riklam

كۆسرەت رەسوڵ:سەرۆك مام جەلال ئەندازیار‌و دەستپێكی پرۆسەی ئاشتی توركیایە

ی.ن.ک‌‌ 08:16 PM - 2015-07-30
  وەفدەكە لەڕێی یەكێتییەوە پەیامێكی ئاڕاستەی قەندیل كرد

وەفدەكە لەڕێی یەكێتییەوە پەیامێكی ئاڕاستەی قەندیل كرد

وەفدێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی توركیا، سەردانی مەكتەی سیاسی یەكێتی كردو لەكۆبوونەوەیەكیشدا، رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو، ئاشتی ‌و ئارامی ناوچەكە، شەڕی دژی داعش‌و پەیوەندییەكانی كوردستان ‌و توركیا تاوتوێدەكرێت ‌و تیایدا مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، جەخت لەبەردەوامی پرۆسەی ئاشتی ‌و چارەسەری كێشەكان دەكاتەوە، تا بەڕێككەوتنی سیاسی دەگات. 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2015/7/30 لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، بەیاوەری مەلا بەختیار، عومەر فەتاح ‌و حاكم قادر حەمەجان، لێپرسراو ئەندامانی دەستەی كارگێڕی، ئەرسەلان باییز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ‌و  د.خەسرەو گوڵ محەمەد، ئەندامی سەركردایەتی‌و د.ئاسۆ فەرەیدون، پارێزگاری سلێمانی، بەگەرمی پێشوازیان، لەوەفدێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی توركیا، فەرەیدون سینیر ئۆغڵو، راوێژكاری وەزیری دەرەوە، محەمەد عاگیف، كونسوڵی توركیا‌و ژمارەیەك لەدیپلۆماتكارانی ئەو وڵاتە كردو، لەكۆبوونەوەیەكیشدا، كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، تەئكیدی لەبەردەوامی پەیوەندییەكانی توركیاو هەرێمی كوردستان كردەوەو تیایدا بەپێویستیزانی، لەپێناو بەردەوامی ئاشتی ‌و ئارامی لەناوچەكە، لەتوركیا، لەعیراق‌و  كوردستاندا، بەرەی شەڕی دژی داعش بەردەوام‌و فراوان بكرێت ‌و هەر جۆرە هەماهەنگییەكی زیاتر لەرووی ئەمنییەوە، بەگرنگ بۆ پاراستنی ئاسایش ‌و ئارامی ‌و كۆتایهاتن بەمەترسییەكانی داعش ‌و   تیرۆر ناوبرد.

جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، نیگەرانی یەكێتیشی سەبارەت بەتەقینەوەكەی (پیرسۆس)‌و رووداوە نەخوازراوەكانی چەند رۆژی رابردووی  گەیاندە وەفدە باڵاكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیاو بەپێویستیشی زانی، كە بەگەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی ‌و بەردەوامی گفتوگۆكان، كێشەكان چارەسەر بكرێن ‌و رێگە نەدرێت ئەو رووداوانە پرۆسەی ئاشتی توركیا پەكبخەن.

جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، سوپاسی توركیاشی كرد، كە رێگەیانداوە پێشمەرگە لەڕێگەی وڵاتەكەیانەوە، بگەنە كۆبانێ‌ ‌و بەشداری لەپاراستن‌و رزگاری شارەكەدا بكەن‌و جەختیكردەوە: دیموكراسی‌و ئازادی لەهەركوێیەك بێ‌، پشتیوانی لێدەكەین‌و دژی تیرۆرو هەرجۆرە توندوتیژیەكین‌و راشیگەیاند: سەرۆك مام جەلال، ئەندازیار‌و پشتیوانی گەورەی دەستپێكی پرۆسەی ئاشتی توركیایە، یەكێتیی نیشتمانیش، قوتابخانەكەی مام جەلال-ەو لەسەر ئەو پرنسیپ‌و ستراتیجە بەردەوام دەبێت‌و هیواشیخواست، كە ئاكپارتی، درێژەی بەسیاسەتی ئاشتی‌و ئازادی بدات‌و پرۆسەی ئاشتی لەوڵاتەدا بگەیەنێتە چارەسەری یەكجارەكی.  

لەلایەن خۆشییەوە، فەرەیدون سینیر ئۆغڵو، راوێژكاری وەزیری دەرەوە، دوای ئەوەی سڵاوی سەرۆك كۆمارو وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی گەیاندە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، ئاماژەی بەمێژووی هاوبەشی رابردووی هەردوولا كردو لەو چوارچێوەیەشدا، پەیوەندییە بەردەوامەكانی توركیاو هەرێمی كوردستانی بەگرنگ ناوبردو لەو رووەشەوە، تەئكیدیی لەزیاتر هاوكاریكردن‌و هەمانگی وڵاتەكەیی‌و هەرێمی كوردستان، بۆ پاراستنی ئاسایش‌و ئارامی ناوچەكە‌و گەشەپێدانیشی كردەوەو ئامادەیی زیاتری وڵاتەكەشی لەوبارەیەوە خستەڕوو.

تەئكیدیشی كردەوە، كە وڵاتەكەی بەبایەخ‌و گرنگییەوە، لەیەكگرتوویی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئاسایش‌و ئارامییەكەی دەڕوانێت‌و وتیشی: نامانەوێت رێگە بدەین، كە ئارامی ئەم ناوچەیە بشێوێت‌و رایگەیاند: كوردستان بۆ عیراق، لەڕووی دیموكراسییەوە، نمونەییە. رونیشیكردەوە كە: وڵاتەكەی، وڵاتێكی دیموكرات‌و سیكولارەو دژی هەر جۆرە شەڕێكی نەتەوەیی‌و تائیفییە، هاوكات سەرهەڵدان‌و گەشەكردنی داعشیشی لەسوریا‌و پاشان لەعیراقدا، بۆ سود وەرگرتنیان لەناكۆكییە تائیفی‌و نەتەوەییەكان‌و كێشە سیاسییەكان گێڕایەوەو هەر بەو هۆیەشەوە، داعش توانی بەشێكی سوریاو عیراق داگیربكەن. 

وێڕای ئاماژەكردن بەهەڵوێست ‌و سیاسەتی وڵاتەكەی هەر لەسەرەتای شەڕی دژی داعش، ئاماژەی بەڕێككەوتنەكەی توركیاو ئەمریكا كردو رونكردنەوەی زیاتری لەوبارەیەوە خستەڕوو، تیایدا جەختی لەستراتیجێكی هاوبەش كردەوە. هەر لەو روانگەیەوە، راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئاماژەی بەپرۆسەی ئاشتی لەتوركیاو ئەو ئاستەنگانەش كرد، كە لەبەردەوامی پرۆسەكەدا هاتوونەتە ئاراو تیایدا سەركەوتنی هەدەپەو بەدەستهێنانی (80) كورسی پەرلەمانیشی، بۆ سەرەنجامی بوونی پرۆسەی ئاشتی‌و ستراتیجی وڵاتەكەی لەپەیوەستبوونی بەپرۆسەكە زانی‌و سەرەڕای رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووش، رایگەیاند: توركیا خۆی بەمولتەزیم بەرامبەر بەپرۆسەی  ئاشتی دەزانێت‌و وتیشی: هەرلایەنێك كاری سیاسی‌و خەباتی دیموكراسی بكات، رێگەكەی بەردەمی كرایەوەو لەو چوارچێوەیەشدا، لەڕێگەی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە، پەیامێكی ئاڕاستەی قەندیل كرد.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەبایەخەوە، سەردانی وەفدەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیای بۆ هەرێمی كوردستان، هەڵسەنگاند. بەتایبەت لەئێستادا كە بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆزەو بەكۆمەلێك گۆڕانكاری‌و ئەگەری نوێدا تێدەپەڕێت‌و رونیشیكردەوە، كە یەكێتیی لەساڵێ‌ (1994)ەوە هەڵوێست‌و سیاسەتی خۆی بەرامبەر بەتیرۆر راگەیاندوە.

دەستپێكی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیاو پەیوەندییەكانی بازرگانی هەرێمی كوردستانیشی لەگەڵ توركیادا، بۆ سیاسەت‌و ستراتیجی حەكیمانەی هەڤاڵ مام جەلال گێڕایەوەو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە سەرۆك تاڵەبانی، لەسەر داوای خوالێخۆشبوو (تۆرگۆت ئۆزال) لەساڵی (1993)دا، بەردی بناغەی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا داناو جەختیشیكردەوە كە: یەكێتیی لەسەر هەمان ستراتیج‌و رێگەی مام جەلال بەردەوام دەبێت. وێڕای تەئكیدكردنەوەش لەپەیوەندییەكان، رونیكردەوە، كە: یەكێتیی لەسەر حسابی هیچ لایەكی تر، لەگەڵ لایەكی تر پەیوەندییەكانی رێكناخات. 

راگەیاندنی هەڵویستی توركیاشی سەبارەت بەداعش، بەجێگەی پێزانین ‌و ناوبردو رونیكردەوە، كە ئەم هەڵوێستەی توركیا، لەگەڵ ئەمریكاو بەرەی دژی داعش‌و هێزی پێشمەرگە، وادەكات، داعش تەمەنی كورت بێ‌.   

PUKmedia 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket