riklam

لە دار لمولكەكەی بابانەوە بۆ مەدینە سەعبەكەی سەدام

ریپۆرتاژ‌ 11:04 AM - 2015-11-17
سلێمانی.. شاری شاران

سلێمانی.. شاری شاران

سلێمانی یادی (231) ساڵەی تەمەنی دەكاتەوەو بەم بۆنەیەشەوە لەم پارێزگایە هەفتەی "دیموكراسی‌و پێكەوە ژیان" راگەیەنراو كە تیایدا چەندین چالاكی روناكبیری‌و هونەری ئەنجام دەدرێن.

هەروەك بەڕێوەبەری  رۆشنبیری‌و  هونەری سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات،  ئەگەرچی هیچ بودجەیەك لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەم یادە تەرخاننەكراوە، بەڵام خۆبەخشانە چەندین چالاكی ئەنجام دەدرێت.

هاوكات لەیادی دارلمولكەكەی باباندا، بەشێك لەهونەرمەندان‌و روناكبیران‌و رۆژنامەنوسان باس لەو شانازیانە دەكەن، كە سلێمانی لەبواری سیاسی‌و روناكبیری‌و رۆژنامەگەریدا بۆخۆی تۆمار كردوە.

چەندین چالاكی ئەنجام دەدرێن
سەرپەرشتیاری هەفتەی سلێمانی،   رایگەدەگەیەنێت:  كاروچالاكیەكان لەلایەن پارێزگای سلێمانیەوە لەگەڵ كەسایەتیە خۆبەخشەكان بەڕێوەدەچێت‌و ئامانجیشیان زیاتر زیندووكردنەوەی شاری سلێمانیە بەچەندین چالاكی جۆراوجۆر.

ئەمین ساڵح، بۆ چاودێر، وتی:  "چالاكی هونەری شێوەكاری سەر (دیوار) لەگەڕەكی شەكرەكەو بەڕێوەبەرایەتی چالاكی هونەری قوتابخانەكان‌و شەقامی سالم، ئەنجامدەدرێت، چالاكیەكەش لەلایەن گروپی هونەری لاوانی سەوزەوە ئەنجامدەدرێت‌و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت".

وتیشی:  چەند فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری نمایشدەكرێن، هاوكات پێشانگای كتێب، كە بەرهەمی (هونەری ئینیستیتۆتی كەلەپوری كوردە نمایشدەكرێن.

بەدروشمی "سلێمانی چەپكە گوڵی دیموكراسی‌و پێكەوەژیانە (هەفتەی سلێمانی) كە خۆی لە چەندین چالاكی روناكبیری‌و هونەری دەبینێتەوە لەتەلاری هونە ررۆژانی 16 تاكو 21 بەڕێوەدەچێت، كە پێكدێن لە (مەراسیمی راگەیاندنی هەفتەی سلێمانی‌و پێشكەشكردنی ئۆركێسترای تیپی سەمفۆنیای سلێمانی، كۆنسیرتی رەوا جەمال، گروپی میوزیكی سەهەند، پێشانگای كاری دەستی كارگەی مافوری سلێمانی، پیشانگای هاوبەشی فۆتۆگرافی، پێشانگای هاوبەشی شێوەكاری، نمایشكردنی شانۆیی (بۆننامە) دەرهێنانی عوسمان فارس) هەندیك چالاكیتر لەشوێنە جیاوازو ناوەندەكانی سلێمان ئەنجامدەدریت ئەوانیش "چالاكی هونەری وێنەكێشانی گەڕەكە دێرینەكانی سلێمانی".

سلێمانی لەبواری میدیادا پێشەنگە
كاروان ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بۆ "چاودێر"، وتی:  سلێمانی هەربە مێژووی خۆی شارێكە پڕاوپڕ لەرۆشنبیری ئازادی رادەربڕین، یەكەمین شاریشە لەدونیادا مەلیكێك لەئەشكەوتدا رۆژنامە دەربكات ئەویش رۆژنامەی (بانگی حەق)ـە كە لە ئەشكەوتی جاسەنە دەركراوە، هەرچی میدیای ئازادیشە لەشاری سلێمانی دەردەچێت.

وتیشی:  تەنانەت ئەو رۆژنامانەی لەهەولێر بڵاودەكرێنەوە ئەگەر لەشاری سلێمانیش بڵاوبكرێنەوە ئەوا ئازادیەكی زیاتریان هەیەو هیچ سانسۆرێكیان لەسەر نیە، لەلایەكی تریشەوە سلێمانی مەڵبەندی رۆژنامەگەریی كوردییە، ئەم شارە هەرگیز ملی بۆ هیچ دیكتاتۆرێك نەداوە، تەنانەت سەدام حسێن، بە شارە قورسەكە (مدینە صعب) ناوی دەبرد، هەركەسێكیش سەردانی سلێمانی بكات لەهەمو رویەكەوە هەست بەئازادی دەكات.

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسان، راشیگەیاند:  لەماوەی شەش مانگی رابردوو سلێمانی بەشارێكی سپی ناوبراوە، چونكە هیچ پێشێلكاریەك بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان تۆمارنەكراوە، ئەوەیش دەیسەلمێنێت كە ئەو شارە لەبواری ئازادی میدیایدا پێشەنگە.

رۆژنامەنوس‌و ژنی بوێری تێدا هەڵكەوتوە
هانا شوان، رۆژنامەنوس‌و چالاكی بواری مافەكانی ژنان، بۆ چاودێر، وتی:    هەموو كاتێك سلێمانی زیندوویەتیەتی پێوە دیارە، لەلایەكی تریشەوە لەكاتی دروستبونیەوە تائێستا مێژووی سلێمانی بۆ ئازادی ڕادەربڕین چەندین رۆژنامەنوس‌و ژنی بوێرو ئازای تێدا هەڵكەوتووە، بەتایبەتی لەكاتە سەختەكان‌و كاتی داگیركاریدا.

دەشڵێت:   مێژووی بزوتنەوەی رۆشنبیری سلێمانی هەموو كاتێك زیندو بوە تائیستاش ئەو زیندویەتیە بەردەوامە.

پایتەختی روناكبیری
 هونەرمەند‌و روناكبیر  جەمال شادان، بۆ "چاودێر" ئاماژە بەوەدەكات، كاتێك سلێمانی دروستكراوە  لەهەموو شوێنێكەوە بۆ خوێندنی ئاینی ڕوویان تێكردوە، لەوكاتەنەدا شاعیرو روناكبیرەكان لەو مزگەوتانەدا خوێندویانە فێری زانست‌و زانیاری بون، ئەو مەلایانەی كە لەمزگەوتەكاندا  دەیان خوێند لەگەڵ ئەوەشدا خەریكی كاری نەتەوایەتی بوون  وەكو (نالی، سالم، كوردی) دەوریان لە رۆشنبیریدا هەبوە، پاشان  زێوەرو بێكەسیش لەوڵاتانی دەرەوە بابەتی زانستی‌و فكریان هێناوەتەوە.

وتیشی:  ئەو پیاوە ئاینیانە توانیویانە  رۆشنبیری زیاتر بهێننە سلێمانی، لەلایەكی تریشەوە زێوەر‌و پیرەمێرد‌و بێكەس توانیویانە سروودی نیشتیمانی فێری منداڵان بكەن، بەدەنگی خۆیان ئەم سرودانەیان وتۆتەوەو توانیویانە روحی نەتەوایەتی‌و رۆشنبیری لەناو شارەكە بڵاوبكەنەوە، چەندین كەسایەتی وەكو توفیق وەهبی،  رەفیق حیلمی، ئیبراهیم ئەحمەد .. كەلەسایەی ئەم كەسایەتە خوێندەوارانەوە ئێستا سلێمانی بۆتە پایتەختی رۆشنبیری‌و روناكبیری.

هیچ بودجەیەك بۆ یادەكە تەرخان نەكراوە
 بەڕێوەبەری گشتی روشنبیری‌و هونەری سلێمانی، بە"چاودێر"ی راگەیاند،  كۆمەڵێك چالاكی  بەبۆنەی یادی 231 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیەوە دەكرێت، كە لەرۆژی 16 مانگەوە تا 21 نزیكەی 80 چالاكی جیاواز لەو یادەدا  پێشكەش دەكرێن، لە بەڕێوەبەراتیەكانی سەر بەبەرێوەبەراتی رۆشنبیری هونەرو دەزگاكانی تری پارێزگا، كە ئەم چالاكیانە لەماوەی شەش رۆژدا دەبێت.

بابەكر دڕەیی، رونیكردەوە، هیچ بودجەیەك بۆ ئەم یادە تەرخان نەكراوە هەمووی لەلایەن كەسانی خۆبەخشەوە كراوە، كەمترین پارەیشی تێچوە، ئامانج لەم یادكردنەوەیەش  ئەوەبو كە بیسەلمێنین شاری سلێمانی شاری رۆشنبیری‌و روناكبیریی‌وهونەرییە،هەروەها ئەوچالاكیانە بۆدڵخۆشكردنی خەڵكی ئەم شارەیە لەهەمانكاتدا بۆ ئەوەیە كەپیشانیبدەین كەسەرباری نەبونی بودجە ئەوقەیرانانەی كەهەیە جۆرێك لەپەراوێز خستن  دەتوانێت دەوری خۆی ببینێت لەئاستی پێشكەشكردنی  رۆشنبیری‌و روناكبیری.

كۆتایی
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەنوسینێكیدا كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەبیرەوەریەكانی ئەمڕۆ بە ژمارە (185) بڵاوی كردۆتەوە باس لەوە دەكات، (231) ساڵ لەمەوبەر، میری بابان، میرنشینەكەی لەقەڵاچۆلانەوە بۆ (مەڵكەندی)‌و دەشتی (كانی ئاسكان)‌و (پیرمەسور)‌و ئەم سەرزەمینەی بناری ئەزمڕ‌و گۆیژە‌و بەرامبەر (گڵەزەردە)‌و (قەراغ) دەكات‌و بناغەی شارێكی نوێی پشت بەستوو بە(پیرەمەگرون) دادەنێ‌، بۆ ئەو زەمانە، هەڵبژاردنی هەڵكەوتەی جوگرافی سلێمانی، بۆ پایتەختی میرنشینەكە گرنگ بووە:

لەسنوری ئێران دووری خستۆتەوە، شاخ‌و دەروازەكانی دەوروبەری، بۆ بەرگری گونجاو بون، لەرۆژئاواوە، دەربەندی بازیان؛ لەباشورەوە شاخی دەربەندیخان‌و زمناكۆ لەرۆژهەڵاتەوە، سورێن‌و هەورامان‌و هەڵەبجە‌و باڵامبۆ‌و لەڕۆژئاواشەوە، سورداش‌و بەرانان‌و ساراو قەرەسرد، لەپاڵیا، دۆڵەروت بەرەو مێرگەپان‌و زنجیرە شاخی جافایەتی، ژیلوان، ئاسنگەران.. تا، ئەرزێكی باشی كشتوكاڵ، كانیاو، كارێزارو، ناوەندێكی جوگرافی باش، رێگاكانی بازرگانی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و عیراق، گەرمیان‌و كوێستان، كەركوك‌و سلێمانی.. تاد، نزیكتر بووە لەدێهاتی ئاوەدانی شارەزورو هەورامی‌و نەوڕۆڵی‌و ناوچەكانی هەمەوەند، شوان، ساڵەیی، شێخ بزەینی، جاف، تەواوی هۆزەكانی گەرمیان: زەنگنە، دەلۆ، گللیەكان، هەروەها سمایل عوزێری، زەندییەكان، بێسەری، غەوارە.. تاد.

ئەوانە هەموو هاندەری دروستكردنی شارەكە بون. بۆیە، هەر زوو لەهەمولایەكەوە، پیشەگەرو زاناو ئەدیبان، هەوڵیان بووە شەرەفی هاووڵاتی شارەكەیان بەربكەوێ‌.

لەكۆتایشدا، دەمەوێ‌ بڵێم: كاریگەریی گۆڕانكاری سەردەمەكەش لەرۆژئاوادا، فەرامۆش نەكەین باشە. رۆژئاوا تێكڕا، لەبوژانەوەی ئابوری، كۆمەڵایەتی، پیشەسازیی، فەلسەفی‌و شارستانییدا بوو. بێگومان لەڕێی ئێران‌و ئەستەنبولەوە، ناوبانگی رۆژئاوا، كەموزۆر گەیشتۆتە میرنشینی بابان. هەتا رادەیەكیش میرزادەكان كەوتونەتە ژێر كاریگەریی دەنگوباسەكان‌و بڕیاری دروستكردنی شارەكەیان، لەبەر ئەو راستیانە، خۆ لەخۆڕانییە میر، وەستا، پیشەگەر، زاناو ئەدیبی بانگهێشت كردووە بۆ پایتەختەكەی. ئاماژەی ئەم راستییەش ئەوەیە كە لەچاوپێكەوتنی (ریچ)دا، میر پرسیاری رۆژئاواو ئاوەدانییەكانی لێدەكات.

سڵاوت لێبێ‌.. سلێمانی. سڵاوتان لێبێ‌ سێ‌ كوچكەی بابان. سڵاوتان لێبێ‌ ئەی ئەو سەنعەتكارو كرێكارە دەستڕەنگینانەی پیشەی جۆراوجۆرتان هێنایە شارەكە. سڵاوتان لێبێ‌ ئەی ئەوانەی ئەم شارەتان بەشاری پاراست. نەفرەت لەئێوەش بێ‌، خائینانی ئەم شارە، ئەرێ‌ چۆن دڵیان هاتووە خیانەت لەسلێمانی بكەن؟!

یەكێكە لەزیندوترین شارەكانی نەتەوەی كورد
عەدالەت عەبدوڵڵا،  چاودێری سیاسی، بە "چاودێر"ی راگەیاند، هەرچەندە شاری سلێمانی لەچاو شارەكانی دیكەی بەشەكانی دیكەی كوردستان بەمێژوو تازەیە، بەڵام لەچاو ئەو مێژووە كورتەیدا یەكێكە لەزیندوترین شارەكانی نەتەوەی كورد، بۆیە لەسەر ئاستی سیاسی، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری‌و ئابوری بەرەو پێشەوە رۆیشتووە.

ناوبراو دەڵێت " ئەو نازناوەی كە پێیدراوە شایەنیەتی، چونكە رۆژانە چالاكی جۆراوجۆرو جوڵەی زیندوو لەو شارەدا دەبینرێت".

چاودێرە سیاسیەكە رونیدەكاتەوە، سلێمانی وێڕای ئەوەی كە مەڵبەندێكی گەورەی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كوردبووە، لەهەمان كاتتدا پێگەیەكی مەزنی روناكبیری‌و شارستانیە".

 

PUKmedia  له‌ چاودێر-ـه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket