گرنگی ستایش و هاندان.. بۆ منداڵان
ریپۆرتاژ 02:07 PM - 2015-08-30.
نووسه‌رو پزیشكی ناسراوی ده‌روونی (رۆدلف دریكۆس) ده‌ڵێت: "منداڵ پێویستی به‌هاندان هه‌یه.. هه‌روه‌كو چۆن رووه‌ك پێویستی به‌ئاو هه‌یه.." ستایش و هاندان، دوو وشه‌ی هاومه‌به‌ستن، به‌جیا بێن یا پێكه‌وه، یا كامیان پێشئه‌وه‌ی تریان بكه‌وێت. مه‌به‌ست له‌ستایش و له‌هاندان، بریتیه له به‌جوانی ناوهێنان و له‌به‌رچاوگرتنی باشییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌و تواناكانی مرۆڤن.. هاندانی مرۆڤه بۆ درێژه‌پێدان و گه‌شه‌كردن و چه‌سپاندنی كار‌و ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وته دروست و ئه‌رێنییه‌كانیانن. هاندان و ستایش پێویستییه‌كی سه‌ره‌كین و، گرنگییه‌كی گه‌وره‌یان له‌ژیانی ئه‌مڕۆو داهاتووی مرۆڤدا هه‌یه.. به‌ستایش و هاندان، مرۆڤ هه‌ست به‌خۆشی و شانازی و دڵنیایی و پێ‌زانین ده‌كات.. وشه‌و رسته شیرین و جوانه‌كانی ستایش و هاندان، ده‌بنه هانده‌رو پاڵپشتێكی به‌هێز بۆ درێژه‌دان و گه‌شه‌كردنی كاری جوانتر‌و ئه‌نجامی باشتر .
منداڵ و گه‌وره پێویستیان به‌ستایش و هاندان و پیاهه‌ڵدان هه‌یه.. هاندان و ستایش گوڕوتینێكی زیاتر به‌مرۆڤ ده‌به‌خشن و.. هانده‌رن بۆ درێژه‌دان به‌كارو به‌ره‌فتاره باشه‌كانیان.. ستایش و هاندان و خه‌ڵاتكردن، زیاتر تواناكانی مرۆڤ ده‌وروژێنن و.. زیاتریش ده‌یانه‌وێت خۆیان ده‌ربخه‌ن و، ئه‌وه‌ی له‌باریاندایه بگه‌یه‌نن.. ستایش و هاندان زاخاوی به‌هره‌و تواناكانی مرۆڤن ده‌ده‌ن.. ئاسوده‌یی و بڕوابه‌خۆبوون و، هیواو گه‌شبینی ده‌خه‌نه دڵی مرۆڤه‌وه.. هه‌میشه وشه شیرین و جوان و باشه‌كان، هێزێكی ئه‌فسووناوی گه‌وره‌یان هه‌یه، بۆ گه‌یاندنی خۆشه‌ویستی و، رێز‌و پیزانین.. وشه‌و رسته‌كانی هاندان و ستایش و پیاهه‌ڵدان، ئه‌گه‌ر له‌ناخی دڵه‌وه ده‌ربچن، هه‌موویان گوزارشت له‌واتایه ده‌كه‌ن كه :(من گرنگی به تۆ ده‌ده‌م..) ئه‌گه‌ر وشه‌و رسته‌كانی هاندان له‌كات و شوێنی كاره ئه‌نجامدراوه باشه‌كاندا، به‌خێرایی بوترێن.. یا ئه‌و كه‌سه به‌خێرایی خه‌ڵات بكرێت.. ئه‌و وشه‌و خه‌ڵاتانه به‌خێرایی له‌یادناچنه‌وه .
زانایانی ده‌روونی جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی و كاریگه‌ری هاندان و ستایش ده‌كه‌نه‌وه، به‌لای ئه‌وانه‌وه ستایش و هاندان، بزوێنه‌رو پاڵنه‌رن، بۆ درێژه‌دان و گه‌شه‌كردنی كار‌و ره‌فتاره‌ی په‌سه‌ندو، به‌ها جوانه‌كان و ره‌وشتی به‌رزو شكۆداری و شانازی و پیاوه‌تی و مرۆڤایه‌تی و ڕێز‌و خۆشه‌ویسی و به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.. ئه‌م به‌ها به‌رزو جوانانه‌له دڵه قنجه‌كانی منداڵاندا ده‌ڕوێنن..(شه‌كســپیر) ده‌ڵێت: "هیچ شتێك هێنده‌ی ستایش و پیاهه‌ڵدان.. كارناكاته سه‌ر منداڵ "
ئێمه‌ی مرۆڤ، بریتین له‌كۆمه‌ڵه هه‌ست و نه‌ستێك، هه‌ر به‌هه‌ستی جوان و به‌سۆزداریش، هه‌ستمان زاخاوده‌رێت.. ده‌توانین به‌وشه‌و رسته‌ی شیرین و جوان و شیاو.. به‌هاندان و ستایش.. گوزارشت له‌هه‌ستی ناخی خۆمان بكه‌ین و.. رێز له‌هه‌ستی كه‌سانی تر بگرین.. (مـارك تویــن) ده‌ڵێت: "بێگومان، من به‌قسه‌یه‌كی خۆش.. ده‌توانم سێ مانگ بژیم "
گرنگترین چین كۆمه‌ڵگاش كه پێویستییه‌كی زیاتریان به‌هاندان و ستایش و خه‌ڵاتكردن هه‌یه منداڵانن، كه هیواو نه‌وه‌ی داتوومانن.. ستایش و هاندانی منداڵان هیچی تێناچێت.. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستییه‌كی گرنگه‌و، سوودێكی زۆر گه‌وره‌و، گاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنییان هه‌یه، له‌ژیانی ئه‌مڕۆ داهاتووی منداڵاندا.
ستایش و هاندان، خۆشی و شادی و دڵنیایی و ئاسووده‌یی و هیواو گه‌شبینی به‌منداڵان ده‌به‌خشن.. ئه‌و هه‌سته‌شیان لا دروستده‌بێت، كه ئه‌وان له‌لایه‌ن دایك و باوك و مامۆستاكانیان و كه‌سانی تره‌وه گرنگییان پێده‌ده‌ن و پێزانینیان بۆ كاره باش و ره‌فتاره جوان و نایابه‌كانیان هه‌یه.. رێزیان لێده‌گرن و، پێگه‌یان هه‌یه‌و، په‌رواێز نه‌كراون.. بڕوایه‌كی به‌هێزو متمانه‌یه‌كی زیاتریشیان پێده‌به‌خشن.. بۆ درێژه‌دان به‌كاره باش و دروست و په‌سه‌نده‌كانیان.. وه‌ك ده‌ڵێن: " فێربـوون له‌منداڵـیدا.. وه‌كو نه‌قشی سه‌ر به‌رد وایه "
په‌ندێكی كوردیشمان هه‌یه كه ده‌ڵێت: "ده‌مه، چیت لێ كه‌مه" واته نابێت مرۆڤ له‌قسه‌ی باش و شیرین و جوان‌دا ره‌زیل بێت.. گه‌ر مرۆڤ قسه‌یه‌كی باش بكات له‌ده‌می كه‌منابێته‌وه.. هه‌ر به‌هه‌مان مه‌به‌ست په‌ندێكی تری كوردیمان، ده‌ڵێت: "به‌قسه‌ی خۆش مار له كون دێته‌ده‌ر" واته تا ده‌توانیت، زمانت شیرین بێت و قسه‌ت خۆشبێت، له‌گه‌ڵ مرۆڤدا.. به‌ڵام به‌داخه‌وه، تا ئه‌مڕۆش به‌شێكی زۆر له‌دایكان و باوكان و له‌مامۆستاكان، زۆر به‌كه‌می هه‌ست به‌گرنگی و كاریگه‌ریی هاندان و ستایش و، قسه و رسته‌ی جوان و شیرین و سوودبه‌خش ده‌كه‌ن.. كه‌چی به ریزه وشه‌و رسته‌ی هه‌ست برینداركه‌رو ناشیرین به‌منداڵه‌كانیان ده‌ڵێن.. یا له‌سه‌ر ره‌فتارو هه‌ڵه‌یه‌كی بێ مه‌به‌ست.. به‌قسه‌ی ناشیرین و نه‌شیاو، هه‌ستیان ده‌ته‌زێنن و، رووشكێنیان ده‌كه‌ن.. كورد ده‌ڵێت: (زامی خه‌نجه‌ر ساڕ‌ێژ ده‌بێت.. به‌ڵام زامی قسه‌ی ناخۆش هه‌رگیز ساڕ‌ێژ نابێت) قسه‌ش له‌ده‌م ده‌رچێت.. ناگه‌ڕێته‌وه .
كارتێكردنی ستایش و هاندان له‌سه‌ر منداڵان، روون و زانراوه.. له‌مباره‌یه‌وه چه‌ندین تۆیژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی پراكتیكی و مه‌یدانی، له‌لایه‌ن پسپۆران و ده‌روونناسان و شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌ی منداڵانه‌وه، ئه‌نجامدراون.. كه هه‌رهه‌موویان جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی و كاریگه‌رییه‌كانی هاندان و ستایش له‌ژیانی ئه‌مڕۆ داهاتووی منداڵان ده‌كه‌نه‌وه. هاندان و ستایش به‌هۆكارێكی گرنگ ده‌زانن له‌دروستكردنی كه‌سایه‌تییه‌كی دروست و سه‌ركه‌وتوودا.. هۆكارێكی گرنگیشه بۆ درێژه‌پێدان و گه‌شه‌كردنی، ره‌وشتی به‌رزو كاری جوان و، كۆڵنه‌دان و درێژه‌دان، به‌لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانی سه‌ركه‌وتن و داهێنان .
دایكان و باوكانی ئازیز، مامۆستا دڵسۆزه‌كان، خه‌مخۆرانی منداڵان و داهاتوویه‌كی گه‌شترو شیاوتر بۆ كورد‌و كوردستان.. له‌ئه‌مڕۆدا، ستایش و هاندانی دروست و به‌كارهێنانی وشه‌ی جوان و شیرین و شیاو.. بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی قوتابیان.. بوونه‌ته پێویسی و به‌هۆكارێكی گرنگی په‌روه‌رده‌ی نوێ و فێركردن.. هۆكارێكن بۆ كۆنترۆڵكردنی ره‌فتاره‌كانی منداڵان.. پاڵپشتێكی به‌هێزن بۆ درێژه‌پێدان و گه‌شه‌كردنی ئاكاره باشه‌كان و، كاره ئه‌رێنییه‌كان.. بۆیه پێویسته درێغی نه‌كه‌ن و، به‌ستایش و به‌هاندان، وره‌ی منداڵه‌كانتان به‌رزبكه‌نه‌وه.. هه‌رده‌م دڵه پاك و قنجه‌كانیان پڕبكه‌ن، له‌خۆشه‌ویستی و هیواو گه‌شبینی.. به‌وشه‌و به رسته‌ی ناشیرین، هه‌ستی ناسكیان بریندار مه‌كه‌ن و وره‌یان مه‌ڕووخێنن.. وه‌كو ده‌ڵێن: "دڵ له گـوڵ ناسـكتره "
نموونه‌یه‌كی به‌رزی هاندان و ستایشتان له‌ژیان (تۆماس ئه‌دیسۆن) بۆ ده‌هێنینه‌وه.. ئه‌دیسۆن كه منداڵ بوو، سێ مانگ بوو كه چووبووه پۆلی یه‌كه‌می قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی، له‌سه‌ره‌تای فێربوون و وه‌رگرتندا بوو.. مامۆستاكانی و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ی، به‌گه‌مژه‌و بیركۆڵیان ده‌زانی.. تا رۆژێك به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ی ده‌ری كرد‌و په‌یامێكی بۆ دایكی پیا نارد، كه تێیدا وتبوویان: "باشتروایه كوڕه‌كه‌ت له‌ماڵه‌وه دابنیشێت، چونكه گه‌مژه‌یه" (ماری ئه‌دیسۆن)ی دایكی، له‌وه‌ڵامی ئه‌و په‌یامه‌دا وتی: " كوڕه‌كه‌م گه‌مژه نییه، به‌ڵكو ئه‌وان گه‌مژه‌ن" ئه‌دیسۆنی له‌ئامێز گـرت و پێیوت:" ئه‌گه‌ر هه‌موو كه‌سێك نكوڵی له‌زیره‌كی تۆ بكه‌ن، كوڕه بچكۆله‌كه‌م، بۆ تۆ ئه‌وه به‌سه، كه من بڕوام به‌وه هه‌یه تۆ كوڕه زیره‌كه‌كه‌می.. لێیان گه‌ڕی چی ده‌ڵێن با بیڵێن، تۆ گوێ له‌من بگره: تۆ زیـره‌كترین منداڵی له‌جیهاندا "بۆیه (ئه‌دیسۆن) خۆی به‌قه‌رزای دایكی دازانێ و ده‌ڵێت: "دایكم بوو كه فێری كردم، چونكه رێزی لێده‌گرتم و بڕوای پێم هه‌بوو.. ئه‌و هه‌سته‌ی پێبه‌خشیم، كه من گرنگترین كه‌سم له‌بووندا، بوونی منیش، بوو به‌پێویستییه‌كی گرنگ له‌پێناوی ئه‌ودا.. به‌ڵێنم به‌خۆم دا، كه شه‌رمه‌زاری نه‌كه‌م، وه‌ك چۆن ئه‌و هه‌رگیز شه‌رمه‌زاری نه‌كردم "به‌ڵێ ئه‌دیسۆن به‌هۆی پشتگیری و ستایش و هاندانی دایكییه‌وه، پێگه‌یی و وزه‌ی كاره‌باو به‌سه‌دان داهێنانی داهێنان.. بوو به‌و كه‌ڵه داهێنه‌ره، كه تاهه‌تایه، مرۆڤ قه‌رزاری ئه‌ون .
ئه‌دیسۆن، له‌دڵسۆزی و پێزانینی چاكه‌ی دایكی‌دا، ده‌ڵێت: "له‌ژیانمدا هه‌رزوو ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه به ره‌هایی، دایك باشترین بوونه‌وه‌ره "
كه‌واته هیچ شتێك، به‌قه‌ی هاندان و ستایش و پشتگیری، دروستكه‌رو كاریگه‌ر نین.. پێویستییه‌كن، كه هیچ پێویستییه‌كی تر ناتوانێت شوێنیان بگرێته‌وه.. هاندان و ستایش به‌هه‌ستێكی ته‌واو و به‌تێگه‌یشتن و بڕواپێكردنه‌وه.. پاڵپشتن بۆ بزواندنی سۆز‌و هه‌ستی منداڵان.. به‌ڵكو خۆشی و شـادی، به‌گیانیشیان ده‌به‌خشن.. زه‌رده‌خـه‌نه‌ی خۆشی ده‌كه‌وێته سه‌ر لێویان و.. روویان گه‌شترو.. چاویان روونتر.. ده‌بنه‌وه .
هاندان و ستایش، ده‌توانن ئه‌م ئامانجانه بهێننه‌دی :
1ـ شیرینكردنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌رپرسێتییه، له‌لای خودی منداڵان .
2ـ منداڵان بڕوایان به‌خۆیان به‌هێزتر ده‌بێت.. رێزێكی زیاتریشیان بۆ خۆیان ده‌بێت .
3ـ هۆكارن بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ندێ نه‌خۆشیی ده‌روونی، وه‌كو: شه‌رمكردن و ترس .
4ـ یارمه‌تیده‌رن، بۆئه‌وه‌ی منداڵان، به‌هیواو گه‌شبینییه‌وه، له‌داهاتوویان بڕوانن .
5ـ ئه‌و هه‌ست و نه‌سته‌یان لا دروستده‌بێت، كه ئه‌وان له‌لای كه‌سانی تر په‌سه‌ندن.. ئه‌مه‌ش له‌خۆڕازیبوون و،ئاسووده‌یی و دڵنیاییه‌كی زیاتر به‌ده‌روونیان ده‌به‌خشن .
6ـ گۆڕینی روانینی منداڵان، له‌ده‌ره‌وه بۆ ناوه‌وه‌ی خۆیان .
7ـ هه‌ڵنان و له‌به‌رچاوگرتنی كاره باشه‌كانی منداڵان.. بۆ درێژه‌دان به‌گه‌شه‌كردنیان .
8ـ شیرین كردن و پێ‌زانین.. بۆ كاره باشه‌كان و، ره‌فتاره جوانه‌كانی منداڵان .
9ـ ئه‌و ئامانجانه‌و، به‌ده‌یان ئامانجی تریش،كه له‌سایه‌ی ستایش و هانداندا دێنه‌دی.
پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین، كه به‌پێی قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵی و به‌پێی قه‌واره‌و گرنگی كاره باشه ئه‌نجامدراوه‌كان.. ستایش و هاندان و خه‌ڵاتكردن، پایه به‌پایه سه‌رده‌كه‌ون.. ئه‌بێت ستایش و هاندانه‌كان پڕ به‌پێستی كاره جوانه‌كان بن و گونجان و هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ستایش و پاداشت و كاره ئه‌نجامدراوه‌كاندا هه‌بێت .
دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه، كه ستایش و هاندان و ستایشی منداڵان، له‌سه‌ر ئه‌نجامدراوه ئه‌رێنییه‌كانن.. پێویستییه‌كی زۆر گرنگن و كارتێكردنێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ره‌وشت و ره‌فتارو، دروستكردنی كه‌سایه‌تی منداڵان هه‌یه.. بۆئه‌وه‌ی ستایش و هاندان به‌جوانی و به‌دروستی به‌ربگرن و.. به‌باشیش مه‌به‌ست و ئامانجه‌كانیان بپێكن.. پێویسته به‌وردی ئه‌م هۆكاره سه‌ره‌كییانه له‌به‌رچاو بگرین :
1ـ پێویسته هاندان و ستایش و خه‌ڵاتكردن، له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كاره باشه‌كانی منداڵان بن، نه‌ك له‌سه‌ر خودی منداڵان.. بۆ نموونه :
كاتێك كه منداڵێك له‌تاقیكردنه‌وه‌كانی قوتابخانه‌دا، به‌نمره‌یه‌كی باشه‌وه ده‌رده‌چێت.. پێویسته دایك و باوكی، ستایشی ئه‌و كۆشس و هه‌وڵدان و ماندووبوونه‌ی بكه‌ن، كه منداڵه‌كه‌یان بۆ ئه‌م سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجامه باشه‌ی له‌تاقیكردنه‌وه‌كانی قوتابخانه‌كه‌یدا.. وه‌كو پێیبڵێن: "ده‌ستخۆش، تۆ كۆششێكی باشت كرد بۆئه‌وه‌ی ده‌ربچیت و ئه‌م نمره به‌رزانه به‌ده‌ستبهێنیت.." ئه‌مشێوه ستایش و هاندانانه، یارمه‌تی منداڵ ده‌ده‌ن بۆ درێژه‌پێدان و گه‌شه‌كردن و راهاتن له‌سه‌ر كار‌و كۆشش، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی باشتر.. كه‌واته پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر كاره باش و ئه‌رێنییه ئه‌نجامدراوه‌كان بكه‌یینه‌وه، نه‌ك له‌سه‌ر خودی كه‌سه‌كان.. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه نموونه‌یه‌كی تر :
(جـوان)كه كچێكی هه‌شت ساڵانه.. به‌باشی حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یانی گسك دا.. گـه‌ڵا وه‌ریوه‌كانی داره‌كان و هه‌موو خۆڵ و خاشاكێكی حه‌وشه‌كه‌یانی ماڵی و، كۆیكردنه‌وه‌و كردیه ناو سه‌به‌ته‌ی زبڵه‌كه‌یانه‌وه.. هه‌موو شته‌كانی حه‌وشه‌كه‌یانی به‌جوانی له‌شوێنی خوایاندا دانا.. ئه‌مكاره جوانه‌ی كه جوان ئه‌نجامیدا.. بووه هۆی دڵخۆشی دایكی.. دایكی ده‌رباره‌ی ئه‌مكاره جوانه‌ی كچه‌كه‌ی.. به‌مجۆره گۆزارشتی له‌پێزانین و له‌پێخۆشحاڵی خۆی كرد :
دایك: "حه‌وشه‌كه‌مان زۆر پیسبوو.. له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووم كه به‌ڕۆژێك، ئه‌وها جوان پاكبكرێته‌وه . "
جوان: "من وا پاكمكرده‌وه "
دایك: "حه‌وشه‌كه‌مان پڕبوو له‌گه‌ڵاو خۆڵ و خاشاك و شتی تر "
جوان: "من هه‌موویم ماڵی و، پاكمكرده‌وه‌و كردمه ناو سه‌به‌ته‌ی زبڵه‌كه‌وه "
دایك: "بێگومان تۆ هه‌وڵێكی گه‌وره‌ت داوه‌و.. ماندووبوویته "
جوان: "به‌ڵێ، به‌دڵنییایه‌وه ئه‌مه‌م كرد "
دایك: "حه‌وشه‌كه‌مان زۆر پاكه.. مایه‌ی دڵخۆشییه كه مرۆڤ به‌م پاكییه بیبینێت "
جوان: "زۆر پاك و رێكوپێكه "
دایك: "رووخۆشیت و ده‌موچاوی گه‌شت.. ئه‌وه‌م بۆ ده‌رده‌خه‌ن، كه تۆ چه‌ند شانازی به‌م كاره‌ته‌وه ده‌كه‌یت.. زۆر سۆپاس بۆ ئه‌مكاره جوانه‌ت "
جوان ( به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی گه‌وره‌وه ): " سۆپاس دایكه گیان "
جوان هه‌ستی به‌خۆشی و به‌شادییه‌كی زۆر كرد، ده‌رباره وشه جوانه‌كانی دایكی و پێزانینی بۆ ئه‌و ئیشانه‌ی ئه‌نجامیدان.. چاوه‌ڕێی ئێواره‌شی ده‌كرد كه باوكی بێته‌وه‌و حه‌وشه‌كه‌یان به‌و پاكییه ببینێت و.. بۆ جاری دووه‌م شانازی به‌م كاره‌یه‌وه بكات .
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و وشانه‌دا، گه‌ر دایكی وشه‌و رسته‌گه‌لێكی ستایشی وه‌ك ئه‌م وشانه‌ی به‌كاربهێنایه: "تۆ كچێكی چه‌ند مه‌زنی" یا "كچه بچكۆله‌كه‌م جوانه‌كه‌م، تۆ به‌ڕاستی یارمه‌تیده‌ری منی" یا "دایكت به‌بێ تۆ هیچی پێناكرێت" یا هه‌ر رسته‌یه‌كی تری له‌مجۆرانه.. ئه‌م رستانه ئاراسته‌ی خودی كچه‌كه‌ی ده‌كرد.. نه‌ك كاره باشه‌كانی.. ئه‌مه‌ش راست نییه‌و (هه‌ڵه‌یه).. ئه‌م زیاده‌ڕۆییانه له‌ستایشكردنی خودی منداڵدا.. ناراستی لای منداڵ دروستده‌كه‌ن و بێزاری ده‌كه‌ن.. له‌وانه‌یه وا هه‌ستبكات، كه ئه‌و هێنده مه‌زن نییه‌و شایانی ئه‌و ستایش و پیاهه‌ڵدانه نییه‌و.. ئه‌وه فوودانه .
(برولمان) ده‌ڵێت: "ستایشكردنی منداڵ به‌ڕسته‌ی وه‌كو: تۆ هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زنی" یا (له‌تۆپی پێدا: تۆ ئه‌ستێره‌ی ئه‌ستێره‌كانی).. به‌م نازناو و ستایشه زیاده‌ڕۆییانه.. منداڵ هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ده‌كات.. خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو له‌جاری داهاتوودا نه‌توانێت وێنه‌یه‌كی جوانتر بكێشێت.. یا گۆڵێك تۆماربكات.. زۆری پێی شه‌رمه، كه به‌نازناوی "تۆ هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زنی" یا "تۆ ئه‌ستێره‌ی ئه‌ستێره‌كانی" چونكه ئه‌م ستایشانه ئاراسته‌ی خودی منداڵان ده‌كه‌ن، له‌وانه‌یه له‌ڕاستیدا، له‌ئاستی ئه‌و ستایش و پیاهه‌ڵدانانه نه‌بن، هه‌ست به‌ته‌ریقبوونه‌وه‌و به‌شه‌رمه‌زاری بكه‌ن.. راستر ئه‌وه‌یه كه پێویسته ستایشی كاره ئه‌نجامدراوه‌كانیان منداڵان بكه‌ن.. بۆ نموونه: "تۆ وێنه‌یه‌كی جوانت كێشاوه" ، "تۆ یارییه‌كی جوانت كرد"، "تۆ به رووحێكی وه‌رزشی به‌رزه‌وه.. یاریت كرد "
2ـ ستایشی هه‌وڵدانه‌كانی منداڵان بكه‌ن.. ئه‌گه‌ر به‌ئه‌نجامیش نه‌گه‌یشتووبن، ئه‌و بڕوایه‌یان له‌دڵ بڕوێنن، كه شكستی جارێك و دوو جار كۆتایی كاره‌كان نین.. هه‌موو شكستییه‌ك، په‌ندو وانه‌یه‌كی نوێ به‌مرۆڤ ده‌به‌خشن، بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌كی باشتر‌و، هه‌نگاونان بۆ سه‌ركه‌وتن.. (ئه‌دیسۆن)ی كه‌ڵه زانا ده‌ڵێت: "ته‌نها ئه‌و كه‌سانه شكستده‌هێنن، كه واز له‌كۆشش و له‌هه‌وڵدان ده‌هێنن"
(ئه‌دیسۆن) بۆ دۆزینه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌با هه‌زار تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامدا، له (999) یاندا شكستیهێنا، له‌هه‌زاره‌مین تاقیكردنه‌وه‌یدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.. به‌ڵام ئه‌دیسۆن هه‌رگیز هه‌وڵ و تاقیكردنه‌وه‌كانی به‌شكستی ناونه‌بردوون، به‌ڵكو ده‌یوت: "نۆ سه‌دو نه‌وت و نۆ تاقیكردنه‌وه بۆ سه‌رنه‌كه‌وتن هه‌یه "
3ـ ستایشی منداڵه‌كانتان بكه‌ن و به‌باشی هانیان بده‌ن.. چونكه دڵنیایی و ئاسووده‌ییان پێده‌به‌خشن و به‌لای ئه‌وانه‌وه، ستایش و هاندان به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی.. كه په‌سه‌ندن و بایه‌خیان پێده‌ده‌ن .
4ـ به‌ڕاستی و به‌بڕوابوونه ستایشی منداڵه‌كانتان بكه‌ن و ناڕاست مه‌به‌ن و سازشیان له‌گه‌ڵدا مه‌كه‌ن.. چونكه منداڵان، وریا‌و زیره‌كن.. باش ده‌زانن كه ئه‌و ستایشكردن و پیاهه‌ڵدانه‌تان، راستن و دڵتانه‌وه دێن.. یا سازش و رووكه‌شی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنن.. یا زیاده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن و زیاد له‌پێویست ستایشیان ده‌كه‌ن.. زۆر كه‌س هه‌یه بۆ مه‌رام و مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی، كورد وته‌نی: "ماستاو سارد ده‌كاته‌وه" و "مامه حه‌مه‌یی ده‌كات" و له‌خۆته‌ن، به‌شان و باڵ و، له‌ش و لاری كه‌سێكدا هه‌ڵده‌دات .
5ـ شێوازه‌كانی راستی هاندان و ستایش بگرنه‌به‌ر.. چونكه رێبازه راستییه‌كانی ستایش و هاندان.. منداڵان به‌سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌یه‌نن.. له‌مباره‌یه‌وه، تۆیژێنه‌ری مه‌زن (ئیدی برولمان) له (زانكۆی ئۆتریشت) له (نیوزله‌نده) ده‌ڵێت: "گرنگ شێوازی ستایشكردن و هه‌ڵنانه، له‌تواناكان یا به‌هره‌كانی منداڵان "
6ـ ئاماده‌ی ستایش و هاندان بن و دوامه‌كه‌ون.. چونكه خۆشترو كاریگه‌رتر ئه‌وه‌یه له‌كاتی ئه‌نجامدانی كاره‌باشه‌كاندا، گه‌رماوگه‌رم، ستایش و خه‌ڵاتی كه‌سه شایسته‌كان بكرێن.. چونكه له‌وكاته‌دا خۆشی و تام و چێژێكی زیاتر به‌و كه‌سانه ده‌به‌خشن.. كاریگه‌رییه‌كی زیاتریشیان ده‌بێت .
7ـ پێشوه‌خت ستایشی كارێكی منداڵمه‌كه‌ن و.. پێشتریش خه‌ڵاتی مه‌كه‌ن بۆ كارێك كه نیازوایه بیكات.. به‌ڵام هێشتا ئه‌نجامی نه‌داوه .
8ـ وریابن، هه‌رگیز ستایشی كار‌و ره‌فتاری خراپ و چه‌وتی منداڵان مه‌كه‌ن و، هانیان مه‌ده.. تا له‌سه‌ر ئه‌و كار‌و ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وته هه‌ڵه‌و زیانبه‌خشانه، رانه‌یه‌ن و درێژه‌یان پێنه‌ده‌ن.. بۆ نموونه: كه منداڵه‌كه‌تان له‌منداڵێك ده‌دات، بێڕێزییه‌ك ده‌كات، به‌رد له‌ئاژه‌ڵێك ده‌گرێت، لقی داێك ده‌شكێنێت، مان له‌خواردن ده‌گرێت، گاڵته به‌مامۆستاكانی ده‌كات، به‌بێ پرس پاره له‌گیرفانت ده‌رده‌كات، جوێن ده‌دات،.. هتد. پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆو به‌هێمنی تێیبگه‌یه‌نن و پێیبڵێن: "باشتروایه وابكه‌یت.." هه‌ر به‌قسه‌ش وایان لێبكه‌ن كه دان به‌وه‌دا بنێت هه‌ڵه‌ی كردووه، داوای لێبوردنتان لێبكات.. به‌ڵێن و بڕیاریش بدات كه دووباره‌یان نه‌كاته‌وه.. دایكان و باوكانی وریا‌و، مامامۆستا دڵسۆزه‌كان، ده‌زانن كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵانی هه‌ڵه‌دا ده‌كه‌ن و.. چ شێوازیكی سه‌ركه‌وتوو ده‌گرنه‌به‌ر، بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیان.. هه‌رگیز ناكرێت كه (هه‌ڵـه به‌هه‌ڵـه) راستبكرێته‌وه .
9ـ هه‌وڵده‌ن وشه‌كانی هاندان و ستایشتان هه‌مه‌جۆره بن چونكه زۆر دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان جۆره وشه‌و رسته، له‌لای منداڵان چێژیان نامێنێت و، بایه‌خیان كاڵده‌بنه‌وه.. هه‌ندێ له‌مامۆستاكان، زۆر ئه‌م وشانه دووباره ده‌كه‌نه‌وه : (ئافه‌رین، بژی، باشه، زۆرباشه، نایابه، چه‌پڵه‌یه‌كی بۆ لێده‌ن) مه‌رجیش نییه كه هاندان ته‌نها به‌وشه‌و به‌ڕسته بێت.. مامۆستا ده‌توانێت، ئه‌و قوتابییه‌ی كه ئه‌نجامێكی باش به‌ده‌ستده‌هێنێت، وێنه‌یه‌كی له‌سه‌ر (تابلۆی شكۆدار) ی قوتابخانه‌كه‌ی دابنێت، یا ئاڵایه‌كی بچووكی كوردستان، یا نه‌خشه‌ی كوردستان، له‌به‌رۆكی هه‌ڵواسی، یا كتێبێكی منداڵانی پێشكه‌شبكات،.. هتد. یا له‌لایه‌ن دایك و باوكییه‌وه وه‌كو خه‌ڵاتێك، بیبه‌ن بۆ (چاڤی لاند، یا پاركی ئازادی، یا پاركی مناره، یا... هتد ).
جیاوازی له‌نێوان ستایش راست و ستایشی ناراست :
لێكۆڵینه‌وه ده‌روونییه‌كان، ئه‌وه‌یان پشتڕاست كرده‌وه.. كه ستایشكردن و هاندانی راسته‌قینه‌ی هه‌وڵ و كاره باشه ئه‌نجامدراوه‌كانی منداڵان، له‌لایه‌ن دایكان و باوكانه‌وه زمانێكی شیرینی پێویستن و هانده‌رو پاڵنه‌رێكی باش و به‌هێزن و ناكرێت به‌لاوه بنرێن، بۆئه‌وه‌ی منداڵان هه‌وڵێكی زیاتر بده‌ن و ئه‌نجامێكی باشتر بهێننه‌دی.. به‌ڵام پێویسته به‌شێوازێكی راست و دروست و زانستییانه، په‌یامه‌كه‌یان به‌منداڵه‌كانیان بگه‌یه‌نن.. بۆئه‌وه‌ی به‌ڕاستی ئامانجه‌كانی ستایش و هاندان و هه‌ڵنان بپێكن .
زیاده‌ڕۆیی له‌ستایش و هاندان و پیاهه‌ڵدان، یا ستایشی ناڕاست و بۆش و بێبنه‌ما.. زیانیان هه‌یه‌و سوودیان نییه.. زۆر منداڵ توشی شه‌ره‌مه‌زاری ده‌بێت، چونكه توانا‌و به‌هره‌و كار‌و به‌رهه‌مه ئه‌نجامدراوه‌كانی، له‌ئاستی ئه‌و هه‌موو ستایش و پیاهه‌ڵدانه‌دانه‌ی دایك و باوكی‌دا نین.. ده‌شێ وا هه‌ستیش بكات كه سه‌ركه‌وتن ئاسانه‌و.. دواتریش وا هه‌ستده‌كات كه ژیانیش بۆ ئه‌و ئاسانه.. ئه‌مانه هه‌مووی وای لێده‌كه‌ن كه ببێت به‌كه‌سێكی بێ ده‌سه‌ڵات و.. ئاماده‌نه‌بێت كه روبه‌ڕووی كێشه‌و به‌رهه‌ڵستییه‌كان و راستییه‌كان ببێته‌وه كه له‌ژیانیدا روبه‌ڕووی ده‌بنه .
زیاده‌ڕۆیی له‌ستایش و هه‌ڵنان.. هۆی توشبوونی منداڵه به‌نێرگزی :
هه‌ندێ له‌پسپۆرانی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵدا، به‌م شێوازه هه‌ڵه‌و نادروسته.. به‌هۆیه‌كی تووشبوون به (نیرگزی) ده‌زانن له‌نه‌وه‌ی تازه‌دا.. هه‌روه‌كو چۆن له‌به‌شێكی لاوانی ئه‌مڕۆدا به‌دیده‌كرێت.. كه كه‌متر كارده‌كه‌ن و چاوه‌ڕێی ده‌سكه‌وتی زیاتر ده‌كه‌ن.. ئه‌م شێوازه بیركردنه‌وه‌یه ده‌شێ به‌ڕاستی زیان به‌منداڵ بگه‌یه‌نێت و نه‌توانێت به‌هره‌و تواناكانی دروستبكات، كه پاڵپشتن بۆ هێنانه‌دیی ئامانجه‌كانی و پێشكه‌وتنیان.. هه‌ر ئه‌م منداڵه توشی له‌خۆبایی بوون و، خۆبه‌زیاتر زانین و، خۆ به‌جیاواز له‌منداڵانی تر ده‌بێت.. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه له‌ڕاستیدا، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پوك هه‌ڵنراوه.. به‌هره‌و تواناكانی له‌وه كه‌مترن كه وا هه‌ستده‌كات هه‌یه‌تی.. هۆی سه‌ره‌كی ئه‌م توشبوونه‌ی منداڵ به (نێرگـزی)یه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نابه‌ڵه‌دی دایك و باوك، كه زیاده‌ڕۆیی له‌ستایش و له‌هه‌ڵنانی به‌رده‌وامی منداڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، كه له‌و ئاسته‌دا نییه.. بێئه‌وه‌ی زیانه‌كان و ئه‌نجامه خراپه‌كانیان له‌به‌رچاو بگرن.. ئه‌و منداڵه‌ی كه تووشی نێرگزی ده‌بێت.. ده‌بێته كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر هه‌ستیارو هه‌میشه شانازی به‌خۆیه‌وه ده‌كات.. تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه به‌هاوڕێكانی بڵێت (من له‌ئێوه باشترم).. كێشه‌كانی منداڵی توشبوو به‌نێرگزی ئه‌وه‌یه كه ناتوانێت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزو به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا هه‌بێت .
توێژینه‌وه‌یه‌كی هۆڵه‌ندی كه به‌سه‌رپه‌رشتی پرۆفیسۆر (ئیدی برولمان) ئه‌نجامدرا.. كۆمه‌ڵێك له‌ده‌رووناسان و په‌روه‌رده‌كاران ئه‌نجامیاندا.. توێژینه‌وه‌كه له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك له‌سه‌ر (565) منداڵی كوڕ‌و كچ، كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان (7 ـ 11) ساڵ بوون، له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا پرسیار له‌دایكان و باوكانیش ده‌كرا.. لێكۆڵینه‌وه‌كه گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه زیاده‌ڕۆیی هه‌میشه‌یی له‌ستایش و هه‌ڵنانی منداڵ، هۆخۆشكه‌ره بۆ تووشبوون به‌نێرگزی.. هه‌ر له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه ده‌ركه‌وت كه ئه‌و منداڵانه‌ی به‌نێرگزی ناوده‌بران.. ئه‌و منداڵانه بوون كه باوك و دایكیان وه‌ك منداڵێكی جیاوازی زیاتر له‌منداڵانی تر، هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا كردوون .
ستایش وه‌ك (په‌نسلـین) وایه.. نابێت به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی دابه‌شبكرێت.. كۆمه‌ڵێك زانیاری و ئاگاداری هه‌ن بۆ به‌كارهێنانی ده‌رمانی به‌هێز.. زانیاری ده‌رباره‌ی كات و راده‌و، ده‌رباره‌ی زیانه ئه‌گه‌رییه‌كانی هه‌ن.. وه‌كو توشبوون به‌خروشت و سوربوونه‌وه‌ی له‌ش.. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش، زانیاری و ئاگاداری ده‌رباره‌ی چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی ده‌رمانی (سۆزداری) هه‌یه .
گرنگترین و دروسترین و ته‌نها ده‌ستووریش ئه‌وه‌یه، پێویسته ستایش ئاراسته‌ی كۆشش و كاره ئه‌نجامدراوه‌كانی منداڵان بكرێن.. نه‌ك ئاراسته‌ی خودی منداڵان بكرێن .
جۆره‌كانی ستایش و هاندان و پاداشت و خه‌ڵاتكردنی منداڵان :
1ـ ستایش و پاداشتی كۆمه‌ڵایه‌تی (وره‌یـی: مه‌عنـه‌وی): كه ئاسانترین و باشترین ستایشه.. له‌خه‌ڵاتی ماددی زیاتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روونی منداڵان هه‌یه.. پاداشتی كۆمه‌ڵایه‌تیش، به‌پێی گونجانی كاره‌كان و ته‌مه‌نی منداڵان جیاوازییان هه‌یه.. له‌وانه‌ش: (زه‌ده‌خـه‌نه، رووگه‌شی، ماچـكردن، له‌ئامـێزگرتن، ده‌ست به‌سه‌ردا هێـنان، ده‌ست خستنه‌سه‌ر شان، ده‌ستكردنه مـل، چه‌پڵه‌لێدان، روانین به‌شانـازییه‌وه، ده‌ستخۆش، ده‌مخۆش، هه‌ربژی، ئافه‌رین، ته‌مه‌ندرێژ بیت، هیوای داهاتوویه‌كی باشت بۆ ده‌خوازم،... ئه‌مانه‌و به‌ده‌یان وشه‌ی جوان و شیرین و ناسكی تری كوردیمان هه‌یه.. ئه‌م وشه‌و رستانه، گوزارشتێكی ئاسایی سۆزدارین بۆ به‌رزكردنه‌و وره‌و هاندانی منداڵان بۆ درێژه‌پێدان و گه‌شه‌كردنی كاره ئه‌رێنییه‌كانیان و به‌دیهێنانی ئه‌نجامێكی باشتر .
2ـ پاداشتی ماددی: به‌رانبه‌ر به ره‌فتارو كاره باشه ئه‌نجامدراوه‌كانی منداڵان، وه‌كو پێ‌زانین هه‌ندێجار خه‌ڵاتی ماددیی منداڵان ده‌كرێت - گه‌ر خه‌ڵاتێكی ساكاریش بێت - بۆ درێژه‌دان به‌كارو ئه‌نجامه باشه‌كانی و به ره‌فتاره جوانه‌كانی بدات.. وه‌ك:
(نوقڵێك، بابه‌تێكی یاری، كتێبێكی ره‌نگاوڕه‌نگی منداڵان، تۆپێكی قنج، پێنووسێكی جوان، بوكه شووشه‌یه‌كی جوان، له‌یه‌خه‌دانی ئاڵایه‌كی كوردستان، بردنی بۆ چاڤی لانـد، بۆ پاركی مناره، هه‌ڵواسینی وێنه‌یه‌كی جوانی له‌سه‌ر (تابلـۆی شـكۆداری) ی قوتابخانه‌كه‌ی،.. هتد.. له‌كۆتاییدا، ئه‌وه دووباره ده‌كه‌ینه‌وه كه ستایش و هاندان و پاداشتی وره‌یی و ماددی، پێویسته له‌كات و له‌شوێنی خۆیاندا بوترێن.. یا پێشكه‌شبكرێن.. چونكه له‌وكاته‌دا خۆشی و تام و چێژێكی زیاتر به‌منداڵان ده‌به‌خشن و كارتێكردنێكی ده‌روونی قووڵتریشیان ده‌بێت.
ن/ ره‌زا شوان - نه‌رویج
هەواڵی زیاتر
-
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەسەر مەزاری مام کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
12:02 PM - 2024-04-23 -
لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی دەستبەکار دەبێت
10:52 AM - 2024-04-23 -
سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی ھەولێری کرد
10:28 PM - 2024-04-22 -
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراق و تورکیا بەرزدەبێتەوە
09:50 PM - 2024-04-22
ئەمانەش ببینە
ئەمڕۆ خەڵاتی زێرینی بلە دابەشدەکرێت
09:29 AM - 2024-04-23
سەرۆککۆماری عیراق و تورکیا: کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن
03:19 PM - 2024-04-22
سەرۆک بافڵ: پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین
02:17 PM - 2024-04-22
فراکسیۆنی یەکێتی داوای چارەسەری پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە سەردانەکەی ئەردۆغان دەکات
11:02 AM - 2024-04-22
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی ھەولێری کرد
کوردستان 10:28 PM - 2024-04-22 -
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراق و تورکیا بەرزدەبێتەوە
عیراق 09:50 PM - 2024-04-22 -
دارا خەیلانی: یەکێتی پابەندە بە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی خۆیدا
کوردستان 08:40 PM - 2024-04-22 -
كونسوڵخانەی ئەمریكا: پشتیوانی لە ئازادی میدیا دەكەین
کوردستان 05:20 PM - 2024-04-22 -
هاوخەمییەكان بۆ كۆچیدوایی عەلی شامار پێشمەرگە و تێكۆشەری دێرین
ی ن ک 05:15 PM - 2024-04-22 -
سەرۆککۆماری عیراق و تورکیا: کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن
عیراق 03:19 PM - 2024-04-22 -
سەرۆک بافڵ: پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین
کوردستان 02:17 PM - 2024-04-22 -
سەرۆکایەتی هەرێم رێزلێنان بە PUKMEDIA دەبەخشێت
کوردستان 12:05 PM - 2024-04-22