riklam

مەلا بەختیار 45 رۆژ پێش ئێستا هۆشداریدا

کوردستان 05:54 PM - 2015-10-08
.

.

 لە رۆژی 24 ی ئابی 2015، واتا 45 رۆژ لەمەوبەر، مەلا بەختیار لە سەروتاری رۆژنامەی چاودێر، بەناونیشانی،  "گەندەڵی‌و .. قۆناغی دووەمی راپەڕینی دیموكراسی" باس لە ناڕەزاییەتیەكانی خەڵكی دەكات‌و، پێی وایە، قۆناغی دووەمی راپەڕین، ناوچەكە دەگرێتەوە. لەهەمانكاتدا، هۆشداری ئەوەی دابوو كە، ئەو ئامانجانەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دوو دەهەیە چاوەڕوانی بەدیهێنانیانە، ئەگەر بێت‌و دوای چارەسەركردنی كێشە سیاسی‌و دەستوریەكان، ئەركی دەستبەجێی حكومەت‌و پەرلەمان، ئەو پرۆژە ستراتیژیە چاكسازییە نەبێت، ئەوا چاوەڕوانی.. چاوەڕواننەكراو بین.

ئەمەش لە كاتێكدا كە هاووڵاتیان، بەهۆی وەرنەگرتنی  مووچەكانیانەوە بۆ ماوەی سێ مانگ‌و  نەبوونی ئاو و كارەباو، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، رژاونەتە سەر شەقامەكان‌و، مامۆستایان‌و فەرمانبەران بایكۆتی دەوامیان راگەیاند‌و، دەڵێن: "تا حكومەت مافە داراییەكانیان پێ نەدات، ناچنەوە سەر كارەكانیان".

هەروەها، ئەمڕۆش 8 ی تشرینی یەكەمی 2015، لەكاتی بەڕێوەچوونی نۆهەمین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نێوان "یەكێتی، پارتی، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ"  بەشێك لە هاووڵاتیان رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، چوونە  شوێنی  كۆبوونەوەكەو،   داوایان لە لایەنەكان كرد كە بگەنە رێككەوتن‌و كۆتایی بە كۆبوونەوەكان بهێنن‌و، چارەسەری قەیرانەكان بكەن.

مەلا بەختیار، لە سەروتارەكەیدا، جگە لە باسكردنی كەترسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕلست لەبارەی دۆخی  هەرێمی كوردستانیشەوە، نوسیویەتی:   كوردستان، بەدەر نییە لەو دۆخە. من قەد ناتوانم بڵێم، كوردستان هاوتای عێراق، یان وڵاتانی تر، گەندەڵی تیایە. یان دەستكەوت‌و خزمەتی لەو وڵاتانە كەمترە. بەڵام، ئەو رادە گەندەڵیەی هەیە، زیان‌و ئازارەكانی، نكۆلی لێناكرێت. خەڵكی لای ئێمە، بەم رادە گەندەڵیەی هەیە، بەو كێشە ئابورییانەی موچەو كارەباو پەككەوتنی پرۆژەكان، حوكم لەسەر دەسەڵاتی كوردستان دەدات. هیچ كەسێك نایەت بەراوردی رادەی گەندەڵی كوردستان، بە رادەی گەندەڵی عێراق، یان دەوروبەرمان، بكات، پاشان بڵێت، مادام گەندەڵیی كوردستان كەمترە، كەوابێ‌ بەبێ‌ كاردانەوە رۆژگارەكە دەگوزەرێنن. نەخێر، دەبێت دڵنیابین، چارەسەرنەكردنی گەندەڵییەكان، لە دوو دەهەی رابوردوودا، هاوكات، سەرهەڵدانی تەنگ‌و چەڵەمەكانی تر لە دوو ساڵی رابوردودا، رادەی ناڕەزایی خەڵكی بەرزكردۆتەوە.

دەشڵێت: لە دوو دەهەدا، لەم كوردستانە، دوو دزی گەورە سزا نەدران. دوو كاربەدەستی گەورە لێنەخران.  دوو باندی دەستبەسەراگرتنی هەزاران دۆنمی ئەم وڵاتە، نەگیران. دوو خاوەن كۆمپانیای دەرمانی ئێكسپایەر، رسوا نەكران. دوو بەرتیلخۆر، خاوەن كۆمپانیای نهێنی، بازرگانی بە شتومەكی ماوە بەسەرچوو، ژنكوژ، نەدرانە دادگای ئاشكرا. ئەو كۆمپانیایانەی لەبواری خانوبەرەدا، بەهەڵەی سیاسەتی وەبەرهێنان 800% قازانجیان كردو ئێستا بەهەمان پارەی بێ رێسای ئابوری كۆكراوەوە، ناوبەناو بە منەتەوە یارمەتی شەهیدان دەدەن، لە دوو كۆمپانیایان نەپێچرایەوەو دەست بەسەر قازانجی ناشەرعییان نەگیرا.

مەلا بەختیار،  دەڵێت:  شەفافیەتی هەناردەی نەوت، دڵنیایی لای رای گشتی دروستنەكردبێ‌، لە وڵاتێكی وادا، بێگومان، دەبێ‌ هاوكاتی چارەسەركردنی كێشە سیاسی‌و دەستوریەكان، بەزوترین كات، ستراتیژی ریشەكێشكردنی گەندەڵی، گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی، كاراكردنی دەسەڵاتی چاودێری پەرلەمان، دەسەڵات پێدانی زیاتری دەزگاكانی چاودێری دارایی، هەروەها، پەیڕەوكردنی سەرەتاكانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، لەگەڵ بایەخدانێكی زۆر زیاتر بە تەنمیە، توانا زانستیەكان‌و گۆڕینی سیستەمی پەروەردە.. تاد. دەبێت، خەمی راستەقینەی ئەم ئەركانە بخورێت‌و، وەكو دوو دەهەی حوكمڕانیی كابینەكانی پێشوو، كابینە بەرێنەكرێت‌و لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا، دیسان بەڵێنی چاكسازی بەخەڵك بدرێتەوە.

لە كۆتایشدا، مەلا بەختیار، نوسیویەتی: ئێمە كە لەوباوەڕەداین، قۆناغی دووەمی راپەڕین، ناوچەكە دەگرێتەوە. لەهەمانكاتدا، پێمانوایە، بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی هاوڵاتی، دوو دەهەیە چاوەڕوانی بەدیهێنانیانەو، ئەگەر بێت‌و دوای چارەسەركردنی كێشە سیاسی‌و دەستوریەكان، ئەركی دەستبەجێی حكومەت‌و پەرلەمان، ئەو پرۆژە ستراتیژیە چاكسازییە نەبێت، ئەوا چاوەڕوانی.. چاوەڕواننەكراو بین.

گەندەڵی‌و .. قۆناغی دووەمی راپەڕینی دیموكراسی

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket