پێستی یاسا

بیروڕا 06:01 PM - 2021-11-19

ووشه‌ی (یاسا) له‌ بنچینه‌دا وشه‌یه‌كی توركیه‌ و له‌ جیاتی (قانون) به‌كارده‌هێنرێ كه‌ زیاتر له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا به‌كاری دێنن وئه‌ویش له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی گریكیه‌ . هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ژیانی به‌ كۆمه‌ڵ واته‌ دروستبوونی خێزان هه‌ندێ هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتار وه‌ك داب و نه‌رێت بوونه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ خوڵقاندنی یاسا ودوواتریش ئایینه‌كان هه‌ندێ له‌و دابونه‌رێتانه‌یان وه‌ك یاسا جێگیركرد. یه‌كه‌مین ده‌قی نووسراوی یاسا له‌سه‌ر ده‌ستی حاموڕابی پاشای ناوداری ئاشووریه‌كان له‌ شاری بابلی عێراقی ئێستا سه‌ریهه‌ڵدا . 

 دیاره‌ گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگای مرۆڤ و دواتر دروستبوونی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌وه‌كردووه‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك ڕێكبخرێ و ده‌ستنیشانی جۆرێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی حاكم و ڕه‌عیه‌ت بكات .                           

له‌و سه‌رده‌مانه‌شدا تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵقوڵانی یاسا ته‌نیا كۆشك وته‌لاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران بووه‌ و له‌ داڕشتنی یاساشدا زیاتر ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌وان كراوه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می ڕۆمانیه‌كاندا پاشاكانی ڕۆم خۆیان به‌ خواوه‌ندی سه‌ر زه‌وی ده‌زانی و فه‌رمانی ئه‌وان ئه‌بوو وه‌ك فه‌رمانێكی خودایی ته‌ماشابكرێ وجێبه‌جێبكرێ .                                               

به‌ڵام پاش گه‌شه‌ كردنی باری ئابوری كۆمه‌ڵ و په‌ڕه‌ سه‌ندنی پیشه‌ سازی تاله‌سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیدا وایلێهات میلله‌ت بوو به‌ دانه‌ری یاسا و پارله‌مان پێكهات ، دوواتریش جاڕی جیهانی مرۆڤ له‌ دایكبوو ، هه‌موو مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی مرۆڤی وه‌ك یه‌ك له‌ به‌رچاوگرتووه‌ . ئێستا پارله‌مان له‌ ووڵاته‌ پێشكه‌وتوو و شارستانیه‌كاندا سه‌رچاوه‌ی یاسایه‌ وجیاوازی له‌ نێوان پاشا و گه‌دا دا ناكات . به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌یه‌ ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ مامانی له‌ دایكبوونی یه‌كه‌مین یاسای نووسراو بووه‌ ئێستا خۆی یاسا پێشێل ده‌كات !                       

له‌لای ئێمه‌ یاسا وه‌ك تۆڕی جاڵجالۆكه‌ باڵداری بچووك ئه‌گرێ و باڵداری گه‌وره‌ ش تێكی ئه‌ده‌ن ، یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌كانی ترازووه‌كه‌ی زێڕ و تۆزی ده‌هۆڵ پێكه‌وه‌ پارسه‌نگ ئه‌كات ، یاسا ئاساییش ئه‌خوڵقێنێ بۆخۆی ئاساییش شوناسنامه‌ت ئه‌دڕینێ و یاسا ئه‌خنكێنێ ، به‌پێی یاسا ماناكان ئه‌گۆڕێن هه‌ڵه‌یه‌كی بێزیان و بێ مه‌خسه‌د بۆی هه‌یه‌ مرۆڤێكی بێ ده‌سه‌ڵات به‌ره‌ و قه‌ناره‌ ڕاپێچ بكات و هه‌موو ئاوات و حه‌ز و خه‌ونه‌كانی بخاته‌ ژێر گڵ ، به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ و خیانه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارێكی زڕته‌بۆز به‌ تاكتیكێكی  كاتی ناوئه‌برێت و به‌ چوپی تراكتۆر له‌ ڕووباری یاسا ئاودیو ده‌كرێ . ده‌سه‌ڵاتداران یاسایان كردۆته‌ قه‌ڵغانێك بۆ پاراستنی كورسی و سه‌روه‌ت وسامانه‌كانیان وه‌ك ئیمپڕاتۆره‌كانی ڕۆم نه‌ك بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل و مافی مرۆڤ .   

ئه‌ڵێن له‌ دۆڵی حه‌زره‌مۆت خه‌ڵكانێكی زۆر كۆبوونه‌ته‌وه‌ و ته‌یمورله‌نگ به‌ خۆ پێشاندان و له‌ خۆباییبوونه‌وه‌ پرسیار له‌ شاعیرێك ده‌كات ده‌پرسێت تۆ شاعیر و شت زۆر ئه‌نووسیته‌وه‌ وبه‌های شتیش چاك ئه‌ناسن و لێكده‌ده‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر من خۆم بكه‌مه‌ بازاڕه‌وه‌ به‌ چه‌ند هه‌ڵمده‌سه‌نگێنی ؟ ئه‌دیبه‌كه‌ش بێ یه‌ك و دوو و بیر كردنه‌وه‌ یه‌كسه‌ر له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت پانزه‌ قروش . ته‌یمور له‌نگیش توڕه‌ ده‌بێت وده‌ڵێ چۆن ! من هه‌ر پشتێنه‌كه‌م بایی پانزه‌ قروشه‌ ! باش بیربكه‌ره‌وه‌ ؟ شاعیره‌كه‌ش ده‌ڵێ ده‌زانم منیش ته‌نها نرخی پشتێنه‌كه‌م پێداوی . دووای ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ نرخی خاوه‌ن شكۆ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ به‌پێی یاسا شاعیره‌كه‌ سزای زیندانی ده‌درێ ! شه‌ریفه‌ باوكه‌ ڕۆكانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به‌ ناوی یاساوه‌ ناو ده‌به‌ن و له‌كاتێكدا كه‌س بۆی نیه‌ ڕه‌خنه‌ بگرێ و خۆپێشاندابكات و داوای سه‌ره‌تاترین مافی خۆی بكات ، ته‌نانه‌ت ژنان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كوژراون كه‌ نه‌یانویستووه‌ به‌ ئاره‌زووی خه‌ڵكانیتر هاوسه‌ری ژیانیان دیاری بكه‌ن ، یان ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانی مه‌ده‌نی بیر و ڕای ئازادی خۆیان ده‌ربڕن !                             ئه‌و خه‌ڵكه‌ بۆیان هه‌یه‌ بپرسن بۆ چی( یاسا )هه‌ر تا ئه‌و شوێنه‌ بڕ ئه‌كات كه‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ستپێده‌كات ؟ یا خود ( یاسا ) وه‌ك بۆق وایه‌ ده‌قیڕێنێ و ڕه‌نگی پێستی له‌ گۆڕانی ده‌وام دایه‌!!                   سیروان به‌رزنجی / ئوسترالیا                                                                                                               

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket