riklam

رێكه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كه‌

بیروڕا 02:16 PM - 2015-07-27
د.به‌ختیار جه‌بار شاوه‌یس‌

د.به‌ختیار جه‌بار شاوه‌یس‌

سه‌كۆی پایته‌خت
رێكه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كه‌

هه‌رچه‌نده‌ كاره‌با له‌هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق به‌تایبه‌تی له‌م وه‌رزی گه‌رماو شه‌پۆلی گڕه‌یه‌دا خراپ بووه‌، به‌ڵام پێناچی میوانداریی كردنی وه‌زیری كاره‌بای عیراق، كه‌ به‌م پرسه‌ دانیشتنه‌كانی دوای پشووی جه‌ژنی ره‌مه‌زان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، بۆ ئێمه‌ی نوێنه‌رانی كورد بایه‌خی ئه‌وتۆی هه‌بێت. ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌‌و چاوه‌ڕێده‌كرێت شوێنی مشتومڕ بێت‌و دواجار كار‌و كاردانه‌وه‌ به‌دوای خۆیدابهێنێت، مه‌سه‌له‌ی چاره‌نووسی رێككه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدایه‌، كه‌ له‌كانوونی دووه‌می ساڵی رابردوو راگه‌یه‌نرا.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌كه‌م‌وكورتی له‌دایكبوو ‌و له‌مانگی یه‌كه‌می پراكتیزه‌كردنیدا تۆمه‌ته‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌ن سه‌باره‌ت به‌پابه‌ندنه‌بوونی یه‌كتر ده‌ستیپێكرد‌و وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم جارێك‌و وه‌فدێكی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان جارێكی دیكه‌ له‌به‌غدای پایته‌خت نه‌یانتوانی گرێ‌و گۆڵه‌كانی به‌رده‌م جیبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك خۆی بكه‌نه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ دۆخه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه‌ باسی لادان‌و پابه‌ندنه‌بوون به‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌كه‌ن. له‌و روانگه‌ی كه‌ هه‌رێم ده‌ڵێت له‌مانگی شه‌شدا رۆژانه‌ 600 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی سۆمۆ (واته‌ پابه‌ندنه‌بوون به‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌) فرۆشتووه‌‌و حكومه‌تی عه‌بادی-ش به‌ئاشكرا 50%ی به‌شه‌ بودجه‌ی مانگی نیسان‌و ئایاری رابردووی گلدایه‌وه‌ كه‌ به‌شێكی به‌په‌له‌پروزكێ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا فریای كه‌وتن.
ئه‌م رێكه‌وتنه‌ كه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵچنرابوو ببێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی دارایی‌و سیاسی‌و خزمه‌تگوزاریی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی بژێویی ژیانی ئاسایی هاووڵاتیان بۆ سه‌رده‌مانی پێشتر، له‌كاتێكدا كه‌ ناواخنی رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی یاسای بودجه‌ی 2015 به‌یاساكراوه‌‌و له‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ هه‌ر به‌ته‌نها به‌رگێكی سیاسی له‌به‌رابێت، حاڵی حازر به‌بوونی هێزه‌ یاساییه‌كه‌شییه‌وه‌، نه‌ك نه‌بۆته‌ ده‌روازه‌ی رزگاركردنی خه‌ڵكی له‌و میحنه‌ته‌ی كه‌ تێیكه‌وتووه‌، به‌ڵكو بۆته‌ فاكته‌ری زیاتر گرژبوونه‌وه‌ی رایه‌ڵی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم‌و به‌غداو به‌لێدوانه‌ تونده‌كانی هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا كه‌ ده‌ڵێن هه‌رێم نه‌وت فه‌رهوود ده‌كات، گێمێكی دیكه‌ی به‌یه‌كداكه‌وتنی نوێنه‌رانی كورد‌و ئه‌وانی دیكه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان ده‌كاته‌ ئه‌گه‌رێكی نزیك.
بڕیاری فروشتنی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ئه‌گه‌ر بۆ منی هاووڵاتی كورد‌و نوێنه‌رێكی خه‌ڵكی كوردستان، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی بڕینی مووچه‌ی خه‌ڵك‌و قوتی هاونیشتمانییه‌كانم بێت‌و جارجاره‌ش له‌ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ خۆشحاڵم بكات به‌وه‌ی كه‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی جیابوونه‌وه‌مانه‌ له‌م برا عه‌ره‌به‌ چاوڕه‌شه‌ی كه‌ له‌ته‌نیشتمه‌وه‌ له‌ناو په‌رله‌مان دانیشتووه‌‌و نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه‌ له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا كه‌مترین خێر‌و خۆشیم له‌سیاسه‌ته‌كانی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی نه‌بینیوه‌، ئه‌وا به‌دیدی هه‌مان برای چاوڕه‌ش فرۆشتنی نه‌وت مانای به‌تاڵانبردنی خێر‌و بێری عیراقه‌‌و لادانه‌ له‌ده‌ستوور.
چاره‌نووسی رێكه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كه‌ له‌دواساته‌كانی ته‌مه‌نیدایه‌‌و ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌، بانگهێشتكردنی هه‌ر چوار وه‌زیری نه‌وت‌و دارایی به‌غدا‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان‌و دارایی هه‌رێمه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی نه‌وت‌و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌دیدی من كارێكی ئه‌سته‌مه‌ به‌رهه‌می ئیجابی هه‌بێت.
د.به‌ختیار جه‌بار شاوه‌یس‌
*ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket