riklam

باكور به‌ره‌و كوێ

بیروڕا 03:32 PM - 2015-10-08
.

.

گۆمی سیاسی له‌ باكوری كوردستان و توركیا تادێ زیاتر ده‌شڵه‌قێت، به‌جۆرێك ئێستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا كاری نه‌شیاو و قێزه‌ون ده‌كه‌ن.

لوتكه‌ی ئه‌م دڕنده‌ییه‌ی ئایینده‌ی سیاسی توركیا به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ ده‌بات كه‌ بێگومان روونه‌ وه‌ك ئاسۆ، كه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و سوریای هاوسێی ده‌ڕوات و شه‌ڕ له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌چێته‌ لوتكه‌و په‌كه‌كه‌ به‌هۆی ره‌فتاری نامرۆڤانه‌ی سوپای توركیا زیاتر رق ئه‌ستور ده‌بێت و شه‌ڕ له‌ناوخۆ ده‌چێته‌ لوتكه‌، كه‌ په‌كه‌كه‌ وا ده‌بێژێت كه‌ شه‌ڕ به‌ره‌و قوڵایی ناوچه‌ تورك نشینه‌كانی ناو خاكی توركان ده‌بات له‌پێشهاتێكی له‌وجۆره‌شدا ئابوری و باری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ له‌مه‌ شڵۆتر ده‌بێت و هه‌ژاری ده‌بێته‌ مانیفستۆی سه‌رده‌می سوڵتانی ئه‌ردۆگان.

چی له‌ باكور رووده‌دات سیناریۆكان چۆنن؟
هاتنی سوپای روسیا بۆ سوریاو هه‌ماهه‌نگی زیاتری هێزه‌ كوردییه‌كانی خۆرئاوا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو زلهێز روسیاو ئه‌مریكا، ده‌ره‌زینكی زیاتر له‌مه‌ڕ په‌كه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌جۆرێك په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌كه‌كه‌و ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ده‌چێته‌ قۆناغی باڵاوه‌، هه‌ردوولا به‌سوود وه‌رگرتن له‌وه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ شه‌ڕی زه‌مینی ده‌كات ده‌گه‌نه‌ رێكگه‌وتن، به‌ڵام پێده‌چێت رێككه‌وتنه‌كان زیاتر هه‌ماهه‌نگی بن واته‌ ستراتیژی نه‌بن بۆ ئه‌م قۆناغه‌.

له‌كاتی به‌ركه‌وتنی هه‌ردوو بلۆكی كۆن واته‌ بلۆكی سۆسیالی كه‌ روسیایه‌و بلۆكی سه‌رمایه‌داری كه‌ ئه‌مریكایه‌، بێگومان خۆشبوونی ئاگری ئه‌وشه‌ڕه‌ واده‌كات كه‌ كورده‌كان ته‌رفگیری زیاتر بكه‌ن، به‌ڵام من پێموایه‌ له‌نێوان روسیاو ئه‌مریكادا، كورده‌كان ده‌بێت ئه‌مریكا بژارده‌یان بێت، چونكه‌ رووسه‌كان دۆستی راسته‌قینه‌ی عه‌ره‌به‌كان و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌مریكییه‌كان شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی دۆستانه‌ ده‌كه‌ن، واتا وابه‌سته‌ی ستراتیژی نین به‌ڵكو به‌دووی به‌رژه‌وه‌ندی نوێ و هاودۆستی تازه‌ ده‌گه‌ڕێن، كه‌ ره‌نگه‌ له‌م قۆناغه‌دا هاوپه‌یمانی ستراتیژی بۆ كورد كارتێكی به‌هێز بێت، كه‌ ئه‌وكاته‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات.

له‌لایه‌كی تر له‌هه‌ڵبژاردنی نۆڤه‌مبه‌ر له‌توركیا كورد له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنێكی تردایه‌، چونكه‌ شه‌ڕ گه‌رم بێت یان نا كورد له‌ باكور بۆ ئه‌م گه‌ره‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ربه‌ستی 10% هه‌ڵبژاردنه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت و ره‌نگه‌ ده‌نگه‌كانی هه‌ر 13% بمێنێته‌وه‌، پرۆسه‌ی سیاسی له‌توركیا دووباره‌ ده‌چێته‌وه‌ قۆناغی بنبه‌ست وه‌ك چۆن له‌ 7ی حوزه‌یرانی رابردوو بیری تاكڕه‌وی نه‌ته‌وه‌په‌رستی نه‌یتوانی چیتر سه‌رده‌سته‌ی قبوڵ نه‌كات و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌ نوێیه‌كه‌ بكات كه‌ هه‌ده‌پ بوو، سه‌ركه‌وتنی 7ی حوزه‌یران تاقانه‌ترین فاكته‌ربوو بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ شه‌ڕ ده‌ستپێبكات و ئاشتی بكه‌وێته‌ ژێر پێ و سوپاو ئه‌ردۆگانیه‌كان هه‌موو رێگه‌یه‌كیان گرته‌به‌ر تا دووباره‌ وڵاته‌كه‌یان بگێڕنه‌وه‌ بۆ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌وه‌ی كورد هاوبه‌ش نه‌بێت له‌توركیادا، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر ریسه‌ كۆنه‌كه‌ن كه‌ وای ده‌بینن له‌توركیادا یه‌ك میللـه‌ت هه‌یه‌و یه‌ك ئاڵاو یه‌ك ناسنامه‌ی توركچێتی كه‌مالی هه‌یه‌، ئه‌و بیره‌ش وه‌ها خۆی په‌روه‌رده‌ كردووه‌ كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ نین به‌ڵكو به‌شێكن له‌توركیاو وه‌ك "توركی شاخستانی" ناویان ده‌به‌ن.

هاوكات په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌ هه‌رێمی جیهانی و ناخۆییه‌كان وا ده‌ریده‌خات كه‌ توركیا به‌ره‌و رابردوو بچێت و كوده‌تا دووباره‌ له‌و وڵاته‌ بكرێت و هاوشێوه‌ی سیسی كه‌ چۆن له‌ میس ئیخوانه‌كانی دادگای كردو ده‌وڵه‌ته‌كه‌یانی پوچ كرده‌وه‌، ئاواش ئه‌ردۆگان به‌ره‌و زیندان بڕوات و له‌سه‌ر هه‌موو زوڵم و سته‌مه‌كانی دادگایی بكرێت.

گرنگتر له‌م ئه‌گه‌ره‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد له‌توركیا به‌ره‌و خۆسه‌ری ده‌ڕوات و كه‌شێكی وا بۆ كورد دێته‌پێش كه‌ كورده‌كان خاوه‌نداری دیرۆكی له‌خۆیان بكه‌ن و چیتر به‌ده‌سه‌ڵاتی بیری سوڵتانی توركه‌كان رازی نه‌بن و خۆیان سه‌رده‌سته‌و حاكم بن كه‌ چۆن په‌كه‌كه‌ له‌خۆرئاوا ئه‌و حاكمێتیه‌ی فه‌رز كرد ئاواش به‌سوود وه‌رگتن له‌دۆخی شڵه‌قاوی ناوخۆی توركیا ده‌ست به‌هه‌مان سیناریۆی خۆرئاوا ببات.

رێبین عومه‌ر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket