riklam

زیندانیانی سیاسی یاداشتێك ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌كه‌ن

ی.ن.ک‌‌ 02:35 PM - 2015-11-24
پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هی یه‌ك حزب و لایه‌ن نین

پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هی یه‌ك حزب و لایه‌ن نین

ئه‌مڕۆ (24/11/2015) حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پێشوازی له‌وه‌فدێكی زیندانیانی سیاسی لایه‌نه‌كانی كوردستان كرد كه‌ بۆ گه‌یاندنی یاداشتنامه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان له‌سلێمانی كرد.

له‌و یاداشتنامه‌یه‌دا، زیندانیانی سیاسی كوردستان كه‌ سه‌ر به‌ ی.ن.ك و پ.د.ك و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كورستان و حزبی شیوعی كوردستان بوون، ترسناكی دۆخی ناهه‌مواری ئێستای كوردستانیان خسبووه‌ڕوو، هه‌روه‌ك "شه‌ڕی داسه‌پاوی داعش و هه‌ڵوێستی دوژمنكارانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ند و پیلانگێڕی هه‌رێمایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندخوازی نێوده‌وڵه‌تی"یان به‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار بۆ له‌مپه‌ر دانان له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌زموونی گه‌له‌كه‌مان و سستكردنی هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی داناوه‌، وه‌ك له‌یاداشتنامه‌كه‌شدا هاتووه‌ "پشێوی و دووبه‌ره‌كی و ركابه‌ری نێوان حزبه‌كان و په‌رتكردنی نێو ماڵی خۆمان"نیان به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی وه‌سفكردووه‌.


داواشیان له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كردووه‌ جیاوازیی دید و بۆچوون بكرێته‌ قوربانی له‌پێناو سه‌قامگیری و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆ و پره‌نسیپی یه‌كتر قبوڵكردن بكه‌نه‌ بنه‌ما.


كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پاش وه‌رگرتنی یاداشتنامه‌كه‌، ده‌ستخۆشی لێكردن بۆ هه‌نگاوه‌كه‌یان و به‌ كارێكی پیرۆز بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك وه‌سفی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.


رایشیگه‌یاند: پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هی یه‌ك حزب و لایه‌ن نین، به‌ڵكو هی هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكن.


 روونیشیكرده‌وه‌، چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان زیانی بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان و هه‌موو خه‌ڵكیش ده‌بێت.


حاكم قادر دوپاتیشی كرده‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رێگای گفتۆگۆ و دیالۆگ به‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌زانێت و هه‌وڵه‌كانی بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبۆته‌وه‌ بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌یان و نه‌هێشتنی ناكۆكی و جیاوازییه‌كان.


 ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: تائێستا و ئه‌وه‌ی له‌ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌دی ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی هه‌موو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ئیجابییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تێڕوانینه‌كانی ی.ن.ك بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌كان و لێكدابڕان.


به‌ڵێنیشی پێدان كه‌ یاداشته‌كه‌یان به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و سوپاسی هه‌ڵوێستی خه‌مخۆرانه‌ و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی كردن.


PUKmedia راگه‌یاندنی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket