riklam

بۆ ئەمساڵی خوێندن چی بكرێت ..؟

بیروڕا 11:04 AM - 2021-08-24

ئاشكرایە پەتای كۆرۆنا لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە كەشێكی ناهەمواری لەگەڵ خۆی هێناكایەوە كە هەموو جیهانی گرتەوە، رەوشێكی وای دروستكرد كە مەترسیەكەی لە شەڕی جیهانی و بۆمبی ئەتۆمی زیاتر بێت، كەسێكی نەهێشتەوە لەسەر ئەم زەمینە دەستی لەسەر دڵی و مەترسی لەخۆشەویسترین كەسی خۆی نەبێت، هیچ جومگەیەكی بە پێوە نەهێشتەوە هەموی بە تەواوی یان نیوە پەك خست، بە تایبەت پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن، بە جۆرێك بە بێ جیاوازی لە نێو كۆمەڵگەكان روبەڕوی ئالنگاری قوڵ كردەوە، مخابن ئەو كەشە تراجیدیا ئامێزە بە مانگێك و دوو مانگ نەوەستا تا ئەم ساتەش بەردەوامە، كەسیش نازانێ كەی و لە چ كاتێك كۆتایی دێت، خەریكە هەموو لا بگەنە ئەو باوەڕەی ئەو پەتا نەگریسە تازە لەگەڵ ژیان درێژەی دەبێت و هەرجارێش بە شێوازێك سینگ و بەرۆكی مرۆڤایەتی گرتوە و دەگرێت، ئەمە بێجگە لەو شرۆڤانەی بە مەبەست و بێ مەبەست لێرە و لەوێ بەردەوام رەواجی پێدەدرێت، بێگومان هەرێمی كوردستانیش، ئەستێرەیەكی دابڕاو نیە حاڵی حاڵی باقی كۆمەڵگەكانە، بۆیە لە جیهان چی كراوە هەرێمیش كەم و زۆر بۆ بەرگرتن لەو پەتایە لە هەموو بوارەكان كاری كردووە ، بۆ ئەو مەبەستە  لە 25/2/2020 وەك هەنگاوێك لە هەنگاوەكان پڕۆسەی خوێندنی راگرت، ئەو ساڵە واتە (2019-2020) هەموی بخەیتە سەر یەك تەنها 120 رۆژ خوێندن كرا، ئیتر  لە مانگی پێنجدا ئەزمونی كۆتایی ئەنجامدرا و ساڵەكە بە ساڵێكی خوێندنی تەواو هەژماركرا، هەموولا بە هیوای ئەوە بووین ساڵی دواتر (2020-2021)رەوشەكە ئاسایی بێتەوە كەچی بەداخەوە زۆر خراپتر بوو ، بە جۆرێك ساڵەكە بە سێ كەڕەت دەستپێكردن و وەستان و دەستپێكردنەوە بەڕێوەچوو، هەموو رۆژەكانی خوێندنی ناو پۆل جگە لە پرۆسەی ئەزمونەكان (48) رۆژ بوو، راستە خوێندنی ئەلیكترۆنی هەبوو بەڵام بە كەمترین رێژەی بەشداربوون ، ئیتر ساڵەكە بەو ماوە كورتە بەڕێكرا، ئەوەشی باس ناكەین لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە، قوتابیان و خوێندكاران چەند گرفتار بوون هەروەها دایكان و باوكان چ دەردە دڵێكیان بەرامبەریان هەبوو ، دیارە مامۆستایانیش لەلایەك بەهۆی پەتاكە و لەلایەكیتر بەهۆی لێبڕینی موچەوە چەند پەشۆكاو و ماندووی هزری و دەرونی بوون، تا ئێرە بیرخەرەوە دوو ساڵی رابردووبوو ئێستا لەبەردەم پرسیارێكی گرنگداین ، بۆ ئەمساڵی خوێندن چی بكرێت ..؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە دەبێت هەموو لایەك، لە پێشدا سەرۆكایەتی حكومەت ئینجا وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و یەكێتی مامۆستایان و تەواوی كۆمەڵانی خەڵكیش، سەرەتا دەبێت باوەڕ بەوە بهێنرێت ئەو پەتا نەفرەتیە وا زوو كۆتایی نایێت، لەبەرئەوەی تێكەڵاوی زۆر ئەجیندای تایبەت و گشتی بووە، بۆیە دەبێت ژیان بە تەواوی جومگەكانیەوە بە تایبەت پەروەردە  و خوێندن باڵا بەڕێوەبچێت، ئیتر وەستان واتە بەرزكردنەوەی ئاڵای سپی دواتریش نوچدان بەرامبەری، لە پاڵ ئەو باوەڕهێنانە دەبێت كاریش بكرێت بۆ زاڵ بوون بەسەریدا، بۆ ئەوەش كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگ هەیە دەبێت كاری جددیان بۆ بكرێت لەوانە:

1-    پڕۆسەی پەروەردە بە شێوەی ئاسایی خۆی دەست پێبكاتەوە.
2-    هیچ دەسكاری پڕۆگرامەكان نەكرێت بە تەواوی و بێ كەموكوڕی بخوێندرێت.
3-    لە سەرەتای ساڵی تازەوە ماوەی مانگێك تا 45 رۆژ، تەرخانبكرێت، بۆ خوێندنی بابەتە نەخوێندراوەكانی ساڵی رابردوو، چونكە ناكرێت و ناشێت بێ راڤەكردنەوەیەكی چڕ بچیتە سەر ساڵی تازە و خوێندنی پڕۆگرامەكان، بە تایبەت قۆناغەكانی (1-2-3)كە نیوەی پیتەكانیان نەخوێندووە، جگە لە شێوازی پێكهێنانی وشە و دەستەواژە هەروەها رستەسازی.
4-    دەبێت پەرتوكەكانی خوێندن لە زوترین كاتدا دابەش بكرێت بۆ ئەوەی ئەو راستیە لای قوتابیان و خوێندكاران بەرجەستە بێت كە ئەمساڵ لە رەوشێكی ئاساییدان.
5-    وەزارەتی تەندروستی تەواوی توانای بەردەستی بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایان پێكوتەی كۆرۆنایان بەركەوێت، ئەگەر لەسەر حسابی باقی چین و توێژەكانیتریش بێت.
6-    زۆر پێویستە هەڵمەتێكی راگەیاندنی چڕوپڕ بكرێت، لەسەر ئەوەی ئیدی ئەوە كۆرۆنایە و وا زوو نابڕێتەوە، بە پێچەوانە دەبێت خۆمان بپارێزین و ژیانیش بە تایبەتی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەردەوام بێت.
7-    لەسەر حكومەتی هەرێمیش پێویستە چیتر خاوە خاو بە مافی مامۆستایان نەكات بە تایبەت:
أ‌-    لە پێدانی موچەی تەواو و هەموو سی رۆژ جارێك.
ب‌-    پلە بەرزكردنەوەی موچە دەست پێبكاتەوە ئەو پێدراوانەی لە 2015 ەوە نەدراوە  قەرەبوو بكرێتەوە.
ت‌-    كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ یەكلا بكرێتەوە، بە دامەزراندنی  فەرمی یان گرێبەست یان هەر رێكارێكی تر مافەكانیان زامن بكات.
     دواجار بە گرنگی دەزانم بیڵێم پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەوە دەهێنێت هەرچی پێدراوی هەیە وەكو خۆی جێ بەجێ بكرێت،  بە پێچەوانە دەدرێتە دەست قەدەر و رێگەی هات و نەهات، ئەو رێگەیەش خۆی لە خۆیدا تونێلێكی ئەو دیو تاریكە دواجار بە كەس روناك ناكرێتەوە.
نووسینی.. عەبدولواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket