riklam

خوێندكارە سەركەوتوەكانی هەڵەبجە خەڵات دەكرێن

کوردستان 08:10 PM - 2015-07-27
ئەمساڵ خوێندكارە هەڵەبجەییەكان لەناوەو دەرەوە پێشەنگ بوون

ئەمساڵ خوێندكارە هەڵەبجەییەكان لەناوەو دەرەوە پێشەنگ بوون

ئەمڕۆ 2015/7/27 لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە بەشی زانستی و پلەكانی چوارەم و شەشەم لەهەمان ئاست و بەش و هاوكات پلەی یەكەم لەسەر ئاستی هەرێم لەبەشی پیشەیداو یەكەم لەسەر ئاستی وڵاتی سوید لەلایەن ژمارەیەك خوێندكاری هەڵەبجەیەوە، لەمەراسمیكێدا بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەبەرپرسانی حكومی و حزبی و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە خەڵاتی بەخشیە یەكەمەكان وەك  رێزگرتنێك  لەئەرك و ماندوبوونیان .

سیما شاهۆ هەڵەبجەیی یەكەمی 12ی ئامادەیی وڵاتی سوید بە PUKmediaی راگەیاند: لەوڵاتی سوید توانیم پلەی یەكەم لەسەر ئاستی وڵاتەكەدا بەدەستبهێنم، چەندین دبلۆمم پێدراوە، لەوانە دبلۆمی پاشا بیتفیسكایە كە لە ساڵی 1664وە بە بەردەوامی دەدرێت، دواتر بانگهێشتی سیمیناری ئەو كەسانە كرام كە خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرن و پێشموترا كە ببم بە مامۆستای پۆلی (10 و 11) وڵاتی سوید.

وتیشی:لەسەر نوسینی چیرۆكێك لەسەر زمناكۆ عەلی خەڵاتێكی تایبەتم پێبەخشراو بەشانازییەوە هەمیشە لەگەڵ ناوی هەڵەبجەوە دەژیم و شانازی پێوەدەكەم. 

دونیا وەسفی  یەكەمی بەشی زانستی هەرێمی كوردستانیش بە PUKmediaی راگەیاند: توانیم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پلەی یەكەم بەدەستبهێنم و سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم ئەمڕۆ خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشیم و هیوادارم بتوانم درێژە بەخوێندن بدەم.

هاوكات بەناز عومەر  یەكەمی بەشی پیشەیی هەرێمی كوردستان  بۆ PUKmedia وتی: توانیم پلەی یەكەم لەسەر ئامادەییەكان  بەدەستبهێنم، سوپاسی هەموو لایەنەكان دەكەم كە ئەمڕۆ خەڵاتیان پێ بەخشیم. 

لای خۆشیەوە سۆران عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو كە  ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە پێشەنگی نمرەكان بووە  (یەكەم و چوارەم و شەشەمی زانستی) لەسەر ئاستی هەرێم لە هەڵەبجە بووە، یەكەم دووەم و سێیەمی پیشەیی لەهەرێم بوەو لەسەر ئاستی وڵاتی سوید كچە خوێندكارێكی هەڵەبجەیی پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە. 

وتیشی: كۆلیژی هاوبەشی نمونەیی  لەسەر ئاستی جیهان لە ئولۆمپیاتی جیهان بۆ زمان و كلتور یەكەم و سێیەم لەسەر ئاستی جیهان هەڵەبجەیی بوون، لە ئۆڵۆمپیاتی عیراق لە بوارەكانی  بیركاری، كۆمپیوتەر، زانست  دووەم و سێیەم  لەسنوری پەروەردەكەمان بووە، لەئۆڵۆمپاتی پارێزگاكان لەسەر ئاستی سلێمانی  یەكەم و حەوتەم لەپارێزگای هەڵەبجە لەپەروەردەی هەڵەبجە بووە. 

هەروەها مەلا یاسین خاوەنی كۆمپانیاكانی بەڕێز وێڕای پێدانی  خەڵاتی تایبەتی و سپۆنسەریكردنی  مەراسیمەكە بە PUKmediaی راگەیاند: دڵنیایی نامەیەكمان بۆ خوێندكارەكان خوێندوە كە تیایدا وەك كۆمپانیای بەڕێز بۆ زیاتر پێشكەوتنی ئەم وڵاتە بڕیارماندا ئەركی خوێندنی ئەو خوێندكارانە لەناوەوەو دەرەوەی هەرێم بگرینە ئەستۆو لەبری خانەوادەكانیان موچەیەكی مانگانەیان بۆ دابین بكەین.

پاریزگای هەڵەبجە لە مێژە لە ناو ركابەرە زانستیەكاندا ململانێ‌ دەكات و ساڵانەش لەسەر ئاستی هەرێم  چەندین نمرەی بەرزی تێدا بەدەستدەهێنرێت.

PUKmedia فەرحان حەمەخان – هەڵەبجە   

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket