riklam

ئه‌ڵمانیا.. 35هه‌مین ساڵه‌ ئاڵای كوردستان هه‌ڵده‌كرێت

تاراوگە‌‌ 06:12 PM - 2015-07-07
.

.

ئه‌گه‌رچی گه‌رما ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماركرد، به‌ڵام به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی پێشوه‌خت رۆژانی 3بۆ 2015/7/5 له‌ئه‌نه‌پاركی شاری نۆرنبێرگ، 35هه‌مین ڤیستیڤاڵی جه‌ژنی هاوینه‌ی باشووری شار به‌سه‌رپه‌رشتی شاره‌وانی نۆرنبێرگ و به‌شداری ده‌یان رێكخراوی ئه‌ڵمانی و نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی دانیشتووی ئه‌و شاره‌ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌م ڤیستیڤاڵه‌دا ساڵانه‌ پارێزگاری نۆرنبیرگ و حزبه‌ ئه‌ڵمانیه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی ئه‌منستی و چه‌ندین رێكخراوی كوردی و تبتی و رێكخراوه‌ فێرخوازه‌كان به‌شداری تیاده‌كه‌ن، ڤیستیڤاله‌كه‌ بۆ ئاشنابوونی نه‌ته‌وه‌كانه‌ به‌كلتوری یه‌كتری و هه‌مانكات تێكه‌ڵبوونی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌شه‌ به‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی و له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا نه‌ته‌وه‌كان كلتورو داب و نه‌ریتی خۆیان له‌خواردن و جلوبه‌رگ و مۆزیك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و خواردن و خواردنه‌وه‌ش دیارده‌ی هه‌ره‌ زاڵی ئه‌و ڤێستیڤاله‌یه‌.

ڤیستیڤاڵه‌كه‌ له‌ناوه‌ڕۆكدا خۆشه‌ویستی گه‌لان و پێكه‌وه‌ ژیان ده‌به‌خشێ، ساڵانه‌ش رێكخراوه‌ كوردیه‌كان به‌شداریه‌كی چالاكانه‌ ده‌كه‌ن و له‌میانه‌ی هه‌ڵدانی ده‌وارو خێمه‌ی خۆیانه‌وه‌ ئاڵای كوردستان هه‌ڵده‌كه‌ن و پێشوازی له‌میوانی نه‌ته‌وه‌كانی تر ده‌كه‌ن و خواردنی كوردی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

ئه‌مساڵ وه‌ك ساڵانی دی ناوه‌ندی كلتوری كوردی نۆرنبیرگ به‌شداریه‌كی چالاكانه‌ی كردو به‌ئه‌رك و ماندوبوونی ئه‌ندامانی ناوه‌نده‌كه‌ له‌ژنان و پیاوان توانیان سه‌ركه‌وتوانه‌ ڤیستیڤاڵی ئه‌مساڵیش به‌رێ بكه‌ن.

ئه‌گه‌رچی به‌به‌راورد له‌گه‌ل ساڵانی تردا خێزان و خانه‌واده‌ كوردیه‌كان كه‌متر سه‌ردانیانكرد، ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌شی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌پۆله‌ گه‌رمایه‌و ره‌مه‌زانیش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ.

هه‌مان كات رێكخراوی كۆمكار كه‌ مێژووی به‌شداریكردنی له‌هه‌موو رێكخراوه‌كان كۆنتره‌و وه‌ك مامۆستا بوستانی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئه‌مساڵ 35 ساڵه‌ ئاڵای كوردستان له‌م ڤێستیڤاڵه‌دا هه‌ڵده‌كه‌ین، سه‌رنجیشی راكێشاین بۆ نمایشكردنی چه‌ند وێنه‌یه‌كی مه‌رگه‌ساتی رۆژئاواو دروشمی دژ به‌توركیاو قه‌ته‌رو هاوكاریان بۆ داعش.

بێگومان ساڵانه‌ پارتی كارێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ش به‌شداریه‌كی چالاكانه‌ ده‌كات، ئه‌مساڵ ئاڵای یه‌په‌گه‌و هه‌ده‌په‌و په‌كه‌كه‌یان له‌سه‌ر خێمه‌ی پێشوازیكردنه‌كه‌ هه‌ڵكردبوو، ڤیستیڤاڵی ئه‌مساڵ  كه‌متر چالاكی سیاسی له‌خۆگرتبوو زیاتر به‌سه‌ربردنی كاتی خۆش و به‌رجه‌سته‌كردنی پێكه‌وه‌ ژیان و ماف و ئه‌رك بوون.

دیمه‌نه‌كانی ڤیستیڤاڵ ره‌نگاو ره‌نگ و هه‌ریه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك و به‌هه‌زاران كه‌سیش له‌ماوه‌ی ئه‌و (سێ) رۆژه‌دا به‌سه‌ردان و به‌شداری ئه‌و جه‌ژنه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه‌، له‌نیوه‌ڕۆی سێهه‌مین رۆژی جه‌ژنی باشوری نۆرنبیرگدا كه‌ پله‌ی گه‌رما له‌نێوان 37 بۆ 40 پله‌بوو كه‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 50 پله‌ ده‌كات، گروپی مۆزیكی میزوپۆتامیاو ئه‌رارات به‌شێوه‌ی سۆرانی و كرمانجی سه‌روو هه‌ریه‌كه‌و به‌جیا چه‌ند بڕگه‌یه‌كیان نمایشكردو نمونه‌یه‌كیان له‌مۆزیك و هه‌ڵپه‌ڕكێ و هونه‌ری كوردی گه‌یانده‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر.

شایانی باسه‌ له‌ 35 ساڵی رابردوودا كورد له‌رێگه‌ی رێكخراوه‌ كلتوری و سیاسیه‌كانه‌وه‌ به‌شداری ئه‌م جه‌ژنه‌یان كردووه‌ كه‌ به‌گه‌وره‌ترین جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌كان له‌نۆرنبێرگی دووه‌م شاری گه‌وره‌ هه‌رێمی باڤاریای ئه‌ڵمانیادا ساڵانه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی (یولی)دا به‌رێوه‌ده‌چێت، له‌كۆنترینی ئه‌و رێكخراوانه‌ش كه‌به‌شداریانكردووه‌، ڕێكخراوی كۆمكاری باكوری كوردستان، كۆمیته‌ی چالاكیه‌كانی كوردستان كه‌ دواتر بووه‌ یانه‌ی كوردی، رێكخراوی میزۆپۆتامیاو له‌ئێستاشدا ناوه‌ندی كلتوری كوردی و كۆمكارو میزۆپۆتامیا ساڵانه‌ ئاماده‌بونێكی باشیان هه‌یه‌.

PUKmedia
شه‌هاب عوسمان-ئه‌ڵمانیا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket