riklam

هاووڵاتی لە نێوان ئایدۆلۆژیا و خوشگوزەرانیدا

بیروڕا 12:27 PM - 2021-06-16
.

.

 لە روسیا بانگەشەی ئایدۆلۆژیای دەسەتلاتداران وبانگەشەی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بە شەڕی نێوان سەلاجە و تەلەفزیون ناودەبرێت، وەكو ئاماژەیێك بۆ سەلاجەی بەتاڵ لە خواردن و چەواشەكاری گوتارەكانی تەلەفزیۆن كە لەسەر وەتەری نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەری یاری دەكات .

لە ئێستادا مشتومرێكی زۆر هەیە كەوا كامەیان لە پێشترە تێر كردنی سكی برسی یان خەبات كردن لە پێناوی ئایدلۆژیا ؟ خۆشگوزەرانی هاوڵاتی یان ئایدیای نەتەوەی و ئایینی ؟

شەوێكیان كەسێكی زۆر هەژار سەردانیكردم و داوای كرد یەك لە كوڕەكانی لە شوێنێك دامەزرێنم بەڵكو لەم هەژاریە تۆزێك باری شانی سوك بێت، كە سەیری جلەكانیم كرد هەژاری زۆری پێوە دیار بوو تەنانەت جلەكانی دوریبووەوە . لە خۆم پرسی ئایا هەر چوار پارچەی كوردستان رزگار بكەین بۆ ئەم پیاوە هەژار و داماوە چ مانا و تامێكی هەیە ئەگەر حالی بەم حالە بمینێت ؟؟!!! 

شۆڕشی گەلی كوردستان تەنها بۆ دروست كردنی قەوارەكی سەربەخۆ نەبووە بەڵكو بە درێژایی مێژووی ڕزگاری خوازی گەلەكەمان خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان و دابین كردنی ژیانێكی ئازاد و پڕ ئاسودەیی و بە كەرامەت یەكێك لە ئامانجە سەرەكیەكان بووە، هەمیشە دەبێت گەل چەقی خەبات و كاركردنمان بێت، لە كۆتاییدا دەبێت هەموو شتێك لە خزمەتی گەل بێـت تەنانەت نیشتمانیش. لێرەدا با لەخۆمان بپرسین ئایا ئێمە توانیمان ئەم ئامانجە جێبەجێ بكەین ؟ ئەگەر وەڵاممان  بەڵێ بوو ئەی بۆ گەنجەكانمان بە لێشاو كۆچ دەكەن ؟

لە پاش راپەرینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان ساڵی 1991 نەوەیەك دروست بووە كە داگیركەری دەرەكی نەبینیوە بەڵكو لێبرینی موچە و پاشەكەوت و كەمی خزمەتگوزاری و بێ كارەبایی و بێ ئاوی و پیسكردنی  ژینگە وگەندەڵی بینیوە.

لێرەدا دەپرسین ئایا ئایدۆلۆژیا گرینگترە یان خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان ؟  كامیان قێزەونترە داگیركەری دەرەكی یان ستەمكاری ناوەخۆ ؟

با نموونەی چین بێنینەوە كە مەترسیدارترین دكتاتۆریەتە لە جیهان چونكە لە پاڵ سیستەمی دیكتاتۆریەت دەستكەوتەكانی حكومەتەكەیان یەكجار زۆرن،  لەبەر ئەم دەسكەوتانە هاووڵاتی چینی وا هەست دەكات كە حكومەتەكەی هی خۆیتی و لە خزمەتی ئەوە ، بۆیە تا ڕادەیێكی زۆر ئامادەیە چاوپۆشی لە دكتاتوریەتەكەی بكات . حزبی شیوعی صینی بۆ شەرعیەتی حكومڕانی دەمێكە پشت نابەستێت بە ئایدۆلۆژیای ماركس یان ماو . بەڵكو پشت دەبەستێت بە دەسكەوتەكانی حكومەتەكەی لە گەشەی ئابوری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان .

لە بەرامبەردا  لە ناوچەی ئێمە ئایدۆلۆژیای نەتەویی ( لە كوردستان و لە فەڵەستین و …….  ) و ئایدۆلۆژیای ئاینی ( سونی و شیعی كە هەموو ناوچەكەی گرتۆتەوە ) هەرەسی هێناوە چونكە زیاتر ڕویان لە ئایدۆلۆژیا ( یان ئیدعای ئایدۆلۆژیا ) كرد لەسەر حسابی خۆشگوزەرانی هاووڵاتی و گەشەی ئابووری و نەیانتوانی هاوسەنگی و سەقامگیری لە ناو كۆمەڵگا بەدەست بێنین، تەنانەت تێوەگلانی بەشێك لەو ووڵاتانە لە گەندەڵی گومانیشی خستە سەر راستی بانگەشەیان بۆ  ئایدۆلۆژیاكەیان .

پێویستە هەرچی زووە لەبری ئەو گوتارە نەتەوەیی و ئاینیانە ڕوو لە بوژانەوەی مرۆیی و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری باشتر  بە هاوڵاتیان بكەین ( ئیماراتی عربی باشترین نمونەیە ) . 

هەر بۆیە دەبینین زۆر لە هەرێمەكان وەكو كیوبك لە كەنەدا كە خۆشگوزەرانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزتریەكان ئەوەندە باشە هەمیشە لە راپرسیەكان میلەتەكەیان دەنگ بو مانەوە لەگەل كەنەدا دەدەن . لەهەمان كاتدا چەندین وڵات هەن كە سەربەخۆیان بەدەست هێناوە بەڵام بوونەتە دۆزەخ بۆ هاولاتیان . هەرگیز نابێت خەونی گەلان لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بە قوربانی  خۆشەویستی پارە و پوڵ وگەندلی جەند كەسانێك بكرێت .

هاوڵاتی چیتر وەكو جاران بایەخ بەم گوتارانە نادەن، بەڵكو چاویان زیاتر لە گەشەكردنی تەندروستی و پەوەردەیی و ئابوریە .

 خۆشگوزەرانی ئینتما و خوشەویستی وشانازی بە ووڵات بەهێزتر دەكات و پێچەوانەكەشی راستە، و دروشمی ( یان كوردستان یان نەمان ) كاتی بەسەرچوو و دەبێت بلێین ( كوردستان بە نان و ئازادی )  

زۆر جار سكی برسی هۆی سەرەكی شۆڕشەكان بووە وەكو شۆرشی فەڕەنسی، بۆیە لە شەڕی سەلاجە و تەلەفزیون هەمیشە سەلاجە دەباتەوە .

نووسینی.. سەردار هەركی 

PUKmedia تایبەت

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket