riklam

هاتوچۆی سلێمانی ئاماری شه‌ش مانگی ئاشكراكرد

کوردستان 04:48 PM - 2015-07-06
ئاماری شه‌ش مانگی هاتووچۆی سلێمانی

ئاماری شه‌ش مانگی هاتووچۆی سلێمانی

ئه‌مڕۆ 6-7-2015، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نه‌قیب كاروان محه‌مه‌د وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی ئاماری كاروچالاكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی و ئاماری رووداوه‌كانی هاتوچۆو قوربانیانی هاتووچۆی له‌ شه‌ش مانگی رابردووی ئه‌مساڵدا راگه‌یاند.

وته‌بێژی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌ شه‌ش مانگی رابردوی ئه‌مساڵدا 543 رووداوی هاتووچۆی جۆراوجۆر روویانداوه‌ و هه‌زارو 277 هاووڵاتی برینداربوون 107 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

وتیشی: له‌و شیكارییانه‌ی بۆ رووداوه‌كانی هاتووچۆ كراوه‌ له‌ كۆی ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ روویانداوه‌ 206 رووداویان هۆكاره‌كه‌ی تیژره‌ویی بووه‌ و 59 رووداو به‌هۆی مه‌ینۆشییه‌وه‌ بووه‌، 51 رووداو به‌هۆی بێ ئاگاییه‌وه‌ بووه‌، هه‌روه‌ها 29 رووداو به‌هۆی گۆڕینی سایده‌وه‌ بووه‌، 34 رووداو به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونه‌وه‌بووه‌ به‌ رێنماییه‌كانی هاتوچۆوه‌ 21 رووداو به‌هۆی نه‌پاراستنی ماوه‌ی سه‌لامه‌تییه‌وه‌ بووه‌، 89 رووداویش به‌هۆی هۆكاره‌ جۆراو جۆره‌كانی تره‌وه‌بووه‌.

راشیگه‌یاند: له‌ كۆی ئه‌و 107 هاووڵاتییه‌ی له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتووچۆه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ 66 هاووڵاتی سه‌رنشین بووه‌، 32 هاووڵاتی پیاده‌بووه‌ و 9 هاووڵاتیش شۆفێربووه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش 90 هاووڵاتی له‌رێگاوبانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ 17 هاووڵاتیش له‌ ناو سنوری پارێزگای سلێمانی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. 

هه‌روه‌ها نه‌قیب كاروان راشیگه‌یاند: له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 635هه‌زارو 865 سوار ره‌و له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی تۆماركراوه‌، 14 هه‌زارو 806 سوار ره‌و له‌ جۆره‌كانی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگركه‌(تایبه‌ت، كرێ كشتوكاڵ ماتۆڕ، پیشه‌سازی) ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها وتیشی: له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 521 هه‌زارو 86 مۆڵه‌تی شۆفێری به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی به‌هاووڵاتیان دراوه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئاماری كامێراكانی هاتووچۆ له‌ شه‌ش مانگی رابردووی ئه‌مساڵدا، له‌ رێگاو بانه‌كانی ناو شار 21 هه‌زارو 294 سه‌رپێچی به‌كامێراكانی ناوشار تۆماركراون، له‌ده‌ره‌وه‌ی شاریش 29 هه‌زارو 432 سه‌رپێچی تۆماركراون، له‌ كۆی سه‌رپێچییه‌كانی كه‌ له‌ناو شار تۆماركراون سه‌رپێچیكاران به‌ بڕی ملیارێك و 796 ملیۆن و 60 هه‌زار دینار سزادراون، هه‌روه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ی شاریش به‌ بڕی ملیارێك و 423 ملیۆن و 975 هه‌زار دینار سزای سه‌رپێچی دراون.

ئاماژه‌به‌وه‌شدا له‌ شه‌ش مانگی رابردووی ئه‌مساڵدا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی واته‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ناوشارو ده‌ره‌وه‌ی شار هه‌زارو 869 ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر سه‌رپێچی جۆراو جۆر ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ له‌و رێژه‌یه‌ش هه‌زارو 212 ئۆتۆمبێل كاری یاسایی له‌گه‌ڵداكراوه‌ له‌سه‌ر په‌رده‌پۆشی هه‌روه‌ها هه‌زارو 128 ئۆتۆمبێل جام تاریك كاری یاسایی له‌گه‌ڵدا كراوه‌ 7 هه‌زارو 697 كه‌س له‌سه‌ر نه‌به‌ستنی پشتێنی سه‌لامه‌تی سزادراون، هه‌زارو 121 كه‌س له‌سه‌ر سه‌رپێچی تر كاری یاسایی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدراوه‌، 237 حاڵه‌تی به‌گژداچوونه‌وه‌ی كارمه‌ندانی هاتووچۆ هه‌بووه‌، 13 هه‌زارو 426 كاری یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌و شۆفێرانه‌دا كراوه‌ كه‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان مه‌رجی توندوتۆڵی تێدا نه‌بووه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ داهاتوو خه‌رجییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی له‌ پێنج مانگی رابردوی ئه‌مساڵدا داهاتی گشتی 26 ملیار و 122 ملیۆن و 370 هه‌زاردینار بووه‌، هه‌روه‌ها خه‌رجییه‌كانیش 178 ملیۆن و 240 هه‌زار دینار بووه‌.

هه‌رسه‌باره‌ت به‌ كاری ئه‌ندازه‌ی هاتووچۆ له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 782 هێمای هاتووچۆی جۆراوجۆر له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوه‌ هه‌زارو 869 مه‌تر تاسه‌ی ده‌ستكرد دانراوه‌ و هه‌زارو 385 مه‌تر محاجه‌ره‌ی هاتوچۆ له‌شه‌قام و رێگاو بانه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوه‌.

راشیگه‌یاند: كامێرا جێگیره‌كانی هاتووچۆ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا سه‌رجه‌میان كاره‌كانیان ته‌واوده‌بێت و له‌كارداده‌بن، به‌ڵام كامێرا گه‌ڕۆكه‌كان به‌رده‌وامن له‌كاركردن و رۆژانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی شار سه‌رپێچییه‌كان تۆمارده‌كه‌ن.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket