riklam

یاسای هەرێم‌و پارێزگاكان‌و دووفاقیی سیاسی ‌

بیروڕا 10:02 AM - 2015-07-01
جەمال ئارێز‌

جەمال ئارێز‌

هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2008ی  تایبەت بەگواستنەوەی دەسەڵاتی لامەركەزیی بۆ هەرێمەكان‌و ئەو پارێزگایانەی كە لەچوارچێوەی هەرێمێكدا رێك نەخراون، مشتومڕ‌و ململانێی لەنێوان حكومەت‌و «نوێنەران»ی عیراق لەلایەك‌و حكومەتی ناوەندی لەگەڵ حكومەت‌و ئەنجومەنە لۆكاڵییەكانی پارێزگاكاندا هێناوەتە ئاراوە، لەوبارەیەشەوە ئەنجومەن‌و حكومەتە لۆكاڵییەكان ناڕەزایی لەبەرامبەر حكومەتی بەغدا دەردەبڕن‌و پێیانوایە كە لەئەنقەست خۆی لەجێبەجێكردنی ئەو یاسایە دەدزێتەوەو لەو رووەشەوە پێیانوایە كە وەزارەتی شارەوانیی «عیراقی فیدراڵ» پشكی شێری لەو خۆدزینەوەو دەستی دەستییە بەردەكەوێت.

بەپێ یاسای ژمارە 21‌و وادەو بەڵێنەكانی د. حەیدەر عەبادی-ش دەبێت لەماوەیەكی نزیكدا ئەو دەسەڵاتانە بگوێزرێتەوە بۆ هەرێم‌و پارێزگاكان‌و بەپێی یاساكەش دەبێت لەسەرەتای مانگی ئابی داهاتوودا رێوشوێنی پێویست لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستكردنی بەشێك لەدەسەڵاتەكان لەپارێزگاكاندا.

پێناچێت حكومەتی بەغدا بەڕاستی بێت‌و مەبەستی بێت كە دەستبەرداری بەشێك لەدەسەڵاتەكانی خۆی ببێت بۆ ئەنجومەن‌و حكومەتە لۆكاڵییەكان، هەربۆیە وەزیرێكی پێشووی كابینەكەی پێشووی نوری مالكی دانی بەوەدا ناوە كە ئەو یاسایە لەژێر گوشاری سیاسیدا دەرچووە، نەك خواست‌و ویستی حكومەت‌و پەرلەمانی ئیتیحادی بووبێت، بۆیە ئێستا كە تەنها یەك مانگی ماوە بۆ ئەو وادەیە، حكومەتی بەغدا بەنیازە ماوەیەكی دیكە بەوە بەڕێ بكات كە گوایە بەنیازە كۆنگرەیەك لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا لەبەغدا ببەسترێت بۆ دیاریكردنی میكانیزم‌و چۆنێتیی گواستنەوەی دەسەڵاتەكان‌و دیاریكردنی سنوورەكانی ئەو دەسەڵاتانە‌و گونجاندنی لەگەڵ بارودۆخی هەنوكەیی عیراقدا. بەڵام لیژنەی هەرێم‌و پارێزگاكان لەئەنجومەنی نوێنەران هۆشداریی دەدەنە حكومەتی بەغدا‌و پێیانوایە كە بەستنی كۆنگرە تەنها كات بەفیڕۆدانەو هیچی لێ سەوز نابێت، بەڵكو واباشترە راستەوخۆ دەست بكەن بەجێبەجێ كردنی یاسای ژمارە 21 كە بۆخۆی میكانیزمەكانیشی دیاریكردووە، چونكە بەكۆنگرەو بێ كۆنگرەش لەسەرەتای مانگی ئابەوە ئەو یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ «نوێنەران» شەڕە دەنوكی لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەسەر دەكەن، هەمان ئەو گرفتانەیە كە لە2003وە بەشێوازی جۆربەجۆر لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغدادا لەئارادان، بۆیە پێدەچێت ئەو پێداگرییەی «نوێنەران»یش زیاتر پەرچەكرداری ئەو پەرلەمانتارانەی عیراق بێت كە بەنوێنەرایەتی ئەو پارێزگایانە لە ئەنجومەندان كە پێداگریی لەسەر سیستمی لامەركەزیی دەكەنەوە، ئەگەرنا خێرە لەبابەتی دانانی یاسایەك بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێردا لایەنگریی دەسەڵاتێكی ناوەندیی بەهێز دەكەن‌و لەجێبەجێكردنی مادەی  140دا كە لەساڵی 2005-ەوە لەدەستووردا چەسپێنراوەو میكانیزمی جێبەجێكردنەكەشی دیاریكراوە لایەنگریی دەسەڵاتێكی ناوەندیی بەهێزن، یان لەباشترین حاڵەتدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بەڵام لەجێبەجێكردنی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008دا هێندە مكوڕو جدین‌و پێیانوایە حكومەت رازی بێت یان نا لەسەرەتای ئابی 2015ەوە ئەو یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە وەك لەیاساكەدا هاتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە دەبوو لە31/12/2007ەوە مادەی 140 بەهەموو قۆناغەكانییەوە كۆتایی پێ بهاتبایە، كەچی هێشتا بەشی زۆری هەمان ئەو «نوێنەران»ەی لیژنەی هەرێم‌و پارێزگاكان نەك تەقەی سەریان دێت، بەڵكو دژی ئەوەن باسی مادەی 140 بكرێت‌و بەمادەیەكی ئێكس پایەر-یش وەسفی دەكەن‌و ئەم خولی پەرلەمان بەوی تری دەسپێرێت، بەڵام لەمەسەلەی لامەركەزیی پارێزگاكاندا هێندە شێلگیرانە خۆیان وابەستە كردووە بە وادەی یاساییەوە وەك ئەوەی عیراق لەهەموو كاروبارەكانیدا بەپێی خشتەی زەمەنی‌و دەقە یاساییەكان‌و راسپاردەی كۆنگرەو كۆنفرانسەكان بەڕێوەببرێت.

جەمال ئارێز‌ 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket