riklam

پارتی و سیاسەتی گاڵتەجاڕی

کوردستان 12:54 PM - 2021-10-06

سیاسەتی گاڵتەجاڕی جۆرێكە لە جۆرەكانی توندوتیژی دەروونی، لێكەوتەی ئەم سیاسەتە دەرەنجامی كەچبینی فیكری و نا حاڵیبوونە لە دەوروبەر، سیاسەتی  گاڵتەجاڕی ئەشێ لە ئاستی كەسییدا بێت، یان لەسەر ئاستی گروپ و رێكخراوێكی سیاسیدا بێت،

هەڵسوڕاوانی ئەم جۆرە سیاسەتە هەمیشە ركابەرەكانی دەوروبەری خۆیان بەكردەوو گوتاری سیاسی بێ ئەرزش و خۆسەپێن ئەهەژێنن، لەبەر چەند هۆكارێك، گرنگترینیان بێمتمانەیی بوونە بەخوود، بۆیە ناچار هەڵسوڕاوانی ئەم جۆرە سیاسەتكردنە، پەنا دەبەنە بەر شێوازی نا پەسەندو نا هاوسەنگ لە مامەڵەو پەیوەندی سیاسیدا لەگەڵ كارەكتەرو ركابەرە سیاسیەكاندا.

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی سەنتڕالیزم و خێڵەكی لە باشووری كوردستان، بەدرێژایی مێژووی سیاسی خۆی هەڵسوڕێنەری ئەم جۆرە لە سیاسەتكردنەیە. هۆكارەكانی ئەم نەخۆشییە سایكۆ- سیاسیەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەتوانین لە چەند هۆكارێكدا كورتی بكەینەوە:

یەكەم: هەستكردن بەكەموكوڕی لە ئیدارەدانی گفتوگۆكان و وتوێژكان، پارتی هەمیشە سیاسەتێكی هەیە، كاتێك شكست دەهێنی لە ئیدارەدانی ووتوێژو گفتوگۆگان لەگەڵ ركابەرە سیاسیەكانیدا، دەمودەست هەڵدەستێت بە گشتاندنی سیاسەتی گاڵتەجاڕی و هەژاندنی بەرامبەرەكەی، تەنها بۆ ئەوەی لای ئەندامان و لایەنگرانی خۆی و رای گشتی وەها خۆی نیشانبدات، كە حزبێكە زۆر باوەڕو متمانەی بەخۆ هەیە. بەڵام لە ئەساسدا پەیڕەوكردنی سیاسەتی گاڵتەجاڕی و هەژاندنی بەرامبەر لە لای پارتیدا، داپۆشینی شكستەكانێتی. نمونەش زۆرن، زیندوترینیان: شكستەكانی لە ئیدارەدانی ووتوێژەكان لەگەڵ كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵدا لە بارەی كێشەكانی بووجەو نەوت وگازو ناوچە جێناكۆكەكان ....هتد)).

دووەم: پارتی لە گشت زەرف و زەمانێكدا كاتێك هەست بە شكستە سیاسیەكانی خۆی دەكات، هەڵدەستێت بە هەژاندن و تۆمەت بەخشینەوە بە دەوروبەرەكەی. ریفراندۆمە شكستخواردووەكەی ساڵی 2017 و لێكەوتەكانی زیندوترین بەڵگەی ئەم حاڵەتەن.

سێیەم: پارتی هەمیشە سیاسەتی گاڵتەجاڕی و هەژاندنی بەكارهێناوە بۆ مەبەستی هەڵچوونی بەرامبەرەكەی، بە ئامانجی لێكەوتەی پەرچەكرداری هەڵەی بەرامبەرو تەوزیفكردنی هەڵەكان لەبەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانیدا، نمونەی ئەم حاڵەتەش، سیاسەتی هەژاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و خوودی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو، كە دواجار كردەوە ئابڕوبەرە سیاسیەكەی پارتی لێكەوتەوە لە 12/10/2016 بەرامبەر یوسف محمد سەرۆكی پارلەمانی كوردستان و رێگریكردنی لە بازگەی پردێدا. پارتی بەم سیاسەتی گاڵتەجاڕی و هەژاندن و سووكایەتیكردنە، توانی هەڵچوون وپەرچەكرداری نەیارەكەی بقۆزێتەوە بۆ خۆسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە سەرۆكایەتی هەرێم و پارلەمان و حكومەتدا.

چوارەم: سیاسەتی گاڵتەجاڕی و هەژاندن لای پارتی دیموكراتی كوردستان دەرەنجامی غرووری و لووت بەرزی بنەماڵەی بارزانییە، بنەمای ئەم غروورەش بریتیە لەو وەهمەی كەئەوان هەمیشە پێیان وایە بەئاگان لە هەر پیلانگێڕییەكی ناوخۆی و هەرێمایەتی كە دەرحەقیان دائەڕێژرێ و هیچ هێزو لایەنێك نیە بەرامبەریان بوەستێتەوە.

پێنجەم: پارتی لەهەر پرۆژەیەكی سیاسی هاوپەیمانی نێوان هێزە سیاسیەكانی ركابەر لە ناوخۆی هەرێمدا، هەمیشە لە ناجێگیری و دڵەڕوكێی دەروونیدا دەژی، ئەگەر چی بەردەوام لە هەوڵی شاردنەوەی ئەو گرێ دەروونیەن، بەڵام هەر زوو لە لایەن یەكێك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی بنەماڵەی بارزانی ئەم گرێیە ئاشكرا دەبێت بە گوتاری نا پەسەندو نا هاوسەنگ دەڕواننە هاوپەیمانێتی هێزە سیاسیەكان و بەكەم شەئن بێ ئەرزش وەسفی دەكەن. زیندوترین نمونەی ئەم حاڵەتەش لە دوا گوتاری سەرۆكی هەرێم دەركەوت كە لەهەمان كاتدا جێگری سەرۆكی پارتی و كارەكتەرێكی سەرەكی نێو بنەماڵەی بەرزانییە، ناراستەوخۆ گرێی سایكۆ سیاسی پارتی و بنەماڵەكەیان لە هەمبەر هاوپەیمانی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق بە ئاشكرا بەیانكرد.
د.شێركۆ جەبار

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket