riklam

لێكه‌وته‌ی جووڵه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڤاڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی

بیروڕا 06:23 PM - 2022-03-27

جه‌مال ئارێز
ئامانج له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ چاكسازیی و نوێبوونه‌وه‌ی سیستمی سیاسیی عیراق بوو، نه‌ك له‌ گرێژنه‌ ده‌رهێنانی ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ ١٨ ساڵی رابردوودا بنیاتنراوه‌. له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌ ده‌ستووری ته‌وافوقییه‌. 
چه‌مكی ته‌وافوق كه‌ له‌ عیراقی نوێدا له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك مام جه‌لال ته‌به‌نی كرا، له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌موو ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووشدا هه‌ر ده‌ستگرتن به‌و چه‌مكه‌وه‌ بۆته‌ مایه‌ی له‌به‌ریه‌ك نه‌ترازانی عیراق.
جووڵه‌كانی ئێستا و رابردووی هه‌ڤاڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی چه‌ند لێكه‌وته‌ و ده‌رهاویشته‌یه‌كی لێ ده‌خوێنرێته‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی یه‌كێتی و هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ئیقلیمیش كه‌ مایه‌ی هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردنن:
*له‌سه‌ر ئاستی یه‌كێتی پابه‌ندیی خۆی به‌ سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری سیاسیی یه‌كێتی و پێداگریكردن له‌سه‌ر ئیستیحقاقه‌ ئینتیخابییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌ و هه‌روه‌ك هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی به‌درۆخسته‌وه‌ كه‌ له‌ زڕه‌ میدیاكانه‌وه‌ باسیان له‌ رێكه‌وتن و سه‌ودای ژێربه‌ژێر ده‌كرد له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار و مافه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌.
هه‌نگاوه‌كانی هه‌ڤاڵ بافڵ ئه‌وه‌شی بۆ هه‌موولایه‌ك سه‌لماند كه‌ یه‌كگرتوویی بڕیاری سیاسی له‌ناو ی،ن،ك-دا ده‌توانێت به‌ ١٨ كورسیی په‌رله‌مانییه‌وه‌ كاریگه‌ریی خۆی دروست بكات و لۆبی گه‌وره‌ بۆ راوبۆچوونه‌كانی بكات.
*له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیش كاتێك هه‌ڤاڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ڵێت: "یه‌كێتی هیچ ئیراده‌یه‌كی سه‌پێنراو قبووڵ ناكات"، ئه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانین بۆ به‌دیهێنانی هاوسه‌نگیی سیاسی و نه‌سه‌پاندنی تاكه‌ ئاڕاسته‌یه‌كی سیاسی به‌سه‌ر كۆی هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌ دیوێكی دیكه‌شدا په‌یامێكه‌ بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ ئیتر زه‌مه‌نی عه‌نته‌رێتی و خۆسه‌پاندنی به‌زۆر به‌سه‌ر هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كاندا گوزه‌شت، له‌مه‌ودوا یه‌كێتی خاوه‌نداریی له‌ فره‌ڕه‌نگی و فره‌ده‌نگیی و دیموكراسی ده‌كاته‌وه‌ و ناهێڵێت كوردستان به‌ره‌و سیستمی تاكڕه‌وی سیاسی ببرێت به‌ناوی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و قۆرغكردنی كایه‌ی دارایی و ئابووریی كوردستانه‌وه‌.
*له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش جووڵه‌كانی هه‌ڤاڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی به‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌مكی ته‌وافوق و سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌یه‌وێت كورد و هه‌رێمی كوردستان شه‌ریكێكی فیعلیی پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراق بێت و كورد وه‌ك سه‌رده‌می سه‌رۆك مام جه‌لال یه‌كگرتوو سه‌نگینانه‌ له‌ به‌غدا بێت و ببێته‌ پارسه‌نگێك بۆ هاوكیشه‌ی عیراق نه‌ك ببێته‌ سه‌نگێك له‌ تایه‌كی ته‌رازووه‌كه‌ و عیراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌كی هاوكێشه‌كه‌دا  قڵپ بكاته‌وه‌.
*له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمیش دیمه‌نه‌كه‌ زۆر روونه‌ كه‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی "زۆرینه‌ی نیشتمانی" و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییه‌وه‌ خه‌ریكه‌  عیراق ده‌خرێته‌ گێژاوی ململانێ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و تێزه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای عیراقی نوێوه‌ و له‌ سه‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی حوكمه‌وه‌ یه‌كێتی و شه‌خسی سه‌رۆك مام جه‌لال و زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شداریش له‌ حوكمڕانیی عیراق له‌ به‌غدا تا ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵیانداوه‌ خۆیان نه‌خه‌نه‌ ململانێ ئیقلیمییه‌كانه‌وه‌ و عیراق نه‌كه‌نه‌ گۆڕه‌پانی ئه‌و ململانێیانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی كه‌ به‌ر له‌ عیراق ماڵوێرانی سه‌ره‌تا به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت. 
ده‌كرێت جگه‌ له‌ یه‌كێتییه‌كان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ش به‌گشتی پاڵپستیی جووڵه‌كانی هه‌ڤاڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی بن بۆ رێگریی له‌ سه‌پاندنی ئیراده‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیجماعی كوردی و ده‌ستگرتن به‌ چه‌مكی ته‌وافوق و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی عیراق و تێوه‌نه‌گلاندنی خاك و گه‌لی كوردستان و عیراق له‌ ململانێ ئیقلیمییه‌كانه‌وه‌.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket