riklam

هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كرایه‌وه‌

kurdistani 02:36 PM - 2013-05-19
له‌یادی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا هۆڵی كۆبونه‌وه‌كان كرایه‌وه‌

له‌یادی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا هۆڵی كۆبونه‌وه‌كان كرایه‌وه‌

دوای سێ مانگ كاركردن ئه‌مڕۆ 19-5 له‌ یادی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 1992 دا، له‌ رێوڕه‌سمێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێرو ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ شێوازێكی سه‌رده‌میانه‌و به‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك نوێكراوه‌ته‌وه‌.

له‌و رێوه‌ڕه‌سمه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی كوردستان ئاماده‌بوون، د.ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌كدا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ سایه‌ی راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا خه‌ڵكی كوردستان هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م، ئه‌ویش په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌و رایگه‌یاند: 21 ساڵ پێش ئێستا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌شدارییان له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی دا كرد، كه‌ بووه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كاروانی دیموكراسی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی گه‌لی كوردستان له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی خۆیانه‌وه‌، ئه‌مڕۆش له‌ ساڵیادی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا خۆشحاڵین كه‌ هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ له‌سه‌ر شێوازی په‌رله‌مانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو و به‌ به‌كارهێنانی نوێترین ته‌كنه‌لۆژیای ده‌نگدان و كامێرای ته‌له‌فزیۆنی و هۆكاری په‌یوه‌ندی كردن بكه‌ینه‌وه‌.

وتیشی: ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ماوه‌ی سێ مانگه‌ كاری تێدا كراوه‌و بڕی پێنج ملیار دیناری له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌رله‌مان بۆ ته‌رخانكراوه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و نوێكردنه‌وه‌یه‌دا ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان له‌ 110 كرا به‌ 142 كورسی، جگه‌ له‌ شوێنی فراكسیۆنه‌كان، شوێنی تایبه‌ت بۆ ئه‌ندامانی كابینه‌ی حكومه‌ت دیاری كراوه‌، هه‌روه‌ها هۆڵێكی گه‌وره‌ی پرۆتۆكۆلی بۆ دیداره‌ ره‌سمییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی تێدا دروستكراوه‌، له‌گه‌ڵ نوێكردنه‌وه‌ی هۆڵی په‌ناگیری به‌ باشترین شێوه‌، هه‌روه‌ك شوێنی تایبه‌ت بۆ رۆژنامه‌نووسان دابینكراوه‌ كه‌ له‌وه‌ی رابردوو فراوانتره‌ ده‌توانن ئاماده‌بن، كامێرامانه‌كانیش له‌ سه‌نته‌ری میدیاوه‌ ده‌توانن دیداره‌كانیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران ئه‌نجامبده‌ن، كاره‌كانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ش له‌ ته‌واوبووندایه‌ كه‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كی میدیایی وه‌ك ئینته‌رنێت و كۆمپیوته‌رو ساكنرو فۆتۆكۆپی تێدا دابینده‌كرێت.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ بۆ یادی 21 ساڵه‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 1992 دا په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ زاده‌ی خه‌بات و فیدراكاری و خوێنی شه‌هیدانی ئه‌نفال و كیمیاباران و قۆناغه‌ سه‌خت و جیاوازه‌كانی خه‌بات و شۆڕشه‌كانی گه‌له‌كه‌مانه‌، له‌ ماوه‌ی 21 ساڵی ته‌مه‌نیدا به‌ گه‌لێك قۆناغی هه‌ستیار تێپه‌ڕێوه‌، وێڕای ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می، گه‌لێك كاری ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ك له‌ خولی یه‌كه‌م به‌ردی بناغه‌ی كاری په‌رله‌مانی و حوكمڕانی كوردستانیان داناو له‌ خولی گواستنه‌وه‌ش له‌ 2002 قۆناغی یه‌كخسته‌وه‌ی په‌رله‌مان و نێو ماڵی كورد بوو، خولی دووه‌میش خولی تێكه‌ڵاوكرنه‌وه‌ی ئیداره‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان بوو، خولی سێیه‌میش به‌ دروستكردنی ئۆپۆزسیۆنێك قۆناغێكی نوێ له‌ ژیانی په‌رله‌مانی و گه‌مه‌ی دیموكراسی راسته‌قینه‌ له‌ كوردستان ده‌ستی پێكرد، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ هه‌رسێ خولی هه‌ڵبژاردنیدا سه‌دان یاساو بڕیاری ده‌ركردووه‌و چه‌ندین هه‌ڵویستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌رگرتووه‌، وه‌ك راگه‌یاندنی بڕیاری فیدرالیزم و ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم و یاسای دامه‌زراندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و یاسای وه‌به‌رهێنان و چاپه‌مه‌نی و خۆپیشاندان و ده‌یان یاسای تر كه‌ رۆڵی گرنگیان له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و رۆشبیری خه‌ڵكی كوردستان بینیوه‌.

راشیگه‌یاند: دوای چه‌ند مانگێكی تر خولی سێیه‌می په‌رله‌مان كۆتایی دێت، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مان 5/12/2012 نوسراوێكی ره‌سمیمان ئاڕاسته‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی  هه‌رێم كرد تا رێوشێنی پێویست بگیرێته‌به‌ر، دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رۆژی 21/9 ی ئه‌مساڵ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دیاریكرد، به‌رده‌وامبوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌ واده‌ی خۆیدا پرۆسه‌ی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌زموونه‌كه‌مان له‌ ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ به‌هێزتر ده‌كات.

PUKmedia  ته‌ها عه‌بدوڵڵا - هه‌ولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket