riklam

په‌رله‌مانتارێك: هه‌موو بڕیاره‌كانی بودجه‌ی عیراق هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه‌

ئابوری 04:52 PM - 2015-08-01
بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كوتهێنانی بودجه‌یه‌

بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كوتهێنانی بودجه‌یه‌

په‌رله‌مانتارێك رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕیاری زیادكردنی نرخی هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندی كردن، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌یه‌و ئه‌و بڕیاره‌یه‌ش هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكه‌ له‌ عیراق و بڕیاره‌كانی یاسای بودجه‌ی عیراقیش هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ مه‌لا قادر محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كێتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ 1-8-2015، به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: سه‌باره‌ت به‌ زیادكردنی نرخی په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌ك كارتی مۆبایل و ئینته‌رنێت حكومه‌تی عیراق له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ستی كراوه‌یه‌ خۆی كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ دیاریده‌كات پێویستی به‌وه‌ نییه‌ لیژنه‌ی دارایی ره‌زامه‌ندی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌رببڕێت، چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی په‌سه‌ندكراوی 2015، دا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ كه‌واته‌ ئه‌وه‌ بڕیاری په‌رله‌مانه‌و په‌سه‌ندكراوه‌ و بۆته‌ بڕیاری كۆتایی، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ میكانیزمی جێبه‌جێكردنه‌كه‌یه‌تی، كات و ساتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و میكانیزمه‌ش لای حكومه‌ت خۆیه‌تی و خۆی رێنمایی چۆنێتی زیادكردنی ده‌رده‌كات بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ به‌گونجاوی ده‌زانێت ئه‌و كاته‌ ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌كات.

*سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هۆكاری زیادكردنی نرخی په‌یوه‌ندییه‌كان بۆچی مه‌به‌ستێك بوو؟

مه‌لا قادر وتیشی: سه‌باره‌ت به‌ زیادكردنی كارتی مۆبایل و زیادكردنی گومرگ و باجی ئۆتۆمبێل و ئه‌و بابه‌تانه‌ی تر كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، مه‌به‌ست لێی زیادكردنی داهاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ بارێكی ئابوری خراپدا تێده‌په‌ڕی كورتهێنان هه‌بوو له‌ بودجه‌دا بۆیه‌ پێویستی به‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ پێویست بوو له‌ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ مه‌جالی به‌ده‌ستهێنانی داهاتی هه‌یه‌ باج و گومرگ دابنرێت تا بتوانرێت داهاتی عیراق زیاد بكرێت و به‌شێك له‌ كورتێنانی بودجه‌ی پێ پڕبكرێته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق راشیگه‌یاند: ئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌ عیراق به‌كارده‌هێنرێت و داهاتی هه‌یه‌ له‌وانه‌ كارتی مۆبایل و باج و گومرگی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل هه‌ڵبژێردرا، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك شتی تر هه‌ڵبژێردرا كه‌ راسته‌وخۆ ژیانی هاووڵاتیان ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی شمه‌كه‌ خۆراكییه‌كانه‌وه‌یه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ ژیانی رۆژانه‌دا به‌كارناهێنرێت، ئه‌زتوانین بڵێین وه‌ك كاڵایه‌كی ئه‌ساسی به‌كار ناهێنرێت، بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش كارتی مۆبایل هه‌ڵبژێردرا كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاته‌و نرخه‌كه‌ی زیادبكرێت، له‌وه‌شدا كه‌سی به‌كارهێنه‌ر پێشتر چه‌ندی له‌و بابه‌ته‌ خه‌رج ده‌كرد ده‌توانێت به‌ بڕێكی كه‌متر له‌و كارته‌ كاره‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ش كارێك بكرێت بۆ پێویستی به‌كاربهێنرێت ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی خراپی له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتی نابێت.
 
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌كات، مه‌لا قادر رایگه‌یاند: نه‌خێر حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌كات، چونكه‌پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ بۆ هه‌موو عیراقه‌ و بۆماوه‌ی ساڵێكیشه‌، ئه‌وانه‌ی له‌وێ بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ هه‌رێمی كوردستانی لێ جیانه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌پێی یاساكانی پێشتر كه‌ داڕێژراون هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێ ماف و ئیستحقاقی خۆی هه‌یه‌ بۆی هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ جیابكرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ پابه‌ندبێت به‌وه‌ی كه‌ هه‌موو بڕیاره‌كانی بودجه‌ی گشتی عیراق جێبه‌جێ بكات.

هه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر زیادكردنی نرخی كارته‌كانی مۆبایلی كۆڕه‌ك و ئاسیا، ژماره‌یه‌ك چالاكوانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ (كه‌مپینی نا بۆ گرانكردنی كارتی مۆبایل)یان راگه‌یاندو  ده‌ڵێن "مایه‌ی قبوڵ كردن نییه‌ نرخی كارت هاوشێوه‌ی به‌غدا زیاد بكرێـت و هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندانی مه‌ده‌نییانه‌ ده‌كه‌ن له‌ ته‌واوی ناوچه‌ جیاوازه‌كان كوردستان، هه‌ر وه‌ك ناڕه‌زاییه‌كیش به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌، بریاریانداوه‌، ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 1-8-2015، له‌ سه‌عات 5 ی ئێواره‌ تاوه‌كو سه‌عات 7 ی ئێواره‌ مۆبایله‌كانییان له‌ هه‌ر دوو هێَڵه‌كانی‌ كۆره‌ك و ئاسیا سێل دابخه‌ن.

ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

بۆ به‌ڕێزان نوسینگه‌ی سلێمانی/ په‌رله‌مانی كوردستان، رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان‌و گروپه‌كانی فشار له‌كوردستان رایگشتی له‌هه‌رێمی كوردستان.........

به‌ڕێزان، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عیراق به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ی كه‌ له‌بودجه‌ی ئه‌مساڵدا رووبه‌ڕوی بۆته‌وه‌‌و له‌چوارچێوه‌ی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ چاره‌سه‌كردنی قه‌یرانی دارایی، وه‌زاره‌تی دارایی عیراق، بڕیاریدا باج بخرێته‌ سه‌ر چه‌ند به‌رهه‌مێك‌و له‌و نێوه‌نده‌شدا بڕیاریدا باج بخاته‌ سه‌ر كارته‌كانی مۆبایل‌و ئه‌نته‌رنێت، به‌ڵام جێگای داخه‌ سه‌رباری گرژی له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ند‌و هه‌رێمی كوردستان، له‌م كاته‌دا كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست چه‌ندین قه‌یرانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، جێگای داخه‌ بۆ زۆر شت هه‌رێم پابه‌ندی ناوه‌ند نییه‌، كه‌چی دێت هاوشێوه‌ی به‌غدا نرخی كارتی مۆبایل له‌سه‌ر هاونیشتیمانان زیاد ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌‌و روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی مافه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێمه‌ له‌م كاته‌دا، بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌وه‌ له‌رێگه‌ی راگه‌یاندنی كه‌مپینێك هه‌وڵده‌ده‌ین لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم وه‌ك (نووسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی كوردستان)‌ و (رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان)‌و سه‌رجه‌م (ده‌زگاكانی راگه‌یاندن) ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی پێویست بێت بۆ رێگرتن له‌گرانكردنی كارته‌كانی په‌یوه‌ندیكردن‌و ته‌نانه‌ت خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یگرینه‌ به‌ر‌و رێگاناده‌ین هه‌ر رۆژه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان باجی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌‌و ئاره‌زوومه‌ندانی كۆمپانیاكان بده‌ن.

ده‌سته‌ی راگه‌یاندنی كه‌مپینی نا بۆ گرانكردنی نرخی كارتی مۆبایل

PUKmedia دیار- زانیار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket