riklam

كۆنگره‌ی لوتكه‌ی وڵاتانی دراوسێی عیراق..

بیروڕا 07:44 PM - 2021-08-31

شكست یان سه‌ركه‌وتن ؟
نه‌وزادی موهه‌ندیس
•له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 28/8/2021دا له‌ به‌غدادی پایته‌ختی عیراق كۆنگره‌ی لوتكه‌ی وڵاتانی دراوسێی عیراق له‌ژێر ناونیشانی ((كۆنگره‌ی هاریكاری و هاوبه‌شی))سازدرا.له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا 4 پاشا وسه‌رۆك و میر((ئوردون و فه‌ڕه‌نسا و میسر و قه‌ته‌ر)) له‌گه‌ڵ 3 سه‌رۆك وه‌زیرانی((عیراق و كوێت و ئیمارات)) و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی 3 وڵاتی (( سعودیه‌ و ئێران و توركیا)) و نوێنه‌رانی ئه‌مریكا ویه‌كێتی ئه‌وروپا و كۆنگره‌ی ئیسلامی و ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بیش به‌شداربوون.
•كۆنگره‌كه‌ كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆ ده‌ستیبه‌كاره‌كانی كرد و كاتژمێر 9ی شه‌و كۆتایی پێهات ،واته‌ ته‌نها 9-10 كاتژمێری خایاند.
•ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ كۆنگره‌كه‌ی له‌ پێناودا سازدرابوو بریتی بوون له‌:
1.مه‌سه‌له‌ سیاسی و ئابوری و بازرگانی 
2.بابه‌تی تیرۆر و تیرۆریستان
3. مه‌سه‌له‌ی لوبنان و یه‌مه‌ن
4. مه‌سه‌له‌ی هێرش و په‌لاماردانی كه‌شتیه‌ نه‌وتیه‌كان له‌كه‌نداوی عه‌ره‌بیدا
5. مه‌سه‌له‌ی كێشه‌ی ئاو
•له‌به‌یانی كۆتایی كۆنگره‌كه‌شدا هه‌موان كۆكبوون له‌سه‌ر پشتیوانی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی عیراق بۆ سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌ڕله‌مانی مانگی ئۆكتۆبه‌ر و فراوانكردنی هاوبه‌شی ئابوری له‌گه‌ڵ عیراقدا و پشتیوانی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق و به‌هێزكردنی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و هاوكاری و پشتیوانی  له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق و جه‌نگی دژی تیرۆریستان كرده‌وه‌.
•به‌م شێوه‌یه‌ كۆنگره‌كه‌ گه‌لێك بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ی گرنگی له‌خۆگرتبوو كه‌ هه‌موانیان مایه‌ی دڵخۆشین بۆ عیراق  ئه‌گه‌ر نیه‌تێكی ڕاستگۆیانه‌ و ڕاسته‌قینه‌یان  له‌ پشته‌وه‌ بێت و به‌جدی گه‌ره‌كیان بێت كه‌ عیراق له‌ كێشه‌ و ململانێكانی ناوچه‌كه‌ ده‌ربازبكه‌ن،چونكه‌ هه‌موو وڵاتانی دراوسێی عیراق خۆیان هۆكار و ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ درێژه‌دانی ئه‌و دۆخه‌ ناجێگره‌ سیاسی و ئابوری و ئه‌منیه‌ی عیراقی دوای ساڵی 2003.هه‌ر ئه‌وانن پشتیوانی تیرۆریستان و كوشت و بڕ ده‌كه‌ن له‌عیراقدا ،هه‌رئه‌وانن كه‌ نفوزی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی خۆیان سه‌پاندۆته‌ سه‌ر عیراق و سیاده‌ و سه‌روه‌ری سنور و خاكه‌كه‌ی ڕۆژانه‌ پێشێل ده‌كه‌ن، هه‌رئه‌وانن كه‌ ئابوری و ژێرخانی ئابوری عیراقیان داڕماندوه‌ و ڕێگه‌ به‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی ناده‌ن ، هه‌رئه‌وانن كه‌ پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراقیان په‌كخستوه‌ ((گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق بۆ خۆشیان بێتوانا و گه‌نده‌ڵ و لاوازن))،هه‌ر ئه‌وانن كه‌ كێشه‌ی ئاویان بۆ عیراق دروستكردوه‌ و هێواش هێواش ده‌یخنكێنن.
بۆیه‌ به‌هه‌ق هه‌موانیان دووڕوو و درۆزنن له‌ كردار و گفتاریاندا له‌گه‌ڵ عیراق و گه‌لانی عیراقدا.
سه‌ره‌ڕای  هه‌موو ئه‌م نیه‌ته‌ ناڕاستانه‌ به‌ڵام كۆنگره‌كه‌ هه‌ندێك خاڵی پۆزه‌تیفی تیادابوو بۆ عیراق وه‌ك:
•عیراق ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ناو كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.
•عیراق ڕزگارده‌كات له‌ پشتگوێخستن و په‌راوێزخستن.
•ده‌بێته‌ هۆكاری كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و ئابوری و ئه‌منی و بازرگانی و ...هتد.
•لێره‌دا كۆمه‌ڵگه‌لێك پرسیار خۆیان ده‌سه‌پێنن،وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایا عیراق وه‌ك ته‌نها مێزێكی كه‌ڕو لاڵ و بێهه‌ڵوێسته‌ و ته‌نها كۆكه‌ره‌وه‌ی دژه‌كانه‌؟ یانیش هۆكاری به‌تاڵكردنه‌وه‌ و خاوكردنه‌وه‌ی گرژی و ململانێ و بارگه‌ كاره‌باییه‌كانی نێوان وڵاتانی دراوسێیه‌تی؟ یان ده‌بێته‌ وڵاتێك كه‌ هاوسه‌نگی ڕاده‌گرێت له‌ نێوان هه‌مواندا؟
هه‌رچۆنێك بێت عیراق به‌م هه‌وڵانه‌ی وا خۆی پیشانداوه‌ كه‌ هێشتا به‌به‌ریه‌وه‌ ماوه‌ كه‌ ڕۆڵێكی ئیجابی ناوچه‌یی ببینێت سه‌ره‌ڕای هه‌موو كێشه‌ سیاسی و ئابوری و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی و داراییه‌كانی و ململانێ مه‌زهه‌بی و میلیشیا چه‌كداره‌كانی كه‌ هه‌موانیان ڕێگرن له‌به‌رده‌م هه‌ستانه‌وه‌ و گه‌شانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی عیراقدا.
له‌كۆتاییدا ده‌كرێت ئه‌و پرسیاره‌ش بكرێت كه‌ ئایا كۆنگره‌كه‌ ئامانجه‌كانی خۆی پێكاوه‌ و سه‌ركه‌وتووبوه‌؟ یانیش شكستی هێناوه‌ ؟
گه‌ر به‌ووردی بڕوانینه‌ كار و گوتاری وڵاتانی به‌شداربوو و كورتی ماوه‌ی كۆنگره‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌توانین بڵێین كۆنگره‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه‌ و به‌ڵكو شكستیشی هێناوه‌،چونكه‌:
•ئاستی به‌شداركردن به‌رز نه‌بوه‌ له‌ئاستی پاشا و سه‌رۆكه‌كاندا جگه‌ له‌و 4 سه‌رۆك و پاشایه‌ كه‌ ئاماده‌بوون،كه‌ گرنگبوو هه‌رسێ سه‌رۆكی توركیا و ئێران و سوریا و پاشای سعودیه‌ش ئاماده‌بونایه‌ كه‌ لانی كه‌م سعودیه‌ و توركیا و ئێران 3 وڵاتی خاوه‌ن نفوز و ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر عیراق.
•داوه‌تنه‌كردن و ئاماده‌نه‌بونی سوریا وه‌ك وڵاتێكی گرنگی دراوسێی عیراق خاڵی لاوازی كۆنگره‌كه‌ بوو.
•دانه‌نیشتن و گفتوگۆنه‌كردنی دوولایه‌نی دژ به‌یه‌كی سعودیه‌ و ئێران به‌یه‌كه‌وه‌  وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری ململانێكانی ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ ڕاوه‌ستانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌شیاندا له‌پاڵ یه‌كدا نه‌بوون و دووركه‌وتنه‌وه‌ ،ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی گرنگه‌ بۆ شكستهێنانی كۆنگره‌كه‌.
•بابه‌تی سوریا و لوبنان و یه‌مه‌ن و پاپۆڕه‌كانی كه‌نداو به‌هه‌مان شێوه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ سعودیه‌ و ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و هیچ بڕیارێكی گرنگیان له‌باره‌وه‌ نه‌دراوه‌.
•بابه‌ت و كێشه‌ی ئاو له‌ نێوان توركیا و سوریا و عیراقدا كه‌ نزیكه‌ی 100ساڵه‌ بوونی هه‌یه‌ و نه‌ توركیا بۆ سوریا و عیراق نه‌ سوریاش بۆ عیراق دێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتن،گه‌رچی ئه‌و كێشه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌مان ونه‌مانی ژیانی ملیۆنان كه‌سه‌وه‌ له‌ عیراق و سوریادا.
•له‌كۆتایشدا كۆنگره‌یه‌كی به‌په‌له‌ و بێ خۆسازدانێكی توندتۆڵ سازكرا كه‌ نه‌ك به‌م كۆنگره‌یه‌ به‌ده‌یان كۆنگره‌ی تریش هیچ یه‌كێك له‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێن.
بۆیه‌  ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌ له‌م كۆنگره‌یه‌ كه‌ بۆ خۆپیشاندان و نمایشكردن بوه‌  بۆ پشتیوانی عیراق و بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌موان بوترێت كه‌ عیراق ئه‌مین و ئارامه‌ و پشتیوانی بكه‌ن بۆ سه‌رخستنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌یه‌ كه‌ له‌به‌رده‌میدایه‌ و وه‌ك هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردنیش لێیده‌ڕوانرێت بۆ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانیش..بۆیه‌ ناكرێت كه‌ ئومێدی زۆر له‌سه‌ر كۆنگره‌ و ڕاسپارده‌كانی هه‌ڵبچنرێت چونكه‌ دوای ته‌نها 1 مانگ و دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌ڕله‌مانیه‌كه‌ زۆر كه‌س و ده‌موچاو و هێز له‌ عیراقدا ده‌گۆڕێن و له‌گه‌ڵیشیدا سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ و كار و گوتاری ئاینده‌ی 4 ساڵی عیراقیش ده‌گۆڕێت،چونكه‌ له‌ بنچینه‌دا عیراق بۆخۆی ئاماده‌نیه‌ كه‌ خۆی ڕابپسكێنێت له‌و بازنه‌ بۆش و ته‌ماویی و تاریكه‌ی كه‌ تێیكه‌وتوه‌.چونكه‌ گه‌ر به‌ ده‌ست و به‌رنامه‌ی وڵاتانی دراوسێ بێت گه‌ره‌كیانه‌ عیراق هه‌ر به‌لاوازی و پشێوی و ناسه‌قامگیری بمێنێته‌وه‌ و ئه‌وانیش بیكه‌نه‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌ وڵاتانی زلهێزیشه‌وه‌،گه‌رچی فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆكه‌كه‌ی ئاماده‌بونێكی گرنگ و به‌رچاویان هه‌بوو له‌ كۆنگره‌كه‌دا.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket