری بۆ بەیان کردین، کاتی ئەوەیە هەلوەستەیان لە بەرامبەردا بکەین ، لە نێوان شێوازی لیستی داخراوو لیستی کراوەی سنورداردا خاڵی چارەسەرو هاوسەنگ بونیان هەیە ، ئەگەر بڕیاروایە کار بە شێوازی لیستی کراوەی سنوردار بکرێت باشترە یەکێ لەم ڕێگایانەی لەگەڵدا موتربە بکرێت ڕێگای یەکەم  : هەر کاندیدێک لە ناو لیستەکەی دابەشکاری هەڵبژاردنی بەدەست نەهێنا ،کار بە رێزبەندی حزبەکان بکڕێت بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدە دەرچوەکان ڕێگای دووەم :هەرکاندیدێک ڕێژەی ٪٥٠ دابەشکاری بەدەست بهێنێت لە ناو لیستەکەیدا بە براوە ئەژمار بکرێت ، بە پێچەوانەوە کار بە رێزبەندی لیستی حزبەکان بکرێت ،ڕێگای سێیەم : هەر کاندیدیک بەقەد دابەشکاری هەڵژاردن دەنگی بەدەست هێنا بە براوە ئەژمار دەکرێت ، باقی کورسیەکان نیوەی کورسیە بەدەست هاتوەکان بە پێی ڕیزبەندی دەنگەکان بێت و باقیەکەی تر بەپێێ رێزبەندی لیستی حزبەکان بێت ، گونجاندنی شێوازی گونجاو لە خزمەت پرۆسەی سیاسی و گرنگی ماڵی یاسادانانی کوردستان لە هەندێ ووشەو دەستەواژە گرنگترە بۆ هەرێمی کوردستان ، هەموشتێکێش حکمەتی خۆی هەیە (للضرورة أحكام)  .

پێنجەم ( شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردن ، یەک بازنە،یان چوار بازنە)

سەرتا دەبێت بڵین ئایا شێوازی فرە بازنەیی لەگەڵ حوکم و ڕەهەندەکانی سیستەمی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی  یەک دەگرێتەوە ؟

لەسیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی لە توانادایە وڵات بکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن ، لەهەمانکاتدا لە توانادایە پێرەوی فرە بازنەیی بکرێت ، واتە شێوازەکە لەگەڵ حوکم و دەرهاویشتەکانی یەک بازنە و فرە بازنە دەگونجێت ، پێش ئەوەی لێرەدا باس لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی هەردوو شیوازەکە بکەین ، دەبێت بە پێی بنەمای حوکمی (للضرورة أحكام) و پێداویستی قوناغ و دواکاری حزبەکان و کاریگەریەکانی ڕابردوو هەڵسنگاندن بۆ دۆخەکە بکەین ، لێرەدا دەبێت ڕاشکاو بین شوێنکردنەوەی نوێنەرایەتی جوگرافی وپسپۆری وڕەگەز وچین وتوێژەکان داواکاریەکی پێویستە و زەرورە ، ناکرێت هەموو شتێک قوربانی هەندێ چەمک و بابەت وڕای جیاواز و مەترسی دروست کراو بکرێن ، دەبێت هەمیشە بە چاوی ڕیزەوە سەیری پەرلەمان بکرێت ، دەبیت ئەم دامەزراو دەوڵەمەند بکرێت ، کەموو کوریەکانی چارەبکرێن ، چونکە بێ ئەرزش کردنی ئەم دامەزراوەیە بێ ئەرزش کردنی کۆی پرۆسەی سیاسیە لە هەرێمی کوردستان ، لێرەدا مەبەستم بێ بەها کردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە ،لە لایەن  لایەنە سیاسیەکان بەبێ ئەوەی بەئەنقەست بێت و هەستی پێ بکەن ، بۆ گێرانەوەی پێگەو گرنگی دامەزراوەکان ئەبێت رێگای دیاڵۆگ ورێکەوتن بگڕێتە بەر بۆ ئەوەی متمانە بۆ تاکی کوردوکوردستانی بگەڕێنرێتەوە .

لەسەرەوە ئاماژەماندا بە پرسیارێک ، لێرەدا دووبارە ئەو پرسیارە گرنگ دێتە پێشمان ئایە لە سیستەمی لیستی نوێنەرایەتی ڕێژەیی دەکرێت شێوازی فرە بازنەیی پەیرەو بکرێت ؟ بێ گومان دەکرێت وڵات لەسەر بنەمای یەکەی کارگێری دابەشی بکرێت بە پێی پارێزگا ، دابەشکاری لەسەر بنەمای پارێزگاکان دڵنیایی دەداتە حزبەکان کە یاری و گەمی هەڵبژاردن لە پشت ئەو داواکارییە نیە، وەک ئەوەی بینیمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران . کەواتە گەر پرسیارێک بکەین سوودەکانی فرە بازنەیی چین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ؟، وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ڕەهەند هەڵدەگرێت ، بەڵام لەسەروی هەموویانەوە پێداویستی قۆناغ و هەڵومەرجی سیاسی بابەتەگەلێکن کە خۆیان دەکەن بە زەرورەتی قۆنا‌غەکە ، لەبەر رؤشنایی ئەزموونی ڕابردوو، دەرئەنجام شێوازی چواربازنەیی دڵنیایەک دەدات بە پارێزگاکان ، دڵنیایی دەدات بە حزبەکان ، دڵنیایی دەدات بە کادرو ئەندامانی حزبەکان لەسنوری پاریزگاکانیان ، دڵنیایی دەدات بە کاندیدە سەربەخۆکان ، کە رەنج بە خەسار ناچن ، هەموو ئەوانی ناومان هێنان بەقەد رێژەیی بەدەستهاتویان نوێنەریان دەبێت ، جارێ هەر بازنەیەک رێژەیی نوێنەرایەتیەکە پارێزراوە تەنهاو تەنها کاندیدانی سنورەکە دەرۆنە پەرلەمان بە واتایی دەستەبەر کردنی نوینەرایەتی جوگرافی کە ئەمە یەکێکە لە خاڵە جەوهەریەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراسیانە ، رەنگە خوێنەرێک بپرسێ ئەی بۆ لە خولەکانی تری پەرلەمان ئەم پرسە باسی لێوەنەکراوە ، لێرەدا دەبیت بگەڕێنەوە سەر یاساکە لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کار بە سیستەمی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و لیستی داخراوبۆ دەنگدەرو ئازاد بۆ حزبەکان کرا  ، لە خولی دووەم و سییەمێش کار بە لیستی داخراو کرا ، ئەمەش دەستەبەری نوێنەرایەتی جوگرافی وپسپۆری و چین و توێژەکانی دەستەبەر دەکرد لەگەڵ بوونی کادری خاوەن بڕیاری حزبەکان لەناو پەرلەمان ،پێڕەو کردنی شێوازی فرە بازنە ،بە زیاد بوونى هۆشیاریى یاسایى و دیموکراسى ، بە ڕەچاوکردنی پێداویستی قۆنا‌‌غەکە دەکرێ بیر لە شێوازی فرە بازنەیی بکرێت بەمەرجێ بەدەر بێت لەگەمەی گاری ماندەر ، کە نوێنەرایەتیەکى راستەقینەى جوگرافی و ناوچەیى لێ بەدى بێت و لە هەمان کاتیشدا ڕێژەیی بێت ، وفەزایەک ببێتە ئاراوە کە کۆمەک و هاوکارى و ئاوێتە بوونى لێبکەوێتەوە بە تایبەتى لەو کۆمەڵگایانەى کە دووچارى ناکۆکى و لێک ترازان بوونەتەوە و ڕێژەی بەشداریش لە ئاستی پێویست نییەو برواو متمانەی دەنگدەریش بە پرۆسەکە لەق بوبێت ، لە کۆتایی دا ئەگەر جارێکی کە گرنگی و لایەنە ئەرێنیەکانی فرە بازنەیی دووبارە بکەینەوە لەپێناو بەرجستەکردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و بەدیهێنانی ئەوا :

یەکەم :- شێوازی فرە بازنەیی زامنی نوێنەرایەتى جوگرافی بە پێى پارێزگاکان دەکات ، بەڵام لە یەک بازنەی لە سایەیی لیستی کراوەی سنوردار ئەمە بەدی نایەت،
دووەم:- نوێنەرایەتى سیاسى : دەرفەت دەدات بە حزبەکان بەشداری کارا بکەن بۆ بەدەست هێنای کورسی لە تەواوی بازنەکان ، شێوازی لیستی نوینەرایەتی رێژەیش زەمانەتی بەهەدەرنەچونی دەنگەکانی مسۆگەر دەکات ، چونکە نابێت دەنگدەرانی حزبەکان لە پارێزگایەک دەنگ بە حزبێک بدەن بەڵام لە پەرلەماندا هیچ کورسێکیان نەبێت.
سێیەم:- دەرفەت بۆ بەشداریکردنى کەسایەتیە سەربەخۆو بێلایەنەکان و پێکهاتە جیاوازەکانى کۆمەڵ خۆشتر دەکات.
چوارەم : نزیک کردنەوەی نێوانی کاندیدو دەنگدەران لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا .
پێنجەم :ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان بڕیار لەسەر ڕێژەی ئەندامانی پاریزگاکە دەدات لە پەرلەمان .
شەشەم : ئاستی ململانێی لە نێوان کادرانی حزبەکان دەباتە ئاستێکی بەرز ، ئەمەش خالێگی ئەرێنیە چونکە دڵنیایی دەداتە کادران و ئەندامانی حزبەکان لە پارێزگاکانیان رەنج بە خەسار ناچن ،و بنکەی جەماوەری هەر پارێزگایەک هەوڵ دەدات ئاستی نوێنەرایەتی زیاتر دەستە بەر بکات .
شەشەم : بێ گومان کاریگەری ئەرێنیشی دەبیت لەسەر ڕایی کردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی و بڕی تێجوون .
نابێت نیگەرانی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ، لەبەر چاو نەگرین ،چونکە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ڕێژەی بەشداری لەئاستی پێویستدا نەبوو ، ئەگەر سەرنج لە داتاو ئامارەکانی هەرێمی کوردستان بدەین پەیامێکی ڕوونە ، بۆیە هەموار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێداویستیەکی هەنووکەییە ، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەران (٣،٢٧٧،٤٥١) دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو ، ژمارەی ئەوانەی بەشداریان کرد (١،٦٠١،٦٠٨) دەنفدەر بوو ، ژمارەی دەنگی دروست (١،٣٤٥،٨٥٩) ، رێژەی بەشدا٤٨،٨٧٪ بوو ، دەنگی پوچەلێش (٢٥٥،٨٧١) دەنگ بوو .
سەرە ڕایی لایەنە باش و ئەرێنیەکانی بەڵام وەک هەر شێواز و سیستەمێکێش لە هەناوی خۆیدا ، لایەنی نەرێنێ هەیە و کاریگەریەکانی لایەنە نەرێنیەکانێش لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک جیاوازە و لە کۆمەلگایەک بۆ کۆمەلگایەکش جیاوازە .

 سلێمان مستەفا حەسەن

PUKmedia 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket