riklam

ھاوڕێم مەلا بەختیار... وێنه‌که‌ت تاساندمی

کوردستان 12:38 PM - 2021-11-12

‏‎بینینی وێنەی مەلا بەختیار لە نەخۆشخانە دوای یەكلابوونەوەی ژەهر خواردكردنی، سەرەڕای ئەوەی پەرۆشی  و خەمێكی قوڵ بۆ هاوڕێیەكی تەمەنم سەراپای داگرتم،  هەستێكی بەراوردكاریانەی سەیریشی لا دروست كردم، كە وێنەكەیم بینی، چۆن بەشەكەتی، بەدەست غەدری ژەهرخواردن گیرۆدە بووە، یەكسەر جووڵە و سەركێشی وّحه‌ماسی ئەو پیاوەم بە گەنجی بیر كەوتەوە، ئەو گەنجەی لە كۆڵانە باریك و تەسكەكانی خانەقینەوە، هەمیشە فەنتازیایەكی فراوان و بێ سنوری كوردایەتی ئەنەخشاند ، ئەو مەلا بەختیارەی زەبروزەنگی رژێمی داگیركاری عیراق نەیدەترساند و نەیدەتاساند، کەچی ئەوەتا ئێستا ژەهر و خەنجەری خیانەت شەکەتی کردوە و وەک دەردەدارێک لە نەخۆشخانەیە، بۆمن چاوه‌ڕوان کراوبوو گولله‌ی دوژمن، پیلانی ناحه‌زانی کورد و یه‌کێتی بیپێکن، به‌ڵام ژه‌هرخوازدکردنی داخ و مه‌راقێکی تره‌ که‌ بۆمن وه‌کو شۆکێک وایه‌و بۆ ئه‌نجامده‌رانیشی په‌ڵه‌یه‌کی ره‌شی ناپاکیه‌ که‌ قابیلی سپی بوونه‌وه‌ نییه‌.
‏‎ساڵی 1963 بۆ یەكەمجار مەلا بەختیارم لە خانەقین  لە قوتابخانەی (نەهضة)ی سەرەتایی ناسی ، بەیەكەوە ھەر لەسەرەتاوە بارگرانی ژیانێكی سەختی خانەقینمان بەشكرد، لە زۆر شت لەیەك ئەچووین، ئەو زوو دایكی مردو هەتیو كەوت، منیش زوو باوكم مردو هەتیو كەوتم، هەر بەمناڵی هەردوكمان كەوتینە دەست زەبری بێ رەحمانەی ژیان و چەرمەسەری و سەختی ڕۆژگار.
 هەرچەندە منداڵیمان پێچەوانەی شیرینی خورمای خانەقین تاڵ و سەخت بوو، بەلآم ئەو تاڵییە نەیتوانی سەركێشی و لاساری مندالآنەی ئێمە زەوت بکات و هه‌میشه‌ به‌ ئومێد و هیوایه‌کی زۆره‌وه‌ به‌سه‌ر په‌یژه‌ی ده‌رده‌سه‌ری ژیان سه‌رکه‌وتین .
 چیرۆكی ئاشنایەتیمان 10 ساڵ دوای یەكەم یەكتر ناسین، واتە لە ساڵی 1973 چووە قۆناغێكی ترەوە، له‌رێگه‌ی مەلا بەختیاره‌وه‌ چوومه‌ ریزه‌کانی  كۆمەڵەوه‌، ئیتر لەوێوە بەهەموو هەورازو نشێوەیەكانی سیاسەت و كوردایەتیدا ڕۆیشتین و لەزۆر وێستگەی جیاش ھەر بەیەكەوە ماینەوە، بەویژدانەوە ئەڵێم ئەو بۆمن هەمیشە برایەكی بەلوتف و سنگ فراوان و لێبوردە بوو، هەمیشە بەرگەی سەركێشی و هەڵوێست و دەڕبڕینە  جیاوازەكانی منی بەزیادەوە گرتوە، ئاخر بەڕاست ژەھرخوارکردنی تێکۆشەرێکی وەک مەلا بەختیار بۆچی؟ ئەپرسم ئەو پیاوە گوناهی چی بوو وای لێ بەسەرهات، جگە لە گوناهی سیاسەتكردن و كوردایەتی و پێشمەرگایەتی چ گوناهێكی تری كردوە؟ئاخر ئەو هەموو عومری لە خەبات و تێكۆشان لە رێبازی شەهاب و ئارام و مام جەلال بەسەر برد، وەكو داربەڕویەكی چەسپاوی چیاكانی ئەو كوردستانە بەرگری لە میللەتەكەی و یەکێتیه‌کەی كرد، کەچی ئێستا لەبری پاداشت، بە ژەهر و بەخەنجەری بێ وەفایی ھەوڵی لەناوبردنی دەدرێت؟
‏‎ ئەوەی ئێستا بۆ من مایەی داخ و ناسۆرە ئەوەیە من لەم وێستگەیە ناتوانم راستەوخۆ شتێك بۆ مەلا بەختیاری برا و ھاوڕێم بكەم، ناتوانم وەكو رۆژانی گەنجی و تەمەنی شۆڕش و پێشمەرگایەتی ئازارو ناسۆرەكانی لەگەڵ بەش بكەم، بەڵام دڵنیام دەزانێت کەچۆن لەدڵەوە هیوای زوو چاكبوونەوەو تەندروستی لەجاران باشتری بۆ دەخوازم. بۆیە پێی دەڵێم : ھاوڕێم ، تۆ بەم ژەھرەش ھەر بە سەربەرزی دەمێنیتەوە، دەستی نامەرد ناگاتە  کێوی شکۆمەندی تۆ ، ئەوان بودەڵە و تۆش بوێر، تۆ جوامێر و ئەوانیش ناپاک لەبەردەم خەڵک و خودا و مێژوو. 
ھاوڕێم سوێند بەئەڵوەن ئازارت هه‌مان ئازارە لەدڵما
ھاوڕێم بمبورە کەبەهۆی دۆخی تەندروستیمەوە ، نەمتوانی سەردانت بكەم و لەسەر چرپای نەخۆشخانەکە وێنەیەکی یادگاری بگرین و بڵێم تۆ ھەرگیز بەتەنیا نیت، شاعیریش نەبووم دەنا ئێستا وادەی بوو بە قەسیدەیەك گوزارشت لە ناخی هەڵقرچاوم بكەم بۆ تۆی براو هاوڕێی ته‌مه‌ن..........
 عیماد ئەحمەد
12/11/2021

 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket