riklam

ئەمریكا بۆ لە ئەفغانستان كشایەوە.....؟

بیروڕا 11:53 AM - 2021-08-07

پێش ئەوەی بچمە سەر شرۆڤە كردنی كشانەوەی وڵاتەیەكگرتوەكانی ئەمەریكا دوای بیست ساڵ لە ئەفغانستان، بەگرنگی دەزانم كورتەیەك لەجوگرافیا و مێژوی سیاسی ئەو وڵاتە بخەمەڕو،

ئەفغانستان  كەوتۆتە ناوەڕاستی ئاسیا، لەگەڵ ئەو وڵاتانە، ئۆزبەكستان، تاجیاكستان، چین، پاكستان ، ئێران هاوسنورە، هیچ سنورێكی ئاوی نیە و زستانێكی سارد و سوڕ و هاوینێكی گەرمی هەیە، زۆربەی خەڵكەكەی بە كشتوكاڵ و مەڕداریەوە خەریكن، دانیشتوانەكەی پێكهاتون لە ئۆزبەك و تاجیك و پشتون وهەزارە و چەند تیرە و هۆزێكیتر، زۆربەی هەرە زۆریان موسڵمانی سونە و شیعەشیان تێدایە، بەدرێژای مێژوو، ئەو دەڤەرە ئارامی و هێمنی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەردەوام بەشێوازی جۆراوجۆر شەڕ و شۆڕی تێدا بووە، هەندێك جاران خۆبەخۆ هەندێك جارانیش لەگەڵ داگیركەران، تەنها ماوەی حوكمڕانی زاهیرشا نەبێت، ئەویش دواجار بەپاڵپشتی یەكێتی سۆڤیەتی جاران ئینقلابێكی سوریان بەسەردا كردوو و حكومەتێكی شوعیان دامەزراند،

ئیتر وڵاتەكەی جارێكیتر توشی ئاشوب و ململانێی توند كردەوە، ئەو كاتە ئەمریكیەكان بەفەرمی لە دژی یەكێتی سۆڤیەت هاوكاری هەرچی گروپ هەبوو كردیان بۆ ئەوەی حوكمڕانی شوعیەكان لەناو ببەن، سەرەنجام  هێزەكانی سۆڤیەت پاشەكشیان كرد و حكومەتەكەی نەجیبوڵلاش لە 1992 روخا، ئیتر ئەفغانستان بۆوە مەڵبەندی شەڕ و ئاشوب و ململانێی توندی نێوان گروپە چەكدارەكان لەسەر دەسەڵات، دواجار سەرێكیشا بۆ ئەوەی تاڵیبان لە 1994  دەست بەسەر دەسەڵات دابگرێت و بن لادن و هاوبچمەكانیشی لەژێر ناوی ( قاعیدە) جێی پێیان خۆیان بكەنەوە و، ببنە مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان بەتایبەتی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بەئاشكرا و بەبێ سڵەمینەوە هەڕەشەیان دەكرد، سەرەنجام هەڕەشەكانیان بەكردار لەچەند شوێنێكی جیهان جێبەجێكرد، لەوانە كینیا ، 

لە 11 ئەیلولی 2001یش لە نیۆركی وڵاتە یەكگرتوەكان و تەقاندنەوە هەر دوو تاوەری بازرگانی هەروەها بارەگای پنتاگۆنیش، ئەو هێرشانە وایكرد، ئەمەریكا  ئارامی لێهەڵبگیرێت و  تەكانی ئەوە بدات سنورێك بۆ قاعیدە و حكومەتەكەی تاڵیبان لەكابوڵ دابنێت، بۆ رێگریكردن لەهەڕەشەی زیاتر، ئەوە بوو بە زەبری هێز لە(2001) تاڵیبانیان  روخاند و قاعیدەشیان دووچاری زەروزیانێكی گەورە كرد، لە سەختەترین پێگەیان كە تۆراوبۆرە بوو وەردەناو پەرنگەندەی وڵاتانیان كردن، بن لادنیشیان لەپاكستان كوشت، لەو ساوە هێزەكانی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكیتری هاوپەیمانی نێو ناتۆ لە ئەفغانستانن و بەردەوام لەشەڕ و ململانێدابوون لەگەڵ گروپە جۆراوجۆرەكانی شەڕ و پاشماوەكانی تاڵیبان،

راستە زەرەرو زیانی گەورەیان لەو شەڕكەرانە داوە لەقازانجی حكومەتی كابوڵ، بەڵام هێزەكانی ئەمەریكا و هاوسەنگەرەكانیان كوشت و كوشتاری زۆریان لێبوو، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە دوای نزیكەی 20 ساڵ لەشەڕ و روبەڕوبوونەوە و زەرەر و زیانی زۆر، ئەمەریكا بۆچی لە ئەفغانستان كشایەوە؟ هەروەك لەپێشدا ئاماژەمان پێدا تێهەڵچونی ئەمەریكا لەو وڵاتە لەسەرەتا دژی سۆڤیتەكان بوو دواجاریش بۆ تەمبێ كردنی ئەو گروپانە و تاڵیبان و قاعیدە كە بەردەوام هەڕەشەبوون بۆ سەر ئەمەریكا،

بەگوێرەی خوێندنەوەكانی خۆم ئەو مەترسیانەی پێشتر هەبوون، بەتایبەتی لەسەر ئەمەریكا، ئێستا نەماوە، ئەوەش دوای ئەو گفتوگۆیە ماراسۆنیە هات لەگەڵ تاڵیبان لە وڵاتی قەتەر، پێدەچێت تاڵیبانەكان گرەنتی ئەوەیان دابێتە ئەو وڵاتە كە هەرگیز لێناگەڕێن قاعیدە و ئەوانەی دژی ئەمەریكان جێی پێیان هەبێت لە ئەفغانستان هەروەها خۆشیان نابنە  هەڕەشە لەسەر ئەمەریكا و بەرژەوەندیەكانیان، ئەوانە هۆكارە سەرەكیەكانی كشانەوەی  ئەمەریكیەكانە، دیار هۆكاریتریش هەن، لەوانە لاوازی حكومەتەكەی ئەشرف غەنی و ئەوانەی پێشوتری كە بە زەبری پشتیوانی ئەمەریكا درێژەیان هەبووە،

ئەمە سەرەڕای گەندەڵی و كلتوری جۆراوجۆری نەگونجاو لەگەڵ پرەنسیپە جیهانیەكان، سەرباری ئەوەش ئەمەریكا بەكشانەوەی دەیەوێت بە وڵاتانی چین و روسیا و پاشماوەكانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران بڵێت( ماڵی قەڵب سەر بەساحێبیەتی ) فەرمون ئەو خۆتان و ئەفغانستان دەی با بزانین لە غیابی ئێمە ئێوە چی دەكەن، هەروەها مەبەستیەتی گێچەڵەكی گەورەش بۆ ئێران دروست بكات، چونكە تاڵیبان سونە مەزهەب و توند ئاژۆن، ئێرانیش شیعە مەزهەب و بنا ژۆخوازن، ئیتر دەیەوێت هەر دووكیان بەیەكدابدا و ئەویش  لە دوورەوە تەماشا كەریان بێت، لەژێر رۆشنایی ئەو شرۆڤە و راستیانەی خستمانەڕو، ئەمەریكیەكان بە دووسەرە قازانج دەكەن ، لە لایەك زەرەری مرۆیی و ماددیان بە كۆتا دێت، لە لایەكیتر ناحەزەكانی بە یەكترەوە سەرقاڵ دەكات، ئەویش لە پاڵیانەوە خەریكی پیادەكردنی ستراتیجە دوور مەداكەی خۆی دەبیت.

PUKmedia ن:عەبدولواحید محەمەد 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket