riklam

هەرێمی هەزارو یەک کێشە ‌

بیروڕا 10:03 AM - 2015-07-01
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌

کاتێ کە بە مناڵی بیرم لە چیرۆکی هەزارو یەک شەو ئەکردەوە ئەم وت چۆن شەهرزاد توانیویەتی بۆ ماوەی هەزارو یەک شەو چیرۆک بۆ شەهریار بڵێت؟ خوا پێم نەگرێ وا بزانم کە سەر زەمینەکەی ئەوانیش هەر وەک هەرێمەکەی ئێمە بووە بۆیە توانیویەتی کە هەرشەوە و چیرۆکێکی لێوە بڵێت و لەو کاتەشەوە کە بیرم بۆ ئەوە چووە چیتر سەرسام نەماوم بە توانای خاتوو شەهرزاد. 

کە ئەڵێم هەرێمی هەزارو یەک کێشە نە مەبەستم تۆمەت هەڵبەستن و نە تێکدانی ئەو یەکریزیەیە کە هەمووان باسی لێوە ئەکەین و کەسیشمان نایبینین!  بەڵکو راستیێکی تاڵە کە هیوادارم سەردەمانێک بێت کە ببنە ئەفسانە و چیرۆک بۆ نەوەکانی داهاتوو و هەر وەک چۆن ئێمە لە داپیرەکانمانەوە هەبوو نەبووەکانی هەزارو یەک شەومان ئەبیست ئەوانیش لە نەنە (گوگڵ)ی سەردەمەکەیانەوە هەبوو نەبووی ئەم هەرێمە هەزارو یەک کێشەیەمان ببیستن. 

ئەو كێشانەی کە شایانی ئەوەن بکرێنە چیرۆک زۆر زۆرن هەر لە کێشەی دەستوورەوە تاوەکو کێشەی زبڵ و زەباڵ و چڵپاوی ناو کۆڵانەکان و جادە هەڵتۆقیوەکان و شۆستە و پرد و جەزرە وەسەتیە خێچ و خوارە جەڵەبیەکان تا ئەگاتە ئەو یاسایەی کە گوایە ئەبوو سەروو هەمووانەوە بێت بەڵام وەک ئەو باگردێن یا شەولەبانەی لێ هاتووە کە تەنیا بەسەر سەربانی ئەو ماڵانەوەیە کە دڵۆپەی باران ژیانیان لێ تاڵ ئەکات. 

هەر بەتەنیا مەسەلەی نایەکسانی لە هەرێمەکەمانا ئەکرێت دوو هەزار و دوو چیرۆکی لەسەر بوترێ ئەوە جگە لە چیرۆکی موچەی کەسە بن دیوارەکانی کە ژمارەیان لە دیوارەکان زیاترەو ئەو پەنجاو پێنج هەزار ژنە بێکەس و بێوەژنە موچەخۆرەی کە بە قودرەتی قادر ژمارەیان لە دهۆکدا نزیکەی هەشت هەزارە و لە هەموو گەرمیاندا بەو هەموو ئانفالکراوەشەوە نەیکردوەتە چوار هەزار ژن. 

پێم وایە چیرۆکی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان و گوندو شارو شارۆچکەکان و ئیفلاس پێ کردنی بانکەکانی هەرێم جگە لە یەک بانک و حەکایەتی کۆمپانیا وەهمیەکان و گرێبەستە سەر بە گۆبەندەکان و هەڵهێنانی ئەو مەتەڵەی کە بۆ گەر هەرێم رۆژانە یەک بەرمیل یان یەک ملیۆن بەرمیل نەوتیش بفرۆشێ هەر پارەی نیە؟ یا بۆ گەر مالکی سەرۆک وەزیران بێت یان عەبادی یانیش زین العابدین کێشەی نێوان هەولێرو بەغدا هەر عەینی تاس و عەینی حەمامە؟ بە پێنج شەهرزادیش تەواو نابێ. 

لەوانەیە هەندێک لە چیرۆکەکانی ئەم سەردەمەمان کەمێک پێکەنینیش دەرچن، ئاخر چۆن باس لە ئازادی ئەکرێت لە کاتێکدا لافیتە و پۆستر هەڵئەواسن و ئەڵێن (بوێر بە و خەون ببینە) ئایا ئەوە بە واتای ئەوە نییە کە تەنانەت خەون بینینیش بوێریی ئەوێت؟ ئەی تۆخوا ئەوە قەشمەرجاری نییە کە بە بڕیاری پێنج لایەنی سیاسی لەناو پەرلەمانا بوترێت بڕیاری (تاکڕەوانە)؟ ئەی نوکتە نییە بوترێ فڵانی بەدەسەڵاتەوە لەدایک بووە؟ بێگومان دەیان چیڕۆکی سەرسور هێنەریشمان هەیە وەک چۆنیەتی رادەستکردنی شەنگالەکەمان و عاجباتی دادگاکانمان و بەشداری پێکردنی مردوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا و دابەشکردنی موچە بە هەلور بەلور و بەکارهێنانی کارتی سەربەخۆیی تەنیا بۆ گاڵتە پێکردن و بەخشینی خەڵات بە هەڵهاتووانی مەیدانی شەرو پێشکەشکردنی کورسی بە کەسانێک کە بووبنە هۆی بەجاریەکردنی سەدان کیژۆڵەی گەلەکەمان.. خۆ ئەکرێ کە چیرۆکە کۆنەکانیش بوترێنەوە چونکە بە بەراورد لەگەڵ ئەمڕۆماندا گۆڕانکاریکی ئەوتۆیان بەسەرا نەهاتوە، ئایا چ جیاوازییەک لەنێوان جۆری حوکمڕانی ئەمڕۆی لایەنێک و قەرەقۆشی ئەوسا هەیە؟ ئەی توو زاتی خوا ئەو هەموو شیرو تیرو داڵ و شمع و پەروانانەی کە لەپڕ بە سەر هەندێک لە شانەکانەوە ئەبینرێن هەر وەک دوو مارەکەی سەر هەردوو شانی زوحاک نین؟ لەوانەیە تەنیا چیرۆکی عەلی بابا و چل دزەکە هەندێک گۆرانکاری بەسەردا هاتبێت هەم لەڕووی ژمارەوە و هەمیش لەڕووی جۆری کاڵا دزراوەکانەوە ئەوانەی ئێستا ناشوکری نەبێت هەم ژمارەیان زۆرترە و هەم گۆڤارو رۆژنامەش ئەدزن!! ئەی توو خوا ئەو تەخشان و پەخشانە سەیرەی کە بە داهات و خاکی کوردستانەوە ئەکرێت هەر وەک تەخشانی ئەو سوڵتانانە نییە کە زێرو دۆنمە زەویان ئەبەخشیە ئەوانەی کە بەسەرو گوێلاکیانا هەڵیان ئەداو یا خەوێکی خۆشیان پێوە ئەبینین؟ 

وابزانم لەگەڵ ئەو هەموو چیرۆکە هاوشێوانەشدا هەر هێشتا شەهرزاد لەئێمە بەختەوەرتر بووە چونکە لەسەردەمی ئەوا ئەوەندە وتەبێژو فەیلەسوفی زمانەوانی نەبوون، ئێمە ئەو نەگبەتیەشمان هەیە رۆژێک نسکۆمان بۆ دێننە کایێ و رۆژێک حکومەتی خۆجێیی و ئەوەتا بە پشتم بخورێنە پشتت ئەخورێنم و کشمیش بۆ تۆ و گوێز بۆ منیش ئەڵێن (سازان).. تۆ بڵێی سبەینێ بە دەستوور نەوترێ «شەقشەقە» و بە بودجە و موچەش نەڵێن «رەشەبای شەوانی سلێمانی» چونکە نەکەس ئەزانی کەی دێت و نەکەسیش ئەزانێ رێژەکەی چەندە؟ و ئەم کشمیش نەیا بەو و ئەو کورسی بەو و خەڵکی نەڵێن سەد رەحمەت بە هەزارو یەک شەوەکەی شەهرزاد...

 شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket