riklam

هەڵوەستەیەك لەسەر هەڵبژاردن

بیروڕا 05:20 PM - 2021-10-14

دیارە پرۆسەی هەڵبژاردن زەماوەندی دیموكراسیەتە، واتە بێجگە لە بنەما یاساییەكان و سیاسیەكان هەڵبژاردن دەبێتە دەستپێك بۆ هەنگاوەكانی دواتر كە پێویستە بۆ داڕشتنی بناغەیەكی بتەو بۆ پێكهێنانی دەزگاو دامەزراوە بوونیادیەكان دواجاریش بە دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگە، بێگومان ئەوەش قەتیس نابێت لە پڕۆسەیەك یان دووان یان زیاتر كەوایە درێژخایەنە و دەبێت بەردەوام بێت بەپێی یاسا كارپێكراوەكان،ئەوەی گرنگە چارەنوسی لایەنی سیاسی یان دامەزراوەكان نەبەستراوەتەوە بەیەك پڕۆسە، واتە ئەگەر سەركەوتی ئیتر هەموو شتێك تەواو تۆ سەر قافلەكەی، یان ئەگەر بە دڵت نەبوو ئیتر بڕایەوە و تۆ كەوتی، ئەوە ئەزمونی وڵاتان ، وڵات هەیە تا ئێستا زیاتر لە (50)جار پڕۆسەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدراوە، ئەوانەی بەشدار بوونە جاری وا هەبووە سەركەوتون جاری واش هەبووە پاشەكشێ كردن بووە، بەڵام هیچ كامێكیان بە دیاریەوە دانەنیشتون، چ ئەوەی سەركەوتوو بووە، چ ئەوەی توشی شكست بووە، ئەمە ئەگەری هەڵبژاردنە ئەوەی بەشداری تێدا دەكات بە هەردوو دیوی سەرەڕای تێبینیەكان كە پێدراوێكی یاساییە دەبێت رازی بێت، ئەوەی من لێرە دەمەوێ هەڵوێستەی لەسەر بكەم ، هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی پەرلەمانی عێراقە بە هەر دوو بەشی تایبەت و گشتیەكەی ، چەندین قەوارە و لایەنی سیاسی تێیدا بەشدار بوون، سەرەنجام پڕۆسەكە بەڕێوەچو ئەنجامە بەراییەكانیش راگەیاندرا ، بەرای خۆم ئەوەی بەشداربووە لە پرۆسەكە بەسەركەوتو هەژمار دەكرێت بەدەر لەوەی چەند كورسی هێناوە، زیاد یان كەمی كردووە، یان بەشی نەبووە، هەروەك لەپێشداش ئاماژەمان پێدا ئەوە كۆتایی رێگاكە نیە، بەڵكو سەرەتایەتی گرنگ ئەوەیە هەر لایەنە و لەلای خۆی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە ئەنجامبدەن، بۆ ئەوەی بگەنە راستی بەڕێوەچونی پڕۆسەكە و لێكەتەكانی بە هەردوو دیوە ئەرێنی و نەرێنیەكەی، بێگومان هەر دیوی واقیعیە، بۆیە دەبێت پەندو عیبرەتی لێوەربگیرێت و  كاری پێ بكرێت، ئەوەی من بە پێویستی دەزانم بۆچونی دروستی خۆم لەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەرببڕم، بەو هەژمارەی من كادیری ئەو حیزبەم بەسەركەوتنی شاباش  لێدەدەم و بە پاشەكشەشی شۆك دەبم،راستیەكەی ئەمجارە هیواكان بەرەو ئەوە بوون بەو هاوپەیمانیە دەرئەنجامەكان لەوەی ئێستا هەیە باشتر بێت، بەڵام دیارە وا دەرنەچو، بە دڵنیایەوە چەند خەوشێك هەیە بۆتە هۆكاری ئەوەی وەكو پێویست نەبێت، هەر چەندە جیاوازیەكە لەگەڵ هەڵبژاردنی رابردوو زۆر كەمە كە جاری پێشو (18) كورسی  و ئەمجارە تا ئێستا (17)كورسیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە دڵی كادیرو جەماوەرە دڵسۆزەكەی نیە، لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم بە راستی نیگەرانی هەیە، پێدەچێت هێشتا زۆربەمان لەو پرۆسە درێژخایەنە تێنەگەیشتبین، پێمان وایە ئەوە كۆتایی دنیایە، جارێكیتر نایێتەوە كە لە بنەڕەتدا وانیە، ئەوە وێستگەیەكە دوای چوار  ساڵیتر دەگەڕێتەوە یان راستترە بڵێن مانگی ئەیلولی 2022 جارێكیتر هەڵبژاردن  بۆ پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، كەوایە بەردەوام ئەو پڕۆسەیە لە ئارادایە، دەبێت حازر و دەست لە ناو دەست بیت بۆی، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە،  یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت چی بكات؟
1-    دەبێت هەموو یەكێتیەكان  هەر لە سەركردایەتیەوە تا دەگات هێزی پێشمەرگە و دامودەزگا حیزبی و ئیداری و تا دەگاتە ئەندامی  سەرەتایی خۆیان ساغ بكەنەوە، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و پشتگیریكردنی حیزبەكەیان، من نمونەی زۆرم هەیە پێش پرۆسەكە چەندین كەسایەتی خۆیان یەكلا نەكردبۆوە بگرە هەبووە خەڵكیشی سارد دكردەوە ، لە ئێستاوە بەر لە هەر شتێك دەبێت ئەوە بكرێت بێ چاوپۆشیكردن لە هیچ كامێكیان، بێجگە لە خۆیان دەبێت خاو و خێزانیشیان تەیار بكەن.
2-    دام و دەزگاكانی سەركردایەتی ، مەڵبەندەكان ، مەكتەبەكان، دەستەی راوێژكاران، كۆمیتەكان تەرشیق بكرێت، هەڤاڵێك نەهێڵرێتەوە بەبێ ئیش و كار، بنەمای سزا و پاداشت پەیڕەو بكرێت، پێموایە ئەوە هەنگاوێكە دەبێت بكرێت، چونكە بە راستی یەكێتی نیشتمانی باجی  ئەو بێ سەرو بەریە  دەدات، لەو شوێنانە ئەوەندە خەڵك كۆكراوەتەوە كە بەشێكی بەرچاویان بێ ئەرك و كارن، تەنها دادەنیشن وەك موچە خۆری فەرمانگەیەك مامەڵە دەكەن، نەك هەر ئەوە لە دانیشتنەكان هەرچی بۆچونی راست و ناڕاست هەیە دەری دەبڕن كە دڵی زۆر خەڵك دەخەنە گومانەوە سەربارو بن باریش باڵ باڵێن و تەكەتول بازیش دەكەن.
3-    دەبێت وتارو ستراتیجی دروست هەبێت و بكرێتە بەرنامەی كار، لە سێ ساڵی رابردوودا یەكێتی خاوەن ئەو ستراتیجە رون ئاشكرایە نەبووە، لەگەڵ ئەحداسەكان كارلێكی كردووە كە ئەوە خۆی لە خۆیدا جۆرێكە لە ون بوون لە ناو جەماوەردا، ئێستا جاری جاران نیە كۆمەڵانی خەڵك پەڕی سپی دەخوێننەوە، بە دیویكیتر كێ ببێتە زمان حاڵیان ئەو دەناسن ، لە لایەكیتر لە كێشە نیشتمانی و نەتەوەیەكانیش دەبێت رایەكی بێ چەندو چونت هەبێت، بەلای كەم بۆ ئەوەی جەماوەرەكەت پێگۆش بكەی، بە راستی حەق نیە یەكێتی چیتركوڕی خۆی بە قوربانی كچی خەڵك بكات، واتە  خزمەتی جەماوەر دبێت ئەولەویەت  ئینجا ئەوانیتر.
4-    سەركردایەتی و لێپرسراوە باڵاكان دەبێت چیتر لە پشت كورسیە فەرمیەكان و پرسگە هەمە جۆرەكانیان دانەنیشن، زۆر زەروریە لەگەڵ جەماوەرە دڵسۆزەكەیان تەفاعول و تەناغوم بكەن، رەنگە ئەو شێوە مامەڵەیە بۆ حیزبێكی تر راست بێت، بەڵام جەماوەری یەكێتی راست نیە چونكە وا فێر نەكراوە دەست لەسەر سینگ و كۆیلە ئاسابن، بە داخەوە هەندێك لە هەڤاڵان دوای ئەوەی پۆستەكانیان وەرگرت و سواری سەیارە گرانبەهاكان بوون، حەشەم و خەدەمیشیان بۆ فەراهەم كرا، زۆربەی بنەماكانی یەكێتی بونیان لە بیركرد و سەرو لوتیان چوە كەشكەڵانی فەلەك و وەڵامی مۆبایلیش نادەنەوە .
5-    تیمی حكومەت دەبێت زۆر خاكیانەتر مامەڵە لەگەڵ هەڤاڵەكانی خۆیان بكەن لە هەموو شوێنەكان بە تایبەت لە هەولێری پایتەخت، چونكە غەدرێكی زۆر لە یەكێتیە هەولێریەكان دەكرێت، من بۆ خۆم وەك نمایندەی مامۆستایان چەندین جار پەیوەندیم كردووە وەڵام نەدراوینەتەوە، بێگومان لەگەڵ خەڵكیتریش بەوشێوەیە بگرە خراپتریش مامەڵەیان لەگەڵداكراوە، وەك گەواهیش بۆ ئەو راستیە پەیوەندی بە بەرپرس كراوە بۆ ئیشێك وەكو پێویست بە دەمەوە نەهاتوە، كاتێك پێی وتراوە تۆ یەكێتیت هەقە ئەوەندەی پێتدەكرێت یارمەتی یەكێتیەكان بدەیت، لە وەڵامدا وتویەتی من بە هەقی خۆم بوومەتە بەرپرس، ئەوە  نمونەی مشتێكە لە خەروارێك .
6-     دوو ساڵ پێش كۆنگرە و دوای كۆنگرەش بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك بە پاساوی جۆراو جۆر هەموو ئۆرگانەكان خرابوونە قۆناغی مت بوونەوە ، هەموو كادیرەكانیش لە پێشهات و روداوە سیاسیەكان و ئەركی حیزبایەتی وێڵ كرابوون، پێش نزیكەی مانگێك كەوتنە خۆ و ئەویش هەر بە نیوەچڵی  و بەبێ بەرنامە، ئاخر حیزبایەتی چۆن وا دەبێت؟  ئەگەر ئیشت هەبوو ئەوا  بە تەنگەتاویەوە كاری بۆ بكەیت، ئەگەر نەتبوو ئەوا لێی پاڵ بكەوی، برا بڕۆن سەیری دنیا بكەن،  كەی حیزبایەتی وایە؟   لە راستیدا حیزبایەتی وەكو شانەی هەنگ وایە، دەبێت بەردەوام كاری تێدا بكرێت، دوو جۆر پلانیش  دەبێ هەبێت، پلانێكی كورت مەودا  بۆ راپەراندنی ئەركی حیزبایەتی و خولی رۆشنبیری و كۆكرنەوەی هەواداران و لایەنگران، پلانێكی دوور مەوداش بۆ  پرسە ستراتیجیەكان وهەڵبژاردنی گشتی ، من دەپرسم  ئەوە كراوە؟ بە داڕسانەوە دەڵێم نەخێر نەكراوە ، قسەشم زۆرە لەسەر ئەوە جارێ هەر ئەوەندە دەڵێم...
7-    چەند سەنتەری ستراتیجی و سیاسی هەیە بۆ دراسەتكردن؟ كێن ئەوانەی لەو سەنتەرانە بەڕێوەدەبەن؟ دراسەتەكانیان چی بووە؟ ئایا بەرنامەیان هەبووە بۆ هەڵبژاردن و پێشهات و روداوەكان؟ ئەگەر هەبووە كوانێ ئەنجامەكەی و چی كراوە لە ژێر رۆشنایی ئەو دراسەتانە؟  گەلۆ سەردەم سەردەمی داتا و ژمارە و دراسات و لێكۆڵینەوە و بانكی زانیاریە، ئەم سەردەمە هی بڕیاری سەرپێی و تاكەكەسی نیە، دەبێت زۆر ورد و وریا و بە نەخشە و پلان بن، لەو ماوە دوور و درێژە دەبوو چەندین ئیستبیان بكرابا بۆ ئەوەی پلانی لەسەر دابڕێژرابا، باوەڕم وایە نیە كەس بینبێتی، بڕۆن سەیری ئەحزاب و دەزگاو دامەزراوەكانی دنیا بكەن هەموو بەو شێوەیە و لەسەر ئەو بنەمایانە كار دەكەن ، هیچ بڕیارێكیش دەرناكەن ئەگەر لە ئاشپەزی پشتەوە ئامادە نەكرابێت.
8-    لێرە بە دواوە هەقە بە بڕیارێكی مەركەزی، هەموو بەرپرسەكان لە ناوچە و دەڤەرەكانی خۆیان بە تایبەتی دابڕێنراوەكان بژین، چ رەوایەتی تێدایە خەڵكی رەش و ڕوت لە ژێر هەژمونی تاڵی شۆڤینیەت و دەزگا و دامەزراوەی لە ناكاودا بژین، كەچی بەرپرسەكان  لە كۆشك و تەلاری شاهانە  شەوانی سور بەڕی بكەن ، تەنیا لە كاتی دەنگدان یان پێویستدا ببنە خەڵكی ئەو شوێنانە و داوای بە هانا وەچون دەنگ و پشتیوانیەوە بكەن.
     لە كۆتایدا دەڵێم جیهان كەمی چوە زۆری ماوە، مەبەستم سیاسیەت كردنە نەك تەمەنی مرۆڤەكان، بۆ ئەوەی لەگەڵ زەمەنەكەدا بگونجێی و وەڵامی جەماوەرەكەشت پێ بێت، دەبێت هەمیشە حازر و تەیار بیت، چ بۆ كەیسە سیاسیەكان، چ بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن، كەوایە یاڵلای لێ بكەن لە ئەمڕۆوە دەست پێبكەن، بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ئەوانەشی لە پێشدا وتم كاری لەسەر بكەن بە دڵنیاییەوە ئەنجامێكی دەبێت زۆر لەوەی ئێستا باشتر.

نووسینی.. عەبدولواحید محەمەد

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket