riklam

مه‌لا به‌ختیار: پێویسته‌ ستراتیجێكی دیموكراسی روون بۆ ناوچه‌كه‌ دابڕێژین

ی.ن.ک‌‌ 12:33 PM - 2015-08-30
  مه‌لا به‌ختیار پێشوازى له‌وه‌فدێكى سۆسیال دیموكراتى سوید ده‌كات

مه‌لا به‌ختیار پێشوازى له‌وه‌فدێكى سۆسیال دیموكراتى سوید ده‌كات

هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، پێشوازی له‌وه‌فدێكی سۆسیال دیموكراتی سوید ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێمه‌ی كورد له‌خه‌بات به‌رده‌وامین و خوێن ئه‌به‌خشین بۆ دیموكراسیو پێكیشه‌وه‌،  هێشتا كاتمان له‌به‌رده‌مماندا ماوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كار بكه‌ین ستراتیجێكی دیموكراسی روون بۆ ناوچه‌كه‌ دابڕێژین.

ئێواره‌ی رۆژی (29/8/2015) هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، به‌ئاماده‌بونی هه‌ڤاڵان ته‌حسین نامیق، جێگری لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی و سه‌میر ساڵح، نوێنه‌ری یه‌كێتیی له‌سوید، پێشوازیان له‌وه‌فدێكی سوسیال دیموكراتی سوید كرد، كه‌ پێكهاتبون له‌ ئه‌نالینا سۆرینسۆن، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سویدو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و لێپرسراوی تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردو سوید، مۆرتین لۆفبێری، جێگری لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سۆسیال دیموكرات و لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی سۆسیال دیموكرات له‌گه‌ڵ كوردستان و خه‌زه‌ر فاتیمی، رۆژنامه‌نوس.
له‌دیداره‌كه‌دا، گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌هه‌لومه‌رج و گۆڕانكارییه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می راپه‌ڕینه‌كان و ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌می گۆڕانكارییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا، رۆڵی سۆسیال دیموكراته‌كان و پێویستی ستراتیجێكی نوێ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاواره‌كان و پشتیوانی گه‌له‌كه‌مان له‌خه‌بات له‌پێناو دیموكراسی كراو له‌سه‌ره‌تاشدا، هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ به‌خێرهاتنی وه‌فده‌كه‌ی كرد و سه‌ردانه‌كانی وه‌فدی سویدو سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌و وڵاته‌شی به‌مایه‌ی به‌هێزی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ناوبرد.
له‌دیداره‌كه‌داو له‌وه‌ڵامی پرسیارو گفتوگۆكانی وه‌فده‌كه‌ی سۆسیال دیموكراتدا، هه‌ڤاڵ لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، شرۆڤه‌ی بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ناوچه‌كه‌، عیراق و كوردستانی كردو تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌: رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌، به‌ره‌و قۆناغی دووه‌می راپه‌ڕینه‌كانی دیموكراسیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ڕۆین و رونیشیكرده‌وه‌، كه‌: قۆناغی یه‌كه‌می راپه‌ڕینه‌كان له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا له‌هه‌ندێ وڵاتی عه‌ره‌بی و به‌ناوی به‌هاری عه‌ره‌بی به‌رپا بوو، به‌ڵام ته‌نها له‌تونس ئه‌و راپه‌ڕینه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستورو پێشكه‌وتنه‌كانیش له‌و وڵاته‌، په‌یوه‌ندی به‌كۆی رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و پاش رونكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی شكستی راپه‌ڕینه‌كه‌ له‌وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌یخسته‌ڕوو، كه‌: وڵاتانی ئه‌وروپاش، له‌قۆناغی یه‌كه‌می راپه‌ڕینه‌كانیاندا، شكستیان خواردو ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ده‌گه‌ینێت، كه‌ له‌ئه‌وروپای سه‌رچاوه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رده‌م، فه‌لسه‌فه‌و رێنیسانس و چاكسازی ئایینیشدا، راپه‌ڕین به‌یه‌كه‌م قۆناغ، سه‌ركه‌وتنی دیموكراسی به‌دینه‌هێناوه‌.
هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، له‌سه‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، كه‌ له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌، كه‌ دیین و مه‌زهه‌ب به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بێگومان راپه‌ڕین له‌یه‌كه‌م قۆناغیدا، سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستناهێنێت. ئه‌گه‌رچی كاریگه‌رییه‌كانی جیهانگیری، ئابوری، سیاسی و ماس میدیاشی به‌گرنگ له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ زانی و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، وتی: له‌به‌رئه‌وه‌ی رووداوه‌كان له‌سه‌رده‌می جیهانگیردایه‌، بێگومان خێراتر قۆناغی یه‌كه‌م ته‌واو ده‌بێتو گۆڕانكارییه‌كان و قۆناغی دووه‌میش بۆ راپه‌ڕین، زووتر دێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ قۆناغی یه‌كه‌م له‌هه‌ندێ وڵات هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌هه‌ندێ وڵاتی تر قۆناغی دووه‌م وا ده‌ستپێده‌كات.
له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، خۆپیشاندانه‌كانی رۆژانی رابردووی له‌عیراق، لوبنان و وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌ی به‌سه‌ره‌تاو ده‌ستپێك بۆ قۆناغی دووه‌می راپه‌ڕینه‌كان له‌ناوچه‌كه‌ ناوبردو رایگه‌یاند: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌به‌رده‌م قۆناغی دووه‌می گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌دایه‌.
وتیشی: به‌داخه‌وه‌ كه‌ سۆسیال دیموكراته‌كان بۆ قۆناغی یه‌كه‌می گۆڕانكارییه‌كان، نه‌ك هیچ جۆره‌ ستراتیجێكیان بۆ كێشه‌و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو حوسنی موباره‌كو زه‌ینه‌لعابدینیان به‌سۆسیال دیموكرات ده‌زانی و نه‌ك پشتیوانی هیچ حزبێكی دیموكراتی راسته‌قینه‌ی ناوچه‌كه‌شیان نه‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پشتیوانی دوژمنه‌كانی هێزه‌ دیموكراته‌كانیان ده‌كردو رونیكرده‌وه‌، له‌و قۆناغو هه‌لومه‌رجه‌دا، كه‌ بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌ناوچه‌كه‌ شكا بوو، یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت و ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات رووخابوو، ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی و ده‌سه‌ڵاتداری فارسو تورك له‌ناوچه‌كه‌ شكابوون، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیانه‌ی ده‌یانویست ده‌وڵه‌تی نیشتمانی دروست بكه‌ن و ناویان نابوو ده‌وڵه‌تی دیموكراسی، هه‌موویان شكان، هێزه‌ دیموكراته‌كان بێ پشتیوان بوونو زۆریشیان شكان، كه‌چی سۆسیال دیموكراته‌كان له‌هه‌موو دنیادا ته‌نها سه‌یریان ده‌كرد. بۆیه‌ سه‌ره‌نجام بزوتنه‌وه‌ی فێنده‌مێنتالیزم سه‌ركه‌وت و ئه‌وان بوون به‌ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ كۆی بارودۆخه‌كه‌، ئه‌وه‌تا ئێستاش ده‌بینین كه‌ چۆن هه‌موو ناوچه‌كه‌یان گیرۆده‌ی چ بارودۆخێكی ناهه‌موار كردووه‌.
بۆ ده‌ستیپێكی قۆناغی دووه‌می گۆڕانكارییه‌كانیش كه‌ ئێستا له‌ده‌ستپێكردندایه‌و كورد له‌ناوجه‌رگه‌ی رووداوه‌كاندایه‌و یه‌كێتیش په‌یوه‌ندییه‌كی باشدایه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م سۆسیال دیموكراته‌كانی ناوچه‌كه‌و جیهان هه‌یه‌، هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، ره‌خنه‌ی له‌و عه‌قڵییه‌ته‌ گرت كه‌ به‌ناوی سۆسیال دیموكراته‌وه‌ مونته‌دای عه‌ره‌بی به‌ڕێوه‌ده‌باتو وتی: ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ هیچ به‌هیچ ناكات، چونكه‌ ئه‌وانیش له‌رووداوه‌كان دواكه‌وتونو به‌ناوی سۆسیال دیموكراته‌وه‌، ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی تێده‌په‌ڕێنن.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا، له‌ئێستادا بیر له‌وه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ستراتیجێكو سیاسه‌تێكی باشتریان هه‌بێ، ئه‌وا له‌م قۆناغی دووه‌مه‌شدا، هێزه‌ دیموكراته‌كان ناتوانن پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنن. بۆیه‌ وه‌كو كورد، له‌به‌رده‌م واقیعێكی ناخۆشداین، چونكه‌ له‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ئه‌لته‌رناتیڤی دیموكراسی به‌هێز نییه‌و حكومه‌ته‌كانیش وه‌كو خۆیانن.
 وتیشی: ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایا ستراتیجێكی تازه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ یان نا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا به‌ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داعش له‌ئارادایه‌، پشتیوانی كورد ده‌كه‌نو ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌مه‌ ستراتیجه‌، ئه‌وا ئه‌م ستراتیجه‌ خزمه‌ت به‌فێنده‌مێنتالیست ده‌كات، چونكه‌ كولتوره‌كه‌ وایه‌، كه‌ گروپێك لاده‌به‌یت، ئه‌گه‌ر له‌ره‌گ و ریشه‌وه‌ گۆڕانكاری نه‌كه‌یتو ته‌واوی سیسته‌مه‌كه‌ نه‌گۆڕیت، ئه‌وا بێگومان گروپێكی تر دروست ده‌بێت.
له‌كۆتایشدا، هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، په‌یامێكی ئاراسته‌ی سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا كردو تیایدا رایگه‌یاند:
ئێمه‌ی كورد له‌خه‌بات به‌رده‌وامین و خوێن ئه‌به‌خشین بۆ دیموكراسی و پێكیشه‌وه‌،  هێشتا كاتمان له‌به‌رده‌مماندا ماوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كار بكه‌ین ستراتیجێكی دیموكراسی روون بۆ ناوچه‌كه‌ دابڕێژین.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌، وه‌فده‌كه‌ی سۆسیال دیموكراتی سوید، سوپاسی پێشوازییه‌ هاوڕێ و دۆستانه‌ییه‌كه‌یان كردو سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ كوردستان به‌تایبه‌ت ناوبرد. هاوكات ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌شیان رونكرده‌وه‌، كه‌ وه‌ك سۆسیال دیموكراتو وه‌كو حكومه‌تی سۆسیال دیموكراتیش، خوازیاری ئاگاداربوونی زیاترن له‌گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌و ئومێده‌ی به‌شداربن له‌گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا، كه‌ هاوڕێو دۆسته‌كانمانی لێیه‌.
هه‌روه‌ك وه‌فده‌كه‌، ئاماژه‌یان به‌سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ توركیاو باكوری كوردستان كردو له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، به‌پرسیاره‌كانیان، گفتوگۆیان سه‌باره‌ت به‌گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌، بارودۆخی ئاواره‌كان، ئایینده‌ی ناوچه‌كه‌و چۆنێتی هاوكارییو پشتیوانییه‌كانیان بۆ گه‌له‌كه‌مان، له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیدا كرد.


PUKmedia راگه‌یاندنی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket