riklam

سوپای پەشۆکاوی سەردەم

بیروڕا 03:54 PM - 2021-08-25

هیوا محەمەد
ترەمپ دوێنێ بە فرسەتی زانی کەوتە لۆمەی بایدن و وتی: ئەوانەی کە رزگار دەکرێن لە فڕۆکەخانەی کابولەوە کەمترینیان ئەمریکییەکانن و زۆربەیان خەڵکانی دیکەن، لەوانەی کاریان بۆ ئەمریکا کردووە لەو 20 ساڵەدا.

ترەمپ هەرچەندە لەمێژە خۆی مەڵاس داوە کە بۆشی بایدن بگرێت و لێی لە هەڵابدات، دەیەوێت بڵێت کە بایدن لە خەمی ئەمریکییەکاندا نییە و نەیتوانیوە تەواوکەری ئەو بەرنامە تاکتیکییە گرنگە بێت کە ئەو خۆی داینا بوو، بەو پێیە دەبوا لەمانگی ئایاری رابردوو سوپای ئەمریکا بکشایەتەوە، ئێستا بەهۆکاری دواکەوتنی کشانەوەکە، گیانی هەزاران ئەمریکی لە مەترسیدایە.

بایدن پێی وایە دەبێت هەموو کاربەدەستانی ئەمریکا و پەنتاگۆن بەتایبەت، رازی بکات تابتوانێت ماوەی کشانەوەکە بڕێک درێژ تر بکاتەوە، لەگەڵیشیدا دەبێت تالیبان رازی بن و چرای سەوزی بدەنێ.

روسیاش لەولاوە کە هەمیشە چاوەڕوانی شکستی ئەمریکایە، لەسەر زاری پۆتین دەڵێت ئێمە دەستوەردانی سەربازی ناکەین لە ئەفغانستاندا و ناچینە وڵاتێک کە هەموویان قینیان لە هەموویانە، ئەگەرچی باڵیۆزی روسیاش لە کابول پێی وایە تا ئێستا تالیبان بەرەوتێکی باش رەفتار دەکات و هەموو شت ئاساییە و ئەوەی کە باسی پشێوی دەکات تەنها رۆژئاواییەکانن.

روسیا پێیوایە ئەمە شکستێکی دیکەی ئەمریکایە و دەبێت دانی پیادا بنێت، ئەوان خۆشحاڵن بەو شپرزەییەی کە رووی لە کابول کردووە و هەرچی سەر بە ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا و ناتۆیە، لە هەوڵی دەرباز بووندایە.

دەکرێت بەو لێدوانانەشدا کە سەرانی تالیبان دەیدەن و یەک لەوان داوای هاوکاری روسیای کردووە، شتێکی ژێر بە ژێر هەبێت و ئیحتیاتیان کردبێت بۆ ئەمڕۆ، چونکە دەمێکە سەرانی حکومەتی ئەفغانستانی دەسەڵات لە دەستچوو، لەگەڵ سەرانی تالیبان کۆبوونەوەکانی دانوستانیان لە مۆسکۆ بەڕیوە دەبرد، ئەمەش دەکرێت وای کردبێت جۆرێک لە دۆستایەتی روسەکان و تالیبانی هێنابێتە گۆڕێ.

روسیا چۆن لە سوریا کەم تازۆر هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا دەکات، هەمان شێوە پێدەچێت ئەمە رووبدات لە ئەفغانستانیش، چونکە تورکیا هەرزوو داوای کرد لەگەڵ تالیبان بکەوێتە گفتوگۆوە، ئەمانیش بەو پێیەی لە قەتەردا هێزی سەربازییان هەیە و سەرانی تالیبانیش لە دەوحەوە ئاراستەکانی خۆیان دیاری کردووە، دەکڕیت دۆستایەتییەکان پێکهێنابێت.

تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ بەشدار بوو لە ناردنی هێز بۆ ئەفغانستان و پاراستنی فڕۆکەخانەی کابولی پێسپێردرا بوو، لەگەڵیشیدا رۆژانە لەگەڵ سەرانی تالیبان لە دەوحە لە پەیوەندیدا بوو، ئەمان دەیانزانی لە کابول چ باسە و وەک زانیاری دەیانگەیاندە تالیبان، هەربۆیەش کاتێک تالیبان دەچووە کۆبوونەوەی دانوستانەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان و حکومەتی ئەفغانستان، ئەو تاکتیکانەی دەزانی و بەشێوەیەک پێداگری دەکرد کە دەیزانی لەوێوە دەیباتەوە، ئەوەش کە تالیبان لەسەرەتای هێرشەکانی بۆ گرتنەوەی کابول وتی کە دەبێت تورکیاش بکشێتەوە دەنا لێی دەدەین تاکتیکێکی سادەی ئاشکرا بوو کە دەبوا زووتر پێمان زانیبایە.

ئێستا ئەفغانستان پاروویەکیە بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و هەریەک بۆ مەبەستێک، باشیش دەزانن کە  هێزەکانی ناتۆ بە هەموو شێوازەکانیان نەیان توانی لە ماوەی 20 ساڵدا ئەم وڵاتە بخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە بۆیە وا بە شکستی پاشەکشەیان کرد، بەڵام رەنگە بۆ وڵاتێکی دیکەی وەک تورکیا گونجاو تر بێت ئەویش بەوەی ئەردوگانیش وەک تالیبانەکان کە باس لە ئیمارەی ئیسلامی دەکەن، ئەمیش باسی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکات، رەنگە ئیمارەتیش بەشێک بێت لەو ئیمپراتۆریەتە.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket