riklam

پێنجه‌مین فێستیڤاڵی رۆژی رواندز سازده‌كرێت

kurdistani 07:46 PM - 2013-05-19
رواندزییه‌كان به‌فێستیڤاڵ یادی راپه‌ڕینه‌كه‌ی 1987ی شاره‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌

رواندزییه‌كان به‌فێستیڤاڵ یادی راپه‌ڕینه‌كه‌ی 1987ی شاره‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌

ئه‌مڕۆ 19-5  به‌دروشمی هونه‌رو  سروشتی جوان و مێژوو ناسنامه‌ی ئێمه‌ن، به‌ به‌شداری به‌ڕێوه‌به‌رێتی و فه‌رمانگه‌كانی رواندزو ئاماده‌بوونی لێپرسراوانی ئیداری و نوێنه‌ری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ری ناوچه‌كه‌، پێنجه‌مین فێستیڤاڵی رۆژی رواندز به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ سه‌ره‌تاشدا كه‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی و فه‌رمانگه‌ ئیدارییه‌كانی رواندز، كه‌ به‌ چه‌ندین دروشمی جۆراوجۆر رازاندرابوونه‌وه‌ هاتنه‌ ناو یاریگای رواندز.
 دواتر له‌وته‌یه‌كیدا سیروان سیرێنی قایمقامی قه‌زای رواندز، ئاماژه‌ی به‌مێژووی سه‌روه‌رییه‌كانی خه‌ڵكی رواندزو ده‌وروبه‌ری و قوربانیدانی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری ناوچه‌كه‌ كرد، ئه‌وه‌شی خسته‌روو له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆو له‌ 19/5ی ساڵی 1987 خه‌ڵكی رواندز دژی داموده‌زگاكانی رژێمی به‌عس راپه‌رین و شاره‌كه‌یان ئازاد كرد.

دواتر فه‌رهه‌نگ غه‌فور نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هونه‌رو رۆشنبیری، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیادا ئاماژه‌ی به‌ بزوتنه‌وه‌ی رۆشنبیری و هونه‌ری رواندز كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا رۆڵێكی به‌رچاوه‌ی هه‌بوه‌ له‌ خزمه‌تكردن به‌ بواری هونه‌ری و رۆشنبیری.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پێنجه‌مین قیستیڤاڵی رۆژی رواندزدا چه‌ندین سرودو گۆرانی له‌لایه‌ن گۆرانی بێژوو میوزیكژه‌نانی تیپی پاشای گه‌وره‌و په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی رواندز پێشكه‌شكران.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی چالاكیه‌كانی رۆژی رواندز پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی بۆ فۆتۆكانی چوار قۆتۆگرافه‌ری شاره‌كه‌ له‌پاركی قایمقامیه‌ت كرایه‌وه‌، كه‌ فۆتۆكانیان گوزارشت بوون له‌جوانی سروشتی رواندز، پاشان وه‌ك گه‌شتێك میوانانی فێستیڤاڵ سه‌ردانی چیای كۆڕه‌كیان كرد.

رۆژی 19/5/1987 به‌ رۆژێكی پرشه‌نگدار له‌ مێژووی پرسه‌روه‌ری رواندز ئه‌ژمار ده‌كرێت، له‌و رۆژه‌دا خه‌ڵكی رواندز به‌پشتگیری هێزی پێشمه‌رگه‌و رێكخستنه‌ نهێنییه‌كان له‌داموده‌زگاكانی رژێمی به‌عس راپه‌رین و شاره‌كه‌یان ئازاد كرد، له‌و راپه‌رینه‌شدا چوار رۆڵه‌ی ناوچه‌كه‌ گیانی خۆیان به‌خشیه‌ گه‌ل و نیشتمان، دوای ماوه‌یه‌كیش وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ رواندز، رژێمی به‌عس 13 گه‌نجی تێكۆشه‌ری ده‌ستگیر كردو بێسه‌روشوێنی كردن، له‌ ئێستاشدا ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژی رواندز دیاركراوه‌و ساڵانه‌ له‌و رۆژه‌دا فێستیڤاڵی رۆژی رواندز سازده‌كرێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌چالاكی جۆراوجۆر گوزارشت له‌و رۆژه‌ ده‌كه‌ن.

PUKmedia  هه‌ڤاڵ مه‌لا - رواندز

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket