riklam

زیادەڕۆیی لەڕووی یاساییەوە

بیروڕا 09:43 PM - 2021-08-09

زیادەڕۆیی بەسەر زەوی وزار و موڵكی گشتی دیاردەیەكی تازە نییە لەكۆنەوە هەر هەبووە، بەڵام بەپێی بارودۆخەكان شێوازی زیادەڕۆییی گۆڕانی بەسەر داهاتووە.

بۆیە دەسەڵاتی یاسادانان لە ساڵی 2018 بڕیاریاندا یاسایەكی تایبەت بە نەهێشتی زیادەڕۆیی دەربكەن بۆ ئەوەی چیتر زیادەڕۆیی نەكرێتە سەر موڵك و زەویوزاری دەوڵەت وەك بینا، هەڵكەندنی بیر، داگیركردنی شۆستە و شەقام و پارك و زەوی كشتوكاڵی …هتد، ئەمەش بووە هۆی دەرچوونی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 یاسای رێگریكردن لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەویوزار و موڵكی دەوڵەت.

لە مادەی یەكەمی یاساكەدا، كە لە چوار بڕگە پێكهاتووە باس لەوەدەكات كە هەموو ئەو زەویوزار و موڵكانەی دەوڵەتە كە دەكەونە سنووری هەرێمی كوردستانەوە، رەگەزیان هەرچییەك بێت، لە سنووری شارەوانی و لەدەرەوەی سنووری شارەوانی بێت، ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.

لە مادەی دووەم و سێیەمی یاساكەدا هاتووە، كە ئامانجی ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە كە پارێزگاری لە نەخشەی بنەڕەتی شارەوانییەكان و هەموو ئەو زەویوزار و موڵكانەی دەوڵەتە بكرێت كە لە سنووری هەرێمی كورستاندان، هەركەس و لایەنێك زیادەڕۆیی بكات بۆ سەر زەویوزاری دەوڵەت یان سروشتی كوردستان و زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەوڵەت داگیربكات، بەبیانوی پاوانكردن، لەوەڕگە یان گۆڕینی شوێنی بەردەڵان، زەویوزارەكە رەگەزەكەی هەر جۆرێك بێت، نیشتەجێ بوون بێت یان كشتوكاڵی یان خزمەتگوزاری گشتی.. هتد، ئەوە رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

لە مادەی چواری یاساكەدا كە لەچەند خاڵێك پێكهاتووە، هاتووە كە هەر رەفتارێك یان كارێك بكرێتە سەر زەویوزاری دەوڵەت ئەوە بە زیادەڕۆیی ئەژماردەكرێت، ئەگەر مۆڵەتی یاسایی نەبێت یان دژ بەیاسا بەركارەكانی هەرێم بێت، لەوانەش ئەمانەی خوارەوە بە زیادەڕۆیی هەژمار دەكرێت كە مۆڵەتی یاسایی نەبێت:

1- زەوتكردن و دەست بەسەرداگرتن و بەكارهێنانی بینای دەوڵەت.

2- دروستكردنی بینا و خانوو بەهەموو جۆرەكانییەوە بۆ هەر مەبەستێك ئەگەر لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتی بگونجێ یان نا، هەروەها بۆ سەر ئەو زەویانەش دەكەونە دەرەوەی سنووری شارەوانی.

3- زەوتكردنی زەوی یان بەشێك لەزەوی دەوڵەت.

4- گۆڕینی رەگەزی زەوی، بەكارهێنانی زەوی، گۆڕینی بەكارهێنانی زەوی.

5- هەڵكەندنی زەوی، بردنی خاك (خۆڵی ئاسایی یان تێكەڵە)، گۆڕینی رێچكەی ئاوی سەرزەوی، گۆڕینی رێڕەوی هاتوچۆ.

6- پەكخستن یان گۆڕینی مافێك لەمافەكانی هاوشانی بڕیاردراو لەسەر زەویەكانی دەوڵەت.

7- داگیركردن و بەكارهێنان و هەڵكەندن و شێواندنی كەنار و ناو چەم و رووبار و دەریاچەكان.

8- شوراكردنی زەوی، بەردەڵان، لەوەڕگە (پاوان] دارستان و كشتوكاڵیی پێچەوانەی یاسا بەركارەكان.

9- فرۆشتن، بەخشین، بەكرێدانی زەوی بە مەبەستی كشتوكاڵ، دروستكردنی باخ، گەشتوگوزار و نیشتەجێبوون و بازرگانی، یان بۆ هەر مەبەستێكی دی پێچەوانەی یاسا بەركارەكانی هەرێمە.

10- جیاكردنەوە و پارچە پارچە كردنی زەوی (افراز الاراچی)بەدەر لەیاسا بەكارەكان.

11- هەر رەفتارێكی دیكە جگە لەوانەی لە بەندەكانی پێشوو باسكراون، بكەوێتە سەر زەویوزاری دەوڵەت بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بنەمایی.

بڕگەی دووەمی هەمان ماددە باس لەوە دەكات كە بەكارهێنانی گشت یان بەشێك لە شەقام، شۆستە، گۆڕەپان، باخچە، پارك یان هەر شوێنێكی گشتی بەشێوەی كاتی یان بەردەوام بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەپێچەوانەی یاسا بەركارەكانی هەرێمە.

لە مادەی پێنجەمدا هاتووە كە سەرۆكی شارەوانی لەگەڵ سەرۆكی یەكەی كارگێڕی و سەرۆكی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان چاودێر دەبن بە رێگریكردن لە ئەنجامدان و لابردنی زیادەڕۆیی بە گرتنەبەری ئەم رێكارانە كە یاساكە بۆی دەستنیشان كردوە.

یەكەم/ ئاگاداركردنەوە بەلابردنی زیادەڕۆییەكەی لە ماوەی24 سەعاتدا، بە كەسی زیادەڕۆكار كە كەس و لایەنێكی ناسراو بێت.

دووەم/ هەڵواسینی پسووڵەی ئاگاداركردنەوە لە شوێنی زیادەڕۆییەكە كە لە ماوەی 24 سەعاتدا لایببات ئەگەر كەسەكە نەناسراو بوو.
سێیەم/ ئاگاداركردنەوەی فەرمانگە یان سەرۆكی داواكاری گشتی بەو زیادەڕۆییەی روویداوە.

چوارەم/ پێویستە لەسەر سەرۆكی یەكەی كارگێری لە ماوەی 48 سەعاتدا فەرمانی لابردنی زیادەڕۆییەكە دەربكات، لە رێكەوتی ئاگاداركردنەوەكەوە به هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی و لایەنی پەیوەندیدار و پارێزراو بۆ لیژنەكە دابین بكات، كە زیادەڕۆییەكە بە پێی بڕگەی یەكەم و دووەمی ئەم مادەیە زیادەڕۆییەكەی لانەبرد، لە مادەی شەشەمی یاساكەدا هاتووە كە هێزەكانی ناوخۆ فەرمانی یەكەی كارگێڕی جێبەجێدەكەن لە كاتی پێویستدا و گشت هێزەكان هاوكاردەبن بۆ لابردنی زیادەڕۆییەكە.
لەمادەی حەوتی یاساكەدا هاتووە: نابێت هیچ خزمەت گوزارییەكی وەك (ئاو، ئاوەڕۆ، كارەبا، شەقام، ئەنتەرنێت و پەیوەندییەكان و رێگاوبان) یان هەر خزمەتگوزارییەكی تر بۆ ئەو زەویانەی زیادەڕۆیین دابینبكرێت.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket