riklam

قادر حەمەجان: پێشمەرگە پێویستی بەپشتیوانی زیاترە

ی.ن.ک‌‌ 07:06 PM - 2015-07-30
لەگەڵ كونسوڵی رۆمانیا گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسی هەرێم و شەڕی داعش كرد

لەگەڵ كونسوڵی رۆمانیا گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسی هەرێم و شەڕی داعش كرد

ئەمڕۆ 2015/7/30 حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی لەمیانی پێشوازیكردنی لە میها یتسا ئینی كونسوڵی رۆمانیا لەهەرێمی كوردستان، گفتوگۆیان لەبارەی پتەوكردنی پەیوەندی هەردوولاو شەڕی دژ بەتیرۆرو بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرد.

نوێنەرایەتی وڵاتان بایەخی زۆری هەیە

حاكم قادر وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی كونسوڵی رۆمانیا، تەئكیدیكردەوە كە بوونی كونسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێم بایەخێكی زۆری هەیە بۆ ئەزموونی كوردستان، چونكە رۆڵ و كاریگەری خۆیان هەیە و دەتوانن لە رووی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و تەندروستی و سەربازیشەوە پشتیوان هاوكاری هەرێمی كوردستان بن.

گرووپە تیرۆریستییەكان یەك ناوەرۆكن

سەبارەت بەشەڕی دژ بەتیرۆریش، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ژینگەیەكی لەبارە بۆ دروستبوونی گروپی تیرۆریستی كە ئامانجیان تێكدانی ئارامی و سەقامگیرییە، ئەو گرووپانەش ئەگەر لە فۆرم و شێوەدا جیاوازیش بن بەڵام لە ناوەرۆكدا لە یەك دەچن و باوەڕیان بە مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموكراسی و بیروڕای ئازاد نییە و رای جیاواز قبوڵ ناكەن، نموونەی ئەوەشی بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێنایەوە كە تیرۆریستان دەیانەوێت نەك تەنیا فەزای سیاسی بگۆڕن بەڵكو فەزای كەلتوری و مەعریفی و كۆمەڵایەتیش بگۆڕن.

پێشمەرگە پێویستی بە پشتیوانی زیاترە

هەروەها ستایشی ئازایەتی و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی هێنایەوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی خاكی كوردستان و وتی: پێشمەرگە بەنوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی دژ بە تیرۆر دەكات. سوپاسی ئەمریكاو هەموو ئەو وڵاتانەشی كرد كە هاوكار و پشتیوانی پێشمەرگە دەكەن لەم شەڕە پیرۆزەی بۆ بەرگریكردن لە بەهاجوانەكانی مرۆڤایەتی. وتیشی: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كارێكی قورسە و پێشمەرگە پێویستی بە هاوكاری و پشتیوانی زیاتر هەیە لە هەموو روویەكەوە.

یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ هاوڕان

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، حاكم قادر لەبارەی پرسی دەستوورو یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە تەئكیدیكردەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی هاوڕان لەسەر ئەوەی سیستمی هەرێمی كوردستان سیستمێكی پەرلەمانی دیموكراتی بێت و سەرۆك لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت و دەسەڵاتەكانیش دیاری بكرێن. لەوبارەیەشەوە گفتوگۆی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوورو دانوستانی لایەنە سەرەكییەكان دەستپێكردووە بەمەبەستی سازان و گەیشتن بە چارەسەر بەر لە كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە 20ی مانگی ئابدا. لە هەمان كاتدا ئەمڕۆ نوێنەرانی پێنج لایەنە سەرەكییەكە كۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پرسەكانی تر.

رۆمانیا هەڵوێستی جددی بۆ پشتگیری كورد هەیە

لەلایەن خۆیەوە كونسوڵی رۆمانیا لە هەرێم رایگەیاند ئێمە بەشێكین لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بوونی ئێمە لێرە سەلمێنەری ئەوەیە كە هاوكار و پشتیوانی پێشمەرگەین، وتیشی: بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە. تەئكیدیشی كردەوە كە رۆمانیا هەڵوێستی جددی هەبووە لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و یەكێتی ئەوروپا بۆ هاوكاریكردن و پشتگیریكردنی دۆزی كورد.

PUKmedia 

 

454163072015_877.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket