كه‌ركوكێكی دیموكرات په‌رژینه‌ بۆ كوردستانێتی

بیروڕا 09:16 AM - 2021-09-19

سیاسه‌تكردن بۆ كوردستانێتی كه‌ركوك بۆ قۆناغی داھاتوو چه‌ند ره‌ھه‌ندێكی نوێ له‌ خۆده‌گرێت. دیاریترینیان نه‌خشه‌ رێگای مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستورییه‌.به‌ڵام ھاوشانی ئه‌م نه‌خشه‌رێگایه‌ سیاسه‌تی تریش پێویسته‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك.
مادده‌ی 140 هه‌م نه‌خشه‌رێگای ده‌ستوورییه‌ ‌و هه‌م ده‌سكه‌لایه‌كی ره‌وایه‌ به‌ده‌ست كوردستانیانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م مادده‌یه‌ په‌ینی تری پێویسته‌ كه‌ له‌گه‌ڵیا مۆتۆربه‌ بكرێت.
بوژانه‌وه‌ و گه‌شانه‌وه‌ی دیموكراسیی دوای قۆناغێك له‌ پاشه‌كشێ پێكردنی، په‌ینێكی به‌هێزه‌ بۆ كوردستانێتی كه‌ركوك . گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنه‌ماكانی فیدرالی كه‌ له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌ ‌و ئێستا هه‌ن هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش په‌رژینێكی قایمه‌ بۆ كه‌ركوكی ئاینده‌. ئه‌گه‌ر میلیشیا ‌و باندی تایفه‌گه‌ری، عه‌سكه‌ر ‌و عه‌نته‌ر له‌ به‌غدا ‌و ته‌واوی عیراق له‌ شه‌قامی سیاسه‌ت دوور بكه‌ونه‌وه‌ و بچنه‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پارێزگاری له‌وڵات كه‌ركوكیش له‌به‌ر ئه‌م هه‌تاوی حوكمی مه‌ده‌نیه‌دا ده‌توانێ هه‌ناسه‌یه‌ك بدا ‌و هه‌وایه‌كی پاك هه‌ڵمژێ. دوور له‌ حوكمی شۆڤێنی ‌و تایفه‌گه‌ری ‌و نزیك له‌ حوكمێكی مه‌ده‌نی ‌و دیموكراتی، كه‌ركوك ده‌توانێ خۆی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌عریبی كۆن و نوێ بپارێزێ. 
ھه‌روه‌ھا حوكمێكی دیموكراتی، مه‌ده‌نی ده‌ستوریی كه‌ شۆڤێنی و تایفه‌گه‌ری تێیدا زاڵ نه‌بێت رێگه‌ له‌موزایه‌ده‌ی گۆشه‌گیری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وانه‌ش ده‌گرێ كه‌ته‌نھا قسه‌یان ھه‌یه‌ بۆ كه‌ركوك و قسه‌ش ناچێته‌ گیرفانه‌وه‌.ته‌نھا بۆ خڕكردنه‌وه‌ی ده‌نگ وه‌بیریان دێته‌وه‌ كه‌ركوك دڵی كوردستانه‌.
ئه‌و هێزه‌ی ده‌توانێ پشت ‌و په‌نا بێت بۆ دیموكراتخوازانی عیراق ته‌نها ‌و ته‌نها هاوپه‌یمانی كوردستانه‌.
ھاوپه‌یمانی كوردستان باسكی به‌ھێزی داكۆكییه‌ له‌مافه‌كانی كه‌ركوك له‌ به‌غدا.

ستران عه‌بدوڵلا

PUKmedia تایبه‌ت

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket