riklam

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی زارگه‌لی ده‌كات

کوردستان 06:14 PM - 2015-08-01
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، ئیدانه‌ی هێرشی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌گوندی زارگه‌لی له‌ بناری قه‌ندیل ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هیدو برینداربوون و زیانێكی زۆریش به‌ ناوچه‌كه‌ گه‌یشت.

ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

به‌داخه‌وه‌ شه‌وی ڕابردوو، بۆ جارێكی فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا گوندی زارگه‌لی (بناری قه‌ندیل) یان بۆردومان كرد، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بۆردوومانه‌دا بوه‌ هۆی شه‌هیدبوونی چه‌ندین هاووڵاتی سڤیل، برینداربوونی چه‌ندین هاووڵاتی تر. ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م ڕووداوه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و هیچ پاساوێك بۆ ئه‌م بۆردومانانه‌ به‌ ڕه‌وا نابینین، هیوادارین له‌بری په‌نابردن بۆ زمانی چه‌ك و توندوتیژیی، حكومه‌تی توركیا و پارتی كرێكاران په‌نا به‌رنه‌ به‌ر زمانی گفتوگۆو درێژه‌دان به‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی، چونكه‌ په‌نابردن بۆ زمانی چه‌ك و توندوتیژیی هه‌مو لایه‌ك لێی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.

 له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئیدانه‌ی  ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا له‌ناوچه‌ی شڕناخ ده‌كه‌ین، هیوادارین هیچ لایه‌نێك له‌كاتی ململانێ سیاسی و سه‌ربازییه‌كاندا په‌نا نه‌باته‌ به‌ر زیانگه‌یاندن به‌ هۆكاره‌كانی بژێویی و ژیانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان. چونكه‌  له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغێكی دژواردا تێپه‌رده‌بێ، كه‌ به‌هۆی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر بژێوی هاووڵاتیان و گه‌شه‌پێدانی ئابوریی ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، تاكه‌ هۆكاری دابینكردنی داهاتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و بازاڕه‌كانی جیهان.

دوباره‌ به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ داوه‌ له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان و حكومه‌تی توركیا ده‌كه‌ین، درێژه‌ به‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی بده‌ن و هه‌وڵی لێكگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری گرفته‌كانیان بده‌ن، نه‌ك په‌نا به‌رنه‌ به‌ر زمانی توندوتیژیی و چاره‌سه‌ری سه‌ربازیی.


سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان
2015-8-1

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket