پوخته‌یه‌ك له‌باره‌ی زه‌مینه‌ی دروستبوونی داعشه‌وه
جینۆساید 06:03 PM - 2015-08-10ئه‌گه‌ر توركیا سنووری دابخستایه نه‌به‌ره‌ی نوسره درووست ده‌بوو نه‌داعش
ناسین و خستنه‌ڕووی دیوی ناوه‌وه‌ی داعش، سه‌رچاوه‌ی بیری تیرۆر‌و تۆقاندن، ژینگه‌و گه‌شه‌ی ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه، ناسینی كاره‌كته‌ره‌كانی، هاوكارو پشتیوانه‌كانی و جوگرافیای سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی، یارمه‌تیده‌رێكی باش ده‌بێت بۆ تێگه‌یشتن له ره‌وتی رووداوه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی واقیعیانه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی داعش درووستیكردووه.
ده‌ركه‌وتنی داعش هێنده په‌یوه‌ندی به‌كه‌وتنی سوننه‌كانه‌وه هه‌یه هێنده په‌یوه‌ندی به‌رابردووی ئیسلامه‌وه نییه
به‌و پێیه‌ی داعش زاده‌ی واقیعێكی كلتووری، ئاینی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی ناوچه‌كه‌و جیهانی ئیسلامییه‌و ره‌گ و ریشاڵی درێژ بوونه‌ته‌وه بۆ ناو سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانی ئاین، سیاسه‌ت و ته‌وژمی ئیسلامیی جیهادیی و ئه‌ده‌بیات و مێژوویان بوونه‌ته سه‌رچاوه‌و پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو ئه‌زموونگه‌لێكی به‌سوود بۆ داعش. هه‌رچه‌نده بۆچوونی ئه‌وه‌ش له‌ئارادایه، كه داعش زاده‌ی واقیعی ئێستا و به‌رهه‌می كاپیتاڵیزم و سه‌رمایه‌داری ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه و ده‌ركه‌وتنیشی هێنده‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌كه‌وتنی سوننه‌كانه‌وه هه‌یه له‌لوتكه‌ی سه‌رمایه و كاپیتاڵی عیراقدا هێنده په‌یوه‌ندی نییه به رابردووی ئیسلامه‌وه. شیكارانی خاوه‌ن ئه‌م بۆچوونه بڕوایان وایه به‌ستنه‌وه‌ی داعش به‌مێژووی درێژی حوكمڕانی ئیسلامه‌وه بۆ خۆده‌ربازكردنه له‌تۆمه‌تباركردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری ئێستا‌و گیروگازه‌كانی مۆدێرنیته‌و كاپیتاڵ و راڤه‌كردنێكی جه‌وهه‌رگه‌رایانه‌یه بۆ واقیعێك كه له ئێستادا ده‌گوزه‌رێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی "به‌ختیار عه‌لی" له وتارێكدا به‌ناونیشانی "داعش و تێڕامانێكی سه‌ره‌تایی ده‌رباره‌ی ته‌كنیكه‌كانی ته‌فسیركردن و به‌رگری" و هه‌روه‌ها وتاری " داعش وجه‌وهه‌رگه‌رایی نوێ" خستوویه‌تییه‌ڕوو.
كرده‌وه‌كانی له‌ژێر چارشێوی شه‌ڕی پیرۆزدا ئه‌نجامده‌دات
سه‌ره‌ڕای ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه، به‌ڵام هاتنه ئارای داعش ئاماژه‌یه بۆ ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێی ژیانی ئیسلامی سیاسی خاوه‌ن دیدگای جیهادیی و سه‌له‌فی له‌ناوچه‌كه‌و جیهانداو شیاوی خوێندنه‌وه‌و قوڵبوونه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه، داعش وه‌ك ده‌رهاویشته‌یه‌كی قه‌یرانه‌كانی سه‌رمایه‌و كاپیتاڵ و مۆدێلێكی فاشیه‌تی گرووپ و رێكخراوه ئایدۆلۆژییه‌كانیش بێت له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی شكۆی له‌ده‌ستچوو و پاراستنی شوناسدا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیلهام له‌رابردووی وه‌رده‌گرێت و كرده‌وه‌كانی له‌ژێر چارشێوی شه‌ڕی پیرۆزدا ئه‌نجامده‌دات، شیاوی ئه‌وه‌یه بنكۆڵبكرێت و په‌یی به‌رابردووی ببرێت و له‌و به‌رگه دابماڵرێت كه ده‌یه‌وێت له‌ژێریدا درێژه به‌مانه‌وه‌ی خۆی بدات.
سه‌رهه‌ڵدانی بزاوته ئیسلامییه‌كان و هاتنه ده‌ره‌وه‌یان له‌هه‌ناوی ئیخوان موسلمینه‌وه
سه‌ره‌تا سه‌رهه‌ڵدانی بزاوته ئیسلامییه‌كان و هاتنه ده‌ره‌وه‌یان له‌هه‌ناوی ئیخوان موسلمینه‌وه(1) و گرتنه‌به‌ری رێچكه‌یه‌كی جیا له‌و رێچكه‌یه‌ی ئیخوان گرتبوویه به‌ر، ره‌نگه له‌دامه‌زراندنی یه‌كه‌ی تایبه‌تی چه‌كداری ئیخوان(2) بۆ به‌شداریكردن له شه‌ڕی 1948ی فه‌له‌ستین له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن به‌ننای رابه‌ری ئیخوانه‌وه چه‌كه‌ره‌ی كردبێت(3). ئیخوان له‌كۆتایی ده‌یه‌ی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا یه‌كه‌م كه‌تیبه‌ی چه‌كداری دامه‌زراند. به به‌شداریكردنی له‌شه‌ڕی فه‌له‌ستین ئیدی له‌و قۆناغه‌دا ئیخوان له‌بازنه‌ی میسردا نه‌مایه‌وه. له‌ئاستی عه‌ره‌بییدا شه‌رعیه‌تێكی شێوه شۆڕشگێڕی به‌ده‌ستهێنا، كه هه‌م له‌ناوخۆی میسردا پێگه‌ی ئیخوانی له‌ئاستی گرووپه‌وه به‌ره‌و كۆمه‌ڵایه‌تیبوون و جه‌ماوه‌ریبوون برد‌و هه‌م له‌ئاستی ده‌ره‌وه‌ی میسریشدا بووه هۆی گه‌شه‌ی بیری ئیخوانیی و په‌ڕینه‌وه‌ی بۆ وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی.
رێگه‌خۆشكه‌ر بوو بۆ تیۆریزه‌كردنی فیكری سه‌له‌فیه‌تی جیهادیی له‌ناو ته‌وژمی ئیخوانییدا
ده‌ركه‌وتنی یه‌كێك له كاره‌كته‌ر و تیۆریسته به‌رجه‌سته‌كانی ئه‌ده‌بیاتی ئیخوانی، رێگه‌خۆشكه‌ر بوو بۆ تیۆریزه‌كردنی فیكری سه‌له‌فیه‌تی جیهادیی له‌ناو ته‌وژمی ئیخوانییدا، ئه‌و كاره‌كته‌ره گرنگه‌كه‌ش سه‌ید قوتب (4) بوو، ئه‌و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ئه‌مریكا (1951)، ره‌وتی ژیانی ئه‌ده‌بی خۆی به‌جێهێشت، روویكرده دنیای نووسینی هزریی تایبه‌ت به‌پرسه ئیسلامییه‌كان. به‌نووسینی كتێبی "مه‌شخه‌ڵی رێ (معالم فی گریق)"(5) و دواتریش ته‌فسیركردنی قورئان له‌بۆته‌ی زنجیره كتێبێكدا به ناونیشانی "فی ڤلال القرا‌ن" دیدێكی نوێی جیا له‌بیركردنه‌وه‌ی ئیخوانی خسته‌ڕوو(6)، دیدێك كه له‌بابه‌تی په‌رستراوێتییدا پشت به‌بیروڕاكانی سه‌له‌ف و دانراوه‌كانی محه‌مه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌هاب ده‌به‌ستێت. حاكمییه‌تی خودا ده‌كاته به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌یه‌كتاپه‌رستی خودا. ملكه‌چكردن بۆ فه‌رمانڕه‌وای پشتبه‌ستوو به یاسای دانراو له‌بری یاسای خودا، وه‌ك هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌ی ئیسلام و شایه‌تومان ناوده‌بات.
دابه‌شكاری كۆمه‌ڵگه بۆ دوو به‌ره‌ی "ئیسلام" و "كوفر"
له‌ئاستی سیاسییشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی شاڵاوی ته‌تار و له فه‌تواكانی ئیبن ته‌یمییه به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت. ئه‌و بڕوای به بزوێنه‌ری جیهاد هه‌یه بۆ گێڕانه‌وه‌ی حوكمی خودا بۆ سه‌ر زه‌وی كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵماننشین و بڕوای به دابه‌شكاری كۆمه‌ڵگه بۆ دوو به‌ره‌ی "ئیسلام" و "كوفر" یاخود "تاریكی كوفر" و "رۆشنایی ئیمان" هه‌یه.
چڕكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بوو له‌سه‌ر "دوژمنی ناوخۆیی"
بیروڕاكانی سه‌ید قوتب، بێ پێشینه نه‌بوون. له‌فه‌رهه‌نگی ئیسلامی‌دا باسه‌كانی حوكم، جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت، خیلافه‌ت، جه‌ماعه‌ت، پێشه‌وایه‌تی و ئه‌ماره‌ت، به‌درێژایی مێژووی ئیسلامیی له‌باره‌یانه‌وه نووسراوه. و ئیبن ته‌یمییه‌و ماوه‌ردی و ئه‌بو ئه‌علای مه‌ودودی دیارترین و خاوه‌ن هه‌ژموونی به‌رچاون له‌و باره‌یه‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌ید قوتب له‌هاوبیره‌كانی زیاتر جیاده‌كاته‌وه، چڕكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بوو له‌سه‌ر "دوژمنی ناوخۆیی". مه‌به‌ستی له‌و ده‌سته‌واژه‌یه "ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه‌ن له‌كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵماننشییندا ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست و شه‌ریعه‌تیان به‌لاوه ناوه". لێره‌وه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی لابردن و گۆڕینی رژێمه ناوخۆییه‌كان و ئاراسته‌كردنی گه‌نجان بۆ گۆڕینی كۆمه‌ڵگه له‌رێگه‌ی چه‌ك و كرده‌ی چه‌كدارییه‌وه، فیكری ئیخوانه‌كانی له‌پرسی ئومه‌می بووندا له‌قكرد. له‌هه‌ناوی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا چه‌ندین گرووپ و حزب و كۆمه‌ڵه له‌دایكبوون.
ده‌رفه‌تێكی زێڕینی بۆ هه‌ڵگرانی بیری جیهاد هێنایه پێشه‌وه
داگیركارییه‌كان و پرسی به‌شداریكردن له‌بزاوته سیاسییه شۆڕشگێڕییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ گرووپ و رێكخراوه ئیسلامییه جیهادییه‌كان ره‌خساند، ببنه خاوه‌نی شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی و وه‌ك به‌شێك له‌جوڵانه‌وه‌ی شۆڕشه میللییه‌كان ده‌ربكه‌و‌ن(7). داگیركاری سۆڤیه‌ت له ئه‌فغانستاندا(8)، ده‌رفه‌تێكی زێڕینی بۆ هه‌ڵگرانی بیری جیهاد هێنایه پێشه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌رزه‌مینی "تاریكییه‌وه" رووبكه‌نه سه‌ر زه‌مینی "جیهاد" و تێكۆشان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ناوی خودا‌و گێڕانه‌وه‌ی حوكمی شه‌ریعه‌ت و دامه‌زراندنی جێ پێـیه‌كی قایم بۆ نه‌خشه‌ی داهاتووی گرووپه جیهادییه‌كان.
ئیسلامییه‌كانی جیهان مرخی خۆیان بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات خۆشكرد
خه‌ونی دامه‌زراندنی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" تا ده‌هات گه‌وره‌تر ده‌بوو.
ده‌ستپێكردنی جیهادی ئه‌فغانستان هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی –شیعه- له‌ئێران(9) و به‌مه‌ش كابووسی ترس له‌گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات به‌ته‌واوی شكا. ئیسلامییه‌كانی جیهان مرخی خۆیان بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات خۆشكرد. خه‌ونی دامه‌زراندنی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" و جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت تا ده‌هات گه‌وره‌تر ده‌بوو. ئه‌زموونی ئێران، بۆ هه‌موو ئیسلامییه‌كان جێی سه‌رنج بوو، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاته، له‌قۆناغی یه‌كه‌میدا پشتیوانی جووڵانه‌وه سیاسییه ئیسلامییه‌كانی له‌جیهاندا كرد‌و درووشمی "هه‌نارده‌كردنی شۆڕش"یشی هه‌ڵگرتبوو. وێڕای پارێزبه‌ندی له‌گه‌شه‌ی فیكری وه‌هابی، هاوكاری گرووپ و رێكخراوه ئیسلامییه سوننه‌كانیشی ده‌كرد.
داوا له‌موسڵمانان ده‌كات، كه فه‌ریزه‌ی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ "دوژمنی نزیك" به‌جێبێنن
له راپۆرتێكدا كه‌ناڵی "بی بی سی"ی به‌ریتانی نووسیویه‌تی: "ریشه‌ی جوڵانه‌وه جیهادی - سه‌له‌فی سوننه بۆ كۆتایی ده‌یه‌ی 1970 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌م جوڵانه‌وانه به‌شێوه‌ی تایبه‌ت له‌میسره‌وه سه‌ریان ده‌رهێنا. له‌سه‌ره‌تادا هه‌وڵی رووخاندنی رژێمه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بییان ده‌دا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كتێبێكی بچووك به ناوی "الفریچه الغائبه" (10) بڵاوكرایه‌وه، كه له‌ڕاستیدا وه‌ك هاوكاری رێگه‌ی ئه‌و جوڵانه‌وانه پێناسه ده‌كرا. "محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌لام فه‌ره‌ج" نووسه‌ری میسری كتێبه‌كه، ده‌ڵێت: موسڵمانان زۆربه‌ی فه‌ریزه‌كانی ئایینی خۆیان پابه‌ندن و به‌ڵام به‌وته‌ی ئه‌و یه‌كێك له فه‌ریزه سه‌ره‌كییه‌كان واته جیهادییان له‌بیركردووه، هه‌ر له‌و رووه‌وه داوا له موسڵمانان ده‌كات، كه فه‌ریزه‌ی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ "دوژمنی نزیك" به‌جێبێنن و مه‌به‌ستی ناوبراو له دوژمنی نزیك "ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی موسڵمان بوو"(11). محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌لام فه‌ره‌ج پێیوابوو، سه‌ره‌تا ده‌بێت شه‌ڕ له‌دژی دوژمنه نزیكه‌كان بكرێت، نه‌ك دوژمنه دووره‌كان. له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆربه‌ی جیهادییه‌كان تێڕوانینێكی شۆڕشگێڕانه‌یان هه‌بوو، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بوو، ئه‌وان توانییان ئه‌نوه‌ر ساداتی(12) سه‌رۆك كۆماری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی میسر له‌ساڵی 1981 تیرۆر بكه‌ن.
پشتیوانی ماڵی و لۆجستی و میدیایی موجاهیده‌كانیان ده‌كرد
له‌ده‌یه‌ی هه‌شتاكاندا، جووڵانه‌وه‌ی چه‌كداری جیهادییه‌كان له‌ئه‌فغانستان تا ده‌هات زیاتر به‌هێز ده‌بوو. وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداو و ته‌نانه‌ت وڵاتانی خۆرئاواش به‌مه‌به‌ستی داهێزرانی توانای لۆجستی و مرۆیی و په‌كخستنی سیاسه‌ته‌كانی سۆڤیه‌ت؛ پشتیوانی ماڵی و لۆجستی و میدیایی موجاهیده‌كانیان ده‌كرد. به‌شداری ئه‌مریكا له‌پڕچه‌ككردنی موجاهیده‌كانی ئه‌فغانستان و هاوكارییه‌كانی ئه‌و وڵاته بۆ گرووپه ئه‌فغانییه‌كان، به یه‌كێك له رووه هه‌ر دیاره و به‌رچاوه‌كانی جیهادی ئه‌فغانستان داده‌نرێت و وڵاتێكی وه‌ك پاكستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا ببوه ده‌روازه‌یه‌كی كراوه به رووی هێزه ئیسلامییه‌كانی ئه‌فغانستانداو لێیه‌وه گرووپ و رێكخراوه ئیسلامییه‌كان وێڕای هاتوچۆی ئازادانه‌یان، سه‌ربازگه‌ی مه‌شق و راهێنانیان دامه‌زراندبوو، هاوكات له‌رێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه كۆمه‌ك و پیتاكی سه‌ربازی و مرۆیی ده‌گه‌یشته موجاهیده ئه‌فغانییه‌كان.
كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانده‌كرا روبه‌ڕووی جیهان بوویه‌وه
ئه‌فغانستان به كرده‌وه بووه قوتابخانه‌یه‌كی مه‌یدانی بۆ په‌روه‌رده‌كردنی هه‌زاران خۆبه‌خشی ئیسلامیی(13). له‌وێوه له‌گه‌ڵ كۆتایهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت له‌ئه‌فغانستانداو دامه‌زراندنی حكومه‌تی یه‌كڕیزی لایه‌نه ئه‌فغانییه‌كان (1992)، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانده‌كرا، رووبه‌ڕووی جیهان بوویه‌وه. ئه‌ویش موجاهیده بیانییه‌كانی ئه‌فغانستان بوو، به تایبه‌تی عه‌ره‌ب –ئه‌فغانه‌كان. ئه‌وان ئه‌زموونی نزیكه‌ی 10 ساڵ شه‌ڕكردنیان دژی سوپایه‌كی به‌هێز و تۆكمه‌ی جیهانیدا هه‌بوو، شاره‌زای هونه‌ره‌كانی شه‌ڕ و به‌كارهێنانی هه‌موو جۆره ئامێر و چه‌كێكی سه‌ربازی ببون، به تایبه‌تی له بواری به‌كارهێنانی مادده‌ی ته‌قه‌مه‌نی و كه‌رسته‌ی ته‌قاندنه‌وه‌دا (TNT) به‌و په‌ڕی ورده‌كارییه‌وه داهێنانیان له‌جۆر و شێوازی ئه‌نجامدانی كرده‌ی سه‌ربازییدا كرد.
ئوسامه بن لادنی گه‌وره سه‌رمایه‌داری عه‌ره‌بستانی سعودیه
رێكخراوه خێرخوازییه‌كه‌ی ئوسامه بن لادنی گه‌وره سه‌رمایه‌داری عه‌ره‌بستانی سعودیه به‌هاوكاری نووسینگه‌ی خزمه‌تگوزاری موجاهیدان(14) كه دكتۆر عه‌بدوڵڵا عه‌زامی فه‌له‌ستینی(15) سه‌رپه‌رشتیده‌كرد، بووه لانكه‌ی دووباره رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌وڵاتانی جیهانه‌وه بۆ جیهاد روویان له ئه‌فغانستان كردبوو. لێره‌وه قاعیده(16)، وه‌ك رێكخراوێكی نوێی فره نه‌ژاد و ره‌چه‌ڵه‌ك جیاجیای جیهانیی ده‌ركه‌وت و رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر گه‌شه‌ی به‌خۆوه بینی و به كرده‌وه بوو به كۆكه‌ره‌وه‌ی توانای مرۆیی و لۆجستی و ته‌كنیكی جیهادییه‌كانی جیهان.
توانیان ئه‌ماره‌تێكی ئیسلامیی دابمه‌زرێنن
له‌ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كاندا ئوسامه بن لادن په‌ره‌ی به‌رێكخستن و په‌روه‌رده‌كردنی كادیره‌كانیدا. هاوڕێ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی تاڵیباندا(17) له 1996، توانیان ئه‌ماره‌تێكی ئیسلامیی دابمه‌زرێنن. له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا، سه‌ركوتكردنی ده‌نگی جیاخوازه‌كانی چیچانستان(18) و له‌ناوبردنی كۆماره ساواكه‌یان، بووه یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی بیری سه‌له‌فیه‌تی جیهادی له ناو گه‌نجانی هه‌رێمه‌كانی قه‌وقازدا.
تا هه‌رچی زیاتره فه‌توای حه‌رامكردنی به‌شداریكردنی سیاسی بده‌ن
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا شكستهێنانی ئه‌زموونی به‌شداری سیاسی به‌ره‌ی ئیسلامی ئینقازی جه‌زائیری(19)، له‌گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و سه‌ركوتكردنی ئیسلامییه‌كانی ئه‌و وڵاته، بووه به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه به‌ده‌ست سه‌له‌فییه جیهادییه‌كانه‌وه تا هه‌رچی زیاتره فه‌توای حه‌رامكردنی به‌شداری سیاسی و گرتنه‌به‌ری رێككاری مه‌ده‌نی بۆ گه‌یشتن به حوكم بده‌ن.
ئه‌وه‌ش خاڵی ناكۆكی نێوان قوتابخانه‌ی سه‌له‌فییه‌تی جیهادیی و ئیخوانییه
دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی شكستخواردووی ئیسلامییه‌كان له‌پرۆسه‌ی مه‌ده‌نی و هه‌ڵبژاردندا هێنده‌ی دیكه بڕوای ته‌كفیری و سه‌له‌فییه جیهادییه‌كانی به دژایه‌تیكردنی بیری ئیخوان و ئیسلامییه میانڕه‌وه‌كان زیاتر كرد‌و سه‌رنجیان له‌سه‌ر ته‌كفیركردنی به‌شداری سیاسی و گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات به‌شێوازی مه‌ده‌نیانه چڕكرده‌وه. ئه‌وه‌ش خاڵی جه‌وهه‌ری ناكۆكی نێوان قوتابخانه‌ی فیكری سه‌له‌فییه‌تی جیهادیی و قوتابخانه‌ی ئیخوانییه.
ژماره‌یه‌كیان به‌دوای سه‌رزه‌مینێكی دیكه‌دا بۆ شه‌ڕكردن ده‌گه‌ڕان
كۆتایهێنان به ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان و قاعیده له ئه‌فغانستاندا 2001، بووه هۆكارێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌رای سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان به‌جیهاندا. به‌شێكیان گه‌ڕانه‌وه وڵاته‌كانیان. ژماره‌یه‌كیان به‌دوای سه‌رزه‌مینێكی دیكه‌دا بۆ شه‌ڕكردن ده‌گه‌ڕان. هه‌ندێكیشیان روویان له ناوچه‌كانی سنووری چیچانستان و داغستان كرد. له‌وێ ده‌ستیان به شه‌ڕكردن دژی روسیا كرده‌وه. ژماره‌یه‌كیان له ئاكامی كرده‌وه سه‌ربازییه‌كان كوژران و ژماره‌یه‌كیشیان له پاكستان ده‌ستگیركران و خرانه زیندانه‌وه.
بووه هۆی دووباره بوژاندنه‌وه‌ی گه‌رای سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان
ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی رووخاندنی رژێمی به‌عس له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه (2003)، بووه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ دووباره بوژاندنه‌وه‌ی گه‌رای سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان. كراوه‌یی سنووره‌كانی عیراق، ئاماده‌گی سووپای ئه‌مریكا له‌عیراقدا، یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌جێندای سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌جێندای وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا، ده‌سته‌به‌ربوونی توانایه‌كی زۆری مرۆیی، ده‌رفه‌تێكی زێڕینی بۆ چه‌كداره ئیسلامییه‌كان فه‌راهه‌مكرد. زۆرینه‌ی ئه‌و عه‌ره‌ب-ئه‌فغانانه‌ی به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕان ئه‌زموونی ئه‌فغانستان دووباره بكه‌نه‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش روویان له عیراق كرد.
بووه گۆڕه‌پانێكی كراوه بۆ ته‌راتێنی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان
عیراق به‌كرده‌وه بووه گۆڕه‌پانێكی كراوه بۆ ته‌راتێنی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی جیهان و سنوورێكی بێ پاسه‌وان بۆ گه‌یشتنی یه‌ك له‌دوای یه‌كی موجاهیده غه‌واره‌كان. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین گرووپ و رێكخراوی چه‌كداری له‌عیراق، به‌رپابوونی شه‌ڕی تائیفی نێوان سوننه و شیعه، جارێكی دیكه بانگخوازه‌كانی وڵاتانی كه‌نداوی هێنایه‌وه پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتره فوو به كه‌ڕه‌نای ته‌كفیركردنی شیعه‌و هاندانی گه‌نجان بۆ جیهادكردن دژی شیعه‌كان دا بكه‌ن. به سه‌دان گه‌نجی كه‌نداو بۆ كۆچكردن به‌ره‌و ئه‌فغانستانێكی نوێ هانبده‌ن(20).
قاعیده گورزێكی كاریگه‌ری به‌ركه‌وت
له‌ئاستی رێبه‌رایه‌تی جیهادیشدا له‌جیهان، به كوژرانی ئوسامه بن لادن(21) قاعیده گورزێكی كاریگه‌ری به‌ركه‌وت و رێبه‌رایه‌تی نوێی رێكخراوه‌كه توانای هێشتنه‌وه‌ی زیاتری گه‌نجانی نه‌مابوو له ریزی رێكخراوه‌كه‌دا. ئه‌وان به‌و ئاكامه گه‌یشتن، ته‌نیا ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و ته‌قاندنه‌وه به‌س نیین. مادام گۆڕه‌پانێكی كراوه بۆ جیهاد هه‌یه، كۆچكردن به‌ره‌و ئه‌و گۆڕه‌پانه پێویستیی قۆناغه‌كه‌یه.
ئه‌بو مه‌سعه‌ب زه‌رقاوی دیارترینی ئه‌و چه‌كدارانه بوو
قاعیده له‌رێگه‌ی چه‌كداره غه‌واره‌كانییه‌وه له‌عیراق سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌بو مه‌سعه‌ب زه‌رقاوی (1966 - 2006) دیارترینی ئه‌و چه‌كدارانه بوو، كه به‌ره‌سمی به‌یعه‌تی به قاعیده دا. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیشی له به‌یعه‌تدان به ئه‌لقاعیده، ئه‌وه بوو، رێبه‌رایه‌تی قاعیده ته‌زكییه‌ی بكه‌ن و به‌و هۆیه‌وه بتوانێت زۆرترین جیهادیی بیانی له خۆی كۆبكاته‌وه.
به‌هۆی پرۆسه‌ی سه‌ربازی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریكا و هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه له‌ده‌ستیاندا
گۆڕه‌پانی عیراق وه‌ك زه‌لكاوێك بۆ گه‌رادانانی جیهادییه‌كان تا ده‌هات زیاتر بایه‌خی په‌یدا ده‌كرد. به جۆرێك له‌هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه هه‌ڵگرانی بیری سه‌له‌فیه‌تی جیهادیی روویان تێده‌كرد. ئه‌و جێ پێـیه‌ی عه‌ره‌ب- ئه‌فغان و غه‌واره‌كانیش له‌سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌كانی سنووری هه‌ورامان په‌یدایان كردبوو، له‌سه‌روبه‌ندی رووخاندنی رژێمی به‌عسدا، به‌هۆی پرۆسه‌ی سه‌ربازی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریكا و هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه له‌ده‌ستیان دابوو. ئه‌وان نزیكتر بوون بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عیراق و به‌یعه‌ت به نوێنه‌رانی قاعیده بده‌ن(22). ئه‌وانه‌ی له رێكخستنه‌كانی ئه‌نساولئیسلام، كه له‌كانوونی یه‌كه‌م/دیسه‌مبه‌ری 2001 دوای یه‌كگرتنی هه‌ریه‌ك له گرووپه‌كانی جوندولئیسلام و ته‌وحید و مه‌ركه‌زی ئیسلامی و حه‌ماس و ئیسڵاح درووستكرابوو، له‌رێگه‌ی سنووره‌كانی ئێرانه‌وه له‌كۆتایی ئازاری 2003 گه‌یشتنه پارێزگاكانی ناوه‌ڕاستی عیراق. چه‌كدارانی ئه‌نسار له رووی عه‌قیده‌ییه‌وه تۆكمه‌و له‌رووی سه‌ربازییه‌وه به ئه‌زموون و شاره‌زاتر بوون و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه چه‌كدارییه ئیسلامییه‌كانی دیكه هه‌بوو(23).
عیراق چه‌ندین جار سكاڵای له‌دژی هاوكاریكردنی سوریا بۆ گرووپه تیرۆریستییه‌كانی ناو عیراق ده‌ربڕی
له‌سه‌روبه‌ندی به‌رده‌وامی شه‌ڕی تائیفی و چه‌كداری له‌عیراق، سوریا به دیارترینی ئه‌و وڵاتانه هه‌ژمار ده‌كرا، كه له رێگه‌یه‌وه به ئاسانی موجاهیده بیانییه‌كان ده‌په‌ڕینه‌وه بۆ ناو عیراق. به‌هۆی ئه‌وه‌ی رژێمی سوریا نه‌یاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی عیراق و هه‌بوونی سوپای ئه‌مریكا بوو له‌عیراقی دراوسێیدا، ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌و وڵاته هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ جیهادییه‌كان ده‌كرد، تا له‌رێگه‌ی سنووره‌كانییه‌وه به‌ئاسانی ده‌ربازی ناو خاكی عیراق ببن. له‌ئاستی ره‌سمیشدا عیراق چه‌ندین جار سكاڵای له دژی هاوكاریكردنی سوریا بۆ گرووپه تیرۆریستییه‌كانی ناو عیراق ده‌ربڕی(24).
ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری پشتیوانی ئه‌لقاعیده‌ی بۆ شۆڕشه عه‌ره‌بییه‌كان ده‌ربڕی
سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی، پشێوییه‌كانی ناو وڵاتانی ناوچه‌كه، ئاڵۆگۆڕه خێراكان، په‌یامێكی به‌هێز بوون بۆ سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان و ئه‌وه‌یان لێده‌خوێندرایه‌وه، كه رێگه‌ی یاخیبوونی مه‌ده‌نی ده‌سته‌به‌ری گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌سیستمی حوكمڕانییدا ده‌كات. كۆتایهێنان به ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایانی تونس، یه‌مه‌ن، میسر باشترین به‌ڵگه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و رێگه‌یه بوو. لێره‌شدا ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری پشتیوانی ئه‌لقاعیده‌ی بۆ شۆڕشه عه‌ره‌بییه‌كان ده‌ربڕی. له‌رێگه‌ی تۆماری ده‌نگییه‌وه به‌رده‌وام په‌یامی ئاراسته‌ی گه‌لانی راپه‌ڕیو ده‌كرد. له‌رووی فیكری سه‌له‌فیه‌تی جیهادییه‌وه، ئه‌مه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه بوو له‌بنه‌ما فیكرییه‌كانی جیهادو پشتیوانیكردنی رێچكه‌ی ئیخوانیی و خۆرئاوایی بوو له‌گۆڕینی حوكمدا. ئه‌مه‌ش وایكرد، درز و كه‌لێنێكی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی كوژرانی ئوسامه بن لادن به‌جێیهێشتبوو، له‌ناو رێكخستنی ئه‌لقاعیده‌دا ده‌ربكه‌وێت.
هێنده‌ی بن لادن توانای كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردنی نه‌بوو
بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی ئه‌لقاعیده سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی وڵاتانی عه‌ره‌بی، به تایبه‌تی میسر و پشتیوانیكردنی ئه‌یمه‌ن زه‌واهری له ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانه‌كان له میسر، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر رێكخستنی ئه‌لقاعیده دانا. زه‌واهری له لایه‌كه‌وه خاوه‌نی كاریزمایه‌كی هاوشێوه‌ی بن لادن نه‌بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه كه‌وتبووه ئاراسته‌كردن و رێنموونیكردنی راپه‌ڕینی وڵاتانی عه‌ره‌بیی، هاوكات له ناوخۆی رێكخراوه‌كه‌شیدا هێنده‌ی بن لادن توانای كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردنی نه‌بوو، هه‌ربۆیه ره‌وكردنی چه‌كدارانی ئه‌لقاعیده به ئاراسته‌ی دیكه و په‌یوه‌ستبوونیان به گرووپی دیكه‌ی ته‌كفیریی و جیهادیی سه‌له‌فییه‌وه وه‌ك واقیعێكی تاڵ به‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ی گرتبوو.
لیبیا بووه جێ پێـه‌كی گرنگ بۆ سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان
رووداوه‌كانی لیبیا و به‌دوای ئه‌ویشدا سوریا، بوونه سه‌ره‌تایه‌كی دیكه بۆ هاتنه‌وه مه‌یدانی سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان و له ئه‌ستۆگرتنی ئه‌ركی دژایه‌تی رژێمه‌كان و رووخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان. ئه‌مه‌ش لیبیای كرده جێپێیه‌كی گرنگ بۆ سه‌له‌فییه جیهادییه‌كانی خۆرئاوای وڵاتانی عه‌ره‌بی و به‌شێكی ئه‌فریقیا و سوریاشی كرده جێپێیه‌كی گرنگیی دیكه بۆیان. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، شۆڕشه‌كانی "به‌هاری عه‌ره‌بی"، ده‌رفه‌تێك بوو، بۆ ره‌وتی سه‌له‌فیه‌تی جیهادیی تا تۆڵه‌ی رابردوویان بكه‌نه‌وه. "به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌رفه‌تێكی له‌بار بوو بۆ هه‌موو ره‌وته ئیسلامییه‌كان، به‌تایبه‌تی ره‌وته جیهادیی و ته‌كفیرییه‌كان كه‌وتنه خۆ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له‌كه‌رته ئه‌منییه‌كان و ده‌زگا هه‌واڵگری و سه‌ربازییه‌كان"(25).
نه‌یارێتی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا بۆ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د
هاوكات هاوسنووری توركیا و سوریاش ده‌رفه‌تێكی گرنگی بۆ سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان ره‌خساند تا به ئاسانی له‌ئه‌وروپاوه به‌ده‌روازه‌ی توركیادا بگه‌نه سوریا. له‌وه‌شدا نه‌یارێتی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا بۆ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د چانسێكی بێ هامتا بوو بۆ موجاهیده بیانییه‌كان. ئه‌وان به‌ئاسانی له‌ئه‌وروپاوه ده‌گه‌یشتنه توركیا و له‌وێش به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه ده‌په‌ڕینه‌وه بۆ سوریا. ئه‌وه‌ش له ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مریكا ره‌خنه‌یان له‌و سیاسه‌ته‌ی توركیا گرت(26).
توركیا په‌له‌ی ده‌كرد بۆ رووخانی به‌شار ئه‌سه‌د
توركیا سیاسه‌تێكی كورتبینانه‌ی گرتبوویه به‌ر، په‌له‌ی ده‌كرد بۆ رووخانی به‌شار ئه‌سه‌د. سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی توركیا "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان" به‌رده‌وام موژده‌ی رۆیشتنی ئه‌سه‌دی ده‌دا، به‌ڵام پشتیوانییه‌كانی ئێران و حزبوڵڵا له‌سه‌ر زه‌مینی واقیعداو بێده‌نگی روسیا و چین له ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ركه‌وتنی گرووپه تیرۆریستییه‌كان وه‌ك جێگره‌وه‌ی به‌شار، چانسی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دیان درێژ كرده‌وه.
به‌چه‌ك رووبه‌ڕووی سوپای به‌شار ببنه‌وه
گۆڕانی ره‌وتی رووداوه‌كانی سوریا، له خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كداری و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌فڕۆكه و تانك و تۆپ، خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی سوریای هێنایه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به چه‌ك رووبه‌ڕووی سوپای به‌شار ببنه‌وه.
ئه‌گه‌ر توركیا سنووری دابخستایه نه‌به‌ره‌ی نوسره درووست ده‌بوو نه‌داعش
توركیا له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌ته‌كانیدا و رێگرتن له‌هه‌رجۆره جموجۆڵێكی سیاسی و سه‌ربازی كورد له‌خۆرئاوای كوردستان، به كرده‌وه بووه پشتیوانی سه‌ره‌كی گرووپه ئیسلامییه‌كان و هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ی پاكستان له ده‌یه‌ی هه‌شتاكاندا له هه‌مبه‌ر ئه‌فغانستان ده‌یگێڕا، دووباره‌ی كرده‌وه. "توركیای ئه‌ردۆغان ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی هاتنی چه‌كداره ئیسلامییه‌كان بوو بۆ ناو خاكی سوریا و له‌رێگه‌یه‌وه ده‌یان هه‌زار گه‌نجی بیانی كه دواتر چوونه ریزی به‌ره‌ی نوسره و داعشه‌وه به رێگه‌ی توركیادا هاتن و ئه‌گه‌ر توركیا سنووری داخستبا، نه به‌ره‌ی نوسره درووست ده‌بوو و نه داعش"(27).
پشتیوانیكردنی سوننه‌ی عیراق له داعش هۆكاره‌كه‌ی مالیكی بوو
رووداوه‌كانی سوریا دڵخۆشكه‌ر نه‌بوون. به‌درووستبوونی میلیشیا چه‌كدارییه‌كان و گرووپه ئیسلامییه‌كان، پرسی رۆیشتن و رووخاندنی به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر مێزی داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت پێچرایه‌وه. له‌عیراقیشدا ره‌وشه‌كه تا ده‌هات زیاتر ئاڵۆز ده‌بوو. پێكهاته‌ی سوننه له‌دوو ساڵی كۆتایی حكومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالكییدا بێهیوا بووبوون. "ده‌توانرێت بوترێت پشتیوانیكردنی سوننه‌ی عیراق له داعش هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له سایه‌ی حوكمی ده‌مارگیرانه‌ی تائیفی مالكییدا، كه هه‌موو شتێكی بۆ شیعه ره‌واكردبوو، چه‌شتبوویان"(28). كه‌سایه‌تییه‌كانی سوننه به تایبه‌تی تارق هاشمی به تۆمه‌تی تیرۆر له‌لایه‌ن مالكییه‌وه راوه‌دوونرابوو. سه‌رۆك كۆماری ئه‌و كاته‌ی عیراق جه‌لال تاڵه‌بانی به‌هۆی نه‌خۆش كه‌وتنییه‌وه بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌عیراق به‌جێهێشتبوو. ئه‌مه‌ش نوری مالكی ده‌ستئاوه‌ڵا كردبوو بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته تائیفییه‌كانی.
بارزانی به‌راكێشانی ده‌ستی توركیا بۆ سه‌ر گه‌نجینه‌ی عیراق تۆمه‌تباركرد
كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به نه‌وت و بودجه و پێشمه‌رگه تا ده‌هات زیاتر ئاڵۆز ده‌بوون. له‌سه‌ره‌تای ئازاری 2014دا نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیران له‌رێگه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی NRTیه‌وه په‌یامێكی توندی ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد. بارزانی به راكێشانی ده‌ستی توركیا بۆ سه‌ر گه‌نجینه‌ی عیراق و سامانی نه‌وتیی تۆمه‌تبار كرد(29). چاوپێكه‌وتنه‌كه كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا. له‌ئاستی میلییدا ره‌خنه رووبه‌ڕووی كه‌ناڵه‌كه كرایه‌وه و به‌وه تۆمه‌تبار كرا، كه بووه‌ته "بڵندگۆی مالكی"، هه‌ر بۆیه ئه‌نجامده‌ری چاوپێكه‌وتنه‌كه، كه به‌ڕێوبه‌ری كه‌ناڵه‌كه بوو، ناچار بوو، به‌رنامه‌ی "دیوی دووه‌می هه‌واڵ" رۆژی 9ی ئازار ته‌رخانبكات بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه. هاوكات به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌كی درێژ وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی مالكی درایه‌وه. هه‌روه‌ها وته‌بێژی ره‌سمی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی دایه‌وه(30).
مالكی به دیكتاتۆر ناوبرد
له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق نوری مالكی لێدوانی ئاگرینیان له دژی یه‌كدی ده‌دا. له 21ی ئازار/مارسی 2014دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له وتارێكدا، كه به بۆنه‌ی نه‌ورۆز پێشكه‌شیكرد، جارێكی دیكه ره‌خنه‌ی له سیاسه‌ته‌كانی نوری مالكی گرته‌وه و به "دیكتاتۆر و بردنی عیراق به‌ره‌و تاكڕه‌وی" تۆمه‌تباری كرد.
ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ناوچه‌كه له‌كاروباری ناوخۆی عیراق ده‌بینرا
له لایه‌كی دیكه‌وه، حكومه‌تی مالكی پشتیوانی جه‌ماوه‌ری سوننه‌كانی به ته‌واوه‌تی له‌ده‌ستدابوو. هاوكات پشتیوانی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌ده‌ستدابوو، ته‌نانه‌ت لایه‌ن و ناوه‌نده مه‌زهه‌بی و سیاسییه‌كانی شیعه‌ش له ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق بڕوایان به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نوری مالكی له‌ق ببوو. سوننه‌كان هیچ سیمبوڵێكیان نه‌مابوو، داكۆكیان لێبكات. سازكردنی كۆنگره و كۆبوونه‌وه‌ی هۆزه سوننیه‌كانیش په‌ڕیبوویه‌وه بۆ ئه‌و دیو سنووره‌كان. له‌وێوه به روونی ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتانی ناوچه‌كه له‌كاروباری ناوخۆی عیراق و سوننه‌كان ده‌بینرا، به‌تایبه‌تی ئه‌و كۆبوونه‌وه و كۆنگرانه‌ی له ئه‌نقه‌ره و ئه‌سته‌نبوڵ و عه‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چوون.
بایه‌خی به هۆشدارییه‌كان نه‌داوه
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی عیراق و زیاتر بوونی ناكۆكی نێوان سوننه و شیعه له‌لایه‌ك و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له لایه‌كی دیكه‌وه، بۆشاییه‌كی ئه‌منی و سیاسی گه‌وره‌ی له سێگۆشه‌ی سوننه نشینی عیراق درووستكردبوو. له وه‌ها بارودۆخێكدا ده‌ركه‌وتنی هێزێك، یان گرووپێك، كه خۆی وه‌ك نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی سوننه هه‌ژمار ده‌كردو پشتیوانی سوننه‌كان لێی ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوبوو. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاندبوو، چه‌ند جارێك نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی له مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر سنوور و تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر موسڵ ئاگادار كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ناوبراو بایه‌خی به هۆشدارییه‌كان نه‌داوه(31).
عیراق بووه زه‌وی پڕ پیت و به‌ره‌كه‌ت بۆ گرووپه تیرۆرستییه‌كان
سه‌ره‌ڕای ئه‌و مژارانه، له هه‌ناوی ته‌وژمی سه‌له‌فییه‌تی جیهادیی پرسێكی دیكه كه‌وتبووه به‌ر باس ئه‌ویش به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی "به‌خۆداچوونه‌وه" بوو. تیۆریسته‌كانی سه‌له‌فیه‌تی جیهادی كه‌وتبوونه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی راڤه و لێكدانه‌وه و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ریانهه‌ڵدابوو، به‌تایبه‌تی ئه‌و پرسیارانه‌ی، كه په‌یوه‌ندییان به‌چاره‌نووسی ره‌وته‌كه‌وه هه‌بوو، وه‌ك"له‌عیراقدا جیهاد به‌ره‌و كوێ، ئه‌نجامی 10 ساڵ كاركردنی گرووپه‌كانی جیهاد به كوێ گه‌یشتووه؟".. له وه‌ها بارودۆخێكدا، سێگۆشه‌ی سوننه نشینی عیراق بووه زه‌وی پڕ پیت و به‌ره‌كه‌ت بۆ چووزه‌ره ده‌ركردن و نه‌شونمای گرووپ و رێكخراوگه‌لێك، كه داعش كۆكه‌ره‌وه‌یانه.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
1. یه‌كه‌م رێكخستنی ئیسلامییه، له‌دوای رووخانی خیلافه‌تی عوسمانی درووست بووه. له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن به‌نناوه له 22ی ئازاری 1928 له میسر دامه‌زراوه. بڕوانه وێكپیدیا: الإخوان_المسلمونhttp://ar.wikipedia.org/wiki
هه‌روه‌ها بڕوانه: سایتی ره‌سمی ئیخوان: اخوان اون لاین: http://www.ikhwanonline.com/
2. الشريف؛ كامل، الإخوان المسلمين في حرب فلسطين، http://www.ikhwanwiki.com/index.php?title
3. ویكیبیدیا الاخوان المسلمون؛ بابةتي: دور_الإخوان_في_حرب_1948 ،
http://www.ikhwanwiki.com/index.php?title
4.بیرمه‌ندێكی دیاری ئیخوان موسلیمن بووه. له 9ی تشرینی دووه‌می 1906 له‌دایكبووه و له 29ی ئابی 1966 له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جه‌مال عه‌بدولناسره‌وه له‌سێداره دراوه. له دوای خۆی كتێبی (معالم في الطريق) و ته‌فسیری قورئانی به ناوی (في ظلال القرا‌ن) و چه‌ندین دانراوی دیكه‌ی به‌جێهێشتووه و به له‌سێداره‌درانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێتی میسره‌وه، بووه كه‌سایه‌تییه‌كی ناوداری جیهانی ئیسلامی و بیروڕاكانی هێشتا له توانایاندا هه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌نجانی ئیسلامی درووست بكه‌ن. بڕوانه ویكیپیدیا سيد_قطب: http://ar.wikipedia.org/wiki
5. مه‌لا كرێكار وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و نووسینگه‌ی ته‌فسیر له شاری هه‌ولێر چاپیكردووه.
6. عبدالمجيد؛ أحمد، سيد قطب بين مؤيديه ومعارضيه، ويكيبيديا الاخوان المسلمون، http://www.ikhwanwiki.com/index.php?title
7. بۆنموونه به‌شداربوونی لایه‌نه سیاسییه‌كان له رزگاركردنی ئه‌فغانستان، دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له كوردستانی عیراق بۆ به‌شداریكردن له جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداری كورد له دژی رژێمی به‌عس له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا.
8. به داگیركردنی ئه‌فغانستان له لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤییه‌ته‌وه له 24ی كانوونی یه‌كه‌می 1979 ده‌ستیپێكرد و له 15ی شوباتی 1989 به هۆی رازیبوون به رێككه‌وتننامه‌ی ژنێفی 1988 سوپای سوور له‌و وڵاته پاشه‌كشێی كرد. 11 گرووپ و كۆمه‌ڵه و حزبی سوننه مه‌زهه‌ب دامه‌زران كه ئه‌مانه بوون: (جه‌معیه‌ی ئیسلامی، شورای نزار، حزبی ئیسلامی گوڵبه‌دین، مه‌كته‌ب خه‌ده‌مات موجاهیدینی عه‌بدوڵڵا عه‌زام، حزبی خالێ، ئیتحادی ئیسلامی، حه‌ره‌كه‌ی ئیسلامی، به‌ره‌ی نیشتیمانی بۆ رزگاری ئه‌فغانستان، به‌ره‌ی ئیسلامی نیشتیمانی)، هه‌روه‌ها 8 گرووپ و حزبی شیعه مه‌زهه‌بیش درووست بوون.75000 تا 900000 جه‌نگاوه‌ری ئه‌فغانی و بیانی كوژران. له به‌رامبه‌ریشدا 14 هه‌زار و 453 سه‌ربازی رووسیا كوژران. ملیۆنێك و نیو تا ملیۆنێك و 850 هه‌زار مه‌ده‌نی كوژران و 3 ملیۆن هاوولاتیش بریندار بوون. 5 ملیۆن هاووڵاتیش وه‌ك په‌نابه‌ر روویان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان كرد و دوو ملیۆنی دیكه‌ش له ناوخۆدا ئاواره بوون.
9. شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری بوو، له 1979 كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی پادشایه‌تی ئێران هێنا و محه‌ممه‌د ره‌زا شای په‌هڵه‌وی وڵاتی به‌جێهێشت و روحوڵڵا موسه‌وی ناسراو به خومه‌ینی له پاریسه‌وه گه‌ڕایه‌وه تاران و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌ی راگه‌یاند و كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌سه‌ر بنه‌مای ویلایه‌تی فه‌قیهـ دامه‌زراند.
10.(محه‌ممه‌د عه‌بدولسه‌لام فه‌ره‌ج)؛ به نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی "الفريضة الغائبة"، ستراتیژی توندوتیژی برده ناو به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی جیهادی میسره‌وه، كه له 1966ه‌وه دامه‌زرابوو، به‌ڵام دیدگایه‌كی روونی بۆ پرسی جیهاد نه‌بوو. كتێبه‌كه له هاوینی 1980 چاپكرا. دوای تیرۆركرانی ئه‌نوه‌ر سادات، ئه‌و كتێبه بووه به‌ڵگه له‌سه‌ر هاندان و تێوه‌گلانی محه‌ممه‌د عه‌بدولسه‌لام له رووداوه‌كه و به‌و هۆیه‌وه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی میسره‌وه له 1982 له‌سێداره درا. له‌و كتێبه‌دا پرسی وه‌لاء و به‌راء و دوژمنی نزیك و دوور و گێڕانه‌وه‌ی حوكمی خوا له رێگه‌ی جیهاده‌وه خراونه‌ته‌ڕوو.
11.BBC؛ مێژووی توندڕه‌وی له‌شۆڕشگێڕیه‌وه بۆ داعش، وه‌رگێڕانی ده‌ستوور، رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی 17 كانونی یه‌كه‌م 2014، http://www.desturnet.com
12.ئه‌نوه‌ر سادات: له 25ی كانوونی یه‌كه‌می 1918 له‌دایكبووه و پله‌ی سه‌ربازی له ریزی سوپادا هه‌بووه و دوای گه‌یشتنی به ده‌سه‌ڵات، له میانی نمایشێكی سه‌ربازییدا، له لایه‌ك كه‌سێكه‌وه به ناوی خالد ئیسلامبوڵی له 6ی تشرینی یه‌كه‌می 1981 تیرۆركرا.
13. عبد العاطي؛ محمد، الأفغان العرب، قسم المعرفة، الجزيرة نت، http://www.aljazeera.net/specialfiles
14. له لایه‌ن عه‌بدوڵڵا عه‌زامه‌وه دامه‌زرابوو، كاری سه‌ره‌كی رێكخستن و ته‌جنیدی خوازیارانی جیهاد و راكێشانیان بوو بۆ ئه‌فعانستان. به هه‌زاران چه‌كداری عه‌ره‌ب له رێگه‌ی ئه‌و نووسینگه‌یه‌وه گه‌یه‌ندرانه ئه‌فغانستان.
15. (عه‌بدوڵڵا عه‌زام) له 1941 له شاری "جنین"ی فه‌له‌ستین له‌دایكبووه. له 24ی تشرینی دووه‌می 1989 له ته‌مه‌نی 47 ساڵییدا به‌هۆی بۆمبرێژكردنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تیرۆر كراوه. هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نی زۆر نه‌بوو، به‌ڵام به رێبه‌ری جیهادی ئه‌فغانستان ناسراوه و كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب ئه‌فغان و رێبه‌ری جیهادییه له ئه‌فغانستاندا و بڕوانامه‌ی دكتۆرای له ئه‌زهه‌ر به‌ده‌ستهێنابوو. له رووی وتاردان و نووسینه‌وه توانای سه‌رنجڕاكێشی هه‌بووه. وێڕای وتاره‌كانی ژماره‌یه‌ك نامیلكه و كتێبی له‌دوای خۆی به‌جێهێشتوون. ئه‌مانه ناونیشانی هه‌ندێك له نووسراوه‌كانییه‌تی: (الإسلام ومستقبل البشرية، إلحق بالقافلة، حكم العمل في جماعة، الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر، حماس: الجذور التأريخية والميثاق، السرطان الأحمر، العقيدة وأثرها في بنا‌ء الجيل، عبر وبصائر للجهاد في العصر الحاضر، المنارة المفقودة، في الجهاد آداب وأحكام، جريمة قتل النفس المؤمنة، بشائر النصر، كلمات علي خط النار الأول، دلالة الكتاب والسنة علي الأحكام من حيث البيان. (رسالة دكتوراه)، آيات الرحمن في جهاد الأفغان.)
16. قاعیده: له لایه‌ن ئوسامه بن لادنه‌وه دوای بڕانه‌وه‌ی شه‌ڕی ئه‌فغانستان له كۆتایی ده‌یه‌ی هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای ساڵی 1990 دامه‌زرا و دیدگای جیهانیبوونی جیهادی خسته‌ڕوو. له‌و بڕوایه‌دابوو، دوای ئه‌فغانستان ده‌بێت ئه‌مریكا بكرێته ئامانج و هێزی ئه‌و وڵاته له دورگه‌ی عه‌ره‌بی نه‌مێنن.
17. له لایه‌ن مه‌لا عومه‌ره‌وه له ویلایه‌تی قه‌نده‌هاری باشووری خۆرئاوای ئه‌فغانستان و هاوسنووری پاكستان له ساڵی 1994 دامه‌زرا و له 1996 كابوڵی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ی كۆنترۆڵكرد و ویلایه‌تێكی ئیسلامی تێدا دامه‌زراند و به هۆی راده‌ستنه‌كردنی ئوسامه بن لادن به ئه‌مریكا له 2001دا له لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانێتی باكووری ئه‌تڵه‌سییه‌وه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ناو برا.
18. دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له رێگه‌ی هه‌لبژاردنه‌وه خه‌ڵكی چیچان، ژه‌نه‌راڵ جه‌وهه‌ر دۆدایڤیان وه‌ك سه‌رۆك له 1991 هه‌ڵبژارد. له 1993دا بڕیاری سه‌ربه‌خۆی وڵاته‌كه‌ی دا، له كۆتایی 1994ه‌وه تاوه‌كو 1996 شه‌ڕ درێژه‌ی كێشا. دوای كوژرانی جه‌وهه‌ر دۆدایڤ، شامل باساییڤی چیچانی و ئه‌بو خه‌تابی به ره‌چه‌ڵه‌ك سعودی سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی دژ به روسیایان ده‌كرد.
19. به‌ره‌ی ئیسلامی ئینقازی جه‌زائیر له 26ی دیسه‌مبه‌ری 1991 به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی جه‌زائیری كرد و به به‌ده‌ستهێنانی %82ی ده‌نگه‌كان سه‌ركه‌وتنی ره‌های تۆمار كرد و له كۆی 231 كورسی په‌رله‌مان 188 كورسی به‌ده‌ستهێنا و سه‌ره‌نجام فه‌ره‌نسا ده‌ستی له ره‌وشی ناوخۆی ئه‌و وڵاته وه‌ردا و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و سه‌ركرده‌كانی به‌ره‌ی ئینقاز خرانه زیندانه‌وه و شه‌ڕێكی ناوخۆیی له‌و وڵاته‌دا هاته‌ئاراوه و به هه‌زاران كه‌س كوژران.
20. بڕوانه: المالكي: السعودية وقطر تدعمان الإرهاب في العراق علي خلفية طائفية، الموقع الحرة، 8-3-2014، موضوع رقم 245169، http://www.alhurra.com/content
21. بنلادن له 2ی ئایاری 2011 له ته‌مه‌نی 54 ساڵییدا و له ئاكامی پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكا، له پاكستان كوژراو و ته‌رمه‌كه‌ی خرایه ده‌ریای عه‌ره‌به‌وه.
22. السباعي؛ د.هاني، الحركات الإسلامية الجهادية (انصار الإسلام ـ جيش أنصار السنة ـ أبو مصعب الزرقاوي ـ كتائب أبي حفص)، شبكة البصرة، بابه‌تی ژماره (140304)، به‌سته‌ری:http://www.albasrah.net/moqawama/maqalat
23. الشناوي؛ داعش (خرائط الدم و الوهم)، دار روعة للنشر و التوزيع، ص 13.
24. مركز العراق للدراسات؛ قرار أممي محتمل يدين دعم السعودية للإرهاب في العراق، رۆژی 15-1-2014، بابه‌تی ژماره(15819)، http://www.markazaliraq.net/?state=news&viewId=15819
25. ابراهيم؛ د.ناجح و هشام النجار، داعش (السكين التي تذبح الاسلام)، الطبعة الاولي، دار الشروق، القاهرة، مصر، 2014، ص 13.
26. بڕوانه: الكونغرس ينتقد تركيا لسماحها بسفر عناصر داعش لأوروبا عبر أراضيها، 31ي كانون الثاني 2015، بابه‌تی ژماره (90381)، ماڵپه‌ڕی: شفق نیوز: http://www.shafaaq.com/sh2/index.php/news/iraq
27. ابراهيم؛ د.ناجح و هشام النجار، داعش (السكين التي تذبح الاسلام)، الطبعة الاولي، دار الشروق، القاهرة، مصر، 2014، ص47.
28. ابراهيم؛ د.ناجح و هشام النجار، داعش، هه‌مان سه‌رچاوه، ێ 22.
29. به‌رنامه‌ی چاوپێكه‌وتن؛ كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی، 5ی ئازاری 2014، بۆ بینینی چاوپێكه‌وتنه‌كه بڕوانه: چه‌ناڵی (ئه‌رشیف) له یوتیوب،https://www.youtube.com/watch?v=E5UhCPnkiYY
30. الغدبرس؛ وكالة، كردستان: تصريحات المالكي الاخيرة ضدنا عدائية ونرفض مقارنة الاقليم باية محافظة عراقية، رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی 7-3-2014،كردستان-تكردستان-تصريحات-المالكي-الاخيرة-ضدن:
/http://alghadpress.com/ar/news/10578/
31. وكالة الصحافة المستقلة؛ البارزاني : حذرنا المالكي وهنالك شهود .. وهو المسؤول عن سقوط الموصل وفشل الجيش، رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی 20-12-2014، http://www.mustaqila.com/news/147099.html
PUKmedia- ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
هەواڵی زیاتر
-
نیو سەدە بەسەر بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێدەپەڕێت
09:14 AM - 2024-04-24 -
سەرۆک بافڵ بەشداری پرسەی هەڤاڵ عەلی شامار تێکۆشەری دێرین دەکات
07:37 PM - 2024-04-23 -
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سەلاحەدین
04:11 PM - 2024-04-23 -
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەسەر مەزاری مام کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
12:02 PM - 2024-04-23
ئەمانەش ببینە
خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا
04:30 PM - 2024-04-23
PUKMEDIA به‌شێك له‌گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی سودانی و بلینكن بڵاوده‌كاته‌وه
03:28 PM - 2024-04-23
قوباد تاڵەبانی داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
11:33 AM - 2024-04-23
ئەمڕۆ خەڵاتی زێرینی بلە دابەشدەکرێت
09:29 AM - 2024-04-23
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ بەشداری پرسەی هەڤاڵ عەلی شامار تێکۆشەری دێرین دەکات
کوردستان 07:37 PM - 2024-04-23 -
پرسەنامەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بۆ خانەوادەی مامۆستا جەمال هیدایەت
پرسەنامە 06:36 PM - 2024-04-23 -
خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا
کوردستان 04:30 PM - 2024-04-23 -
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سەلاحەدین
کوردستان 04:11 PM - 2024-04-23 -
PUKMEDIA به‌شێك له‌گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی سودانی و بلینكن بڵاوده‌كاته‌وه
کوردستان 03:28 PM - 2024-04-23 -
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەسەر مەزاری مام کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
کوردستان 12:02 PM - 2024-04-23 -
قوباد تاڵەبانی داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
کوردستان 11:33 AM - 2024-04-23 -
لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی دەستبەکار دەبێت
ی ن ک 10:52 AM - 2024-04-23