تاڵه‌بانی و ئۆجه‌لان.. بیره‌وه‌رییه‌كانی به‌یروت
kurdistani 12:22 PM - 2013-05-13
تاڵه‌بانی و ئۆجه‌لان.. بیره‌وه‌رییه‌كانی به‌یروت
بابه‌تێكی جێی خرۆشان و هه‌ستی هه‌مه‌جۆری مرۆییه كه ببینێت بیرۆكه‌یه‌ك له‌سه‌ر زه‌مینی واقیع ده‌جوڵێ و دوو له خاوه‌نه راسته‌قینه‌كانی ئه‌م بیرۆكه‌یه، هه‌ریه‌كه‌یان به هۆكارێكی جیا، لێك دابڕاون و له سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی هه‌نگاوه‌كانی بیرۆكه‌كه‌ش دوورن.
دوو كه‌سایه‌تییه‌كه تاڵه‌بانی و ئۆجه‌لان-ن و بیرۆكه‌كه‌ش ئاشتییه‌كی به‌روومه‌ته له باكووری كوردستان، ئاشتییه‌ك كه ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه له نێوان دوو نه‌ته‌وه‌ی دێرینی ناوچه‌كه بێنێته‌دی و رێگا بۆ ماف و ئازادییه‌كانی كوردیش بكاته‌وه.
نها سه‌رۆك تاڵه‌بانی چه‌ند مانگێكه بیماری خه‌سته‌خانه‌یه له وڵاتی ئه‌ڵمانیاو ئۆجه‌لانیش له دورگه‌ی ئیمرالی، زیندانی ژماره‌یه‌كی وڵاتی توركیایه‌و چوارده ساڵه ئازادی لێ زه‌وتكراوه.
به‌و حاڵه‌شه‌وه مادام بیرۆكه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌جوڵێ كه وابێ چاره‌نووسی ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه، سه‌ره‌ڕای غیابی كورت و درێژیان له كایه‌كه، چاره‌نووسێكی گه‌شبینتره له چاره‌نووسی به‌شی زۆری ئه‌ندامانی یانه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد:
تاڵه‌بانی رێره‌وی چاره‌نووسه‌كه‌ی گۆڕی، وه‌كو زۆر شتی دیكه‌ی له‌ناو كوردایه‌تییدا گۆڕی، ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی به چه‌ند قۆناغێك گه‌یانده سه‌ركه‌وتن: قۆناغێك راپه‌ڕین و دامه‌زراندنی حكومه‌ت و په‌رله‌مان، قۆناغێكیش رووخانی حوكمی به‌غداو پێ سه‌لماندنی ده‌ستوورییانه‌ی ئه‌وه‌ی له ساڵی 1991 ـه‌وه بۆ كوردستان دابین بووه، بۆ دڵنیایی زیاتریش له‌گه‌ڵ ململانێكاریی سی ساڵه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ی، مه‌سعود بارزانی، رێكه‌وت كه سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراقی فیدراڵ لای ئه‌م و ئه‌مانه‌تی سه‌رۆكایه‌تی كوردستانیش لای بارزانی بێت.
ئه‌مێستا له پشووی جه‌نگاوه‌رانه‌ی خۆی ویژدانیی ئاسووده‌یه كه بۆ كورد‌و كوردستان و بۆ دیموكراسیی له عیراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، تۆڵه‌ی سه‌ركرده‌كانی رابردووشی كردۆته‌وه‌و الا‌یام دول.
تۆڵه‌ی سه‌ركرده‌كانی رابردوو
هه‌رچی ئۆجه‌لانه ئه‌وا ئه‌گه‌رچی چوارده ساڵه له بزووتنه‌وه‌كه‌ی، له میللـه‌ته‌كه‌ی، دوورخراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و توانی ئه‌م شكسته به سه‌ركه‌وتن بگۆڕێته‌وه‌و ئه‌م زیندانه بكاته كامپ دیڤیدێك بۆ ئاشتی و دیالۆگ و بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئایندهی نه‌ك هه‌ر كورد به‌ڵكو توركیا‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، ئۆجه‌لان ئه‌م زیندانهشی هه‌روا كردۆته ئه‌كادیمیای تێڕامانی ره‌خنه‌گرانه له‌سه‌ر ره‌وتی بزووتنه‌وه‌كه‌ی و ماجه‌رای سیی ساڵی رابردووی خۆی، بۆیه ده‌زانێت له‌و كاروانه‌دا هاوڕێ و هاوكاری هه‌بوون، دیارترین هاوكاری ئه‌م كاروانه‌ش مام جه‌لال بوو، كه له‌گه‌ڵی كۆك و ناكۆك ده‌بوو.
(هیوادارم سه‌رۆك تاڵه‌بانی به ته‌ندروستییه‌كی باشه‌وه بگه‌ڕێته‌وه‌و ئه‌و رۆژه به چاوی خۆی ببینێت كه زیاتر له 16 ساڵه له هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئاشتییه له كوردستانی باكوور تا كوردی باكوور به مافه‌كانی خۆی بگات) ئه‌مه به‌شێكی نامه‌ی ئۆجه‌لانه بۆ مام جه‌لال وه‌ك محه‌مه‌د ئه‌مین پێنجوێنی له دیداری هیرۆخاندا رایگه‌یاند، ئۆجه‌لان له نامه‌كه‌یدا باكراوندێكی دۆستانه‌ش ده‌داته په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و مام جه‌لال، هی ئه‌و ده‌مه‌ی له لوبنان و شوێنه‌كانی تر پێكه‌وه یاده‌وه‌ریی هاوبه‌شیان زۆره، له مه‌سه‌له‌ی كورد دا پێكه‌وه هاوڕابوون و هه‌ر یه‌كه‌یان له‌رێی خۆیه‌وه (بێگومان هه‌ر یه‌كه‌شیان به شێوازی خۆی) كاریان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد كردووه.
شێوازی جیا بۆ یه‌ك ئامانج
ئاماژه‌كه‌ی ئۆجه‌لان وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رۆژگاری پێكه‌وه ناسینی یه‌كێتی و په‌كه‌كه‌یه، زهمانیكه كه هه‌ڤاڵ پیرۆت، هه‌ڤاڵ عه‌لی ناسی و له‌وێوه به سورییه‌كان و فه‌له‌ستیینییه‌كان و هه‌ندێك له بزووتنه‌وه چهپخوازه عه‌ره‌بییه‌كانی ناساند، كلیلی ورده‌كاری ئه‌م یه‌كترناسینه لای ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی یه‌كێتییه كه له په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی له دیمه‌شق بوون، ئاوات عه‌بدولغه‌فور له فه‌سڵێكی ئه‌م كتێبه‌دا وێستگه‌یه‌كی میوانداریی كردنی ئۆجه‌لان و هاورێكانی ده‌گێرێته‌وه، ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ش بوترێت كه ئۆجه‌لانیش دینامیكیی بوو له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی و هه‌ر ئیكتفای به هاوكاریی و ناساندنه‌كانی یه‌كێتیی نه‌كرد، به‌س خراپی ئه‌مه له‌وه‌دا بوو له قۆناغێكی هه‌شتاكاندا په‌یوه‌ندیی هه‌ردوولا پچڕانی تێكه‌وت تا كۆتایی هه‌مان ده‌یه په‌یوه‌ندییه‌كه گرێدرایه‌وه، ئه‌وه‌بوو سه‌ره‌تای ساڵی 1990 مام جه‌لال و وه‌فدێكی سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی سه‌ردانی دۆڵی بیقاعی لوبنانیان كرد‌و له‌وێ مام و ئاپۆ گفتوگۆیان له‌سه‌ر رێوشوێنی پێشخستنی خه‌بات له ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا كرد، رووداوه به په‌له‌كانی داگیركردنی كۆێت (2ی ئابی 1990) و جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو (17ی كانوونی دووه‌می 1991) كه كۆتایی دونیای دوو جهمسهریشیی به‌رجه‌سته‌كرد، لێكترازانێكی بابه‌تیی له نێوان كوردایه‌تی باشوور‌و كوردایه‌تی باكوور دروست كرد، باشوور له راپه‌ڕینی ئاداریی 1991 و كۆره‌وی نیسانی هه‌مان ساڵه‌وه بووه خاوه‌ن كه‌یسێكی به‌هێز له دژی رژێمی ئافروهزهكراوی به‌عس له عیراق و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ دابینكرد، به پێچه‌وانه‌شه‌وه له باكوور په‌كه‌كه به خیتابی چه‌پیی رادیكاڵه‌وه به‌ره‌نگاری توركیایه‌كی ده‌كرد كه هه‌م دۆستی رۆژئاوا بوو هه‌میش وه‌كو عیراقیش ئافروزه نه‌كرابوو تا كه‌لێن بداته ده‌سته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه له سایه‌ی مانۆره‌كانی سه‌رۆكه‌كه‌ی، ئۆزال، توركیا ببووه شه‌ریكه به‌شی هاوپه‌یمانه‌كانی سه‌ددامیان له كوێت دهركردو ته‌نانه‌ت به‌شێكی به‌رچاوی دۆسێی ناوچه‌ی دژه فڕین، كه ده‌كاته دۆسێی كوردایه‌تی باشووریش، له‌رێی ئه‌وه‌وه رایی ده‌كرا، په‌كه‌كه به‌و گه‌رمه ته‌ریقه‌ت و به‌و رادیكاڵییهتهی پێی ده‌ناسرا هاته ناو كه‌یسی باشووره‌وه‌و تووشی ناكۆكی هات له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی و پارتی له باشوور‌و ئه‌م ره‌وشه نه‌ك رێگه‌ی هاوكاریی و ته‌گبیری نه‌ته‌وه‌یی له نێوان هه‌ردوولا: تاڵه‌بانی و ئۆجه‌لان، به‌وپێیه‌ش له نێوان باشوور‌و باكوور گرت، به‌ڵكو جه‌بری رووداوه‌كان به‌ره‌و بهریهككهوتنیشی بردن.
ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ ئاشتی
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه رێی له‌وه نه‌گرت تاڵه‌بانی ده‌ستپێشخه‌ریی سیاسیی وه‌ده‌ست بێنێته‌وه‌و ئۆجه‌لانیش به سڵاوی گه‌رمتر جواب بداته‌وه، ئه‌مه‌ش كاتێك بوو مام جه‌لال هه‌م نامه‌ی بۆ ئۆجه‌لان نووسی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریی ئاشتی بكا‌و هه‌میش نامه‌ی بۆ ئۆزال نووسی كه ئه‌و ئاماده‌یه نێوانگیریی په‌كه‌كه‌و ئۆجه‌لان بكات، مام جه‌لال نه‌یهێشت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئۆزال و توركیای سه‌رده‌می ئۆزال تۆزێك دێرین بن، یه‌كسه‌ر خستییه خزمه‌تی مه‌سه‌له‌ی كوردی باكووره‌وه.
له‌سه‌ر ئه‌م هاوسه‌نگییه دیبلۆماسییه نووسه‌ری تورك یوسف قه‌ره‌تاش له وتارێكدا له‌ژێر سه‌ردێری (تاڵه‌بانی و كوردستانی سه‌ربه‌خۆ)دا ده‌ڵێت:
(هه‌ر كه‌سێك له نزیكه‌وه تاڵه‌بانی بناسێت ئه‌و به یه‌كێك له شاره‌زایانی سیاسه‌تی ناوچه‌كه قبوڵ ده‌كات، سه‌رده‌مێك كه سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان جه‌نگێكی كه‌م له‌ئارادا بوو له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ی جه‌نگ، ئۆجه‌لان و ئۆزال، هاورێ بوو...) جوانتر له‌مه گوزارشتی جه‌نگیز چانداری هاورێی تاڵه‌بانییه كه گوتویه‌تی (مێژوو جگه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دیكه، ناوی تاڵه‌بانی به تایبه‌ت به هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی له داڕشتنی په‌یوه‌ندیی كورد‌و توركیادا هه‌یبووه، هه‌رگیز له یاد ناكات).
مام جه‌لال، له بڵاوكراوه‌كانی گۆڤاری توركیا ناسی، چاپی ئیستانبوڵ، 2013 ل 9-28.
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ورده‌كاری هه‌وڵه‌كانی ئاشتی بدوێین كه ئۆجه‌لان ئاماژه به رۆڵی مام جه‌لال ده‌كات تێیداو كه سه‌ربارو دڵته‌نگی ئه‌وه‌یه نه‌خۆشییه‌كه‌ی رێی له‌وه گرتووه به‌رهه‌می ئه‌م رۆڵه‌ی ببینێت، ده‌چینه‌وه سه‌ر پشتخانی فیكریی روانینی مام جه‌لال له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد له باكوور كه مام جه‌لال به میسری كوردانی ناوده‌بات، میسریی كوردانیش ناولێنانی (ناسری)یه‌كی كورده كه ده‌رك به بایه‌خی كوردستانیی مه‌ركه‌زی له دۆسێی كوردستانی گه‌وره‌دا ده‌كات هه‌ر وه‌ك چۆن قاهیره‌ی دڵی عروبه‌و جیهانی عه‌ره‌بی بوو له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا.
تا له باكوور چاره‌سه‌ر ده‌بێت
پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ندێك روانینی مام جه‌لال له‌سه‌ر بایه‌خی كوردستانیی باكوور له كۆی مه‌سه‌له‌ی كورد دا، لێره‌دا ئیكتفا به چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌كه‌ین كه دیمه‌نی كوردستانی باكوور له كۆی دیمه‌نی خه‌باتی كوردایه‌تی و كاریگه‌ری ئه‌وی به ده‌ق ناوی كوردستانیی مه‌ركه‌زیی و میسری كوردانی لێ ناوه له‌سه‌ر كوردستانه‌كانی تر‌و به تایبه‌تی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له باشوور، ده‌ستنیشان ده‌كات.
له كتێبی (كردستان والحركة القومیة الكردیة) كه دیارترین به‌رهه‌می مام جه‌لاله له ئه‌ده‌بیاتی كوردایه‌تیداو بنه‌مایه بۆ روانینه‌كانی له‌وه‌و دواشی، لێكۆلیار پتر له وێستگه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێ بۆ باسوخواسی كوردستانی باكوور، ئه‌وی جێی سه‌رنجه تاڵه‌بانی ناوی باوی كوردستانی عیراق بۆ باشوور‌و كوردستانی ئێران بۆ رۆژهه‌ڵات به‌كاردێنێت، به‌ڵام بۆ باكوور هه‌ر له‌وكاته‌دا، ساڵی 1969-1970 كه ساڵی نووسین و چاپكردنی كتێبه‌كه‌یه وته‌زای كوردستانیی مه‌ركه‌زیی (ناوه‌ندیی) به‌كاردێنێت.
(سوڵتان سه‌لیمی عوسمانی سیاسه‌تێكی فێڵبازو سهكهوتووی به‌كارهێنا بۆ راكێشانی كورده‌كان به‌لای خۆیدا به كه‌ڵك وه‌رگرتن له هه‌ستی ئایینی و مه‌زهه‌بی و له كۆششه‌كانی زانای ئاینی مه‌لا ئدریس، ئه‌وی ناردبووی به‌ناو كورد دا بسورێتهوهو په‌یوه‌ندی به میرو جوامێرهكانیانهوه بكات و هه‌ستی مه‌زهه‌بی و ئایینیان فوو بدات و بانگه‌وازیان بۆ بكات تا بچنه ژێر په‌رچه‌می خه‌لیفه‌ی عوسمانی كه دانی به سه‌ربه‌خۆیی ناوخۆیی ئه‌ماره‌ته كوردییه‌كاندا نا به گوێره‌ی فه‌رمانی هۆمایۆنی له به‌رواری ناوه‌ڕاستی مانگی شه‌والی پیرۆز له ساڵی 921 ی كۆچی، به‌رامبه‌ر سه‌ره‌تای مانگی نۆفه‌مبه‌ری 1515 ی زایینی، به‌مجۆره ئه‌ماره‌ته‌كانی كوردستانی سوننی به ره‌سمی ملكه‌چی سوڵتانی عوسمانی كران، ئه‌م ملكه‌چییه ره‌سمییه كه ده‌ستپێكی سه‌پاندنی هه‌ژموونی زۆردارانه‌ی عوسمانی بوو له‌سه‌ر كوردستان چونكه زۆری پێ نه‌چوو عوسمانییه‌كان هه‌وڵیان دا بیكه‌نه ملكه‌چییه‌كی راسته‌قینه‌ی ته‌واو، ئه‌وه‌ش له رێی له‌ناوبردنی هه‌موو ئاماژه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ماره‌ته كوردییه‌كانه‌وه، له‌ناوبردنێكی یه‌كجاره‌كی و سه‌پاندنی ناوه‌ندێتی كه به كرده‌وه مانای به تورككردنی ئیداره‌و ده‌زگاكانی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌هات به دانانی والی و فه‌رمانڕه‌وا توركه‌كان له‌جێی میرو فه‌رمانڕه‌واكانی كورد‌و ناردنی هێزی سه‌ربازی تورك بۆ كوردستان دوای له‌ناوبردنی میلیتانه كورده‌كان و سه‌پاندنی سوخره‌كێشی و چه‌وساندنه‌وه به‌سه‌ر هاووڵاتیانی كورد‌و باركردنیان به باجی قورس و ناچاركردنیان به ره‌شبگیریی بۆ سوپای سوڵتان و شه‌ڕكردن له پێناویدا.. جلال طالباني، كردستان و الحركة القومية الكردية، دار الطليعة للطباعة والنشر - بیروت ساڵی 1970 ل 69-70.
پاراستنی حوكمی خۆماڵی
له‌م ئاسته‌دا تاڵه‌بانی جیاوازیی دوو جۆر پێكه‌وه‌یی ده‌ستنیشان ده‌كات، ئه‌م یه‌كێتییه زۆره‌ملێیه پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتی نێوان نه‌ته‌وه‌كانه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئاین یان مه‌زهه‌ب له‌گه‌ڵ پاراستنی حوكمی خۆماڵی هه‌روه‌كو رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو ئه‌و كاته‌ی كورده‌كان به ره‌سمی وه‌لائی خۆیان بۆ خه‌لیفه راگه‌یاند.
هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی نێوان میللـه‌تانی پێكه‌وه ژیاون له سایه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا ل ٧٠.
ئه‌مه‌ش له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه بوو كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی به‌هێزی چه‌ك و سه‌پاندنی ناوهندێتیهكی خنكێنه‌ری توركانه به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كی كوردستاندا جێبه‌جێ كرد، ئه‌وه بوو نه‌ته‌وه‌ی كورد، پیشی خوارده‌وه بۆ ده‌ست به خه‌ملین كردنی له شێوه‌ی هێلكهدانێك له قاوغی خۆیدا، به‌ڵام ئه‌م مانای ئه‌وه نییه كێشه‌ی كورد له‌وكاته‌وه ده‌ستی پێكرد كه ئه‌ماره‌ته كوردییه‌كان لایه‌نگیرییان بۆ سوڵتان ده‌رخست، به‌ڵكو له‌وكاته‌وه ده‌ستی پێكرد كه ئه‌م پرۆسه ترسناكه له سێ سه‌ده‌و نیوی پێشتره‌وه (له 1515 – 1842) پیاده‌كراو هه‌روه‌ها دوای پێكهاتنی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له منداڵدانی كۆمه‌ڵی كوردستاندا.
له جێگه‌یه‌كدا چه‌ند ئاڕاسته‌یی له بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ره‌خنه ده‌كات، (بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی كورد له كوردستان به‌ش به‌ش بوو، و له یه‌كتری دابڕابون، سه‌ركردایه‌تی شێخ مه‌حمود له كوردستانی عیراق جیا بوو له بزوتنه‌وه‌ی كورد له كوردستانی مه‌ركه‌زیی و له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك له گه‌ڵی ناكۆك بوو كه گرنگترینیان هه‌ڵوێست له كهمالیستهكان بوو كه شێخ مه‌حمود ماوه‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ری به‌شێك له توركخواههكان پێیان هه‌ڵخه‌ڵه‌تا بوو).. هه‌رچی كوردستانی ئێرانیشه...ل 99.
سه‌باره‌ت به توركیا ئه‌وا به‌ریتانیا سیاسه‌تی هیۆركردنه‌وه‌ی كورد‌و پاشان سیاسه‌تی هاندانیانی بۆ یارمه‌تیدانی خه‌لیفه‌و دووركه‌وتنه‌وه له كاری شۆڕشگێری نیشتمانی و كوردانه په‌یڕه‌و كرد، واتا سیاسه‌تی به‌كارهێنانی نه‌ته‌وایه‌تی كورد بۆ قازانجی خۆی، هه‌رچی كهمالیستهكانن ئه‌وا هه‌وڵیاندا به ناوی خه‌باتی هاوبه‌ش دژی داگیركه‌ران و دوژمنان و پاشان به ناوی ریفورمه كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوچه‌رخه‌كانه‌وه فێڵ له كورده‌كان بكه‌ن و بیانخه‌ڵه‌تێنن، دوای سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر یۆنان و ده‌سه‌ڵاتگرتنه ده‌ست له توركیا پشتیان له عه‌هدو به‌ڵێنه‌كانیان كرد‌و ده‌ستیان كرد به سیاسه‌تی تۆرانی توركاندن ئه‌و توركیایه‌ی سه‌ركرده كه‌مالیسته‌كانی ده‌یانگوت وڵاتی تورك و كورده، بووه وڵاتێكی تۆرانی كه بۆ غه‌یره تورك نییه جگه له كۆیله هیچی تر بن تێیدا به‌پێی وته‌ی وه‌زیری دادی توركی به‌ڕێز مه‌حمود ئه‌سعه‌د.
بۆیه كورده‌كان ناچار بوون خه‌باتی چه‌كداری به‌رپا بكه‌ن بۆ پاراستنی قه‌واره‌و بوونیان و بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پرۆسه‌كانی راگواستنی به‌كۆمه‌ڵی كورده‌كان و به‌تورككردنی كوردستان، ئه‌وه بوو شۆڕشی 1925 له دیاربه‌كرو ده‌وروبه‌ری به‌رپابوو، شۆڕشێك كه كه‌مالیزم له گۆمی خوێن و فرمێسكدا نوقمی كرد‌و به‌وپه‌ڕی دڕنده‌ییه‌وه پلیشانییهوه.. نه‌هرۆ گوته‌نی بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت ل 101-102.
له‌هه‌مان ده‌وراندا مام جه‌لال ئومێدێك به په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كوردی باكوور په‌یدا ده‌كات:
له توركیاش بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌شه‌كردووی چه‌پ كه كوردستانیشی گرتۆته‌وه خه‌ونی له كۆنه‌په‌رستی توركی زڕاندووه، خه‌باتی چینی كرێكاری توركیا له ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌و شاره‌كانی تر‌و خه‌باتی خوێندكارانی پێشكه‌وتنخواز دژی ئیمپرایالیزم و كۆنه‌په‌رستی ده‌ركه‌وتووه وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ به‌هێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسی و شۆڕشگێڕی له ریزه‌كانی جه‌ماوه‌ری میللـییدا له توركیا، نه‌ته‌وایه‌تی كوردیش بوژاوه‌ته‌وه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتنخوازی نوێ له ریزه‌كانی ده‌بزوێ و ده‌سته‌ی پێشه‌نگی تێیدا پارتی دیموكراتی كوردستانی لاوه كه ده‌ركه‌وتنی گه‌شه‌و خۆشی له ده‌روونمان ده‌بزوێنێ و هه‌ستی هاوكاری و برایه‌تی و هاوخه‌باتی گه‌لی كورد له سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی نیشتمانه‌كه‌ی، كوردستان، له ناوماندا ده‌لاوێنێته‌وه، ل 377-378.
كۆڕبه‌ندی بیروبۆچوونه‌كان
له فه‌سڵی كۆڕبه‌ندی بیروبۆچوونهكانییدا تاڵه‌بانی وه‌ك تیورسێنێكی بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ یه‌كه‌م ده‌سته له هاوپه‌یمانه‌كانی شۆڕشی كوردستان، له به‌شه جیاجیاكانیدا به‌مجۆره دیاریده‌كات:
(گه‌لانی شۆڕشێگێرو درواسێمان وه‌ك عه‌ره‌به‌كان، ئێرانییه‌كان و توركه‌كان به تایبه‌تیش كرێكاران و جوتیاران و ئه‌و دوای ره‌نجده‌رانیان ل 442.... خه‌باتی شۆڕشگێری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ میللـه‌تانی دراوسێ و برا: عه‌ره‌ب و فارس و ئازهرو تورك و ئه‌وانی تر، مه‌رجێكی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی كورده له‌م قۆناغه مێژووه‌ی ئێستادا.. ل 445.
له كتێبی (گفتوگۆی شۆڕش له‌گه‌ڵ میری) كه بۆ شه‌رحی هۆكاری پچڕانی دانوستاندنی نێوان شۆڕشی نوێ و رژێمی به‌عسی عیراق نووسراوه، له چه‌ند شوێنێك په‌یوه‌ستی نێوان شۆڕشی كوردستان و مه‌سه‌له‌ی كورد له باكوور باسكراوه، دیدی تاڵه‌بانی وابوو هه‌تا شۆڕش له به‌شی كوردستانی باكوور پێشنه‌كه‌وێت ئه‌وا زه‌حمه‌ته شۆڕشی كوردستانی عیراق له دوانه‌ی شه‌ڕ، دانووستاندن.. دانووستاندن، شه‌ڕ ده‌ربازی ببێت، ئه‌م ته‌شخیسه سیزیڤییه تێفكرینێكی قووڵ ده‌رده‌خات و شرۆڤه‌ی ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌كات كه بۆچی مام جه‌لال بایه‌خی زۆر به پرسی چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد له باكوور ده‌دات، مه‌سه‌له‌كه هه‌ر بابه‌تێكی سۆزداریی نه‌ته‌وه‌یی یان ته‌كتیكێكی كورتخایان نییه، به‌ڵكو دیدێكی ستراتیژیی بۆ مه‌سه‌له‌ی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی و بۆ خاتری جێگیربوونی چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورده له هه‌رێمی كوردستان كه هه‌تا باكوور جێگیر نه‌بێت توركیا ده‌ستبه‌رداری ئیحتواكردنی هه‌رێمی دانپیانراوی ده‌ستووری عیراق نابێت (شۆڕشی كوردستان – له كورستانی عیراقدا بووه كه به‌شێكی بچووكی كوردستانه‌و به‌شێكی كه‌می نه‌ته‌وه‌ی كورد تێیدا ده‌ژیه‌ت، هه‌روه‌ها له هه‌موو لایه‌كیشه‌وه به‌و ده‌وڵه‌تانه ئابڵوقه دراوه كه كوردستانیان به‌سه‌را دابه‌شكراوه: واته سنوورمان له‌گه‌ڵ هیچ ده‌وڵه‌تێكی ئه‌وتۆ نییه كه هیوای دۆستایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی لێبكرێت، یان ده‌وڵه‌تێك بێت كه یارمه‌تییه‌كه‌ی یاری كردن نه‌بێت به خه‌باتی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستان له پێناوی به‌دینه‌هێنانی ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خه‌باته‌كه‌دا، واته گه‌ر هه‌شبێ هه‌ر بۆ ئه‌مه‌یه كه، یارییه‌كه، گه‌مه‌كه، ئه‌وه‌نده درێژه بكێشێت تا ناكۆكییه‌كانی نێوان دوو ده‌وڵه‌ته‌كه لابه‌لا ده‌كرێ، ئیتر گه‌مه‌كه ده‌بڕێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی براندنهوهی، یان چاره‌كردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردیش نیاز‌و شه‌رتێكی ئه‌و یارییه بووبێت، به پێچه‌وانه‌وه هیچ یه‌ك له‌م ده‌وڵه‌تانه نیازیان نییه،و ده‌ستكه‌وتیان له‌وه‌دا نییه كه كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد ته‌نانه‌ت به ئۆتۆنۆمیش چاره‌بكرێت، چونكه كوردی خۆیان لێ ده‌وروژێنێت، هه‌ر بۆیه‌ش یه‌كێك له هه‌لومه‌رجه گرنگه‌كانی رزگاربوونی شۆڕشی كوردستانی عیراق له گێژاوی ئۆتۆنۆمی و گفتوگۆ له‌به‌رده‌ستدا نییه، واته شۆڕشی كوردستان له‌م سهرهشهوه ناچاركراوه كه دروشمی ئۆتۆنۆمی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خۆیدا به‌رزبكاته‌وه‌و هه‌میشه‌ش پاكانه بۆ خۆی بكات كه جیابوونه‌وه‌ی ناوێت و سنووری پیرۆزی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ناپسێنێت و نایه‌وێ بگۆردرێت.
گفتوگۆ وه‌ك شتێكی ناچاری
توانا‌و هێزی شۆڕشی كوردستان ئه‌وه‌نده نه‌بووه ئۆتۆنۆمییه‌كی پێ وه‌ده‌ست بهێنرێ چ جای به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نووس، هه‌ر بۆیه‌ش له گێژاوی ئۆتۆنۆمیدا خولاوه‌ته‌وه‌و ئه‌و گێژاوه‌ش تاكه بواری هه‌ر گفتوگۆ بووه، هه‌ر بۆیه‌ش به ناچاری ملی ئه‌و رێگه‌یه‌ی گرتووه: واته گفتوگۆ بۆته شتێكی ناچاری.
3) ته‌بیعه‌تی كۆمه‌ڵی كورد، ته‌بیعه‌تی سه‌ركردایه‌تی یه‌كه‌ی، ته‌بیعه‌تی جولانه‌وه‌ی له‌وه زیاتریان له‌بارا نه‌بووه كه داوای ئۆتۆنۆمی بكه‌ن: هه‌ر بۆیه‌ش له گێژاوی ئۆتۆنۆمی و گفتوگۆدا خولاوه‌ته‌وه.
4) به‌شه‌كانی تری كوردستان له شه‌سته‌كان و هه‌فتاكاندا، هێشتا جولانه‌وه‌ی رزگاری و دیموكراتی خه‌لكه‌كه‌یان ههڵنهچووبوو، به‌ڵكو كش و مات و كز‌و لاواز بوو... كه‌چی له كوردستانی توركیا كه به‌شی زۆری نه‌ته‌وه‌كه‌مانی تێدایه جوڵانه‌وه‌ی رزگاری و شۆڕشگێڕانه روو له نیشتنه‌وه‌و كزبوونه، هه‌ر بۆیه‌ش پێشتر نه‌یانتوانیوه هۆیه‌كی یاریده‌ده‌ری ده‌رچواندنی شۆڕشی كوردستانی عیراق بن له گێژاوی ئۆتۆنۆمی و گفتوگۆكردن.
راسته له كوردستانی توركیا هه‌موو رێكخراو و حزبه‌كانی كوردستانی داوای مافی چاره‌نووس و كوردستانی سهربهخۆو ئازاد‌و سۆشیالست ده‌كه‌ن، به‌ڵام تاكو نه‌بنه هێزی گه‌وره‌و كاریگه‌ر ناتوانن كاربكه‌نه سه‌ر وه‌زعی به‌شه‌كانی تری كوردستان گفتوگۆی شۆرش له‌گه‌ڵ میری، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بنكه‌ی چاپه‌مه‌نی ئاسۆس، كانونی دووه‌می 1985 ل 13-14.
رێككه‌وتنی كوردستان و به‌غدا
له به‌شێكی تردا باسی هۆكاری به‌ربه‌ستكردنی رێككه‌وتنی كوردستان و به‌غدا (موفاوهزاتهكهی 1984) ده‌كات له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه‌و ئاماژه به هاوكاری ی.ن.ك بۆ هێزه‌كانی باكوور ده‌كات كه ئه‌وكاته جگه له په‌كه‌كه هاوكاریی حزبه‌كانی تریش كراوه، (زه‌غتی حكومه‌تی تورك له‌سه‌ر عیراق بۆپێك نه‌هاتن له‌گه‌ڵ ی.ن.ك و شۆڕشی كوردستان، به تایبه‌تی چونكه توركیا باش ده‌زانێ ی.ن.ك چییه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تێكۆشه‌رانی كوردستان چۆنه؟ و تا چ ده‌ره‌چه‌یه‌ك هاوخه‌باتیان له‌گه‌ڵ ده‌كات ل 99).
ئینجا باكراوندێكی داگیر‌و دابه‌شكردنی كوردستان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست باس ده‌كات، (له دوای شه‌ری جیهانی یه‌كه‌مه‌وه، دیسان كوردستان دابه‌شكرایه‌وه به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌سه‌ر چوار لادا: به‌شێكی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركیا مایه‌وه، به‌شێكی له بن ده‌سه‌ڵاتی ئێران‌دا مایه‌وه، دووبهشهكهی تریش خرانه بن ده‌ستی فه‌ره‌نسه‌و ئینگلیزه‌وه، كوردستانی عیراق به‌ر ئینگلیز كه‌وت هه‌رچه‌نده په‌یمانی سیڤه‌ر ئه‌و هه‌قه‌ی دابوو به خه‌ڵكی كوردستانی عیراق كه بچنه‌وه ناو ئه‌و كوردستانه ئۆتۆنۆمه‌ی بڕیاربوو له كوردستانی توركیادا پێكبێت و هه‌قی ئه‌وه‌شی هه‌بێت كه بریاری سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستانهكهشی بدات، هه‌رچه‌نده حكومه‌تی ئینگلیز‌و عیراق له پایزی 1922 دا سه‌لماندیان كه كوردستانی عیراق حكومه‌تی خۆی دامه‌زرێنێت و نوێنه‌رانی خۆی بنێرێته به‌غدا بۆ دیاریكردنی سنوور‌و په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ عیراق، به‌ڵام پیلان و نه‌خشه‌كانی ئیستیعماری به‌ریتانی و ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆمپانیاكانی ئیحتیكاری نه‌وت وایان گه‌ره‌ك بوو كه كوردستانی عیراق به زۆری زۆردار بخرێته سه‌ر ده‌وڵه‌تی نیمچه موسته‌عمه‌ره‌ی عیراق كه توند به پاشكۆی ئیستیعماری به‌ریتانیاوه گرێ درابوو ل 108).
نامه‌كه‌ی مام بۆ ئۆجه‌لان و ئۆزال
نامه‌كه‌ی مام جه‌لال له سه‌ره‌تای 1992 دا وێستگه‌یه‌كی گرنگه له ده‌ستنیشانكردنی وهرگۆڕانهكانی دونیا دوای كه‌وتنی ئۆردوگای رۆژهه‌ڵات و ده‌ركه‌وتنی ئه‌دگاره‌كانی سیستمی نوێی جیهانی، له‌و نامه‌یه‌دا مام جه‌لال ئه‌وه باس ده‌كات هه‌لومه‌رجه‌كه گۆڕاوه‌و ئه‌مه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندنی بژاره‌كانی به‌رده‌م كوردایه‌تی گه‌ره‌كه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌وه‌ش شێوازی نوێی خه‌بات بدۆزێته‌وه.
مام جه‌لال له نامه‌كه‌دا ده‌ڵێت: (خۆشه‌ویستم ئاپۆ.... ده‌مه‌وێت له رێگه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌وه ئه‌م راستیانه‌ت بۆ ئاشكرا بكه‌م...... پێویسته سه‌ركردایه‌تی كورد، له سیستمی نوێی نێوده‌وڵه‌تی بگات، چونكه فاكته‌رێكی گرنگه له دیاریكردنی سیاسه‌تی حكومه‌ته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ته‌نانه‌ت له دیاریكردنی شێوه‌كه‌ی، كه‌واته فاكته‌رێكی گرنگه له دیاریكردنی په‌یوه‌ندی ئه‌و وڵاتانه به مه‌سه‌له‌ی كورد‌و هه‌ڵوێستیان له به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردیش.... له پڕێكدا جیهان گۆڕا، به ڕووخانی گروپی سۆڤێت و بڵاوبونه‌وه‌ی دیموكراسی لیبرالی له ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات و هه‌ڵكردنی شنه‌بای گۆڕان به‌ره‌و دیموكراسی و مافی مرۆڤ له جیهاندا...... كه‌واته خواستی سیستمی نوێی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌و دیموكراسی و ئازادی ده‌ستكه‌وتێكی شه‌رعییه، نه‌ك له به‌رچاوی ره‌شی ئێمه‌و میللـهتانمان، به‌ڵام ئه‌و راستییه ناشارێته‌وه كه خزمه‌ت به میللـهتانمان ده‌كات كه گیرۆده‌ی ده‌ستی دیكتاتۆریین... شكستخواردنی ئه‌زموونی سۆڤێت ئه‌نجامی ئه‌رێنی و نه‌رێنی زۆری هه‌یه، له‌نێو ئه‌رێنییه‌كاندا قوڵتركردنه‌وه‌ی گوتاری دیموكراتی، مافی مرۆڤ، مافی گه‌لان له دیاریكردنی چاره‌نوسیان به شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه، پاشان داڕوخانی و ته‌زای پیرۆزیی سنووره دیاریكراوه‌كان... زمانی سه‌رده‌م، زمانی دیالۆگ و ناچاركردنی نه‌یاره له قبوڵكردنی دیالۆگ، تاكه رێگه‌شه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
له‌و نامه‌یه‌دا كه گۆڤاری (k21) له ژماره‌ی (16) بڵاویكردۆته‌وه، تاڵه‌بانی به تایبه‌تی تر له سه‌ر باكوور‌و هه‌لومه‌رجی نوێی خه‌بات له‌وێ قسه ده‌كات و پێشنیازی بۆ ده‌ستپێشخه‌ریی په‌كه‌كه هه‌بوو (سه‌باره‌ت به كوردستانی توركیا، رێگه به خۆم ده‌ده‌م ئه‌م تێبینیه برایانه بخه‌مه‌ڕوو.... پێویستی بایه‌خدان به خه‌باتی سیاسی، په‌رله‌مانی، راگه‌یاندن، رێكخراوه‌یی و جه‌ماوه‌ریی ئاشكرا هاوشانی خه‌باتی چه‌كداری، كه ئێستا به ته‌نها رێگه دانانرێت....).
به ئاشكرا داوام لێ‌كردن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نن و دانوستان بكه‌ن، راگرتنی پڕۆسه سه‌ربازییه‌كان رابگه‌یه‌نن بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ یان به‌لای كه‌مه‌وه شه‌ش مانگ كه قابیلی نوێكردنه‌وه بێت، له‌و ماوه‌یه‌شدا دیالۆگ بكه‌ن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری سیاسیانه‌و دیموكراسیانه بده‌ن).
گۆڤاری (K21) ژ: 16، به‌رگی یه‌كه‌م 12/12/2012- هه‌ولێر ل 22.
دیالۆگه‌كه‌ش به‌مشێوه‌یه بێت: دیالۆگێكی نهێنی یان ئاشكرا له نێوان په‌كه‌كه‌و حكومه‌تی توركیا بكرێت، دیالۆگ له نێوان نۆێنه‌رانی كورد له په‌رله‌مانی توركیا‌و حكومه‌تدا، ئه‌وه‌ش سوودی زۆری بۆ خۆتان و حزبه‌كه‌تان ده‌بێت.
به ئۆجه‌لان بڵێ با سیاسه‌ت بكات
به‌ڵام ئه‌و كاته زه‌مینه له‌بار نه‌بوو ئۆجه‌لان به‌پیر ئه‌م بانگه‌وازه‌وه بێت، هێشتا په‌كه‌كه گه‌رمه ته‌ریقه‌ت بوو، نهدیدهویست ئه‌وه بسله‌مێنێ دۆخی خه‌باتی شۆڕشگێری گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، تاڵه‌بانی له ئه‌زموونی دوو شۆرشی چه‌كدارییه‌وه ده‌هاته‌وه‌و ئۆجه‌لانیش تازه شۆڕشێكی فراوانی به‌رپا كردبوو، ئه‌و ده‌م گوتبووی (من سڵ له‌وجۆره نامانه ده‌كه‌مه‌وه) و داواشی له تاڵه‌بانی كردبوو (واز له دروشمه‌كانی سیستمی نوێی جیهانی و پشتیوانی ئهمهریكاو ئازادی بۆ كورده‌كان بێنێت) و ته‌ڤلی خه‌باتی چه‌كداری و كۆششه‌كانی به‌رخودان بێت.
میخائیل م.جونتر الاكراد ومستقبل تركیا، ترجمه الدكتوره سعاد محمد ابراهیم خچر، مركز كردستان للدراسات الاستراتجیه السلیمانیه 2007، ل 174.
به بۆچوونی من هۆكارێكی تریش له‌م پرسه‌دا رۆڵی هه‌یه، له بنچینه‌دا ئۆجه‌لان له‌رێی حزبه كوردییه ره‌سمییه‌كه‌ی ناو په‌رله‌مانی توركیا‌و سیاسه‌تمه‌دارانی ناوه‌وه‌ی وڵاته‌وه له هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته دیموكراتیی و په‌رله‌مانییانه به‌هره‌مه‌ند بوو و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و دیموكراسییه‌شی ده‌بینی كه زوو سیاسه‌تكارانی كورد ده‌ستگیرده‌كران و حزبه‌كانیان داده‌خرا، به‌ڵام دیاره مام جه‌لال مه‌به‌ستی بوو ئۆجه‌لان و په‌كه‌كه خۆیان ئه‌و خه‌باته پێشبخه‌ن نه‌ك له‌رێی هێڵی دووه‌مه‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندنێكی په‌نهانه بۆ ئه‌و وزه‌یه‌ی په‌كه‌كه هه‌یه‌تی بۆ پێشخستنی زووتری خه‌باته‌كه.
هه‌رچۆنێك ئه‌م پێكناكۆك بوونه درێژه‌ی نه‌كێشا، سه‌ره‌نجام ئۆجه‌لانیش ده‌ستپێشخه‌ریی ئاشتی راگه‌یاند دوای ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆك ئۆزال و به‌هه‌مان ناوه‌ڕۆكیش نامه‌ی بۆ سلێمان ده‌میریل سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا‌و حیكمه‌ت چه‌تین سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش نووسی كه ئه‌مه ده‌قی نامه‌كه‌یه‌تی:
به‌ڕێز سه‌رۆك ئۆزاڵ:
به بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزی موسڵمانانه‌وه پیرۆزبایی خۆمتان پێراده‌گه‌یه‌نم كه ئه‌و مانگه هه‌موو ساڵێك به خێر‌و به‌ره‌كه‌ت به‌سه‌ر گه‌لی توركیادا تێپه‌ر بێت.
به پێوهستیشم زانی كه ئه‌و خاڵه تایبه‌تیانه‌ی خواره‌وه بۆ به‌ڕێزتان بخه‌مه‌روو:_
یه‌كه‌م: چاوم به به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان كه‌وت و به یه‌كه‌وه هه‌موو مه‌سه‌له‌كانمان خسته‌ڕوو و به تێروته‌سه‌لی گفتوگۆمان له‌سه‌ر كردن، هه‌روه‌ها ئه‌و پێشنیارانه‌ی خۆشم پێڕاگه‌یاند كه لای هه‌مووان ئاشكرایه‌و پێشووتریش به به‌ڕێزتانم راگه‌یاندبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان ئه‌و كاته رهتیكردنهوهو ئه‌و هه‌له‌ی له‌ده‌ستدا.
دوای ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئۆج ئالان له‌مباره‌یه‌وه كه‌وتینه گله‌یی و گازه‌نده له یه‌كتری.
دووه‌م: عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان به بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی كوردییه‌وه ره‌زامه‌ندی خۆی پیشان داوه كه به شێوه‌ی روون و ئاشكرا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بدوێ و ئه‌م خاڵانه بخاته روو:
1- بنبڕكردن و ئیدانهركدنی تیرۆر به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه.
2- چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی برا كورد‌و تورك به شێوازێكی سیاسیانه، نه‌ك به رێگه‌ی په‌نا بردنه‌به‌ر شه‌ڕو توندوتیژی.
3- ئاماده‌بوونی بۆ گفتوگۆكردنی ئاشتیانه‌و، وه‌ستاندنی چالاكییه سه‌ربازییه‌كان.
4- ئۆج ئالان داوای ئه‌نجامدانی دانوستاندن ناكات له نێوان حكومه‌ت و حزبه‌كه‌ی (پ.ك.ك) به‌ڵكو پێی باشه كه حكومه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه كورده‌كانی په‌رله‌مانی توركیا گفتوگۆ بكات.
5- پاراستنی یه‌كێتی خاكی توركیا‌و گرنگیدان به پته‌وكردنی برایه‌تی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كورد‌و تورك.
6- دروشمی جیابوونه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه‌و دروشمی دیموكراسی په‌سه‌ند ده‌كات، كه له سایه‌یدا مافه‌كانی مرۆڤ و مافه رۆشنبیری و ئیدارییه‌كان بپارێزرێن.
7- داوای پیاده‌كردنی چالاكی سیاسی و حزبایه‌تی ده‌كات له سنووری دیموكراتیه‌ت و یاسادا.
سێیه‌م: من وای ده‌بینم كه ده‌كرێ ململانێ و ناكۆكی پشتگوێ بخرێن، عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالانم هان دا‌و داوام لێ‌كرد كه گۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی بۆ بكا‌و نیازپاكی خۆی به رۆژنامه‌كانی جیهان رابگه‌یه‌نێت به‌ڵێنی ئه‌وه‌شی پێدام كه ئامۆژگارییه‌كانم جێبه‌جێ بكات.
سه‌رۆكی به‌ڕێز:
ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی تازه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالانتان په‌سه‌ند كرد ئه‌وا من ئاماده‌یی ته‌واوم هه‌یه كه خزمه‌ت به گه‌لی توركی خۆشه‌ویست بگه‌یه‌نم، له پێناو دابینكردنی ته‌بایی له نێوان هه‌ردوو گه‌لی كورد‌و توركدا، كه په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی به یه‌كیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه جوانترین پیرۆزبایی خۆمتان پێ راده‌گه‌یه‌نم.
برای دڵسۆزتان جه‌لال تاڵه‌بانی، شام 5/ئادار 1993
كوردستانی نوێ ژماره 346 له رۆژی 21-3-1993 كه له رۆژنامه‌ی (گونده‌م)
ژماره‌ی رۆژی 11/3/1993 وه‌ریگرتووه
رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له رۆژی 15/3/1993 له ژماره 341 دا نووسیوویه‌تی: (شیاوی وتنه ئه‌م هه‌واڵانه دوابه‌دوای هه‌واڵی ئه‌و كۆبوونه‌وانه دێن كه هه‌ڤاڵ مام جه‌لال سكرتێری گشتی ی.ن.ك له شام له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆكی په‌كه‌كه كردوونی، هه‌روه‌ها ئاژانسه‌كان وا راده‌گه‌یه‌نن كه جه‌لال تاڵه‌بانی خه‌ریكی سازكردنی فه‌زاێكی گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ی ناوبژیوانی نێوان په‌كه‌كه‌و حكومه‌تی توركیا بكات).
ئه‌وه بوو ئاپۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا له رۆژی... ئاگربڕی راگه‌یاند، بۆ ماوه‌یه‌كی تاقیكردنه‌وه، ئۆزال جگه له‌وه‌ی داوای كردبوو درێژه به ئاگربڕ بدات به مام جه‌لالی وتبوو پێی بڵێ بۆچی نایه‌ته‌وه سیاسه‌ت بكات؟
بیرۆكه‌و ئاره‌زووی ئاشتی هه‌بوو، به‌ڵام هێشتا ئیراده‌یه‌كی به‌هێزو زه‌مینه‌ی قبوڵكردنی راستییه كوردییه‌كه نه‌بوو، به‌داخه‌وه مه‌رگی له‌ناكاوی ئۆزال و زاڵبوونی ئیراده‌ی چه‌ك پڕۆسه‌كه‌ی ئه‌وكاتی په‌كخست، ئه‌م ته‌جره‌به‌یه ئه‌گه‌رچی سه‌ری نه‌گرت به‌ڵام ئۆجه‌لانی راهێنا له‌گه‌ڵ ته‌كتیكی ئاگربڕو نه‌رمی نیشاندان بۆیه له چه‌ند قۆناغێكدا ئاگر بڕی راگه‌یاند.
خوله چۆنایهتییهكهی دانووستاندن
له ساڵی 2002 ـه‌وه قۆناغێكی تری هه‌وڵه‌كانی تاڵه‌بانی ده‌ستی پێكرد، قۆناغی نهێنی، درێژخایان و به‌سه‌بر، دوور له مشتومڕی راگه‌یاندنه‌كان، ئه‌م قۆناغه هه‌م ئاره‌زووییه‌كی په‌كه‌كه‌و هه‌میش ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی نوێباوی له پشته‌وه بوو كه حزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان بوو، ئه‌مه‌شیان له بێومێدی په‌كه‌كه‌دا گه‌یشته ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له ساڵی 2006 دا، كاتی خۆی مام جه‌لال به كامه‌ران قه‌ره‌داخی گوتبوو منیش هه‌ستده‌كه‌م ئۆزال بیرۆكه‌ی تازه‌ی پێیه، وه‌ختێك داد‌و گه‌شه‌پێدانیش هاتنه‌سه‌ر حوكم زۆر زوو ته‌شخیسی ئه‌وه‌ی كرد ئیسلامییه‌كان و به تایبه‌تیش ئاك پارتی قۆناغی كه‌مالیزم ده‌پێچێته‌وه كه نكووڵی له بوونی كورد ده‌كرد، داننانی ئه‌ردۆگان به مه‌سه‌له‌ی كورد‌و كرانه‌وه‌ی ئاك پارتی به رووی كورد دا له‌وه گیرسایه‌وه په‌كه‌كه‌ش ده‌ستپێشخه‌ری بكات بۆ ناردنه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ك له گه‌ریلاكانی به‌ڵام شێوازی كه‌رنه‌ڤاڵی گه‌ڕانه‌وه‌كه، ده‌وڵه‌تی ترساند بۆیه دانوستاندنی ژێر به‌ژێری ئۆسلۆ بووه ده‌ریچه‌یه‌كی تر كه ئه‌ویش ئاشكرا بوو له وه‌ختێكدا دیار بوو كه ئه‌ردۆگان له هه‌ندێك جومگه‌ی كرانه‌وه پاشگه‌ز بۆته‌وه.
مام جه‌لال له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان قسه‌ی كرد كه لێبۆردن بۆ گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه ده‌ربكات، پێی گوتبوو وه‌كو موسڵمانێك هه‌قی وایه وه‌ك پێغمبه‌ر بكه‌یت كه چووه‌وه بۆ مه‌كه‌ی پیرۆز لێبۆردنی بۆ هه‌مووان ده‌ركرد حه‌سه‌ن جه‌مال له وتارێكدا ده‌ڵێت له میانی قسه‌كانیداو به‌و مه‌رجه‌ی نهینوسمهوه تاڵه‌بانی وای پێوتم )مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو له میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا دیدارێكم له‌گه‌ڵ ئه‌ردوغان ئه‌نجامدا پێمگوت: په‌كه‌كه هاتونه‌ته لام و وتویانه ئاماده‌ن چه‌ك دانێن، كاتێك ئه‌مه‌ی گوت خۆی به‌لای مندا نوشتانه‌وه‌و گوتی باسی ئاگر به‌ست ناكه‌م، باسی چه‌كدانان ده‌كه‌م، بۆ ئه‌مه‌ش دوو مه‌رجیان هه‌بوو، یه‌كێكیان: لێبۆردنی گشتی و ئه‌وی تریان پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكی هاوڵاتی له دهستوورداو سڕینه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی هاوڵاتی تورك، ئه‌ردوغان باسی له‌وه كرد كه لێبوردنی گشتی كارێكی ئاسان نییه‌و رای گشتی وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌ی ئه‌مه نییه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌و كه‌سێكی نه‌ته‌وه په‌رست نییه، به‌ڵكو موسڵمانه‌و هه‌مووان به برای خۆی ده‌زانێت......)، مام جه‌لال، له بڵاوكراوه‌كانی توركیا ناسی، ل22.
تاڵه‌بانی هه‌ر بێ ئومێد نه‌بوو له هه‌وڵه‌كانی، ئه‌و هه‌میشه رای وابوو كلیلی مه‌سه‌له‌كه لای ئۆجه‌لانه، جه‌نگیز چاندار شایه‌تی ئه‌م قسه‌یه‌ی دا (چه‌ندین جار له مام جه‌لال-م بیستووه به هاوتا توركه‌كانی ده‌وت دانوستان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان-دا مه‌سه‌له‌كه زووتر به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌بات، دیداری چاندار له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ له رۆژی 4/3/2013 (ئه‌و به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا كه ئه‌م ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر رۆڵی ئۆجه‌لان به كه‌ناڵی ژێربه‌ژێری دیبلۆماسی بڵێت، به‌ڵكو به ئاشكرا له میدیاكانیشه‌وه وتی: مه‌سجی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران نارد (براكه‌م ئه‌ردۆگان كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌و ئاشتی بۆ شاخه‌كان بێنه.. ئیتر كاتی شاخ نه‌ماوه، كاتی سیاسه‌ت كردنه له‌ژێر چه‌تری په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراوان به ده‌نگی خه‌ڵك... برا خۆشه‌ویسته‌كه‌م.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد هه‌م بۆ توركیا‌و هه‌م بۆ ناوچه‌كه ده‌بێته مایه‌ی سه‌قامگیری، هاوكات ده‌نگی زیاتری سه‌ر سندوقه‌كانیش به تۆ ده‌به‌خشێت.. دیداری حه‌سه‌ن جه‌مال له‌گه‌ڵ مام جه‌لال بۆ رۆژنامه‌ی میلییه‌ت، له كوردستانی نوێوه رۆژی 18/11/2012
بۆ زه‌مینه‌سازی ئه‌مه‌ش مام جه‌لال رای وابوو ئۆجه‌لان له زیندانه‌كه‌یه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ شوێنێكی تر وه‌ك ئه‌وه‌ی به چه‌ند قۆناغێك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی باشووری ئه‌فریقا، نیلسۆن ماندێلا، كرا، ئه‌و كه به‌داخ بوو بۆ زیندانیكردنی سه‌ركرده‌یه‌ك كه تاوانه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌یه خه‌باتی بۆ میللـه‌ته‌كه‌ی كردووه، له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌وه‌دابوو هه‌ڵمه‌تێك به‌رپا بكات بۆ ئیمزا كۆكردنه‌وه بۆ ئازادكردنی ئۆجه‌لان، خۆم گوێم لێی بووه كه گوتی (یانی چییه سه‌ركرده‌یه‌ك 14 ساڵ زیندان بكرێت ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌باتی بۆ مافی میللـه‌ته‌كه‌ی كردووه. كه‌ی له‌م سه‌ده‌یه‌دا ئه‌مه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌كه‌دا ده‌گونجێت).
به‌هرۆز گه‌ڵاڵی نوێنه‌ری یه‌كێتیی له ئه‌نقه‌ره كه هه‌موو به‌ڵگه‌كانی میانگیری نێوان په‌كه‌كه‌و ده‌وڵه‌تی لایه، له نامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت (په‌كه‌كه جارێكی تر داوای له مام كرد ته‌داخول بكات و هه‌وڵ بدات له‌گه‌ڵ توركه‌كان گفتوگۆكانی ئۆسلۆ زیندو بكرێنه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ قسه‌و گفتوگۆ له‌مه‌ڕ ئاشتی ده‌ست پێبكاته‌وه، ئه‌م توندوتیژییه‌ی كه له نێوان هه‌ردوولاو ئیزۆله كردنی ئۆچه‌لان دروستبوو بوو هه‌ڵبگیرێت و نه‌فه‌سێك بێته‌وه به‌ر وه‌زعه‌كه‌و توركیاش هه‌ندێ هه‌نگاوی جددی بنێت و په‌كه‌كه‌ش ده‌ڵێن ئاماده‌ین هه‌ندێ شتی جددی بكه‌ین).
مام ئه‌ردۆگانی هاندابوو (تۆ پیاوێكی جهسوریت ئیش به پیاوی جه‌سور ده‌كرێ، هه‌قه كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ی و من ئاماده‌م هاوكاریت بكه‌م.. باشترین كه‌س بۆ گفتوگۆ ئۆچه‌لانه، پێشنیازی بۆ كردبوو: بونی كورد له ده‌ستوور، دانانی ئۆچه‌لان له خانوویه‌ك و مه‌سه‌له‌ی عه‌فوی عام و پاشانیش چه‌كدانان و هه‌ندێ شتی تر) ئه‌مانه نه‌خشه رێگاكه بوون.
وه‌فدێك بۆ ئیمرالی
ئیتر ده‌رنجامی ئه‌و هه‌وڵه ژێر به‌ژێرانه كه ماجه‌لال داوای كردبوو نێچیرڤان بازرانی ده‌توانێت رۆڵی چالاكی تێدا ببینێت، گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌وه كرا وه‌فدێك بچێته لای ئۆجه‌لان له ئیمراڵی.
سه‌ره‌تای ساڵی نوێ له رۆژی 3-1-2013 موژده‌ی قۆناغی چۆنایه‌تی ئاشتی بوو وه‌ختێك ئه‌حمه‌د تورك و ئایلا ئه‌كات، سه‌ردانی ئۆچهلانیان كرد، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی ده‌ڵێت:
له دانیشتنی نێوان ئۆچه‌لان و ئهحمهدو ئایلا ئه‌كات، ئۆچه‌لان سڵاوڕێزی زۆری بۆ مام نارد‌و ته‌مه‌نای زووچاكبونهوهی بۆ مام خواست و وتبوی مام زۆر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا كاریكردووه‌و خۆزگه نه‌خۆش نه‌كه‌وتبایه، چونكه مام ده‌ورێكی باڵای هه‌بوه له‌م مهسهلهیهداو ده‌یتوانی زیاتر یارمه‌تیمان بكات.
وه‌ك ده‌بینرێت سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگییه‌كان به‌ڵام تاڵه‌بانی هه‌وڵه‌كانی خۆی په‌ك نه‌خست تا به‌م رۆژه گه‌یشت كه توركیا رۆڵی شایانی سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌ی قبوڵكرد، نه‌ورۆزی ئامه‌د له ساڵی 2013 به‌م بانگه‌وازه ده‌نگی دایه‌وه كه ئۆجه‌لان گوتی: (ئه‌مڕۆ سه‌رده‌مێكی نوێ ده‌ستپێده‌كات، له سه‌رده‌می شه‌ڕی چه‌كه‌وه، ده‌رگا به‌ڕووی سیاسه‌تی دیموكراتیدا ده‌كرێته‌وه،... ئه‌مه سه‌رده‌مێكه كه تێیدا كورده‌كان دووباره ئه‌سڵیان، ره‌چه‌ڵه‌كیان و ناسنامه‌یان به‌ده‌ستده‌هێننه‌وه... تێكڕا گه‌یشتینه ئه‌و خاڵه‌ی با چیتر چه‌كه‌كان بێده‌نگ ببن و فیكره‌كان بكه‌ونه لێدوان، ئیدی سه‌رده‌مێكی نوێ ده‌ستپێده‌كات، چه‌ك نا، به‌ڵكو سیاسه‌ت ده‌كه‌وێته كار..... چیتر سه‌رده‌می پێكدادان و چاو مۆڕكردنهوه له یه‌كتری به‌سه‌رچوو، ئێستا سه‌رده‌می باوه‌ش به‌یه‌كدا كردن و یه‌كتری قبووڵكردن هاتۆته ئاراوه).
ئه‌مه‌ش رێك ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه مام جه‌لال له نامه‌كه‌ی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا داوایكرد، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه سه‌رده‌مێك كه باكوور ببێته خاوه‌ن حه‌یسیه‌تی خۆی و پشتێوانی باشووریش بێت وه‌ك كوردستانێكی مه‌ركه‌زیی و وه‌ك میسری كوردان كه رۆڵی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا شایان و بونیاتنه‌ر بێت.
ئه‌وكاته كات زیارتر ده‌بێت بۆ وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی ئۆجه‌لان و مام جه‌لال له به‌یروت و شوێنه‌كانی تریش.
(سا ئه‌و كاته به هه‌توانی ئازادی، سارێژ ده‌بێ برینی نامورادی)؟
ستران عه‌بدوڵڵا - له كوردستانی نوێ-وه
PUKmedia

هەواڵی زیاتر
-
هەرێم کاردەكات بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغداد
05:23 PM - 2026-06-09 -
هەڵمەتی پاککردنەوە بۆ سەیرانگای زێوێ ئەنجامدەدرێت
03:43 PM - 2026-06-09 -
لەسێ ڕووداوی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەس برینداربوون
01:20 PM - 2026-06-09 -
لە عیراق 145 حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە
11:37 AM - 2026-06-09
ئەمانەش ببینە
کوردستان 05:06 PM - 2026-06-09 قوباد تاڵه‌بانی و ئالیسیا ڕیكۆ پێرێز: ده‌بێت هه‌رێم و عیراق پێكه‌وه هاوكاربن
وەزارەتی ناوخۆ چاودێری ئەلیکترۆنیی 7 ملیۆن ئۆتۆمبێل دەکات
02:03 PM - 2026-06-09
وەزارەتی دارایی وەڵامی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە
11:28 AM - 2026-06-09
ترەمپ:ئیسرائیل جارێکی دیکە جەنگ لەگەڵ ئێران ناکات
08:54 AM - 2026-06-09
قوباد تاڵەبانی: پێشكەوتن و گەشەسەندن بێ بەشداری گەنجان بەدی نایەت
06:49 PM - 2026-06-08
زۆرترین خوێنراو
-
وەزارەتی دارایی وەڵامی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە
کوردستان 11:28 AM - 2026-06-09 -
كوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 10:57 AM - 2026-06-09 -
هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکان نرخی نەوت دادەبەزێنێت
جیهان 10:57 AM - 2026-06-09 -
هەلیکۆپتەرێکی جەنگیی ئاپاچی ئەمریکی لە نزیک گەرووی هورمز کەوتەخوارەوە
جیهان 10:53 AM - 2026-06-09 -
ترەمپ:ئیسرائیل جارێکی دیکە جەنگ لەگەڵ ئێران ناکات
جیهان 08:54 AM - 2026-06-09 -
پۆلیتەکنیکی سلێمانی پلاتفۆرمێک بۆ ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا دروستدەکات
کوردستان 08:23 PM - 2026-06-08 -
قوباد تاڵەبانی: پێشكەوتن و گەشەسەندن بێ بەشداری گەنجان بەدی نایەت
کوردستان 06:49 PM - 2026-06-08 -
قوباد تاڵەبانی: یەكێتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەكی بەهێزی هەیە
ی ن ک 05:37 PM - 2026-06-08



.jpg)

.png)

دابەزێنە

