riklam

شــه‌ڕی ئــه‌ردۆگــان

بیروڕا 01:35 PM - 2015-08-31
عبدالله‌ بوحبیب

عبدالله‌ بوحبیب

عبدالله‌ بوحبیب
له‌دوای ئینقلابه‌كه‌ی مسته‌فا ئه‌تاتورك له‌ساڵی 1923، توركیا ڕووی كردوه‌ ڕۆژئاوا، له‌وساوه‌ پیته‌كانی خۆی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ لاتینی گۆڕی و له‌ حوكمی وڵاتدا پشتی به‌ سیسته‌می عه‌لمانی به‌ست، له‌ شه‌ڕی جیهانی دووه‌میشدا له ‌به‌رامبه‌ر لكاندنی لیوای ئه‌سكه‌نده‌رۆن پێیه‌وه‌ بووه‌ پاشكۆی هاوپه‌یمانان و دواتریش هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌سی، له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هاوپه‌یمانێتی گرێدا و چه‌ند جارێكیش له‌ده‌رگای یه‌كێتی ئه‌وروپایدا، له‌وساوه‌ دیپلۆماسیه‌تی توركی ئاڕاسته‌كه‌ی ڕووه‌و پایته‌خته‌كانی ڕۆژئاوا گۆڕی، به‌ڵام زه‌مینه‌ی ناوخۆی وڵات و كه‌شی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مه‌ی پێ هه‌رس نه‌ده‌‌كرا و ماوه‌ ماوه‌ ئینقیلابێكی سه‌ربازی ڕوویده‌دا، تاوای لێهات له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو یه‌كێتی ئه‌وروپا و په‌یمانی ئه‌تڵه‌سی توانیان سه‌ركردایه‌تی سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ بهێننه ‌سه‌ر خه‌تی نیمچه‌ دیموكراسی تا چیتر ئینقیلاب له‌و وڵاته‌ ڕوونه‌دات.
قه‌یرانێكی ئابووری گه‌وره‌
له‌هه‌ڵبژاردنی  2002 دا پارتی داد و گه‌شه‌پیدانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌دوای قه‌یرانێكی ئابووری گه‌وره‌ بردیه‌وه‌، ئه‌وكات ئه‌و ته‌نگژه‌و قه‌یرانه ئه‌و پارت و هێزه‌ لیبرال و عه‌لمانیانه‌ی تووشی شكست كردبوو كه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كان حوكمی وڵاته‌كه‌یان ده‌كرد، ‌كه‌ ئه‌وهات به‌كردار وڵاته‌كه‌ی له‌ ئاڕاسته‌ی ڕۆژئاواوه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست گۆڕی و كێشه‌ی ئه‌وتۆی له‌به‌رده‌م نه‌ما، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی به‌هاری عه‌ره‌بی كاتێك پاڵی دایه‌ گروپ و هێزه‌كانی ئیخوان له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان و ناوچه‌كه‌ دیسان ناكۆكی له‌گه‌ڵ هه‌موویان، ته‌نها قه‌ته‌ر نه‌بێت، دروست كرده‌وه‌و به‌درێژایی شه‌ڕی ناو‌خۆی سوریا ئه‌و وڵاته‌ خۆی كردوه‌ ته‌ره‌ف و ئه‌ردۆگان باشووری وڵاته‌كه‌ی سه‌ر سنووری سوریای كرده‌‌ جێی ته‌ڕاتێنێی داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ و هاوكاریكردنی گروپه تیرۆریستیه‌كان و گوێزانه‌وه‌یان بۆ خاكی سوریا.
ئێستا ده‌كرێ بپرسین بۆچی حكومه‌تی ئه‌ردۆگان به‌م دوادواییه‌ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ داعش هه‌ڵگیرساندو ڕێی به‌فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان دا له‌ بنكه‌ی ئینجه‌رلیك له‌داعش بده‌ن و بۆچی چه‌كداره‌ كورده‌كان بۆردومان ده‌كات؟ هۆكاره‌كان گه‌لێ زۆرن له‌پێشه‌وه‌یاندا شاردنه‌وه‌ی شكستی پارته‌كه‌ی داد و گه‌شه‌پیدان له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو به‌ لێدانی كورده‌كان و تۆڵه‌ لێكردنه‌وه‌یان كه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ 80 كورسیان بۆ پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) مسۆگه‌ر كرد له‌به‌رامبه‌ر 258 بۆ پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان، هه‌رچه‌نده‌ به‌گشتی كورده‌كان زیاتر پشتگیری پارته‌ ئیسلامیه‌كان ده‌كه‌ن وه‌ك له‌ عه‌لمانیه‌كان .
هۆكاری تر فه‌شه‌له‌كه‌یه‌تی له‌ڕازیكردنی ئه‌مریكا به‌ دانانی ناوچه‌یه‌كی دژه‌فڕین له‌ ئاسمانی باكووری سوریا و سه‌ركه‌وتنی كورده‌كانی سوریا به‌ هاوپه‌یمانی كورده‌كانی توركیا و به ‌یارمه‌تی ئه‌مریكا بۆ زامنكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام به‌ پانتایی 75 له‌سه‌دای باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا.
كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدا
وه‌ك دیاریشه‌ ئه‌ردۆگان به‌رده‌وامه‌ له‌زیندانیكردنی هه‌موو كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا جا ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسبن یان سیاسه‌تمه‌دار یان فه‌رمانبه‌ری حكومی یان كه‌سی ئاسایی، حكومه‌ته‌كه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان به‌ ده‌ست تیكه‌ڵكردن له‌گه‌ل پارتی كرێكارانی كوردستان تاوانبار ده‌كات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و كیشمه‌كێشمه‌دا ده‌یه‌وێت پارته‌ شكستخواردوه‌كه‌ی له‌ده‌سه‌لات بهێڵێته‌وه‌، چونكه‌ داود ئۆغلۆی سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ڕاسپێردراوه‌ كابینه‌ی حكومه‌ت پێك بهێنیت تیایدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ به‌وه‌ی هیج له‌ پارته‌ براوه‌كان (پارتی دیموكراتی گه‌لان، نه‌‌ته‌وه‌ی توركی، گه‌لی كۆماری) نایانه‌وێت له‌گه‌ل داد و گه‌شه‌پیدان هاوپه‌یمانێتی ببه‌ستن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و ئه‌ردۆگانیش ده‌یه‌وێت حكومه‌تی كه‌مینه‌ پیك بێنێ و سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ڕابگه‌یه‌نێت و له‌م باره‌شدا پێگه‌ی به‌هێز ده‌بێت.
ئه‌ردۆگان له‌و شه‌ڕه‌یدا له‌گه‌ڵ كورده‌كان ده‌یه‌وێت به‌ توركه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان و دوژمنانی پارتی كریكارانی كوردستان نیشان بدات كه پارته‌كه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌و به‌مجۆره‌ پێگه‌ی پارتی نه‌ته‌وه‌یی توركی لاواز ده‌كات كه ‌80 كورسی په‌رله‌مانیان هێناوه ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ده‌نگه‌ و كورسیه‌كانیان ببات، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ش به‌ تاوانبار و دژ به‌ نیشتمان له‌قه‌ڵه‌م بداو له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی داهاتوودا نه‌توانن ڕیژه‌ی 10% ی ده‌نگه‌كان بێننه‌وه‌ و به‌شیك له‌ده‌نگی كوردانیش بۆ پارته‌كه‌ی خۆی ببات، كاتێك ئه‌و پلانه‌ی به ‌ئه‌نجام گه‌یشت ئه‌وسا به‌ئاسانی ده‌توانێت حكومه‌ت پێك بێنی.
بۆیه‌ ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی سه‌ر پارتی كریكارانی كوردستان تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێ و له‌ژیر په‌رده‌ی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆر له‌داعش ده‌داو ڕێ به‌هاوپه‌یمانان ده‌دات له‌خاكی ئه‌وه‌وه‌ په‌لاماری داعش بده‌ن تائه‌و كاته‌ی پلانه‌كانی جێبه‌جی ده‌بێت.

وه‌رگێڕانی: بورهان ئه‌مین
 سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی السفیر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket