riklam

خەبەر بەرن بۆ خزمانم

بیروڕا 09:29 PM - 2021-06-25
.

.

«خەبەر بەرن بۆ خزمانم

ئاورئ بەربۆتە خەرمانم

شێواوە دەری بابانم»

ئەوانەی دەیانگوت  کورد ئوممە  نییە پێویستیان بە نامیلکەکانی ھاورێ ستالین نەبوو تا عینادی بیانگرێ و بێژن ئەوە سەنەد و بەڵگەی کاڵوکرچی قەبیلەی ئەکراد،  دەنگی حەسەن زیرەک بەسبوو تا بزانن قەومێ نەجیب نەبێ فەرھەنگی وا مەزن لە قوڕگێکا چڕ نابێتەوە. 

جزم عەممەو قورئان باسی خودموختاری ناکەن،  فەقەت خوا ئەگەر نەتەوەیەک بە خەیریئومەم نەزانێ حەسەن زیرەکی بە دیاری ناداتێ . دەنگی وا ئایەتێکی خواییە بۆ نەتەوەی ماد و شتێک وەک قەرەبووی سەد ساڵی  بێ مافی و بێ دادی.

تەنانەت ناسیونالیستی کوردیش کە سەد شاباش و تەسەلام بۆ تەقەللا و کۆششی ھۆنییەوەتەوە ، ھێشتاش ھەقی ئەم پێشمەرگە و گیانبازە بە جەرگ و ئازایەی فەرھەنگی نەتەوەیی نەداوەتەوە. 

ئاخر ھەقدانەوە کۆپی کردنی نەوار و بەکرە و سیدییەکانی نییە، گوایە لە سەکۆکانی تیڤی و ئاھەنگەکانەوە پەخشی بکات، بگرە ئەوەش ھەر بەکارھێنانەوەی بەلاش و حەلاشی خەزینی ئەزموونی ھونەری حەسەن زیرەکە بە ناوی خۆماڵیکردنی سامانی میللییەوە ، لە کاتێکا کۆی سامانی فلکلۆرییمان لەلایەک و ھی حەسەن زیرەک لە لایەکی تر. بە ژمارە و جۆرییەوە.

زیرەک شانازییەکە بە قورسایی میر و پاشایەکی میللیی لە سەدەی بیستدا، بەو جیاوازییەی کۆشکی ئەم میرە کوردە  لە ناو خەڵک و لە دوکان و کوشکی کوچە و کۆڵانەکانمان جێی گرتووە.

دەنگو سەدای لەگوێمانە و ئاوی حەیات و زیندەگانییە .

بەو تۆمارەشەوە زیرەک تا ئێستا رۆمانێکی لەسەر نەنووسراوە و   فیلمێکی سینەمایی نییە دراماکەی بگێڕێتەوە.

زیاتر لە پەنجا ساڵە زیرەک فەوتی کردووە،  کەچی ھێشتا زیرەکناسیمان کورتی ھێناوەو نووسینمان لەسەری  قەرز وقۆڵەیەکە بەرات و زەکاتیشی لێ دەرناچێ.

ستران عەبدوڵلا

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket