حكومه‌تی چیك گرنگییه‌كی تایبه‌ت له‌ڕووی بازرگانی و ئابوورییه‌وه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات

PUKmedia تایبه‌ت        19:50     13/11/2008
ئه‌مڕۆ 13/11 یه‌كێتی پیاوانی خاوه‌نكاری هه‌رێمی كوردستان- لقی سلێمانی میوانداری جێگری باڵوێزی چیكی له‌عیراق كرد و له‌دانیشتنێكدا جێگری باڵیۆزی چیك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ حكومه‌تی چیك گرنگییه‌كی زۆر تایبه‌ت ده‌دات به‌هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه‌.

جێگری باڵیۆزی چیك له‌وته‌كانیدا له‌گه‌ڵ وه‌فدی یه‌كێتی پاوانی خاوه‌نكاری هه‌رێمی كوردستان- لقی سلێمانی باسی له‌وه‌كرد كه‌ له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه‌ باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌عیراقدا كردۆته‌وه‌، به‌ڵام پاشئه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌منی ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق خراپ بوو، به‌هۆی كاری تیرۆرستییه‌وه‌، به‌هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتینه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ هه‌ولێر كۆنسوڵخانه‌مان كرده‌وه‌.

وتیشی: كۆنسوڵخانه‌ی چیك له‌هه‌ولێر لقێكی تایبه‌تی بۆ بازرگانی كردۆته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی هاوكاری هه‌ر كۆمپانیایه‌كی چیكی بكه‌ین كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و له‌ڕووی ئه‌منیشه‌وه‌ پارێزراوده‌بن، هه‌روه‌ها له‌ڕووی رۆشنبیری و هونه‌ریشه‌وه‌ كار و چالاكیمان هه‌یه‌.

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا جێگری باڵیۆزی چیك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان په‌یوه‌ندییه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ وتی " ئێمه‌ سه‌یری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین وه‌ك و وڵاتێكی بچوك".

دواتر هه‌ڤاڵ ئه‌میر ساحیبقڕان سه‌رۆكی لقی سلێمانی یه‌كێتی پیاوانی خاوه‌نكاری هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ جێگری باڵیۆزی چیك له‌عیراق سازیانكردووه‌ وتی "كۆبونه‌وه‌كه‌مان تایبه‌ت بوو به‌كاركردنی هاوبه‌شی كه‌رتی تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كه‌رتی تایبه‌تی چیك بۆ دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق و هه‌رێمی كوردستان".

ساحیبقڕان باسی له‌وه‌شكرد كه‌ بڕیاریانداوه‌ گروپێك له‌ 10 كۆمپانیای یه‌كێتییه‌كه‌یان پێكبهێنن بۆ سه‌ردانكردنی وڵاتی چیك، به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارانی چیك، كه‌ ئه‌و وڵاته‌ زۆر گرنگی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و مه‌به‌ستیانه‌ كۆمپانیا چیكییه‌كان به‌شداریی بكه‌ن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق، له‌ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

  چاپ

ئه‌رشیف

 

 

 

 

عیراق:::هه‌رێمی کوردستان:::سلێمانی

ته‌له‌فۆن: 7353 356 770 00964 -- 1953 123 750 00964 -- 0026 319 404 00964

PUKmedianet@yahoo.com            info@PUKmedia.com