riklam

مۆری مێژوو

بیروڕا 05:48 PM - 2021-09-09

هەموو ئەزانین کە هەرجۆرە بەڵگە نامەیەک پێویستە مۆر و ئیمزای لایەنێکی باوەڕپێکراو و یاسایی وخاوەن سەلاحیەتی پێوەبێت .. پەساپۆرت و ڤیزا وشەهادەی قوتابخانە و زانستگا و مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و زۆر و زۆری تریش بە بێ مۆر وئیمزا ناچن بەڕێوە و هیچ ڕەواجێکیان نابێ .. جاریش هەیە مۆر و ئیمزا تەزویر ئەکرێ و لایەنی خاوەن سەڵاحیەت هیچ ئاگای لێنیە و لە پشت ئەو لایەنەوە بەڵگە نامە دروست ئەکرێ و دەفڕؤشرێ ، ئەمەش جار هەیە بە دی دێ کاری خۆی ئەکا وجاریش هەیە لە نیوەی ڕێ ئاشکرا ئەبێ وخاوەنەکەی بە پێی گەورەیی وقەبارەی ئەوکارە نایاساییەی کردوویەتی سزا دەدرێ .

بەڵێ ئیتر مۆر ، مۆوک ، تەمغە ، ئیمزا لە ژیانی هەرکەسێکدا ڕۆڵێکی گێڕاوە ،، ئیمزا و مۆری هەندێک کەسان بایەخێکی وای هەیە کە ئەتوانێ سزای مەرگ بەسەر خەڵکیدا بدات ، یان بە پێچەوانەوە لە مەرگ بیبەخشێت . ..

تەنانەت ئازادی ، قەوارە ، سنوور ، ئاڵا .. بە نیسبەت نەتەوەیەکەوە پێویستیان بە مۆری یاسایی تایبەت بە خۆیان هەیە ... ئەمانە گشت ئەو جۆرە مۆرانەن کە لە تەختە ، مێتاڵ ، پلاستیک  دروستئەکرێن و نووسینێکی تایبەتی لەسەر هەڵدەکەندرێت ئەنجا بە سەر قوماشێکی مەرەکەباویدا ئەهێنرێ و پاشان لەو کاغەزە یان بەڵگە نامەیەی کە جێگای مەبەستە ئەدرێ .

بەڵام جۆرە مۆرێکی تریش هەیە کە ئەمەیان ئێجگار زۆر بەکاردێت مۆرێکە لە ماتریاڵ دروست نەکراوە بەڵکو شتێکی زەینییە کەپێی ئەڵێن( مۆری خیانەت ) یاخود مۆری ناپاکی ، تەنانەت لەسەر ئاستی تاکە کەسیش هەر یەک لەو مۆرەی لە باخەڵدایە و دژی هەرکەسێک کە ئارەزوو بکات بە ئاسانی بەکاری دەهێنێت .

خیانەت ووشەیەکی ئێجگار مەترسیدارە لە دونیای پێشکەوتن و شارستانیەتدا بەپێی یاسا دیاری و دەستنیشان دەکرێ و لە دەرەوەی یاسا کەس مافی بەکار هێنانی ئەم ووشەیەی دژی هیچ کەسێکی تر نیە ...

بەڵام ئێمە چی بکەین ؟ دەوڵەتمان نیە ، قەوارەیەکی یاسای سەربەخۆ و دانپێنراو و بوێر و چاوگی بڕیاری یاسایی و دادگای بڕیاردەر پەرلەمانێکی کارا و بەدواداچوونی بەڵگەکان و لێپرسینەوەی وورد و تەنانەت ڕاگەیاندنێکی دەسەڵاتدار ،،، لە غیاب و نەبوون و یاخود سستی و زەعیفی وبۆشایی ئەمان  پەنادەبرێتە  بەربەکار هێنانی ئەم مۆرانە لەدەرەوەی سەروەری  یاسا ودادگا . شتی تەزویر و ساختەکاریش ئەکەوێتە دەست زۆرتر لە لایەنێک و دەکرێ بڵێین دەکەوێتە دەست هەرکەس . گەر بپرسین ئایا ئەو مۆرانە تا ئێستا کێ دژی کێ بەکار هێناوە ؟ ڕەنگە کەس پێی سەیر نەبێت ئەگەر بڵێین هەموو دژی هەموو بەکاریهێناوە !!.

ناسیۆنالیستەکان پێیان وایە کۆمۆنیستەکان خائینن چونکە نەتەوەی خۆیان بیردەکەن ودەیکەنە قوربانی پرسێکی سەرتاسەری جیهانی کە نەسەری دیارە و نەبن . کۆمۆنیستەکانیش ئەو جوتیار و کرێکارانەیان پێ خائینە کە ناسیۆنالیستن ، چینەکەی خۆیان بیر دەکەن وخۆ دەدەنە دەست بۆرژواوە . بەهەر حاڵ دوور نیە پاش ماوەیەکی تر زۆرلەو بەڵگە نامە یاسایی و دۆکیومێنتە میژووییە کە گەورە ئەدیب و سیاسەتمەدارانی کورد وەک ژانی گەل و مورافەعەکەی کوردستانی بوونی کەرکوک و زۆر لە ڕاستیەکان هەوڵی چەواشەکاری و بەلاڕیدابردنی بکرێ لەگەڵ هاتنی هەر دەسەڵاتێک کە مەبەستی شێواندنی بێت بۆ هەر مەرامێک، بەڵام مێژووی حاشاهەڵنەگری ئەو حەقیقەتانە ئەو جۆرە مۆرە ساختە و تەزویرانە خاڵی ئەکاتەوە و میللەتانی هۆشمەند و ڕۆشنفیکران پێیان هەزم ناکرێت و ئەو جۆرە مۆرانە درێژخایەن نین وبۆ خۆیان خۆیان خاڵی ئەکەنەوە .

ئەمێنێتەوە بڵێین ئەو مۆرانەی کە هەرگیزاو هەرگیز ناسڕدرێنەوە و بەردەوام مانەوەیان بیرناچێتەوە و خاڵی نابنەوە ، ئەو مۆرانەن کە میللەت و مێژوو بە ناوچەوانی ناپاکی ئەو کەسانە یا ئەو لایەن و دەزگایانەیان ئەنووسێنێ کە لە قیامەتیشدا ئیزرائیل لە کۆڵیان نابێتەوە .

سیروان بەرزنجی / ئوسترالیا

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket