زۆر نازپێدان به منداڵ.. له رێده‌ریده‌كات
هەمەرەنگ 02:22 PM - 2015-07-04زۆر نازپێدان به منداڵ.. له رێده‌ریده‌كات
منداڵان زۆر خۆشه‌ویستن.. منداڵان تۆی ژیانن.. هیوای داهاتووی گه‌لانن.. منداڵان گرنگترین سامان و سه‌رمایه‌ن.. كه له نه‌وت زێڕیش به‌نرخترن.
تا دروستر كوردیله چاوگه‌شه‌كانی ئه‌مڕۆمان گۆش و په‌روه‌رده بكه‌ین.. تا باشتر ئاڕاسته‌یان بكه‌ین.. جوانتر رێنمایی و ئامۆژگاریان بكه‌ین.. زیاتر دڵنیاده‌بین له هێنانه‌دی ژیان و ئاینده‌یه‌كی خوازراوی خۆشتر و شیاوتر بۆ كورد‌و كوردستان .كوردیله‌كانمان ده‌بن به كه‌سایه‌تی و به تاكی دروست و سوودبه‌خشی بڕوا و متمانه‌به‌خۆی كۆمه‌ڵگای كوردیمان.. سۆز و خۆشه‌ویستی و هاوبه‌سته‌بوونیان بۆ كوردستانی شیرینمان ده‌بێت.. ده‌توانن به‌رگه‌ی به‌رهه‌ڵست و كێشه‌و ته‌نگه‌ژه‌و گۆڕانكاری و كاره‌ساته‌كانی ژیان بگرن.. به ئه‌وپه‌ڕی ئازایی و به بڕوا و متمانه‌وه، بوێرانه رووبه‌روویان ببنه‌وه.
منداڵان ئه‌و شوولكه ته‌ڕو ناسكه نه‌مامانه‌ن، كه پێویسته به جوانی پیان بگه‌یه‌نین، تا ببنه كه‌ڵه‌داری قه‌د ئه‌ستوور و ره‌گ داكوتراوی به ناخاچوو، خۆڕاگربن و بێ باكبن و، به هه‌ڵكردنی ره‌شه‌با و زریان و تسۆنامی روودا و كاره‌سه‌تاكانی ژیان هه‌ڵنه‌ته‌كێن.
راسته سۆز و میهره‌بانی و خۆشه‌ویستی دایكان و باوكان بۆ جگه‌رگۆشه‌كانیان، له راده‌به‌ده‌ر و بێ سنوورن.. به‌ڵام په‌روه‌رده‌كردنیان به دروستیی شیرین‌تر و له پێشتره.
ئه‌رستۆ ده‌ڵێت : " ره‌گی په‌روه‌رده تاڵه.. به‌ڵام به‌ره‌كه‌ی شیرینه "
لۆدڤیج ڤان بتهۆڤن ده‌ڵێت: " ئامۆژگاری باش فێری منداڵه‌كانتان بكه‌ن.. ئه‌مه‌ئه‌و شته‌یه كه به‌خته‌وه‌ریان ده‌كات نه‌ك زێڕه "
خێزان یه‌كه‌مین ده‌زگای په‌روه‌رده‌ییه.. بنه‌مایه‌كی سه‌ركییه له پێگه‌یاندنی و پێكهێنانی كه‌سایه‌تی منداڵدا.. منداڵ له باوه‌شی خێزاندا چاوهه‌ڵدێنێ و، ده‌ژیت و، وه‌رده‌گرێت و، فێرده‌بێت.. تا گه‌وره ده‌بێت و ده‌توانێت پشت به تواناكانی خۆی ببه‌ستێت.. له دوای ماڵ و خێزان، منداڵ ماوه‌یه‌كی زۆریش له ده‌زگای دووه‌مدا كه قوتابخانه‌یه‌و ته‌واكه‌ری ماڵه‌وه‌یه، به‌سه‌رده‌بات.. به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی ره‌وشتی و ره‌فتاره‌كانی و ئه‌و شتانه‌ی منداڵ فێریان بووه.. له پێنج ساڵه‌ی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیدا، له ماڵه‌وه له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یه‌وه، له دایك و باوك و خوشك و برا و كه‌سوكارییه‌وه وه‌ریگرتوون.. یا له دایه‌ن و په‌روه‌رده‌كاره‌كه‌ی و داده‌كانی باخچه‌ی ساوایانه‌وه وه‌ری گرتوون.. لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌كان هه‌موویان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م راستییه ده‌كه‌ن كه ئه‌م قۆناغه گرنگترین و، ناسكترین و، هه‌ستیارترین و، مه‌ترسدارترین قۆناغه، له ژیان منداڵدا. (فرۆید ) ده‌ڵێت: " به‌شی زۆری كه‌سایه‌تی هه‌ر تاكێك له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا دروست ده‌بێت.. به تایبه‌تیش تا شه‌ش ساڵان ".
(ماریا مه‌نتسۆری) هه‌ر له باره‌ی ئه‌م قۆناغه‌وه ده‌ڵێت: " گرنگترین قۆناغ له ژیانی مررۆڤدا، قۆناغی خوێندنی باڵای زانكۆ نییه، به‌ڵكو یه‌كه‌مین قۆناغی ژیانه، كه له‌دایكبوونه‌وه تا ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵانه "
زۆربه‌ی خه‌سڵه‌ت و بنه‌ماكانی ژیان و كه‌سایه‌تی مرۆڤ، له‌م پێنج ساڵه‌دا ده‌ق ده‌گرن و ده‌چه‌سپین.. دروستبن یا نادروست، كارتێكردن و ره‌نگدانه‌وه‌یان له ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتووی منداڵدا ده‌بێت.. به سه‌رنجدان و خوێندنه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ت و هه‌ڵس و كه‌وت و ره‌فتاره‌كانی ئه‌مڕۆی منداڵ له‌م قۆناغه‌دا.. ده‌توانین پێشبینی ئه‌و بكه‌ین و ئه‌وه بزانین كه ئه‌م منداڵه له داهاتوودا چ كه‌سایه‌تییه‌كی لێ دێته كایه‌وه.. تا خێزان رێك و پێك و ته‌با و رۆشنبیر و وریابن.. تا زیاتر شاره‌زای قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی منداڵ بن.. تا زیاتر كه‌ش و هه‌وای خێزانی و ره‌فاره‌كانیان له‌بارو دروست بن.. منداڵه‌كانیان مه‌ستی پێویستییه بایۆلۆژی سایكۆلۆژیاكانیان ببن.. منداڵه‌كانیان به دروستی و به سروشتی گه‌شه‌ده‌كه‌ن و، تاك و كه‌سایه‌تی هاوسه‌نگ و كۆمه‌ڵایه‌تییان لێ دێنه كایه‌وه.
بێگومان دایكان و باوكان له هه‌موو كه‌سێ سۆزدارتر و، به به‌زه‌ییتر و، دڵسۆزترن بۆ منداڵه‌كانیان، میهره‌بانی و خۆشه‌ویستیان له راده‌به‌ده‌ر و بێ هاوتا و بێ سنووره.. ئه‌م سۆز و خۆشه‌ویستییه‌ش ماكییه (غه‌ریزییه) ته‌نها له مرۆڤدا نییه، به‌ڵكو له زۆربه‌ی گیانه‌وه‌ره‌كانی تریشدا هه‌یه .
پێویسته دایكان و باوكان ئه‌م زۆر خۆشه‌ویستییه‌یان بۆ منداڵه‌كانیان، له دڵی خۆیاندا بهێڵنه‌وه.. چونكه ئاشكراكردنی ئه‌و هه‌موو سۆز و خۆشه‌ویستیه‌ی دایك و، زۆر نازدان به منداڵه‌كانی و، زیاده‌ڕۆیی له ئاگاداری و چاودێری و پاراستن و پیاهه‌ڵدانیان، زیانێكی زۆر به منداڵه‌كانی ده‌گه‌یه‌نن و، كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی و خراپیان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتوویان ده‌بێت.. ئێمه ئه‌وه ناڵێین كه دایكان و باوكان سۆز و به‌زه‌ییان بۆ جگه‌رگۆشه‌كانیان نه‌بێت.. به پێچه‌وانه‌وه سۆز و خۆشه‌ویست و به‌زه‌یی پێوستن بۆ منداڵان و، ئاسووده‌یی و شادی به ده‌روونیان ده‌به‌خشێت.. به‌ڵام پێویسته به شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگی بێت و، زیاده‌ڕۆیی له گوزارشت كردن له سۆز و خۆشه‌ویستییان بۆ منداڵه‌كانیان نه‌كه‌ن.. كورد وته‌نی: "هه‌موو شتێ به خوێ، خوێش به مانا " واتا هه‌موو شتێك پێوه‌ر و ئه‌ندازه‌ی خۆی هه‌یه، كه له‌و ئه‌ندازه‌یه تێپه‌ڕی خراپ ده‌بێت.. وه‌كو ده‌ڵێن (باشرین ئه‌وه‌یه كه مامناوه‌ندی بێت).. هه‌ندێ له دایكان و باوكان شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه منداڵه‌كانیان به ناز به‌خێوده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی كه بزانن ئه‌و به ناز به‌خێوكردنه، چ ئاكامێكی خراب به ژیانی منداڵه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نێت.
منداڵی نازپێدراو و، زۆر هه‌ڵنراو، ئه‌و منداڵه‌یه كه كۆمه‌ڵیك ره‌فتار و خووی خراپ و ناپه‌سه‌ندی هه‌یه.. منجڕو بێزاركه‌ره، نێرگزی و خۆپه‌رسته، لاسار‌و ملهوڕه، چاونه‌زێڕ و داگیركه‌ر و شه‌ڕانگێزه.. به كورتی دیكتاتۆرێكه.. ئه‌م كێشه‌یه‌ش له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردن و گه‌وره‌بوونیدا، گه‌شه‌ده‌كات و، تابێت خراپتر ده‌بێت و، كۆنترۆڵ ناكرێت.. چونكه ئه‌و ره‌وشت و ره‌فتاره ناپه‌سه‌ندانه، ده‌بنه خوویه‌كی هه‌میشه‌یی له ژیانی ئه‌و منداڵانه‌دا، وه‌ك كورد ده‌ڵێت: "خوویه‌كی گرت به شیری، وازی لێناهێنێت به پیری "
بۆیه پسپۆرانی بواری په‌روه‌رده‌و ده‌رووناسان و پزیشكانی منداڵان، ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه و داوامان لێده‌كه‌ن، كه زۆر ناز به منداڵه‌كانمان نه‌ده‌ین و زیاد له ئه‌ندازه نه‌یان لاوێنینه‌وه.. تا خوو به ره‌وشت و ره‌فتاری نادروسته‌وه نه‌گرن و، نه‌بنه تاك و هاووڵاتی سه‌قه‌ت و ناهاوسه‌نگ.. چه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه.. كه زۆر بێزاركردن باشتره له زۆر نازپێدان و زیاد ئاگاداری و پاراستن و لامێژی.
دایكان و باوكان واتێده‌گه‌ن، كه نازپێدان شتێكی ئاسایی و ئاسان و ساكار و كاتییه.. به‌ڵام ئه‌وه نازانن كه ره‌نگدانه‌وه‌و ئه‌نجامه‌كانی زۆر خراپ و زیانبه‌خش بۆ ئه‌ومنداڵه نازپێدراوانه‌و بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ریان، له پێش هه‌مووشیانه‌وه دایكان و باوكان گیرۆوده‌و مه‌فته‌لا ده‌بن، باجی ئه‌م زۆر نازپێدانه به منداڵه‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه.. به تایبه‌تیش له قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا.. ئه‌م منداڵانه سه‌قه‌ت پێگه‌یشتووانه، زوو هه‌ڵده‌چن و یاخی و به‌له‌سه و سه‌ره‌ڕۆ ده‌بن.. زوو هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێن و ده‌بنه نێچیر بۆ ئه‌و منداڵانی كه له رێ ده‌رچوونه و ره‌وشت به‌دو به‌ره‌ڵاو چه‌قاوه‌سوون.. فێری جگه‌ره‌كێشان و مه‌ی خواردنه‌وه‌یان ده‌كه‌ن و، له‌وانه‌شه تووشی ماده هۆشبه‌ره‌كانیشیان بكه‌ن.
به كورتی نابێت زیاده‌ڕۆیی له نازپێدانی منداڵ بكه‌ین و.. ناشبێت په‌راوێزو پشتگوێ‌یان بخه‌ین.. باشترین رێگا مامه‌ڵه‌كردنی مامناوه‌ندی و هاوسه‌نگییه له گه‌ڵیاندا.
زیانه‌كانی زیاده‌ڕۆیی له نازپێدان:
خه‌سڵه‌ته‌كان و، زیانه‌كانی زیاده‌ڕۆیی له نازپێدان و ملكه‌چكردن بۆ هێنانه‌دی هه‌موو فرمان و داواكانی منداڵ زۆرن.. به باس له هه‌ندێ له‌وخه‌سڵه‌ت و زیانانه ده‌كه‌ین:
١ـ منداڵی نازپێدراو، ناتوانێت به‌رپرسێتی له ئه‌ستۆ بگرێت و، رووبه‌به‌ڕووی كێشه و ته‌نگه‌ژه‌كانی ژیان ببێته‌وه، چونكه به تاقیكردنه‌وه‌ی پێویستدا تێ نه‌په‌ڕیوه، بۆ ئه‌وه‌ی فێربێت و، ده‌ربه‌رێت و بتوانێت به سه‌ركه‌وتووی له‌گه‌ڵ كێشه‌كاندا مامه‌ڵه بكات .
٢ـ ناتوانێت به‌رگه‌ی شكستی و نوشستییه‌كانیژیانی بگرێت و، زوو خۆی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات.. چونكه ئه‌و وا راهاتووه كه به‌بی هه‌وڵدان هه‌موو داواكانی بۆ دابین بكرێن.
٣ـ نازپێدراو لامێژه‌و پشت به خۆی نابه‌ستێت، پشت به كه‌سانی تر ده‌به‌ستێت، وه‌ك دایك و باوكی.. ته‌نانه‌ت له قوتابخانه‌شدا، ئه‌و ئازایه‌تییه‌ی نییه كه به‌بێ پرس و رای دایك و باوكی بڕیاربدات.. بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه‌ش هه‌ر پشت به كه‌سانی تر ده‌به‌ستێت.. بۆیه زۆر جار په‌نا بۆ درۆ و گزی ده‌بات و كێشه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستاكانیدا ده‌بێت .
٤ـ نازپێدراوی مه‌ست، له داوكاری و دیاری و شته سه‌یره زۆره‌كانی، له ناو كۆمه‌ڵدا توشی شۆك و شكستی ده‌كات.. چونكه كه‌س ئاماده نییه كه نازی هه‌ڵبگرێت و، چی بخوازی و داوابكات، بۆ دابین بكه‌ن.
٥ـ نازپێدراو ده‌بێته كه‌سایه‌تییه‌كی نێرگزی و خۆپه‌رست و كه‌س نه‌ویست.. له خۆی زیاتر كه‌سێكی تر به هاوتای خۆی نازانێت.. كه‌له‌ڕه‌قه و سووره له‌سه‌ر سه‌پاندنی راكانی خۆی.. به‌رگه‌ی ره‌خنه‌و لۆمه‌كردن ناگرێت و، گوێ له ئامۆژگاریش ناگرێت.. خه‌ڵكی به له‌خۆبایی و ره‌وشت به‌ده‌ری ده‌زانن.. نازپێدراو وا هه‌ست ده‌كات كه جیهان له به‌رچاویدا ته‌سك بۆته‌وه و نایگرێته خۆی، ده‌بێته كه‌سایه‌تییه‌كی شه‌ڕانگێز ملهوڕ.
٦ـ نازپێدراو، گۆشه‌گیر و ته‌نیاخوڕه و دووره‌په‌رێزه و، كۆمه‌ڵایه‌تی نییه و، تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵ نابێت.. به كه‌میش له بۆنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و یاری به كۆمه‌ڵ به‌شداری ده‌كات.
٧ـ فێری چاوه‌ڕوانی و ئارامی و ئۆقره‌گرتن نییه.. ده‌یه‌وێت له هه‌موو شتێك‌دا ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌س و له‌پێشتر بێت و.. هیچ یاسا و رێسا و ده‌ستووریكیش رێی پێ نه‌گرن.
٨ ـ له ماڵه‌وه ئازادی و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌های هه‌بووه و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كردووه، قسه‌ی سواربووه و، داواكانیان ره‌تنه‌كردوونه‌ته‌وه.. به‌ڵام له ناو كۆمه‌ڵدا ئه‌و ئازادییه ره‌هایه نییه.. یاسا سه‌روه‌ره و ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌كرێت و سنوور و لێپێچینه‌وه هه‌یه.. بۆیه ده‌بێته دوژمنی یاسا و ده‌ستوور و، یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری.
٩ـ نرخی شته‌كانی نازانێت، چونكه بۆ دابینكردنیان هیچ ئه‌رك و ماندووبووونێكی نه‌كێشاوه.. چاكه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شی له‌به‌رچاو نییه كه بۆیان دابین كردوون.
١٠ـ زۆر جار گریان ده‌كات به چه‌كێكی سه‌ركه‌وتوو، بۆ فشار خستنه‌سه‌ر دایك و باوكی بۆ جێبه‌جێكردنی داواكانی.. وڕك ده‌گرێت و، مان له نان خواردن ده‌گرێت و، خۆی به زه‌ویدا ده‌دات و ده‌گرێت و نوزه‌نوز ده‌كات.. بۆ خۆشكردنی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی هه‌ندێ فرمێسك ده‌ڕێژێ و، ده‌ست به كۆكینی دروستكراو ده‌كات .
١١ـ زۆر جار غیره له خوشك و براكانی ده‌كات.. واهه‌ست ده‌كات كه ئه‌وان له ئه‌م خۆشه‌ویسترن.. ئه‌م ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ریاندا هه‌بێت و، ملكه‌چی فرمانه‌كانی بن.. ئه‌م هه‌سته هه‌ڵه‌یه وای لێده‌كات، كه له داهاتوودا تۆڵه له گه‌وره‌كان بكاته‌وه .
١٢ـ گوی به وشه‌ی ( نـا )نادات.. بۆ نموونه كه پێی ده‌ڵێت نابێت شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كه‌سدا بكه‌یت.. نابێت له رووی مامۆستاكاندا هه‌ڵبگه‌ڕێیته‌وه.. نابێت هاوڕێتی منداڵی خراپ بكه‌یت.. نابێت... هتد . به‌ڵام ئه‌م واده‌زانێت بایه‌كه و به لای گوێیدا تێپه‌ڕێ .
١٣ـ وڕك و په‌ڵپی زۆر ده‌گرێ و، داواكارییه‌كانی سنووریان نییه.. حه‌ز به داگیركردن و زه‌وتكردن و خاوه‌ندارێتی ده‌كات.. ئیره‌ی ده‌بات و، حه‌ز ناكات منداڵێكی تر، شتی جوانتر و باشتری له شته‌كانی ئه‌و هه‌بێت .
١٤ـ ره‌خنه له‌ه هه‌موو شتێ ده‌گرێت و، له كه‌سیش رازی نییه و، رێز له رای كه‌سیش ناگرێت.. كه‌له‌ڕه‌قه و هه‌میشه ده‌یه‌وێت رای خۆی پسه‌پێنێت .
١٥ـ جیاوازی له نیوان پێویستییه‌كانی و ئاره‌زووه‌كانی ناكات .
١٦ـ هه‌میشه هه‌ست به بێزاری ده‌كات .
١٧ـ له قوتابخانه له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی تر و مامۆستاكانیدا هه‌ڵناكات و ناسازێت.. شه‌ڕانی و جوێنده‌ره.. خۆپه‌رست و لاسار و چه‌توونه.. له‌به‌ر ئه‌م ره‌فتاره به‌دانه‌ی، خۆشیان ناوێت و لێی دوورده‌كه‌ونه‌وه .
١٨ـ زۆر نازپێدراوه‌كان، رووبه‌ڕووی باردۆخێكی كوتوپڕی چاوه‌ڕواننه‌كراو ده‌بن، كه ئه‌وان له‌سه‌ری رانه‌هاتوون، ئه‌مه‌ش ئاساییه، چونكه كۆمه‌ڵگا زامنی ئه‌وه‌یان بۆ ناكات كه خواسته‌كانیان بۆ دابین بكات و چاودێری تایبه‌تییان بكات، ته‌نها ئه‌و كه‌سانه نه‌بێت كه شایانی هاوكاری و یارمه‌تیدانن.. بۆیه ده‌بنه دوژمنی كۆمه‌ڵ و له هیچ شتێك رازی نابن و.. تووشی جۆره بێ ئومێدی و دڵڕاوكی ده‌رووونی ده‌بن.. بڕواشیان به خۆیان نامێنێت.. وره‌یان ده‌ڕووخی و ده‌چنه قۆناغی شكتییه‌وه .
١٩ـ نازپێدراو، ئاژاوه‌چییه و، گوێ به هێچ ئامۆژگاری و رێنماییه‌ك نادات و.. گوێ به‌ده‌ستتوور و به بنه‌ماكانی ره‌وشت به‌رزی و داب و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نادات.
٢٠ـ به‌ڵام ( له سه‌دا سه‌د ) مه‌رج نییه ئه‌و خه‌سڵه‌ت و كاردانانه‌وه نێگه‌تیڤانه له ئه‌نجامی زۆر نازپێدانه‌وه به‌رجه‌سته بووبن.. ده‌شێ به پێچه‌وانه‌وه، له ئه‌نجامی په‌رواێزكردن و خۆشنه‌ویستن و لۆمه‌كردن و توند‌و تیژی و نه‌بوونی و.. یا به‌هۆی تره‌وه دووچاری منداڵی ناهاوسه‌نگ و ره‌فتار ناپه‌سه‌ند بووبن.
دایكان چی بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ی كار له كار بترازێت و كۆنترۆڵ له ده‌ست بده‌ن ؟
بۆیه‌ده‌ڵێین دایكان چی بكه‌ن.. چونكه له ماڵه‌وه‌دا دایك زیاترین كات له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا به‌سه‌رده‌بات و، خۆشه‌ویستیشی بۆیان بێ ئه‌ندازه‌یه.. بۆیه ئه‌م رێنمایی و خاڵانه ده‌خه‌ینه به‌رچاوی دایكانی به‌ڕێز.. بۆ ئه‌وه‌ی دور له‌سۆز و له به‌زه‌یی و له‌خۆشه‌ویستی، به شێوه‌یه‌كی دروست و سه‌ركه‌وتوو، هه‌ڵس و كه‌وت بكه‌ن و، رێ له ره‌فتاره ناشیرین و ناپه‌سه‌ندكانی منداڵه‌كانیان بگرن .
١ـ دایكی به سۆز و دڵسوز، سوود له هه‌ندێ ئیشوكاری ناوماڵ وه‌ربگره و، منداڵه‌كانت به‌شداربكه و، فێری یارمه‌تیدان و هاوكاری بكه.. ئه‌وه‌ش مه‌ڵێ ناسكن و دڵم نایات ئیشیان پێ بكه‌م.. شینبوونی رووحی هاوكاری و یارمه‌تیدان له دڵی منداڵه‌كانتدا، به درێژایی ژیانت شاد ودڵخۆشت ده‌كات.. منداڵه‌كانت فێری ئیش و به‌رپرسێتی و پشت به خۆبه‌ستن ده‌بن. به‌ری ره‌نج و ماندووبوون ده‌زانن.. رێز له تۆ و كه‌سانی تر ده‌گرن .
٢ـ كه كارێكی باش ئه‌نجام ده‌ده‌ن به روویه‌كی خۆشه‌وه ( سوپاس ) یان بكه.. ئه‌م سوپاس كردنه، به دڵنیایی و رێز و رازیبوون و پێزانینی ده‌زانن.. نه‌ك به قسه، به‌ڵكو به كردار تۆ خۆت نموونه به‌له سوپاس كرندا، بۆ نموونه گه‌ر له چێشخانه‌یه‌كی ده‌روه‌ی ماڵ، كه شاگرده‌كه خوردنه‌كانتان بۆ داده‌نێت ـ سوپاس ـ ی بكه.. فێری منداڵه‌كه‌ت بكه كه به نووسین سوپاسنامه بۆ هاوڕێكانی بنێرێت، كه به بۆنه‌ی جه‌ژنی له‌دایكبوونییه‌وه، پیرۆزباییان لێ‌كرد و دیاری‌یان پێشكه‌ش كرد.. تا ئه‌م وشه جوانه ببێت به مایه‌ی پێ‌زانین و درێژه‌پێدان .
٣ـ كه منداڵه‌كه‌ت سنووری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌زێنێت، پێیویسته چاوپۆشی لێ نه‌كه‌یت و رایبگریت و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌یت.. تێیبگه‌یه‌نه كه پێویسته به دروستی ره‌فتار بكات، تا ببێته كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی دروست و هاوسه‌نگ ره‌فتار.. ته‌مێكردن و لێپرسینه‌وه و ئامۆژگاری و رێنمایی.. منداڵه‌كه‌ت له ناز و زیاده‌ڕۆیی ده‌پارێزێت .
٤ـ منداڵه‌كه‌ت له‌سه‌ر كاری باش و ره‌فتاری جوان و سۆز و به‌زه‌یی و سازان و رێز و یارمه‌تیدان و هاوكاری خێیرخوازی و مرۆڤایه‌تی و لێبووردن رابهێنه.. فێری بكه كه چۆن به سه‌ركه‌وتوویی له گه‌ڵ كه‌سانی ترداهه‌ڵس و كه‌وت بكات.. چۆن ده‌ستی یارمه‌تی بۆ داماو و لێقه‌وماو درێژبكات.. فێری بكه ئه‌و بابه‌ت و كه‌ره‌ستانه‌ی یارییه‌كانیكه لێیان بێزاربووه، بێ به‌خشێت به‌و منداڵانه‌ی كه پێویستییان پێیان هه‌یه .
٥ـ زیاده‌ڕۆیی مه‌كه له هه‌ڵنان و پیاهه‌ڵدان و ستایشی منداڵه‌كه‌ت، كه شایسته‌ی ئه‌و هه‌ڵنانه نه‌بێت.. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت، له كێبڕكێیه‌كی وه‌رزشیدا، كه خۆی حه‌زی لێبووه كه به‌شداری بكات، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا.. نه خه‌ڵاتی بده‌رێ و نه پیرۆزببایی و لێبكه.. به شان و باڵیشیدا هه‌ڵمه‌ده . به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پێ بڵێ تۆ به رووحێكی وه‌رزشییه‌وه به شداریت له كێبڕكێكه‌دا كرد، ئه‌و ره‌فتاره‌شت زۆر جوانه كه پیرۆزباییت له هاوڕێ سه‌ركه‌وتووه‌كانت كرد.. نابێت ئه‌م شكستییه كۆڵت پێ بدات.. راهێنانی زیاتر بكه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌جاره‌ه‌كانی داهاتوودا، سه‌ربكه‌ویت و ئه‌نجامێكی باش به ده‌ست بهێنیت .. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه له ژیاندا شكستی و سه‌ه‌ركه‌وتن هه‌یه .
٦ـ بۆ پاراستنی هه‌ستی ده‌روونی و غیره‌نه‌كردنی منداڵه‌كه‌ت... نابێت منداڵه‌كه‌ت به منداڵانی تر به‌راورد بكه‌یت.. بۆ نموونه فڵانه منداڵ له ته‌مه‌نی تۆدایه، بڕوانه چه‌ند زیره‌ك و وریایه.. كچه‌كه‌ی فڵان له هه‌موو وانه‌كاندا نمره‌كانی ده‌یه.. هتد .
٧ـ چه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه، كه منداڵه‌كه‌ت فێری نه‌ریته جوانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان بێت.. بۆ نموونه ( به‌یانیتان باش، رۆژتان باش، ئێواره‌تان باش، به‌خێرهاتنی میوان، دوای نان خواردن وتێربوونی ده‌ستخۆشی و سۆپاست بكات .
٨ ـ فێری منداڵه‌كه‌ت بكه كه نرخی پاره بزانێت.. فێری پاشه‌كه‌وتكردنیشی بكه .
٩ـ منداڵه‌كه‌ت وه‌كو چه‌كێك و چه‌شنێك له ناز، ئه‌گه‌ر پێشتر سه‌ری گرتووبێت، مان له نان خواردن ده‌ه‌گرێت و، ده‌ست به گریان و نوزه‌نوز ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بتخاتته داوه‌وه و، سۆز و به‌زه‌ییت رابكێشیت و، ناچارات بكات بۆ ئه‌وه‌ی داواكه‌ی بۆ دابین بكه‌یت ..ئه‌و ئه‌وه له مێشكی‌دا جێگیربووه، كه مانگرتن له خواردن و گریان، رێگایه‌كی باش و سه‌ركه‌وتووه بۆ قایلكردن و سۆز و دڵنه‌رمی و به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ی دایك و باوكی، بۆ جێبه‌جێكردنی خواسته‌كانی.. زۆر جاریش له به‌رده‌م میواندا ئه‌م مانگرتنه ده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دایك و باوكی له روودامێنن .
چیرۆكی منداڵێكی مانگرتوو له خواردنتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه.. (رۆژی ماڵێك میوانیان دێت، ماڵه‌كه كوڕێكی شه‌ش ساڵانیان ده‌بێت.. كه خواردن له سه‌ر خوانی نانخواردن داده‌نێن، منداڵه‌كه‌یان كاته به هه‌ل ده‌زانێت، داوای كڕینی شتێكی له دایكی كرد.. دایكی وتی بۆت ناكڕم.. منداڵه‌كه‌ی مانی له نانخواردن گرت و، ده‌ستی به گریان كرد.. دایكی یه‌كجار پێی وت وره نانه‌كه‌ت بخۆ، لێی دووباره نه‌كرده‌وه، منداڵه‌كه وتی نان ناخۆم.. درێژه‌ی به گریان دا، جار و باریش سه‌ری هه‌ڵده‌بڕی، تا بزانێت به ده‌نگییه‌وه دێن و به‌ڵێنی پێده‌ده‌ن كه بۆی بكڕن.. به‌ڵام كه‌س لێینه‌پرسییه‌وه.. نان خورا و هیچ خواردنێكیان بۆ منداڵه‌كه نه‌هێشته‌وه، له چێشتخانه‌كه‌شیاندا، چی بۆ خواردن ده‌شیا لێیان شارده‌وه.. دوای ئێواره هه‌ریه‌كه چوون به لایه‌كدا.. منداڵه ده‌گریا.. له برسا سكی ده‌هوڵ زوڕنای لێده‌دا.. به ماته‌مات چووه چێشتخانه‌كه‌وه.. هیچی نه‌دۆزییه‌وه كه بیخوات.. له (ساردكه‌ره‌وه) كه‌شیاندا، ته‌نها ئاوی سارد‌و خاوێن هه‌بوو.. چوو به دایكی وت : " برسیمه.. " دایكی پێی وت : " هیچ خواردنێك نه‌ماوه‌ته‌وه.. " ناچاربوو به‌ره‌و نووستن مل بنێت.. به‌ڵام برسێتی زۆری بۆ هێناو خه‌وی لێناكه‌وت.. ئه‌مجاره‌یان به كوڵ ده‌گریا.. نه‌ك بۆ ئه‌و شته‌ی داوای كرد، به‌ڵكو له تاو برسێتی.. به‌ڵام دایكی به لایا نه‌چوو .
ئه‌و دایكه زیره‌ك و دووربین بوو، سۆز و به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستیی بۆ منداڵه‌كه‌ی به لاوه‌نا.. ژه‌مێكی خواردنی له منداڵه‌كه‌ی بڕی.. به‌ڵام وانه‌یه‌كی ئه‌وتۆی فێركرد كه هه‌رگیز ئه‌و منداڵه ئه‌و ره‌فتاره دووباره نه‌كاته‌وه‌و مان له خواردن نه‌گرێت.. ئه‌وه‌ی فێری منداڵه‌كه‌ی كرد، كه وڕگرتن و مانگرتن له خواردن و گریان و پاڕانه‌وه هۆیه‌كی په‌سه‌ن نین بۆ هێنانه‌دی داواكانی.. ئه‌م دایكه ژیرانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا كرد.. گه‌ر بهاتایه ته‌نها به سۆز و به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستیی بێ سنووری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكردایه.. منداڵه‌كه‌ی ده‌بوو به منداڵێكی نازپێدراو.. مانگرتن له نان خواردن ده‌بوو به‌خوویه‌كی كه گه‌وره‌ش بێت رێز له فرمانه‌كانی دایكی ناگرێت.. به‌ڵی به بڕینی ته‌نها ژه‌مه خواردنێك.. نه‌یهێشت ئه‌و ره‌فتاره‌ی منداڵه‌كه‌ی ببێت به خوویه‌كی هه‌میشه‌ی و له ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتوویدا ره‌نگ بداته‌وه.. وه‌كو ده‌شڵێن هه‌میشه :( خۆپاراستن.. باشتره له چاره‌سه‌ركردن ).
١٠ـ دایك و باوك نابێت، جیاوازی له نێوان منداڵه‌كانیاندا بكه‌ن.. به شێوه‌یه‌كی یه‌كسانی لێیان بڕوانن.. كه‌سیان له‌وه‌ی تریان به زیاتر نه‌زانن.. نابێت له نێوان كوڕ و كچدا جیاوازی بكه‌ن.. یا به‌راوردكردنیان له ڕووی زیره‌كی و جوانی.. یا ئه‌مه‌یان دوا بۆڵه‌و له هه‌موویان خۆشه‌ویستر و شیرینتره.. چونكه جیاوازی كردن، هه‌ستی غیره‌كردن و رق لێبوونه، له ده‌روونی منداڵاندا ده‌چێنێت .
١١ـ منداڵه‌كه‌ت مه‌كه‌ره ژێر دیارییه‌وه.. یا به كراسی جوان و جلوبه‌رگی گرانبه‌هاو یاریی ئه‌لیكترۆنی و شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره ئیغرای بكه‌یت و، هه‌موو نازه‌كانی هه‌ڵبگریت.. چی بوێت بۆ دابین بكه‌یت.. ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه هه‌ڵه‌یه.. چونكه بوار بۆ منداڵه‌كه‌ت ناهێلنه‌وه، كه تاقیكردنه‌وه بكات و وانه و په‌ندی ژیان فێربێت و، ئه‌وه‌ش بزانێت كه پاره‌ی ئه‌و شتانه چۆن په‌یدا ده‌كرێن.. یا چۆن پاشه‌كه‌وت ده‌كرێت .
١٢ـ پێویسته منداڵه‌كه‌ت فێری چاوه‌ڕوانی و ئارامگرتن و خۆڕاگرتن بكه‌یت .
١٣ـ ئازادی و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌های مه‌ده‌رێ، ئه‌مه وای لێده‌كات زیاتر خۆپه‌رست بێت.
١٤ـ ئه‌گه‌ر خۆت و هاوسه‌ره‌كه‌ت كارده‌كه‌ن یا فه‌رمانبه‌رن.. ئێواره كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه، خۆتان به گونهبار مه‌زانن، كه له به‌یانییه‌وه منداڵه‌كه‌تان به جێ هێشتووه .. هه‌وڵی ئه‌وه‌ش مه‌ده‌ن كه تۆڵه‌ی ئه‌و لێدابڕانه‌ی بۆ بكه‌نه‌وه‌و.. نازبارانی بكه‌ن و، هه‌موو داواییه‌كی بۆ جێبه‌جێ بكه‌ن .
١٥ـ دایكی به‌ڕێز، ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت (تاقانه)نه‌شبێت زیاد له پێویست نازی مه‌ده‌ری.. زیاده‌ڕۆییش له ئاگاداری و چاودێری و پاراستنی مه‌كه و، هێنده‌ش ترست لێ نه‌بێت .
١٦ـ كاتێ كه له‌گه‌ڵ یه‌كێكدا ده‌دوێ.. رێ به منداڵه‌كه‌ت مه‌ده كه قسه‌كه‌تان پێ ببڕێت.. ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێی نه‌كرد تا ته‌واده‌به‌ن.. چاوێكی لێداگره.. ئه‌گه‌ر چاوداگرتنه‌كه‌شت سوودی نه‌بوو.. دوایی هه‌رخۆت بیبه‌ره ژوورێكه‌وه‌و به هێمنی و زانایی لۆمه‌ی بكه و، لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه.. تا دان به هه‌ڵه‌كه‌یدا ده‌نێت و، به‌ڵێن ئه‌وه‌ت ده‌داتێ كه ئه‌م ره‌فتاره ناپه‌سه‌نده‌ی دووباره‌ی نه‌كاته‌وه .
١٧ـ ده‌كرێت له هه‌ندێ پرسدا، رای منداڵه‌كه‌ت وه‌ربگریت.. وه‌كو: حه‌زت له چ جۆره خواردنێكه.. حه‌زت له خوێندنه‌وه‌ی چ جۆره كتێبێكه.. حه‌زت له چ یارییه‌كه.. حه‌زت له كام ره‌نگه.. حه‌زت له چ جۆره جلوبه‌رگێكه .
ئه‌وه‌ی پێ بڵێ كه ئازاده له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شتانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ده‌ستوور و، ره‌وشتی دیاریكرادا دژه‌باو نین.. بواری هه‌ڵبژاردنی تێدایه .
١٨ـ ئه‌گه‌ر زانێت منداڵه‌كه‌ت هاوڕێتی منداڵێكی له رێ ده‌رچووی به‌دڕه‌وشت ده‌كات و ره‌فتاره‌كانی هاوڕێكه‌یت به دڵ نییه.. منداڵه‌كه‌تی لێ دووربخه‌ره‌وه.. به راشكاویش پێی بڵێ كه هاوڕێكه‌ت به‌دڕه‌فتاره و نابێ هاوڕێتی بكه‌یت.. تا داكۆكی لێنه‌كات
.
١٩ـ له هه‌موو شتێك‌دا داوای لێبووردن له منداڵه‌كه‌ت مه‌كه.. با نه‌بێته خوویه‌كی جێگیر و ده‌قگرتوو.. له هه‌موو شتێك‌دا داوای لێبووردن بكات .
٢٠ـ پێویسته دایكان و باوكان جار و بار داواكانی منداڵه‌كه‌یان به ( نا ) یا (نه‌خێر) ره‌تبكه‌نه‌وه.. ئه‌وه‌ش بخه‌نه پێش چاویان كه منداڵه‌كه‌یان به ( نا ) توڕه ده‌بێت.. به‌ڵام ئه‌م توڕه‌بوونه‌ی ماوه كورته، پێویسته جدیش بن له‌م هه‌ڵوێسته‌یان چونكه منداڵ دایك و باوكی تاقی ده‌كاته‌وه.. ئه‌گه‌ر نا یه‌كه‌یان نه‌برده‌سه‌ر ده‌بێته قسه‌یه‌كی بێ كرده‌وه.
٢١ـ رێ به منداڵه‌كه‌ت مه‌ده پێچ و په‌نا بدات و.. له ماڵه‌وه كۆمه‌ڵێك ده‌ستووری بۆ دابنێ كه پێویسته پابه‌ندیان بێت.. تا له ئاینده‌دا رێز له یاساكان و ده‌ستووره‌كان بگرێت و، سه‌رپێچی نه‌كات .
٢٢ـ پێویسته منداڵه‌كانتان رێزتان لێ بگرن و، ئه‌وه‌یان تێ بگه‌یه‌نن كه چۆن ئه‌وان مافیان به‌سه‌ر ئێوه‌وه هه‌یه.. ئێوه‌ش مافتان به‌سه‌ر ئه‌وانه‌وه هه‌یه.. ناشبێت دایك و باوك مامه‌ڵه‌كردنتان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان، دوو شێوه‌ی جیاوازی دژ به یه‌كتریبن.. بۆ نموونه: دایك نه‌رم بێت و باوك ره‌ق بێت.. ئه‌وه‌ی دایك بنیاتی ده‌نێت.. باوك بیڕووخێنێت.. یا به پێچه‌وانه‌وه.. پێویسته یه‌كده‌نگ و هاوڕاو هاومامه‌ڵه‌بن، له بڕیاره‌كانتان به‌رانبه‌ر به منداڵه‌كانتان .
PUKmedia ره‌زا شـوان- نه‌رویـج
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
05:41 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
11:57 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
05:26 PM - 2024-03-27
ئەمانەش ببینە
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
12:56 PM - 2024-03-28
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
10:17 PM - 2024-03-27
قوباد تاڵەبانی: هەوڵمان بۆ چارەسەری بودجە و مووچەی هەرێمە
07:01 PM - 2024-03-27
وته‌بێژی كۆمسیۆن: كێشه‌ی په‌نجه‌مۆر له‌هه‌رێم ئاساییه‌و ستاندارده
02:22 PM - 2024-03-27
زۆرترین خوێنراو
-
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی ئەحمەد خدر
پرسەنامە 03:03 PM - 2024-03-28 -
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
کوردستان 12:56 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
کوردستان 11:57 AM - 2024-03-28 -
یەکێتی و رەوتی حیکمە دوا پێشهاتەکان تاوتوێ دەکەن
ی ن ک 10:21 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
کوردستان 11:58 PM - 2024-03-27 -
یەکێتی و حزبی شیوعی چین تەئکید لەپتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە
کوردستان 10:17 PM - 2024-03-27 -
قوباد تاڵەبانی: هەوڵمان بۆ چارەسەری بودجە و مووچەی هەرێمە
کوردستان 07:01 PM - 2024-03-27 -
مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتی تواناسازی حزبی بۆ خوێندنی باڵا ده‌ستپێكرد
کوردستان 05:26 PM - 2024-03-27