riklam

پەکەکە بەچەند فرۆشرا؟ ‌

بیروڕا 11:26 AM - 2015-08-26
كۆنترۆڵكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان

كۆنترۆڵكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان

مومتاز ئەرتەركۆنە

لە سەودا‌ و مامەڵەیەكدا پارتی كرێكارانی كوردستان فرۆشرا، لەو سەودایەشدا فرۆشیار ئەمریكا بوو، كڕیاریش توركیا، لەكۆتایی مامەڵەكەشدا هەردوو لایان بەقازانجەوە هاتنە دەرێ، چونكە ئەمریكا رەزامەندی توركیای وەرگرت بۆ بەكارهێنانی بنكەی ئاسمانی ئەنجەرلیك ‌و گرەنتی ئەوەشی وەرگرتووە كە توركیا لەمەودوا زیاتر بەشداری جەنگی دژی داعش بكات. لەبەرامبەردا دەسكەوتی توركیا، دابڕینی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو، بۆ ئەوەی بەئاسانی بتوانێ رێگر بێت لەبەردەم پلانە ستراتیژییەكانیدا.
توركیا ئێستا داعش وەك نەخۆشییەكی كاتی دەبێنێت زۆریش گرنگ نییە لای، بۆ نموونە داعش بۆ توركیا وەك پەتای هەڵامەت وایە، بەڵام پارتی كرێكارانی كوردستان وەك نەخۆشی كوشندەی شێرپەنجە دەبینێت، كە بەهەموو جەستەدا بڵاو بووبێتەوە.

كۆنترۆڵكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان
توركیا بە رێكەوتن لەگەڵ ئەمریكادا توانی رێگر بێت لە دەستكەوت‌و پشتیوانییەكان، كە پارتی كرێكارانی كوردستان بەهۆی شەڕكردنی لەگەڵ داعش دەستی دەكەوت، ئەوكات پارتی كرێكاران كوردستان بۆ بەرگریكردن لەخۆی لەسوریا شەڕی لەگەڵ داعش دەكردو لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریكاشەوە پشتیوانی دەكرا، بەڵام ئێستا توركیا بەشداری شەڕی داعش دەكات، لەبەرامبەر كۆنترۆڵكردنی پارتی كرێكارانی كوردستاندا.
كەس بیری نەچێت ئەمە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەتا پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەوێتە هەمان هەڵە‌وە كە هەندێک لە باكووری عیراق بەدرێژایی سێ نەوە بەدوای یەكدا تێی كەوتن، لەو ماوەیەدا چەندین جار لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە فرۆشران، پارتی كرێكارانی كوردستانیش بەهەمان شێوە فرۆشرا، ئەمریكا‌و ئەوروپا لەم شەڕەدا پارتی كرێكارانی كوردستانیان بەكار دەهێنا وەك دڕكێك لەبڕبڕە پشتی توركیادا ‌و توركیایان پێ دەترساند، هەر كە پارتی كرێكارانیش لە قەندیلەوە بڕیارێكیان ئاشكرا كرد بۆ گواستنەوەی شەڕ بۆ شێوازی شەڕی كۆڵان بەكۆڵانی ناو شارەكان، دەركەوت كە سنووری خۆیان بەزاندووە ‌و لێی قبوڵ ناكەن، كاتێكیش داعش تەقینەوەی لەناو توركیادا ئەنجام دا، ئیتر پارتی كرێكاران ئەو رۆڵەی نەما‌و كۆنترۆڵی لەدەست دا، ئەوەبوو ساڵح موسلم سەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی كوردەكان، كە باڵی سەربازی پارتی كرێكارانە لە سوریا، خواستی خۆی پیشاندا بۆ چوونە ناو سوپاكەی بەشار ئەسەدەوە، دەبێ چوونە پاڵ سوپاكەی ئەسەد چی سوودێكی هەبێت بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان؟
هەر كە سوپای توركیا دەستی كرد بەبۆردومان كردنی چیای قەندیل، كە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە، سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆكی پارتی گەلانی دیموكرات پشووەكەی خۆی كۆتایی پێ هێنا‌و راشیگەیاند، لێ ناگەڕێین شەڕی ناوخۆ لەتوركیا هەڵگیرسێت.

بارودۆخی سیاسی‌و دیپلۆماسی
ئەم قسەیەی ئاراستەی كێ كردووە؟ تۆ بڵێی ئاراستەی حكومەتی توركیای كردبێت، كە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ بەزیانی هاووڵاتییەكانی خۆی تەواو دەبێت؟ نا.. كەواتە ئەم قسەیەی ئاراستەی سەركردایەتی سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە، چونكە ئێستا سیاسەتمەدارانی پارتی گەلانی دیموكرات لە بەرپرسانی سەربازی پارتی كرێكاران باشتر بڕیار لەسەر بارودۆخی سیاسی‌و دیپلۆماسی دەدەن.
لەراستیدا بارودۆخەكە بەو رادەیەش خراپ نییە وەك باسی دەكرێ، چونكە پارتی كرێكارانی كوردستان لەمانگی ئازاری 2013وە بێ دەستكەوت بووە، بەتایبەتی لەرێگەی دزەكردنی هەندێك چەكدار بۆ ناو شارەكان، یان هەڵكەندنی سەنگەر‌و تونێل ‌و كۆكردنەوەی چەك ‌و تەقەمەنی ‌و كەلوپەلی لۆجستییەوە، بەڵام دەسكەوتی راستەقینەی ئەو پارتە لەرێگەی سیاسی‌و دیموكراسییەوە بوو، ئەویش لەڕێگەی پارتی گەلانی دیموكرات، كە توانی بچێتە پەرلەمانی توركیاوە.
پارتی كرێكارانی كوردستان بە خۆئامادەكردن ‌و خۆ پڕچەككردنەكەیدا دیارە، كە بەنیازی چییە، توركیاش بە دەستپێكردنی شەڕ رووبەڕووبوونەوەی خۆی لەگەڵ ئەو پارتەدا راگەیاندووە، بەڵام ئەمەی توركیا دەیكات، هەنگاوێكی ستراتیژی نییە، بەڵكو بەتەنها پەیامێكە بۆ پارتی كرێكاران كە ئەگەر شەڕت دەوێ فەرموو. پارتی كرێكاران چی دەست دەكەوێ ئەگەر شەڕی ناوخۆ لەتوركیا هەڵگیرسێنێت؟ ئایا دەتونێ خۆی لەبەرامبەر حكومەتی توركیادا راگرێ؟ یان تۆ بلێی لەدەرەوە دەنگێك هەبێت بە توركیا بڵێ بەسە هێرشیان مەكەرە سەر؟
بەڵام توركیا لەم نێوانەدا دەتوانێ بەهەڕەشەی شەڕ هەندێك دەستكەوتی سیاسی بەدەست بهێنێ بۆ هەڵبژدن، بەڵام لەم بارودۆخە ناسكەدا حكومەتە كاربەڕێ كەرەكەی توركیا دەتوانێ بارودۆخەكە راگرێ؟
رەنگە ئاسان نەبێت بەتایبەت كە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ نزیكە، لەبەر ئەوە باشتر وایە حكومەتێكی هاوپەیمانی پێكبێت ئەوەش پێش هەموو كەس بەقازانجی پارتی داد‌و گەشەپێدان دەبێت. ئەی پارتی كرێكارانی كوردستان چی بكات؟ بێگومان ئەو پارتەش تێدەگات كە فرۆشراوە‌و تەنها رێگەی دەربازبوونیشی ئەوەیە كە پارتی گەلانی دیموكرات رۆڵی خۆی لەپەرلەمانی توركیادا ببینێت‌و ئەو كاتەش پارتی كرێكاران دەستبەرداری بیرۆكەی شەڕی ناوخۆ دەبێت.


و/ كوردەوان محەمەد سەعید
سەرچاوە/ زمان العربی 15/8/2015

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket