2010-07-18 18:51:26 PUKmedia كه‌ركوك/ عومه‌ر غه‌ریب
سه‌رژمێری گشتی دانیشتووان به‌یه‌كێك له‌پێویستییه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك داده‌نرێت كه‌تێیدا زانیاری ورد و داتا ده‌رباره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دانیشتوان و نیشته‌جێبوون كۆده‌كرێته‌وه‌و ده‌كرێته بناغه‌یه‌كی به‌هێز و چوارچێوه‌یه‌كی ئاماریی و رۆڵی ده‌بێت له‌دانانی به‌ردی بناغه بۆ پلان و به‌رنامه‌ی درێژخایه‌ن بۆ هه‌ر وڵاتێك و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه بناغه‌ی بنكه‌یه‌كی زانیاری بۆ ئه‌و وڵاته مسۆگه‌ر و فه‌راهه‌م ده‌بێت.
به‌پێی پلانێك كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراقه‌وه به‌ده‌سته‌وه‌یه ساڵی داهاتوو سه‌رژمێرییه‌كی گشتی بۆ دانیشتوان له‌عیراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش كارێكی ناوه‌ندییه و له‌ئاستی هه‌موو پارێزگاكانی عیراقدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و وه‌زاره‌ته له‌ئێستاوه هه‌نگاوه به‌راییه‌كانی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ی له‌هه‌موو پارێزگاكان ده‌ستپێكردووه كه كۆمه‌ڵه هه‌نگاوێكی هونه‌ری و ئاماری له‌خۆگرتووه، له‌پارێزگای كه‌ركوك ئه‌و هه‌نگاوه به‌راییانه كه‌وتوونه‌ته قۆناغی عه‌مه‌لییه‌وه‌و ژوری عه‌مه‌لیات بۆ ئه‌و كاره له‌كه‌ركوك دروستكراوه.
ژووری عه‌مه‌لیات بۆ سه‌رژمێری كه‌ركوك دروستكراوه
عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا پارێزگاری كه‌ركوك به PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌پێی بڕیار و رێنماییه‌كانی حكومه‌تی عیراق و وه‌زاره‌تی پلاندانان له‌هه‌ر پارێزگایه‌كدا پارێزگار سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای سه‌رژمێریی دانیشتوانه له‌پارێزگاكه‌یدا و به‌و پێیه‌ش ئێمه له‌پارێزگای كه‌ركوك لیژنه‌مان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهێناوه‌و ئه‌و لیژنه‌یه له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئامار و كشتوكاڵ و شاره‌وانییه‌كان و تۆماری خانوبه‌ره و گواستنه‌وه‌و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و پۆلیس و هاتوچۆ ئه‌ندامن له‌لیژنه‌كه‌دا، لیژنه‌كه‌مان چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی خۆی كردوه‌و به‌رنامه‌ی گونجاوی بۆ كاره‌كان داناوه و هه‌موو پلانه‌كانمان له‌خزمه‌تی سه‌رخستنی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌دا ده‌بێت و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی مه‌سه‌له‌كه‌مان راسپاردووه كه هه‌مووان كاری جددیانه بۆ مه‌سه‌له‌كه بكه‌ن و خۆشمان له‌نزیكه‌وه چاودێری پرۆسه‌كه ده‌كه‌ین و هه‌وڵمانداوه هه‌ر گرفتێك بێته پێش كاره‌كان چاره‌سه‌ریان بكه‌ین و گرنگی سه‌رژمێریشمان بۆ هه‌موو لایه‌ك روونكردوه‌ته‌وه‌و داواشمان له‌ئه‌ندمانی لیژنه‌كه كردووه كه به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه كار بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆسه‌یه بكه‌ن و راشمانگه‌یاندووه كه پێویسته سه‌رژمێری ئه‌مجاره له‌هه‌موو سه‌رژمێرییه‌كانی پێشووتر كه له‌عیراق ئه‌نجامدراون به‌سه‌رژمێری ساڵی 1957 یشه‌وه پاكتر و راسته‌قینه‌تر بێت، هیوادارین كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنیش گرنگی ئه‌و پرۆسه‌یه له‌به‌رچاو بگرن.
تۆماری خێزانه‌كانی كه‌ركوك ده‌كرێت
عه‌دنان ره‌زا بابا به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری كه‌ركوك پێی راگه‌یاندین هه‌نگاوی دووه‌م قۆناغی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌پارێزگای كه‌ركوك له رۆژی 18/7/2010 به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له‌پارێزگای كه‌ركوك ده‌ستیپێكرد و ئه‌و پرۆسه‌یه هه‌موو ناوچه‌كانی پارێزگاكه‌ی گرتوه‌ته‌وه‌و له‌ئاستی هه‌موو پارێزگای كه‌ركوكدا پرۆسه‌كه 306 گه‌ڕه‌ك ده‌گرێته‌وه به‌و ناوچانه‌شی ئاواره گه‌ڕاوه‌كانی تێدا نیشته‌جێیه.
وتیشی شاری كه‌ركوك له 200 گه‌ڕه‌ك پێكهاتووه و بۆ هه‌موو پارێزگای كه‌ركوك 1253 كه‌س دانراون وه‌ك سه‌رۆكی تیم و یاریده‌ده‌ری تیم بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی سه‌رژمێرییه‌كه و 800 له‌و كه‌سانه له ناو شاری كه‌ركوك ده‌ستبه‌كاربوون، به‌نسبه‌ت پێداویستییه‌كانی پرۆسه‌كه‌شه‌وه وتی: وه‌زاره‌تی پلاندانان و هاوكاری و گه‌شه‌پێدانی عیراق و ده‌زگای ناوه‌ندی ئامار هه‌موو پێداویستییه‌كانی پرۆسه‌كه‌یان دابینكردووه له‌دۆسییه‌كانی پیاچونه‌وه و تۆماركردنی ناوی نوێ و قه‌ڵه‌م و بۆیاغ بۆ پرۆسه‌كه و هه‌موو ئه‌و پێداویستیانه‌ش گه‌یشتونه‌ته كه‌ركوك و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان به رۆژێك پێش پرۆسه‌كه به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری تیمه‌كاندا دابه‌ش كراون و كاره‌كانیش به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌ده‌چن.
فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركوك هاوكارن
عه‌دنان ره‌زا به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری كه‌ركوك پێی راگه‌یاندین هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكردنی هه‌نگاوه به‌راییه‌كانی پرۆسه‌ی سه‌رژمێرییه‌كه‌وه پارێزگای كه‌ركوك و فه‌رمانگه‌كانی هه‌ماهه‌نگ بوون بۆ كاره‌كان و له‌وانه‌ش په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك كه مامۆستاكانی به‌شدارن له‌ناو تیمه‌كانی سه‌رژمێرییه‌كه‌دا رۆڵی به‌رچاوی هه‌یه بۆ پرۆسه‌كه و هه‌وڵیانداوه سه‌رپه‌رشتیار و به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری تیمه‌كان كه سه‌ر به‌وانه‌ن له‌پرۆسه‌كه‌دا به‌شداری پێ بكه‌ن.
هه‌ندێ میدیا سه‌رژمێریی كه‌ركوك چه‌واشه ده‌كه‌ن
عه‌دنان ره‌زا به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری كه‌ركوك پێی راگه‌یاندین: به‌داخه‌وه هه‌ندێ كه‌ناڵی میدیای عیراقی و عه‌ره‌بی راستیی و گرنگی و بایه‌خی پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی دانیشوان له‌پارێزگای كه‌ركوك ده‌شێوێنن و پێچه‌وانه‌ی واقیع باسی لێوه ده‌كه‌ن و وه‌كو خۆی بڵاوی ناكه‌نه‌وه و هه‌ندێ جار دێن ده‌ڵێن ئه‌و پرۆسه‌یه له‌كه‌ركوك ره‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر نییه و ...هتد، كه‌خۆی له‌راستیدا وانییه و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌و كه‌ناڵانه ئێمه ده‌ڵێین: سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌پارێزگای كه‌ركوك له‌هه‌موو ناوچه‌كانی تر پێویستتره و له‌كاتی خۆیدا ده‌ستی پێكردووه و له‌رابردوودا هه‌موو قۆناغه‌كانی به‌دوای یه‌كدا رۆیشتوون و زۆر سه‌ركه‌وتووانه به‌ڕێوه‌چوون و پرۆسه‌كه‌ش درێژه‌ی ده‌بێت تاوه‌كو قۆناغه سه‌ره‌كییه‌كه جێبه‌جێ ده‌كرێت له رۆژی 24/10/2010.
ده‌بێته بناغه‌یه‌كی گرنگ بۆ داهاتووی كه‌ركوك
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ته‌ئكیدی له‌سه‌ر گرنگیی پرۆسه‌ی ئامار و سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌كه‌ركوك كرد كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌كارێكی زانستیی گرنگ وه‌سفی كرد و رایگه‌یاند له‌رێگه‌ی پرۆسه‌كانی ئامار و سه‌رژمێری گشتی دانیشتوانه‌وه ده‌توانرێت پلان و به‌رنامه‌ی به‌سوود له‌بواره جیاجیاكانی ژیانی هاوڵاتییان له رووی خزمه‌تگوزاری و ئابووری و سیاسی بۆ ژیانی هاووڵاتییان دابنێت، ته‌ئكیدی كرده‌وه ئه‌گه‌ر چی ده‌بوو سه‌رژمێری گشتی عیراق به كه‌ركوكیشه‌وه له‌ماوه‌ی ساڵی پاردا ئه‌و پرۆسه‌یه ته‌واو بكرایه و خستیانه ئه‌مساڵ به‌ڵام حكومه‌تی عیراق و وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق به‌شێوه‌ی تایبه‌تیی كاریان بۆسه‌رخستنی ئامار و سه‌رژمێری گشتی كردووه و پێویسته كاری باشتریش بكه‌ن له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی هه‌موو ورده‌كاریه‌كانی پرۆسه‌ی ئامار و سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌پارێزگای كه‌ركوك .
با ئاواره‌كان به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر له‌پرۆسه‌كه‌دا بكه‌ن
تاریق فایه‌ق چیمه‌نی سه‌رپه‌رشتیاری سه‌رژمێریه‌كه له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاماری كه‌ركوك داوای له‌خه‌ڵكی پارێزگای كه‌ركوك و به‌تایبه‌تیش ئاواره‌كان كرد كه‌به‌شدارییه‌كی كارا و كاریگه‌ر بكه‌ن له‌پرۆسه‌ی ئامار و سه‌رژمێری گشتی دانیشتواندا له‌كه‌ركوك ئه‌ویش له‌پێناو زامنكردنی ئه‌و مافانه‌ی كه رژێمی به‌عس له‌خه‌ڵكی ئه‌م پارێزگایه‌ی زه‌وت كردووه تاوه‌كو بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاوه‌نداره راسته‌قینه‌كه‌ی، وتیشی گرنگه خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌هه‌ر پارێزگایه‌كن بێنه‌وه به‌شداریی پرۆسه‌ی ئامار و سه‌رژمێریی له‌كه‌ركوك بكه‌ن كه له رۆژی 18/7- 2/8 به‌رده‌وام ده‌بێت، روونیشیكرده‌وه له‌مه‌وبه‌ر زۆر كات كه‌باسی ئه‌وه ده‌كرا كه كێ كه‌ركوكییه وتراوه ئه‌و كه‌سه كه‌ركوكییه كه‌ناوی له‌سه‌رژمێری 1957 دا هه‌بێت، بۆیه پێویسته بۆ سه‌رژمێریی ئه‌مجاره هه‌موو كه‌ركوكیه‌كان ناویان هه‌بێت چونكه ئه‌مه ده‌بێته ناسنامه‌ی به‌كه‌ركوكیبوون و ئه‌گه‌ر كه‌سێكی كه‌ركوكی كه له‌م سه‌رژمێرییه‌دا له‌كه‌ركوك ئاماده نه‌بێت و له‌سنوری پارێزگای كه‌ركوك نه‌نوسرێت ئه‌و كاته ناوی له‌تۆماری بنه‌ڕه‌تی كه‌ركوك ده‌سڕدرێته‌وه‌و ئه‌و ماف و ئیمتیازاتانه‌ی نابێت كه‌وا بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك و به‌تایبه‌تیی ئاواره‌كان دابین ده‌كرێن.
ئاسانكاریی له‌پرۆسه‌كه‌دا هه‌یه
تاریق فایه‌ق سه‌رپه‌رشتیاری سه‌رژمێری دانیشتوان له‌ئاماری كه‌ركوك وتیشی: ئه‌م پرۆسه‌یه گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه، هه‌موو خانوو و بیناكان له‌كه‌ركوك كه ژماره كراون و له‌م قۆناغه‌دا كه تیمه‌كانمان به‌سه‌ر ماڵه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن هیچ قورسایی و زه‌حمه‌تێكی تێدا نییه و تیمه‌كه ناچێته ناو ورده‌كاریی خێزانه‌كانه‌وه و ته‌نها ئه‌وه ده‌پرسێت كه ئه‌و خانووه هی كێیه و چه‌ند خێزانی تێدا ده‌ژی و ژماره‌ی خێزانه‌كان چه‌نده و ئایا زه‌وی كشتوكاڵییان هه‌یه یان نا و هیچی تر و ئه‌گه‌ر خێزانه‌كان یه‌ك كه‌سیشیان له‌ماڵه‌وه بێت ده‌توانن ناوی خێزانه‌كان بنوسن و ئاسانكاریی بۆ هاوڵاتییان ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر خێزانێك له‌فۆرمه‌كاندا تۆماركرابوو وه‌ك كه‌سێكی دانیشتووی كه‌ركوك ئه‌ژمار ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر كه‌سێك ناوی نه‌بوو ناوی تۆمار ده‌كرێت.
با فێڵ له‌كورد نه‌كرێت
مامۆستا موسته‌نسر عه‌لی سه‌رپه‌رشتیاری سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاماری كه‌ركوك وتی: پێویسته هه‌موو گرفتێك وه‌لاوه بنێین و وه‌ك خه‌ڵكی ره‌سه‌نی كه‌ركوك هه‌موو خۆمان له‌پرۆسه‌ی سه‌رژمێری كه‌ركوكدا تۆمار بكه‌ین، چونكه ئه‌وه‌ی ئێمه له‌یادمانه و چاودێری و به‌دواداچوونی زانستیمان بۆی كردووه له‌رابردوودا 8 جار سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌عیراق كراوه كه ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ش له‌ساڵه‌كانی (1927 و 1934 و 1947 و 1957 و 1965 و 1977 و 19987 و 1997) بووه و جگه له‌سه‌رژمێری 1957 هه‌موو ئه‌وانی دیكه به‌شێوه‌ی ساخته كراوه‌و له‌و سه‌رژمێرییانه‌دا غه‌دری زۆر له‌كورد كراوه، بۆیه پێویسته ئه‌مجاره‌ش غه‌درمان لێ نه‌كرێت و باشترین هه‌نگاو بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه هاووڵاتییانی كوردی كه‌ركوك له‌هه‌ر شوێنێكن بێنه‌وه ناوی خۆیان له‌سجلی بنه‌ڕه‌تی سه‌رژمێرییه‌كه‌دا بنوسن چونكه ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌ینوسن ره‌نگه له‌سه‌رژمێریی گه‌وره‌كه‌ش نه‌نوسرێن بۆیه پێویسته بێنه‌وه‌و له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌شداری بكه‌ن و هه‌موو لایه‌ك ناوی خۆیان بنوسن.
به‌شداریمان له پرۆسه‌كه وه‌ڵامێكه بۆ شۆڤێنییه‌كان
د.كه‌ریم نه‌جم راگری كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی كه‌ركوك وتی: سه‌رژمێری گشتی پرۆسه‌یه‌كی زانستییه و له‌هه‌موو وڵاتان به‌رنامه له‌ئه‌نجامی ئه‌و سه‌رژمێرییه داده‌نرێت، ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگه له‌م سه‌رژمێرییه‌دا بۆ كه‌ركوك ئه‌وه‌یه كه له‌هه‌موو سه‌رژمێرییه‌كانی رابردوودا ساخته‌كاری كراوه و مافی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه دراوه، به‌درێژایی چه‌ندین ده‌یه‌ی رابردووش به‌هۆی سیاسه‌تی ته‌عریبه‌وه مافی كورد له‌كه‌ركوك زه‌وتكراوه، بۆیه پێویسته له‌سه‌رژمێری ئه‌مجاره‌دا هه‌وڵبده‌ین مافه زه‌وتكراوه‌كان بۆ كوردی ئه‌م شاره بگه‌رێنینه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌وه ده‌كرێت كه هه‌موو خه‌ڵكی ره‌سه‌نی كه‌ركوك خۆمان له سه‌رژمێرییه‌كه‌دا ناونوس بكه‌ین چونكه ئه‌مه ده‌بێته بنه‌ما بۆ سه‌رژمێرییه گه‌وره‌كه كه بڕیار وایه ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌م داوایه‌شم له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له‌مه‌ودوا هیچی تر شۆڤێنییه‌كانی ناو پارله‌مانی عیراق نه‌توانن بڵێن له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عیراقه‌وه كوردی سوریا و توركیا و ئێرانیان هێناوه‌ته كه‌ركوك و ئێمه بتوانین وه‌ڵامی ئه‌و شۆڤێنییانه به‌وه بده‌ینه‌وه كه ئێمه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوك ته‌نها به‌هێزی خۆمان ژماره و داتا تۆمار بكه‌ین و بۆ هه‌موو دنیای بسه‌لمێنین كه ئێمه‌ی كورد رێژه‌مان له‌كه‌ركوك له‌هه‌مووان زیاتره.
1253 تیم پرۆسه‌ی تۆماركردنی خێزانه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن
رۆژی 18/6 قۆناغی دووه‌می پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان له‌پارێزگای كه‌ركوك ده‌ستیپێكرد و پێداویستییه‌كانی پرۆسه‌كه به‌سه‌ر تیمه‌كاندا دابه‌شكران و سبه‌ینێش پرۆسه‌ی پیاچوونه‌وه‌ی ناوی خێزانه‌كان و تۆماركردنی ناوێ نوێ له‌ناو شاری كه‌ركوك و قه‌زا و ناحیه و گونده‌كانی ده‌ستپێده‌كات.
له‌و باره‌یه‌وه عه‌دنان ره‌زا بابا به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری كه‌ركوك پێی راگه‌یاندین دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پرۆسه‌كه ته‌واوكرابوون، ئه‌مڕۆ 18/7 ده‌ست به‌پرۆسه‌ی پیاچوونه‌وه‌ی ناوی خێزانه‌كان و تۆماركردنی ناوی نوێ له‌شاری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كرا.
وتیشی 1253 تیم له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌شدارییان كردوه‌و پارێزگای كه‌ركوك دابه‌شكراوه‌ته سه‌ر 306 ناوچه هه‌ر 400 ماڵ مامۆستایه‌كی بۆ دابینكراوه، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری كه‌ركوك راشیگه‌یاند هه‌موو پێداویستییه‌كانی پرۆسه‌كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراقه‌وه دابینكراون و ئه‌و پێداویستییانه به‌سه‌ر تیمه‌كانی سه‌رژمێریه‌كه‌دا دابه‌شكراون و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ئارادانییه بۆ دروستكردنی به‌ربه‌ست له‌پێش ئه‌و پرۆسه‌یه كه قۆناغی دوه‌م ماوه‌ی 16 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و تێیدا پیاچوونه‌وه به‌ناوی هه‌موو خێزانێكی نیشته‌جێی پارێزگای كه‌ركوك ده‌كرێت و هه‌ر خێزانێك ساڵی پار ناوی خۆی تۆمار نه‌كردبێت ده‌توانێت له‌م پرۆسه‌یه‌دا خۆیان تۆمار بكه‌ن.