riklam

سەعاتی سفر!

بیروڕا 04:10 PM - 2015-08-29
.

.

چوارشەممەی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی سەركەوتوودا لە میحوەری داقوق و خورماتووی خوارووی كەركوك، هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دژە تیرۆر بە هاوكاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، توانییان لە داستانێكی كەم وێنەدا دەیان چەكداری رێكخراوی تیرۆریستی داعش بكوژن و 11 گوند و سەدان كیلۆمەتر چوارگۆشە لە چنگی داعش دەربهێنن و ئاڵای پیرۆزی كوردستانی تێدا هەڵبكەن.

وێرای گەورەیی سەركەوتنەكە كە لە كەشێكی سیاسی شەرمناوی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، پەیامێكیش بوو بۆ هەموو لایەك كە پێشمەرگە دامەزراوەیەكی نیشتمانییەو لە هەموو دۆخێكی سیاسیدا بە ئەركەكانی خۆی هەڵدەستێت، وەڵامێكیشە بۆ ئەوانەی پێیان وایە ئەگەر ئەوان نەبن گورگ دەمانخوات! بەڵام من لێرەدا دەمەوێت لەسەر دیاردەیەكی سلبی باو بوەستم و قسەی لەسەر بكەم، كە هەموو جارێك لەگەڵ دەستپێك و پێش هەر هەڵمەتێكی پێشمەرگەدا بڵاودەبێتەوە كە ئەویش بڵاوبوونەوەی كات و ساتی هێرشەكەیە لە ناو خەڵكی بەشێوەیەك لە بازاڕو دانیشتنی فەرمانگەو چاخانەو ماڵەكان سەعاتی سفری هێرشەكە بە وردی باسی لێوە دەكرێت وەك ئەوەی كۆبوونەوەی دەستنیشانكردنی تەوقیتی هەڵمەتەكە لە پەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا راگەیەندرابێت نەك لە كۆبوونەوەی نهێنی سەربازیدا!!

ئەم حاڵەتە سەقەتە كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی تەكنۆلۆژیا بە تایبەتی مۆبایل هەروەها بە هۆی هەندێك بەرپرسەوە كە رۆژێك بەر لە هێرشەكە چەند كامێرامان و پەیامنێرێك حجز دەكەن! تاكو رووماڵی بكەن لە كاتی شەڕەكە! بۆتە دیاردەیەی خەتەرناك و ژیانی پێشمەرگە دەخاتە مەترسییەوە و زۆر جاریش وا دەكات ئامانجەكانی هەڵمەتەكە وەكو نەخشەی بۆ كێشراوە نەپێكرێت، چونكە لە هونەری جەنگدا شتێك هەیە پێی دەڵێن (فن المباغتە) واتا هونەری لەناكاو هەڵكوتانەسەر، كە بەهۆیەوە گورزی سەرەتا لە دوژمن دەوەشێنیت بەبێ ئەوەی بەرانبەرەكەت چاوەڕێی بكات و لە ناغافڵدا دەدەیتەسەر دوژمندا و سەری لێدەشێوێنیت، ئەم (مباغتە)ـیەش بە یەكێك لە رەگەزە سەرەكییەكانی بردنەوەی هەر شەڕێك دادەنرێت چونكە نەیار بە هۆیەوە تووشی شۆكی سایكۆلۆژی دێَت و خۆی پێ كۆناكرێتەوە، بە لەدەستدانی ئەو فاكتەرەش تەواوی نەخشەو پلانەكانی هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی و ئەمنی گۆڕانكاریان بەسەردا دێت.

بۆ رێگرتن لەم دیاردەیەش پێویستە بەكارهێنانی مۆبایل لە بەرەكانی جەنگدا سنوردار بكرێت و بەرپرسەكانیش پێشوەخت رۆژنامەنووسان لە هێرشەكە ئاگادار نەكەنەوە، چونكە ژیانی پێشمەرگەو ئامانجی پیرۆزی جەنگەكە لە هەموو شتێك گرنگترەو ناكرێت بكرێنە قوربانی نمایشێكی تەلەفزیۆنی!

بورهان حاجی سلێمان

وتاری هەفتە – رۆژنامەی هەواڵ ژ631

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket