riklam

بۆ دەبێ دەنگ بە یەكێتی بدەینەوە؟

بیروڕا 08:24 PM - 2021-10-05

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساتەكانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عیراق، پرسی دەنگدان بە كاندید و لیست و قەوارە و ڕێكخراوە سیاسیەكان گەرمە و جێگەی بایەخی ھاوڵاتیانە، چونكە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەكان پەیوەستە بە ئایندەی ھەموومان، ھەم دەكرێ لەم ڕێگەیەوە دۆخی ژیانمان بگۆڕین و ھەمیش ئاستی سیاسی و ھۆشیاری كۆمەڵانی خەڵكی پێ بناسینەوە و لەوە بگەین ئێمە لە چ ئاستێكداین.
لە كۆمەڵە پێشكەوتووەكان بابەتی دەنگدان بە پارتە سیاسییەكان بە ھەستیاری سەیر دەكرێت، لە لایەك ڕاستەوخۆ دیدگەی تاكەكان بۆ دونیا بینین و ئایندەیان نیشان دەدات، لە لایەكیتر دەرخەری ھۆشیاری تاكەكانە، كە پێمان دەڵێت ئێمە كێین و چیمان دەوێت.
ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عیراق دوای ئەو ھەموو ڕووداوە سیاسیەی كە لە ماوەی چوار ساڵی پێشوو و بگرە هەشت ساڵی ڕابردوو كە لە كێڵگەی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان ڕوویدا، ناكرێ و نابێ بێ لێكدانەوە و گەنگەشەكە كردن بڕیاری دەنگدان بە لیستەكان بەسەرمان تێبپەڕێت، ئەگەر دەنگدەر بێ ڕامان ئەو بڕیارە بدات مافی ڕەخنە گرتنی لە لایەنە سیاسیەكان نابێت، بۆیە دەبێت دەنگدان وەك پڕۆسەیەكی بە دیموكراتیزەكردن سەیر بكەین، ھەم بیكەین بە ئامرازێكی كاریگەر تا لایەنە سیاسیەكان ناچار بە خزمەتكردن و بە خۆ گۆڕین و خۆ گونجان لەگەڵ پێشھاتە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان بكەین، ھەمیش بە كۆ دەنگی ژیانی ئێستامان كە پڕ كراوە لە نائومێدی و گرژی و نادیاری و ئاستی خراپی گوزەرانمان و ئایندەمان تێبپەڕێنین.
لە دوای ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عیراق لە ساڵی ٢٠١٨، ھەندێك لە ھێزەكان بە گۆڕانكاری گەورە دەنگەكانیان ھەڵبەز و دابەزی كرد، خۆشبەختانە جەماوەر و دۆست و لایەنگرە ھۆشیارەكانی (ی. ن. ك)، وەك چۆن بە ئاگایی خۆیان لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ئەو دەم (ی.ن.ك) دەنگەكانی كەم كرد، جەماوەرەكەی پەیامێكی ڕوونیان بە سەركردایەتی ئەو حیزبەدا ھاوكات لە ماوەی كەمتر لە چەند مانگێك، كە بینیان سەركرایەتی سیاسی حیزبەكەی خۆیان، بە خۆیاندا چوونەوە و سیاسەتی ڕوونتریان پەیڕەو كرد و ئاكار و دونیابینینی خۆیان بۆ یارییە سیاسیەكە گۆڕی، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عیراق، یەكێتیان كردەوە بە ھێزێكی كاریگەر و بەمەش توانیان پێگەی سیاسی یەكێتی لە ھەرێمی كوردستان بەرز بكەنەوە.
بە گەڕانەوە بۆ لێكەوتە سیاسیەكانی ئەوێ ڕۆژێ و ئەو دۆخە قوڕسەی وا بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەسەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان سەپێندراوە، دەكرێ لە ڕوانگەیەكی سیاسی شیكردنەوەی بۆ بكەین و بەمەش ھۆكاری دەنگدانمان بە لایەنەكان دەرببڕین، دیارە بە لای ئێمەشەوە ناكرێ و نابێ دەنگ بە یەكێتی نەدەینەوە، بۆیە لە خوارەوە دوای خستنەڕووی چەند خاڵێك ڕوونی دەكەینەوە كە بۆ دەبێ جارێكیتر ھەموومان متمانە بە (ی. ن. ك) بكەین و لە چوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان دەنگی پێبدەینەوە:
یەكەم: لە دوای دەرئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ھەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی ٢٠١٣-2018، جەماوەری یەكێتی نیگەرانكرا لە لایەن پارتیەوە، بەوەی كە پارتی ویستی دەرفەت لە دۆخی لاوازی یەكێتی و كێشە ناوەخۆییەكانی وەربگرێت و ھێزیتر بكاتە ئەڵتەرناتیڤ، كە زوو دەركەوت وەھمە ھێزێكی مێژوو كرد و خاوەن ھەزاران شەھید و جەماوەرێكی ھۆشیار و خۆ بە بەرپرسیارزان و بە پەرۆشی وەك یەكێتی پەراوێز بخرێت، بەمە بۆ كوردستانیان سەلمێندرا یەكێتی ئەگەرچی دەنگیشی كەم كردبێ بەڵام سەنگی ماوە.
دووەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان، كە لە ڕووی جوگرافیای سیاسیەوە ھەمیشە قەرزارباری یەكێتین، بەوەی پێگەیان لە ژێر قەڵەمڕەوی یەكێتیە، ئەمە جگە لەوەی كە یەكێتی بە گیانێكی وەرزشی و میھرەبانانە ھەموو شتێكی لێ قبوڵ كردوون، پێش یەكتر دەكەوتن بۆ بەركەوتنی لەتێك كێكی زیاتری حكومەت، بەڵام بە دەنگە زۆرەكانمان لە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عیراق پەیامی ڕوونمان بە ھێزەكاندا و نەیانتوانی بێ یەكێتی حكومەت پێكبھێنن.
سێیەم: ئەو دەم بە بەخشینی پۆستەكانی یەكێتی بە لایەنیتر، بە تایبەت مەلەفی پێشمەرگە و دارایی، یەكێتی ئارامی گرت و بە لەبەر چاوگرتنی ئازادی سیاسیی و باوەڕ نەبوونمان بە دەسیسەی سیاسی و موئامەرە قبوڵمان كرد، بەڵام ھەر زوو زەواجی سیاسی ئەو لایەنانە كۆتایی ھات و دڕدۆنگی سیاسی شوێنی ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتی گرتەوە و چاویان لە بەرژەوەندیە گشتیەكان كوێر كرد و شوێن بەرژەوەندییە سیاسیە بچووكەكان كەوتن، قۆچی عینادیان لە یەكتر گیر كرد و كوردستانیان تووشی كێشەی قوڵ كرد و دۆخی سیاسیان بە بنبەست گەیاند، دیسانەوە بۆ كوردستانیان سەلمێندرایەوە ھێزی ڕەسەن لە پێناو ھەڵپەی سیاسی خەڵك تووشی كارەسات ناكات، ھاوكات كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان گەورەیی و كارامەیی یەكێتیان بۆ دەركەوت كە لەو سەردەمەی یەكێتی دەخیلەی كوردستانی لا بوو چۆن خۆشگوزەرانی بە دیھێنا بوو، لە شەڕی داعشیش سەرباری ئەوەی ئێمە كەمترین چەك و ھاوكاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان بە دەست دەگەیشت، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی میلانەكان لە بازاڕەكانی چەكی قاچاغ دەفڕۆشرا، بەڵام یەكێتی بە خوێنی شەھیدانمان كە زۆرێك لە سەركردە و فەرماندە ئازاكانمان كە بە دەیان ساڵ لە ژێر تێزەكانی نیشتیمان پەروەری و جەنابی مام پێگەیێندرابوون، خۆڕاگری كرد و خاكی كوردستانیانی لە ھەژموونی داعش پاراست بەڵام ھێزیتر لەگەڵ داعش دەشكان، ئەمە جگە لەوەی كە بە شایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر ھێزەكانی یەكێتی نەبووان مەخمور ئازاد نە دەكرا و ھەولێریش دەگیرا لە لایەن داعشەوە.
چوارەم: پارتی دیموكراتی كوردستان بە داخستنی دەرگای پەڕلەمان و بردنی قفڵی پارەكانی كوردستان بۆ وڵاتێكی هەرێمی بە ناوی سەربەخۆیی دارایی، گۆڕانی ئاوت كرد و جارێكیتر خشتی دیواری بەرلین و دێگەڵەی ھەڵچنیەوە، هێزەكان لە جیاتی تێگەیشن لە ئاستی بەرزی ھەستكردنی یەكێتی بە پاراستنی دۆخەكە و میھرەبانی یەكێتی بۆ ھێزەكان، زوو كەوتنە پەلاماری یەكێتی و كەڕنای ھەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی ھاوبەشیان لێدا و ویستیان كوردستان بە كرداری بكرێتەوە بە دوو پارچە و یەكێتی لە سلێمانی گەمارۆ بدەن و لەوێشەوە ململانێی بكەن و لاوازی بكەن، دیسانەوە یەكێتی بە ڕادەستكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخێك كە گۆڕان زۆریش بێ ھێز ببوو و تووشی گەمارۆی سیاسیش ببوو، یەكێتی بەم ھەڵوێستەی دەریخست تاقە ھێزی بەرپرسیارە لە كوردستان و ئارامی سیاسی بۆ سلێمانی گەڕاندەوە و لە ڕێگەی نوێنەرەكانیشی لە حكومەت زۆرترین خزمەت و پڕۆژەی بۆ ناوچەكە ئەنجامدا.
پێنجەم: دوای ئەو ھەموو دۆخە نا لەبارەی لە ھەرێمی كوردستان ڕوویدا، چ بە ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك و چ بە ڕیفراندۆم، دەرگەی عەقڵانیەتی سیاسی لە بەردەم ھێزەكان داخرا و كوردستانی تووشی كارەساتی گەمارۆ سیاسیە شۆڤینیەكانی حكومەتی عیراق و ھێزە ئیقلیمیەكان كرد، ھەروەھا ھێزە جیھانیە بە ھەژموونەكانی دونیا كە دۆستمان بوون بەڵام گوێمان لێیان نەگرت و زەرەرمەندی یاریەكە بووین، ئەمە سەرباری ئەوەی نیوەی خاكی كوردستانمان لە دەستدا، ھەروەھا بە بەستنی گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ توركیا، دەخیلەی ئابووری كوردستان تووشی ئیفلاسی بوو، دیسانەوە یەكێتی بەو پەیوەندیە دۆستایەتیەی لەگەڵ ھێزە عیراقیەكان ھەیبوو دەروازەیەكی بۆ كوردستان كردەوە و بەشێك لە بودجەی بۆ كوردستان گەڕاندەوە بە حیكمەتی سیاسی ژیرانەی جەنابی مام جەلال.
شەشەم: هێزەكان، لە كۆتا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەرباری ئەوەی كە لە ناوچە داگیركراوەكان، چ بە بایكۆت و چ بە بە فیڕۆدانی دەنگی كورد و گۆڕینی سیمای نیشتیمان بە «وەتەن»، لە ھەمووی خراپتر گومان كردن لە دەنگی كوردستانیانی كەركوك و گەلە كۆمەكی شەشی حوزەیران لە پەڕلەمانی عیراق بە ھاوبەشی ھێزە شۆڤینی و تۆرانیەكان، كەوتنە دژایەتی خواستە ڕەواكانی گەلی كوردستان، كەركوكی شا دەماری چارەسەری پرسە نیشتیمانیەكانی گەلی كوردستانیان خستە ژێر مەترسی ڕاستەقینە، دیسانەوە یەكێتی بووە ھۆی ئەوەی كورستانیبوونی كەركوك بسەلمێنێتەوە بە ھۆی ئەوەی براوەی یەكەمی شاری كەركووك بوو بە جیاوازیەكی زۆری دەنگ لەگەڵ ھێزەكانیتر لە ھەڵبژاردنە پەڕلەمانیەكەی عیراق.
حەوتەم: دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عیراق، ئەگەرچی ماوەیەكی زۆر بوو ھێزەكان ھیچ پەیوەندیەكی سیاسیان لە نێوان نەمابوو، دیسانەوە یەكێتی بە حیكمەتی مامی گەورەمان ئاسا، گرێ كوێرەی ئەو چەقبەستووە سیاسیەی كردەوە و لە دەرگای لایەنەكانیدا، بە تایبەتیتر دوای بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لەیەكتێگەیشتن لەگەڵ هێزركانیتر، بەمەش وا خەریكە ھێزە كوردستانیەكان بە كۆ دەنگی بەرەو بەغدا دەڕۆن بۆ بە دەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دەستوری و داراییەكانمان، كە ئەمەش دەبێتە بوژانەوەی گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ھەرەوەھا پێگە و سەنگی كورد لە عیراق بەرز دەكاتەوە.
لەبەر ئەم ھۆكارانەی سەرەوە و گەلێك ھۆكاریتر، دەبێ دیسانەوە ھەموومان دەنگ بە ھێزە ڕەسەنەكەی كورستانیان بدەینەوە، تا لاسەنگی ھاوسەنگی ھێز لە كوردستان چاكبكەینەوە، لەبەر ئەمە با ھەموومان دەنگمان بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (هاوپەیمانی كوردستان) بێت، بە خوێن دەنگ بدەین بە لیستی شەھیدان و لیستی جەنابی مام جەلال و كاك نەوشیروان، نەمری بۆ شەھیدان و سەركەوتن بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

نووسینی.. دهام سمكۆ
PUKmedia تایبەت



زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket