riklam

كۆسره‌ت ره‌سوڵ: گفتوگۆ ببێته‌ كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان

ی.ن.ک‌‌ 04:04 PM - 2015-07-25
نابێ هه‌رێم و به‌غدا ده‌رگای گفتوگۆ به‌رووی یه‌كتردا دابخه‌ن

نابێ هه‌رێم و به‌غدا ده‌رگای گفتوگۆ به‌رووی یه‌كتردا دابخه‌ن

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی رایگه‌یاند پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌ردوولا پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كانی نێوانیان بن و مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات.

ئه‌م وتانه‌ی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌مڕۆ 25-7-2015 له‌ شاری سلێمانی به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ "د. به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی و حاكم قادر و عومه‌ر فه‌تاح، رزگار عه‌لی، مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و مسته‌فا چاوڕه‌ش و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی" له‌میانی پێشوازیكردن له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی عیراق هات.

له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا باسیان له‌دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانی عیراق و ناوچه‌كه‌و جه‌نگی دژه‌تیرۆر كرد، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ردوولا به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ رۆڵی پێشمه‌رگه‌و سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌یان رووانی كه‌ به‌شدارن له‌ جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و هیواشیان خواست هه‌ماهه‌نگی زیاتر هه‌بێ له‌نێوان هێزه‌كان بۆ فراوانتركردنی بازنه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر.

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ند پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كانی نێوانیان بن و پێویسته‌ له‌م كات و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو لایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كار بكه‌ن و ده‌بێت رۆڵی پێشمه‌رگه‌ حسابی تایبه‌تی بۆ بكرێت.

لای خۆیه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی عیراق ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان روونكرده‌وه‌و رایگه‌یاند كه‌ ئامانجیانه‌و ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رو كۆتایی به‌كێشه‌كان بهێنرێ".

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ نابێ هه‌رێم و به‌غدا ده‌رگای گفتوگۆ به‌رووی یه‌كتردا دابخه‌ن و ده‌بێ هه‌رچی زووه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوانیان بكرێ".

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket