riklam

هه‌ر ئاشتی تاكه‌ ده‌ره‌تانه‌ بۆ سه‌قامگیریی له‌توركیا

بیروڕا 02:14 PM - 2015-08-03
بارزان شێخ عوسمان‌

بارزان شێخ عوسمان‌

بارزان شێخ عوسمان‌
له‌دوای سه‌ركه‌وتنی پارتی دیموكراتی گه‌لان له‌توركیا (هه‌ده‌په‌) مه‌سه‌له‌ی كورد له‌توركیا چووه‌ قۆناغێكی تره‌وه‌و ئه‌و راستییه‌ خۆی سه‌لماند كه‌ هێزه‌ دیموكراسییه‌كانی كورد له‌توركیا هه‌ر به‌ته‌نیا شاره‌زای زمانی چه‌ك نین بۆ داوا نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانییه‌كانی كورد‌و خواسته‌ دیموكراسییه‌كان له‌توركیا، به‌ڵكو له‌مه‌یدانی ململانێی دیموكراسی‌و خه‌باتی سیاسی‌و په‌رله‌مانییشدا شاره‌زا‌و كارامه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێت سیاسه‌تمه‌دارانی تورك‌و نه‌ته‌وه‌كانی تریش ده‌ستخۆشیی لێ بكه‌ن‌و ستایشی بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و مه‌یدانه‌ واته‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت‌و خه‌باتی په‌رله‌مانی‌و ئیعلامی‌و دیپلۆماتی، زیاتر بوار بۆ لێكتێگه‌یشتن ده‌هێڵێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا سه‌رده‌می ئه‌و شێوازی خه‌باته‌ زامنتره‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كان.
كه‌چی به‌داخه‌وه‌ له‌جیاتی ده‌ستخۆشی‌و هاندان، پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد‌و گه‌شه‌پێدان (ئه‌كه‌په‌) زمانی پێشتری گۆڕی‌و نه‌ك هه‌ر په‌نای برد بۆ زمانی توندوتیژی، به‌ڵكو شه‌ڕی به‌رپاكرده‌وه‌‌و دووباره‌ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی‌و تۆپخانه‌ی سوپای توركیاوه‌ به‌زێنرایه‌وه‌‌و ده‌نگی ده‌هۆڵی شه‌ڕ هه‌مووانی هه‌راسان‌و بێزاركرد‌و ده‌نگی دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌‌و كپكردنی ئه‌و ده‌نگه‌ ناسازه‌ له‌هه‌موو لایه‌ك به‌رزبۆوه‌‌و هه‌ریه‌كه‌ به‌شێواز‌و زمانی تایبه‌ت داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ لۆجیكی ئه‌قڵیان كرد.
به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار فوئاد مه‌عسوم، له‌ئاخاوتنه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ردۆگان-دا، پێویستیی درێژه‌دان به‌پرۆسه‌ی ئاشتی‌و چوونه‌وه‌ سه‌ر مێزی دانوستان‌و ئاشتی دووپاتكرده‌وه‌‌و به‌تاكه‌ رێگه‌ی وه‌سفكرد بۆ به‌ده‌ستهێنان‌و به‌به‌رهه‌م گه‌یشتنی ئه‌نجامی پۆزه‌تیڤ‌و باش، به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی-ش له‌په‌یامێكیدا هه‌مان خواستی ده‌ربڕی كه‌ تاكه‌ رێگه‌ بۆ كۆتایی گرفته‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ گفتوگۆ، هاوكات یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وه‌ك هێزێكی گه‌وره‌‌و كاریگه‌ر له‌سه‌ر رووداوه‌كان، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای داوای راگرتنی هه‌رچی زووتری هێرشه‌كان پێویستیی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وتووێژو درێژه‌دان به‌پرۆسه‌ی ئاشتیی دووپاتكرده‌وه‌ (ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌ به‌هه‌وڵ‌و كۆششی بێوچانی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌ستیپێكرد). حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی فیدراڵی‌و هه‌رێم‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپا‌و هه‌موو ناوه‌نده‌كانی تری دنیا به‌ئه‌مریكاشه‌وه‌، یه‌ك ده‌نگ بوون له‌ئاست داواكاریی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانوستان‌و ئاشتی، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی به‌زه‌حمه‌ت‌و ره‌نجكێشانی زۆر ده‌سته‌به‌ر بوو، بۆیه‌ نابێت به‌خۆڕایی‌و هه‌روا به‌ئاسانی بكرێته‌ قوربانی مه‌رام‌و خه‌یاڵێكی تری سیاسی یان هه‌ر ده‌ستكه‌وتێكی تر كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی توركیا (واته‌ تورك، كورد، عه‌ره‌ب‌و.... هتد).
راسته‌ توركیا یان هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تر ده‌توانن بۆ نكوڵی كردن له‌مافه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌و دیموكراتییه‌كان، پشت به‌و پره‌نسیپه‌ ببه‌ستن كه‌ (لووله‌ی تفه‌نگ‌و گرمه‌ی تۆپ‌و گڤه‌ی فڕۆكه‌كان تۆقێنه‌ر‌و ترسناكن)، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانن په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و پره‌نسیپه‌ له‌ماڵوێرانی‌و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات‌و زیانگه‌یاندن به‌پێشكه‌وتنی گه‌لی توركیا، هیچ مانا‌و ده‌ستكه‌وتێكی تری نابێت، بۆیه‌ ئه‌و لێدوانانه‌ی كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌زاری فه‌ره‌یدون سینێرلی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌میانه‌ی دیداره‌كانیدا بڵاوكرانه‌وه‌، به‌بیركردنه‌وه‌‌و هه‌ڵوێستێكی ژیرانه‌ ناوزه‌دده‌كرێت كه‌ پابه‌ندبوونی توركیای به‌پرۆسه‌ی ئاشتی‌و درێژه‌دان به‌وه‌ی ده‌ستیپێكراوه‌، دووپاتكرده‌وه‌.
ئه‌و لێدوانه‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی حكومه‌تی توركیا (كه‌ گۆڕانێكه‌ به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌‌و په‌یبردنه‌ به‌لێپرسراوێتییه‌كی گه‌وره‌) ئه‌گه‌ر بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وا هه‌م گه‌لی توركیا‌و وڵاتی توركیا، هه‌م هه‌رێمی كوردستان‌و ناوچه‌كه‌ش رزگاریان ده‌بێت له‌دووباره‌ ماڵوێرانیی دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕێكی نه‌گریس كه‌ بڕیاره‌كه‌ هه‌موو كه‌س‌و لایه‌نێك ده‌توانێت له‌چركه‌یه‌كدا بیدات.
كه‌چی هه‌ر دوو رۆژ دوای ئه‌و زنجیره‌ لێدوانه‌، ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ گه‌مه‌ی مفاوه‌زات‌و كاتبه‌سه‌ربردنه‌‌و ئه‌مجاره‌ زۆر بێڕه‌حمانه‌تر هێزه‌كانی توركیا كه‌وتنه‌ وێزه‌ی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌كوردستانی عیراق‌و له‌گوندی زارگه‌لی بێوه‌ی‌و ژماره‌یه‌ك مرۆڤی كوردی بێ چه‌ك‌و بێ دیفاعیان خه‌ڵتانی خوێن كرد، به‌وه‌ش پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ئاشتی‌و چاره‌سه‌ر له‌حكومه‌تی توركیا به‌ عه‌له‌نی ئاشكرابوو، كورد له‌كوردستانی عیراق‌و كوردستانی توركیا‌و هه‌موو هێزه‌ ئازادیی خواهه‌كانی كورد‌و تورك‌و عه‌ره‌ب‌و ئه‌وانیتریش ئه‌و ره‌فتاره‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری گه‌شه‌پێدانیان ئیدانه‌كرد كه‌ به‌ڕه‌فتاری ئه‌م پارته‌‌و سه‌رۆك كۆمار ئه‌ردۆگان‌و كه‌شتیڕانی به‌ڕێوه‌بردنی ململانێ سیاسییه‌كانی توركیا ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو پرۆسه‌ی ئاشتی چه‌قی به‌ست، ئۆباڵه‌كیشی له‌ئه‌ستۆی ئه‌واندایه‌.
ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ جارێكی تر ده‌بێت ئاشتی‌و دیالۆگی بنیاتنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بڕیارێكه‌ پشوودرێژیی ده‌وێت، چونكه‌ هه‌ر ئاشتییه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی توركیادایه‌‌و یه‌كێتیی گه‌ل‌و خاكی ئه‌و وڵاته‌‌و سیستمه‌ سكۆلاری‌و دیموكراسییه‌كه‌ی كه‌ توركیای پێ ناسراوه‌، زامنده‌كات، تاكه‌ ده‌ره‌تانیشه‌ بۆ سه‌قامگیریی له‌توركیا‌و بۆئه‌وه‌ی توركیایه‌كی ئۆقره‌‌و ئارام له‌ناوچه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا به‌پێی بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، هاوسێیه‌تی باش بژی‌و هه‌ڵ بكات.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket