riklam

ئیسپانیا كار بۆ به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌نفال و كیمیاباران ده‌كات

kurdistani 06:09 PM - 2013-06-10
ئیسپانیاش ده‌چێته‌ پاڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌نفال و كیمیاباران به‌ جینۆساید ده‌ناسێنن

ئیسپانیاش ده‌چێته‌ پاڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌نفال و كیمیاباران به‌ جینۆساید ده‌ناسێنن

باڵیۆزی ئیسپانیا له‌عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و دۆسیانه‌ ده‌كات كه‌ له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مه‌درید تاوتوێكران، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌یسی به‌جینۆساید ناساندنی تاوانی ئه‌نفال و كیمیاباران، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسپانیاوه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌داهاتوودا په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی په‌سه‌ندی بكات.
ئه‌مڕۆ 10-6، له‌ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌جیا پێشوازیكرد له‌ باڵیۆزی ئیسپانیاو جێگری باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌عیراق، له‌ هه‌ردوو دیداره‌كه‌شدا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كردت سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی سیاسی و دۆخی عیراق و ناوچه‌كه‌.
سه‌ره‌تا خوسیه‌ تورپین، باڵیۆزی ئیسپانیا له‌عیراق باسی له‌ده‌ره‌نجامی سه‌ردانی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم كرد بۆ وڵاته‌كه‌ی و رایگه‌یاند كه‌ كاریگه‌ری باشی بۆ په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری نێوان ئیسپانیاو عیراق و هه‌رێم ده‌بێت، چونكه‌ له‌ماوه‌یه‌كی دورودرێژدا یه‌كه‌م سه‌ردانی ره‌سمییه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌ردولادا ئه‌نجامدراو ده‌رگای به‌ڕووی پیته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا كرده‌وه‌.
راشیگه‌یاند: وڵاته‌كه‌ی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و دۆسیانه‌ ده‌كات كه‌ له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مه‌درید تاوتوێكران، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ كار بۆ جێبه‌جێكردنیان ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی كه‌یسی به‌جینۆساید ناساندنی تاوانی ئه‌نفال و كیمیاباران، كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسپانیا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌داهاتوودا په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ په‌سه‌ندی بكات.
باڵیۆزی ئیسپانیا راشیگه‌یاند كه‌ له‌كاتی په‌سه‌ندكردنی به‌حینۆسایدناساندنی ئه‌نفال و كیمیاباران له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی، وه‌فدێكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ ره‌سمی داوه‌ت ده‌كرێت.
دواتر عیماد ئه‌حمه‌د خۆشحاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی به‌رامبه‌ر هه‌وڵی حكومه‌تی ئیسپانیا بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌نفال و كیمیاباران ده‌ربڕی و رایگه‌یاند كه‌ وه‌زارتی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت له‌ئیسپانیا، راسپێردراون كارئاسانی و  دیكۆمێنتی  پێویست پێشكه‌ش بكه‌ن.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌ی نێوان جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و باڵیۆزی ئیسپانیا، كه‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌درید ئاماده‌ی بوو، باس له‌دۆخی سیاسی عیراق و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی كرا، سه‌ره‌ڕای تاوتوێكردنی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی.
دواتر له‌دیداری نێوان سیڤانی دۆهایمی، جێگری باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌به‌غدا، باس له‌گرنگی په‌یوه‌ندی نێوان كه‌نه‌دا و هه‌رێمی كوردستان كراو هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌پێویستی به‌هێزكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كرده‌وه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ده‌كرێ له‌عیراق سوود له‌ئه‌زموونی فیدرالی كه‌نه‌دا وه‌بگیرێت.

PUKmedia راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket