riklam

چانسه‌كه‌ ده‌بینێ ‌

بیروڕا 09:20 AM - 2015-07-02
.

.

ره‌نگه‌ ئاماده‌سازی توركیا بۆ په‌لاماردانی رۆژئاڤا له‌ قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر بنوێنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ره‌نگه‌و ئه‌گه‌ر قبوڵ ناكات ئاره‌زووی حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌یه‌ بۆ چوونه‌ ناو سوریا له‌ قۆڵی رۆژئاڤاوه‌ تا به‌ر به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی كورد بگرێت و بارێك راست بكاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی شكسته‌كانی داعشه‌وه‌ داویه‌تێ له‌نگی.

دوو ده‌یه‌ سوێند خواردنی ویست تا ئه‌نقه‌ره‌ گه‌یشته‌ قه‌ناعه‌تی ئه‌وه‌ی باشوور هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌، بگره‌ ده‌شێ ده‌رفه‌تیش بێت وه‌كو وا بوو. ئیتر ئه‌وان ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ ناكه‌ن چه‌ند ده‌یه‌ی تر چاوه‌ڕێی رۆژئاڤا بكه‌ن داخۆ ئه‌زموونی وان له‌كوێ ده‌گیرسێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌م ئه‌زموونه‌ هی په‌یه‌ده‌یه‌ كه‌ خوشكی بچوكی په‌كه‌كه‌ یه‌.

ئۆپه‌راسیۆنی خوازراوی توركیا بۆ سه‌رنجڕاكێشانی دونیای عه‌ره‌به‌ گوایه‌ كورد (عه‌ره‌ب و توركمان)ی گرێ سپی ئه‌زێت ده‌دات و هه‌ر منم له‌سه‌ریان دێمه‌ جواب، به‌ڵام ئۆپه‌راسیۆنی راسته‌قینه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ قه‌واره‌ی كورد له‌وێ جێگیر نه‌بێ جا ئیتر به‌ ناونیشانی كانتۆن، وه‌كو خۆی وایه‌، یان به‌ ناوه‌ڕۆكی ده‌وڵه‌ت وه‌كو توركیا لێی ده‌ترسێ. واتا وه‌ك دامه‌زرێنه‌ره‌كانی كه‌مالیزم ده‌یانگوت ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ ئه‌فریقاش بێت دژی ده‌بین جا ئێستا وا له‌ بنا گوێیان بێت، هه‌ر نابێت. 

كێشه‌ی توركیا ئه‌وه‌یه‌ له‌ دۆخه‌ تازه‌كه‌ تێده‌گات، دۆخێك چانسی بۆ كورد هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه‌ مه‌گه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانی سیاسه‌تێكی خۆكوژی بگرنه‌ به‌ر كه‌ گریمانه‌ی سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌تێكی واش (1%). تیۆری (1%) ره‌چه‌ته‌یه‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانی وه‌كو ئه‌مریكا، هیچ دكتۆرێك بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی پێشنیار ناكات كه‌ شه‌كره‌، یان، زه‌ختیان هه‌یه‌ له‌ نموونه‌ی توركیای ئه‌مڕۆ.

توركیا ده‌ردی هۆشیاری و ئاگاداری هه‌یه‌ كه‌ ده‌زانێت ئه‌وه‌ی له‌ چانسه‌كانی پێشوودا بۆی لوا و هه‌لی قۆسته‌وه‌ مه‌رج نییه‌ له‌مه‌ودوا به‌ختی وا بێت.

ئۆپه‌راسیۆنی توركیا له‌ ئاگاهییه‌وه‌یه‌  كه‌ ده‌ورانی كورده‌، وه‌كو هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵی ناكرێت خواستێتی ئه‌م ده‌ورانه‌ نه‌یات، كه‌ هات وه‌ك حكومه‌ته‌كانی مه‌لیك مه‌حمود و ئارارات و مه‌هاباد به‌هاری ته‌مه‌نیان كورت بێت نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی باشوور كه‌ لای وان زۆری خایاندووه‌، زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر كۆتایی و سه‌ره‌تای دوو سه‌ده‌شدا په‌خش و په‌رێشانه‌ ((له‌ ساڵی 1992ـه‌وه‌))وه‌.

 ئه‌ردۆگان به‌ری چه‌ند رۆژ له‌ هه‌واڵی له‌شكركێشی سوپاكه‌ی گوتی: سایكس بیكۆیه‌ك به‌ڕێوه‌یه‌. ئه‌م خۆی له‌ سه‌ر رێ چاوه‌ڕێی مسته‌ر سایكس و مسیو  بیكۆ ده‌كات، بۆیه‌ پێش خه‌ڵكی تر پێیان ده‌زانێت. لێ گرفته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ترسێ خه‌ریته‌ تازه‌كه‌یان له‌ جێی ئه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵ و ویلایه‌تی حه‌له‌ب و شامی بده‌نه‌وه‌، ویلایه‌تی كانتۆن و هه‌رێمه‌كان و خودموختاری و خۆسه‌ری بكه‌نه‌ دراوسێی.

توركیا بۆنی چانسه‌كان ده‌كات، چونكه‌ خۆی كوڕ و كچی چانسه‌ جیاجیاكانی مێژووه‌. به‌مجۆره‌ نه‌ته‌وه‌یان خه‌مڵی و به‌و جۆره‌ش خاوه‌ندارێتی ده‌وڵه‌تیان كرد.

ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌ 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket